ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ بزانن له ئێران‌دا چی ده‌گوزه‌رێ، پێویست ناکا گوێ له رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنوور و ئۆپۆزیسیۆن بگرن. هه‌ر له رێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ده‌وڵه‌تیی ئێران و رۆژنامه ره‌سمی و نارهسمییهکانیهوه بۆتان ده‌رده‌که‌وێ که له‌و وڵاته‌دا چ خه‌به‌ره.
هه‌ر بوارێک له بواره‌کانی ژیان له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران چاو لێبکه‌ی، ئاسه‌واری لێنهزانیی به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵاتی پێوه دیاره؛ له بواری ژینگه‌ییه‌وه بگره تا ده‌گاته کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و ته‌نانه‌ت بواری زانست و فێرکردن. به گوته‌ی خودی به‌رپرسان له ٦٠ فرۆکه‌خانه‌ی وڵات ته‌نیا ٨یان فهعالن؛ ناوگانی هه‌وایی ئێران کۆنه و نێونجی ته‌مه‌نی “ایرلاین”ه‌کانی ئێران ٢٣ ساڵه؛ به هۆی له‌به‌رچاو نه‌گرتنی رێوشوێنه‌کانی شارسازی له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ریی شاره‌داریی تارانه‌وه، ئه‌و شاره تووشی دۆخێکی کاره‌ساتبار بووه؛ مافیاکان له بواری ئابووریدا به توندی ئه‌کتیڤن؛ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئابووریی ئێران ملکه‌چی هیچ یاسا و رێسایه‌ک نییه؛ ئه‌م چیرۆکه دوور و درێژه و لێره‌دا به‌وه‌نده ئیکتفا ده‌که‌م و ده‌چمه سه‌ر ئه‌سڵی باسه‌که‌م که ئه‌ویش نه‌هامه‌تییه‌کانی بواری زانست و فێرکردنه. له‌م مه‌جاله‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م باسی دیارده‌یه‌ک بکه‌م که له لایه‌ن پسپۆڕان و کارناسانی زانستگهییهوه پێی ده‌گوترێ “پرۆلیتاریای توێژینه‌وه‌یی”. دیارده‌یه‌کی ده‌گمه‌ن که له ئێران‌دا زۆر باوه و بۆته قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی بواری زانست و زانستگه.
به‌پێی ئاماره‌کان حه‌شیمه‌تی زانکۆیی ئێران ده‌ورووبه‌ری ٥ میلیۆن که‌سه. که ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حه‌شیمه‌تی زانکۆیی ئێران له کۆتایی ده‌یه‌ی ٥٠ و سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی ٦٠ی هه‌تاوی به‌راوردی بکه‌ین، له‌گه‌ڵ ههڵدمسانی به‌ده‌نه‌ی زانکۆ له ئێران به‌ره‌وڕوو ده‌بین.
ئه‌مڕۆکه له ئێران‌دا ده‌یان دامه‌زراوه‌ی خوێندنی باڵا و بنیاتی زانکۆیی هه‌ن که له هه‌مبه‌ر وه‌رگرتنی پووڵدا “خوێندنی باڵا” پێشکه‌ش ده‌که‌ن و مه‌دره‌ک ده‌به‌شنه‌وه؛ ئه‌و دامه‌زراوه و بنیاتانه‌ی که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کییان تیجاره‌ت و پووڵ په‌یداکردنه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه که له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌کی دیکه به ناوی “کاڵایی سازی فێرکردن” به‌ره‌وڕوو بین. واته فێرکردن و مه‌دره‌ک وه‌رگرتن وه‌ک کاڵایه‌ک له به‌رامبه‌ر پووڵدا به خه‌ڵک ده‌فرۆشرێ.
جاران ئه‌گه‌ر که‌سێک بێکار بایه ده‌یگوت منیش ده‌رسم نه‌خوێند تا کارێکی ئابڕوومهندانهم هه‌بێ. زۆربه‌مان ئه‌م قسه‌یه‌مان بیستووه. به‌ڵام ئێستا دۆخه‌که گۆڕاوه و به‌شێکی گه‌وره‌ی حه‌شیمه‌تی زانکۆدیتووی ئێران بێکارن. ته‌نانه‌ت هۆکارێکی په‌ره‌سه‌ندنی بێوێنه‌ی “تحصیلات تکمیلی” له ئێران‌دا بۆ بێ‌کاری و ده‌ستنه‌که‌وتنی هه‌لی کار ده‌گه‌ڕێته‌وه. واته به‌شێکی جێی تێڕامان له دڕیژهدهرانی خوێندن له ئاستی ماجستێر و دوکتورادا ته‌نیا بێکارییه‌که‌یان وه‌دوا ده‌خه‌ن. راوه‌ستاویی ئابووری و به شێوه‌یه‌کی دیاریکراوتر بێکارییه که بۆته هۆی ئافراندنی چه‌مکێک به ناوی پرۆلیتاریای توێژینه‌وه‌یی.
