بۆ زۆربەی گەلانی دنیا، سەدەی بیستەم سەدەیەکی چارەنووسساز بوو. زۆر سنوور لەنێو چوون و زۆر سنووری نوێ دامەزران و زۆر سنووری کاڵیش تۆختر و پڕرەنگتر کران. بە چاوخشانێکی خێرا بە شۆڕشەکانی گەلی کورد بۆ رزگاری کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بێ گومان سەدان لاپەڕە تێکۆشان و شەونخوونی و هەزاران شەهید وکەم ئەندام و بەندکراو و دوورخراوە و … دێنە پێش چاومان و بێ ئینسافییە لە نەگەیشتن بە ئامانجدا ئەو هەوڵانە نەبینرێن و کەم بایەخ بکرێ.
لێ ناکرێ بێ شرۆڤە و لێکدانەوەی رووداوەکان و دەستنیشان کردنی کەموکوڕییەکان و کەمتەرخەمییەکان ، پێداچوونەوە بە سیاسەتەکاندا بکەین و هەنگاوی نوێ بهاوین. کە وایە دەبێ ئاسایی بێ کە باڵای شۆڕش و گەلمان لە ئاوێنەی راستییەکاندا ببینن و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەین.
لە بەرەبەری ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، بە پێچەوانەی هەموو کات کە نووسەرەکان هەوڵ دەدەن لێکدانەوە بۆ مێژووی حیزبە سیاسییەکان بکەن ، ئەز دەخوازم بارودۆخی سەرچاوە و کانگای ئەو حیزبە بێنمە بەرباس و شرۆڤە کردن. کانگا و سەرچاوەی حیزب کۆمهڵگهی کوردییە. زۆر جار نەیارانی کورد هەوڵ دەدەن دەستی دەرەکی لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پاشان کۆماردا زەق بکەنەوە و راستییەکان بە لاڕێدا بەرن، بەڵام پتر لە حەفتا ساڵ بەرخودان و تێکۆشان و قوربانیدان، ئەو تێزە تا ئاستی جۆکێک دادەبەزێنێ و بەردەنگ لە راستبێژی گوتەبێژەکە وەگومان دەخات، ئەگەر بە رووخانی کۆمار هەموو شتێک کۆتایی هاتبوایە بە دڵنیاییەوە دەکرا ئەو قسەیە راست بێ، دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکرات زۆریان هەوڵدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان پشتیوانیی زلهێزەکان بۆلای خۆیان رابکێشن. ئەوەش لە دنیای سیاسەتدا شتێکی رەوایە و هەڵەیان نەکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا توانیان سەربەخۆیی سیاسیی خۆیان بپارێزن و لە پێناویشیدا گیانیان فیدا بکەن.
ئەگەر ئەو تێزە هەڵەیە بە تەواوی وەلا بنێین و بمانەوێ راستییەکان وەک خۆی ببینن، پرسیارێکی زۆر جیددی دروست دەبێ، ئەگەر خەڵک سەرچاوەی سەرەکیی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمار بوو، بۆ خەڵک هێشتیان پێشەوا قازی محەمەد لە سێدارە بدرێ و کۆمار بڕووخێ؟
شەهید دوکتور قاسملوو بۆ پێناسە کردنی قازی محەممەد وتەیەکی بەناوبانگی هەیە و دەڵێ(قازی محەممەد گوڵێک بوو لە بیاباندا روا بوو).
باشە بۆ دوکتور قاسملوو کۆمهڵگهی کوردی ئەوکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیابان دەچوێنێ؟ هەلومەرجی کۆمهڵگهی کوردی ئەوسەردەم چۆن بوو؟ خەڵک تا چ رادەیەک ئامادە بوون پشتی کۆمار بگرن؟ ئەگەر ئامادە بوون بۆ کۆمار رووخا؟ ئەگەر ئامادە نەبوون، هۆکار یان هۆکارەکانی چ بوون؟ بە کورتی بە بڕوای من خەڵک بەو شێوەیەی کە پێویستە ئامادە نەبوون پشتیوانی لە کۆمار بکەن. پێشەوا خۆی لە بەرانبەر دوژمندا بە تەنیا دیتەوە. هەربۆیەش پێشەوا حازر نەبوو بیر لە بەرەنگاری بکاتەوە. لەم پشتیوانی نەکردنەدا زۆر هۆکار کاریگەریان هەبووە، بەڵام لە نێو هەموو هۆکارەکاندا چەند هۆکار، شوێندانەری بەرچاوتریان هەبووە کە بەداخەوە بەشێکیان تا ئێستاش هەروا ماون و کاریگەریان لە سەر شۆڕشی کورد هەیە. گرینگترین هۆکار کە دایکی هەموو هۆکارەکانی دیکەیە، بوونی رێژەیەکی یەکجار زۆری نەخوێندەوار لە نێو کوردستاندا بوو. ئەوە بێجگە لەوەیکە خوێندەوارەکانیش زۆربەیان کەم خوێندەوار بوون و زۆر بە کەمی ئاگایان لە سیاسەت بوو.