چه‌مکی پرۆلیتاریای زانکۆیی له رۆژئاوادا دروست بووه و ریشه‌که‌ی له چه‌مکی چینی کرێکاری مانیفێستی مارکس و ئهنگێلسدا هه‌یه. پرۆلیتاریا چینێکه که خاوه‌نی هیچ ئامرازێکی به‌رهه‌مهێنان نییه و بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان، هێزی کاری خۆی ده‌فرۆشێ.
بۆ یه‌که‌مین جار “فالتوم” له هوله‌ند له ساڵی ٢٠٠١دا چه‌مکی پرۆلیتاریزه بوونی زانکۆی هێناوه‌ته ئارا. واته هه‌روه‌ک باس کرا ئه‌م چه‌مکه‌ش سه‌رچاوه‌ی رۆژئاوایی هه‌یه، به‌ڵام له ئێران‌دا واتایه‌کی دیکه وه‌رده‌گرێ.
مه‌به‌ستی فالتوم له پرۆلیتاریای زانکۆیی رێژه‌ی جێی سه‌رنج له مامۆستایانی زانکۆیه که پێیان ده‌گوترێ “حق التدریسی”. واته ئه‌و توێژی که پێگه‌یه‌کی سه‌قامگیری کارییان نییه و له زۆر ئیمتیازی مامۆستایانی دامه‌زراو بێبه‌شن. ئه‌و توێژه‌ی که له رێگه‌ی کرێی وانه‌وتنه‌وه بژیوی ژیان دابین ده‌که‌ن. له ئێران‌دا زۆربه‌ی مامۆستایانی زانکۆ له‌م توێژه پێک دێن. ئه‌مه‌ش به نۆبه‌ی خۆی زیانی له بیاڤی زانست و زانستگه داوه. به تایبه‌ت له ئێران‌دا له ئه‌نجامی چه‌شنێک نیولیبرالیزمی هه‌وسارپچڕاو، زانکۆش وه‌ک کۆمپانیای تیجاری لێهاتووه و دامه‌زراوه زانکۆییه‌کان بۆ قازانجی زیاتر مامۆستایانی کهمرهمقتر به‌کار ده‌گرن.
ئه‌وه‌ی که له ئێران‌دا دۆخه‌که ده‌کاته دۆخی تایبه‌ت و ده‌گمه‌ن، ئه‌وه‌یه که به‌شێکی به‌رچاو له‌و که‌سانه‌ی ماجستێر و دوکتورایان وه‌رگرتووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کاریان نییه، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان، به پووڵ پایاننامه‌ی ماجستێر، تێزی دوکتورا، کتێب و وتار بۆ که‌سانی دیکه ده‌نووسن. توێژیكی بی ناوونیشان که نه‌ناسراون و هیچ پێگه‌یه‌کیان نییه. ئه‌وان نامه و کتێب و وتار ده‌نووسن به‌ڵام به ناوی خه‌ڵکی دیکه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه. دۆخی ئه‌م توێژه له‌چاو مامۆستایانی “حق التدیس” که فالتوم پێیان ده‌ڵێ پرۆلیتاریای زانکۆیی، زۆر خراپتره. مامۆستایانی “حق التدریس” هه‌رچه‌ند پێگه‌یه‌کی سه‌قامگیری کارییان نییه و له کۆمه‌ڵێک ئیمتیاز بێبه‌شن به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ده‌چنه سه‌ر کلاس و وانه ده‌ڵێنه‌وه و شوناسی مامۆستاییان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و توێژه‌ی که مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه‌یه له به‌رامبه‌ر پووڵدا توێژینه‌وه ده‌که‌ن و ناویان له هیچ شوێنێک دیار نییه. ئه‌وان توێژه‌رانی بێ‌ناو و نیشان و بێشوناسن که له سه‌ر حیسابی زه‌حمه‌ت و شه‌ونخوونی و توێژینه‌وه‌کانی ئه‌وان، که‌سانی دیکه ناو و ناوبانگ ده‌رده‌که‌ن و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ست دێنن. ئه‌مه‌ش چه‌شنێک گه‌نده‌ڵییه، به‌ڵام له بواری زانست و زانستگه‌دا. شتێک که دیمه‌نه‌که خه‌مناکتر ده‌کا ئه‌وه‌یه که ئه‌و بۆنگا و شیرکه‌تانه‌ی که ئه‌و سه‌ربازه گومناوانه کاری توێژینه‌وه‌ی تێدا ده‌که‌ن ته‌نیا به‌شێک له کرێی توێژینه‌وه‌که‌یان پێده‌ده‌ن و به‌شه‌که‌یتر بۆخۆیان هه‌ڵده