بە پێی ئاماری رەسمیی ئێران، تا ساڵی ١٩٥٨ پتر لە ٦٧ لەسەدی پیاوان و٨٧ لەسەدی ژنانی ئێران نەخوێندەوار بوون. لە ساڵی ١٩٦٣ شای ئێران لە ژێر فشاری ئەمریکادا دەستی بە کۆمەڵێک چاکسازی کرد کە بە ئینقلابی سپی ناسراوە. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو چاکسازییە لە ژێر ناوی (پیکار با بیسوادی) واتە شەڕ لە گەڵ نەخوێندەواری بوو، ئەگەر بمانەوێ ئەوە روون بکەینەوە کە ئەو چاکسازیانە چەندە بنەڕەتی بوون و چەندە ئامانجەکانیان پێکا و بانگەشەیان بۆ چ سیاسەتێک دەکرد، زۆرمان لە باسە سەرەکییەکە دوور دەخاتەوە، بەڵام بە شیوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ئەو ئامارانە رێژەی نەخوێندەواری ئەو سەردەمەمان بۆ دەستنیشان دەکەن. بەو تێبینییەوە کە ئەو ئامارانە تاران و ئیسفههان و شیراز و شارە گەورەکانی دیکەشی لە گەڵە و بارودۆخی نەخوێندەواریی لە کوردستان زۆر خراپتر بووە و ئامارەکان زۆر لەوەی باس کرا پتر بوون. هەر بە پێی ئامارەکان تا پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٨دا پتر لە ٧٥ لەسەدی خەڵکی ئێران دانیشتووی گوندەکان بوون و بە دڵنیاییەوەش زۆربەیان لە خزمەتگوزارییەکان دوور بوون.
کۆی ئەم قسانە کاتێک دەمانەوێ باس لە بارودۆخی سەردەمی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەین، بەرچاومان روون دەکاتەوە و راستییەکانی ئەوکاتمان بۆ دەردەخا.
کاربەدەستانی کۆمار لە ماوەی یازدە مانگی تەمەنی کۆماردا هەوڵیان بۆ پەرەدان بە خوێندن و دامەزراندنی قوتابخانە و خوێندنگه بە زمانی کوردیدا، بەڵام ئەو هەوڵانەش لەگەڵ نەمانی کۆمار کۆتایی پێهات. دەرئەنجامی نەخوێندەواری و کەم خوێندەواریش بۆ گەلێکی ژێردەستە ئەوەیە کە ئاگاداری مافەکانی خۆی نییە و ئەگەر هەست بەو ژێردەستەیش بکا، نازانێ دەبێ چ بکا و دوژمنان زۆر بە ئاسانی دەتوانن هەڵیانفریوێنن و بە شێوەیەکی گشتی ئەو هۆشیارییە سیاسییەی کە پێویستە نایانبێ و لەوانەیە زۆر کار بکەن کە بە زەرەری خۆیان و بزووتنەوەی گەلەکەیان تەواو بێ.
دووەم هۆکار، دەستبەستراوەبوون و کۆیلە بوونی خەڵک بە هۆی سیستمی دەرەبەگایەتییەوە بوو. ئەگەر بمانەوێ زۆر بە کورتیش باسی ئەو هۆکارە گرینگە بکەین دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە لەو سیستمەدا گوندنشێنەکان لەگەڵ گوندەکەیان دەکڕدران و دەفرۆشران و بەشێکی زۆر لە داهاتی ساڵانەیان لە لایهن ئاغاوهتەوە بە تاڵان دەبرا. لە باری سەربەخۆیی سیاسیشەوە تاکەکان بێئیرادە کرابوون. واتە ئەو ئاغاوەتانەی لەگەڵ کۆمار یان دەوڵەت دەکەوتن، خەڵکەکەشیان نەخوازراوانە دەبوونە بەشێک لە کۆمار یان دەوڵەت. دیارە کۆماری کوردستان لەو یازدە مانگەی تەمەنیدا و حیزبی دێموکراتیش ساڵانی دواتر هیچ چەشنە دژایەتییەکی جیددیان لەگەڵ ئەو سیستمە رزیو وکۆنەدا نەکرد. هەرچەند بە پێی پێكهاتەی کۆمار و حیزبی دێموکرات ئەو کارە نامومکین بوو. دەرئەنجامی ئەم سیستمەش فەقیر و هەژار بوونی خەڵکی کوردستان بوو، هەر بەم هۆیەشەوە کێشەی دۆزینەوەی بژیوی ژیان سەرقاڵی کردبوون و توانای دەرس خوێندن و سەفەر کردن و دنیادیتنیان نەبوو. ئەوەش لێکەوتەکەی ئەوە بوو کە دەرکیان بەو قۆناغە هەستیارە نەدەکرد کە تێیدان و ئەرکی خۆیان بە باشی بە جێ نەدەگەیاند.
سێهەم هۆکار باری نالەباری ئەمنییەتی بوو. دنیا بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی سی ساڵدا دوو شەڕی گەورەی جیهانی بەسەردا تێپەڕیبوو. خەڵکی پێتەختی کۆمار واتە مەهاباد، لە شەڕی یەکەمدا لە لایەن رووسەکانەوە قەتڵوعام کران. سەید محەممەدی سەمەدی سەبارەت بەو رووداوە لە مێژووی مەهاباد دا دەڵێ: “لە ساڵەکانی سەرەتای شەڕی یەکەمی جیهانیدا دەوڵەتی رووسیە بڕیاری دا جموجۆڵی سەربازی خۆی لە خاکی ئێراندا پەرە پێبدا و لە مەزنبوونەوەی دەسەڵاتی عوسمانی رێگر بێ، چونکە تورکەکان لە زستانی ١٩١٤ تا ١٩١٥ توانیبویان بەرەو ورمێ و شاری تەورێز پێش بکەون و ناوچە باکورییەکان بخەنە ژێر چنگی خۆیان. بەشی هەرە زۆری لەشکری تورکەکان “کورد” بوون. واتە کوردی دانێشتووی ئێران وعوسمانی بوون و پیکەوە رێک کەوتبوون لە سەر ناوی “جیهاد” لە ژێر ئاڵای عوسمانییەکاندا کۆ ببنەوه.
هاوپەیمانی کوردەکانی ئێران لە گەڵ تورکەکان لە بواری سیاسیدا بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد، دەوڵەتی ئێران لەم شەڕەدا بێلایەنی راگەیاند، بەڵام راگرتنی ئەو بێلایەنییە گونجاو نەبوو. هەر بۆیەش ئێران بوو بە گۆڕەپانی شەڕی نێوان رووسەکان وتورکەکان و زیان و زەرەری ئەو قۆناغەش کەوتبووە سەر شانی ئێران. بەداخەوە هەبوونی دوولایەنی شەڕ لە “مهاباد” و دەوروبەری زیانێکی زۆری بەم شارە گەیاند. بەرپرس و سەرۆک عەشیرەتەکان لە ژێر کاریگەریی ئەو دەوڵەتانەدا و دژی لایەنێکی دیکە هەڵسوکەوتیان کرد، هەر بۆیە بە هاندانی عوسمانییەکان کونسولی رووسیە لە مەهاباد کوژرا و بوو بە هۆی ئەوەی لەشکری رووس هەمیسان بگەڕێتەوە شاری مهاباد و کوشتارێکی زۆر روو بدا. رووسەکان خەڵکیان قەتڵوعام کرد و بازاڕی شاریان ئاور تێبەردا ولە ناویان برد.”
بە دوای شەڕی یەکەمدا ئێران تووشی سەردەمی رەشی دیکتاتۆری رەزا شا دەبێ و قاتوقڕی بڕست لە خەڵکی دەبڕێ. خەڵکێکی نەخوێندەوار، تووشی برسێتی و قاتوقڕی ونائەمنی دەبن و ئەوەی پەیداشی دەکەن دەبێ لە گەڵ ئاغاوهت دابەشی بکەن. دیارە بێجگە لەوانەش رووداوی تاڵانی مەهاباد بەدەستی شکاکەکانیشی دێتە سەر.
چوارەم هۆکار نەبوونی ئامرازەکانی پێوەندی کردن بوو. راستە کۆمار و حیزبی دێموکرات رۆژنامە و گۆڤاری هەبوو و حیزب رۆژنامەی کوردستانی بڵاو دەکردەوە و سیاسەتە رەسمییەکانی دەگەیاندە خەڵکی کوردستان، بەڵام رۆژنامە بۆ خەڵکێکی نەخوێندەوار تا چەندە کاریگەری دەبێ؟ لە هاتنە پێشی هەر رووداوێکی بەپەلەدا خەڵک چۆن و بە چ ئامرازێک هەواڵیان پێ دەگەیشت؟
وەک دەگوترێ لە نێو شاری مەهاباد، لە سەردەمی کۆماردا رادیۆ کاری پێکراوە، بەڵام ئەویش تەنیا خەڵکی نێو شار توانیویانە لێی بەهرەمەند بن و کەڵکی لێ وەربگرن. زۆر گوند و شاری کوردستان بە تەواوی لە هەواڵەکانی کۆمار و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات بێئاگا بوون و دواتر و بە شێوەی زارەکی بەعزە شتێکیان بیستەوە.
پێنجەمین هۆکار، رووخانی کۆماری ئازەربایجان وشکستی فیرقەی دێموکرات بوو. ئەمە بووە هۆی دڵساردی خەڵک لە پشتیوانی رووسەکان و نایەکگرتوویی و پەرتەوازەیی. بۆیەش خەڵک و ئاغاوهت بەوجۆرەی کە پێویست بوو پشتی کۆمار و حیزبی دێموکرات بگرن، نەیانگرت. هەر بەم هۆیە بەشێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمار و رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات پێش گەیشتنی ئەرتەش خۆیان تەسلیمی حکوومەت کرد و خەڵک بە کردەوە، ئەگەر بشیان ویستبوایە کەسێک نەبوو کە وەپێشیان بکەوێ و بۆ بەرەنگاری دژی داگیرکەر، رێبەرایەتیان بکا.
لە ژماره ٦٨٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه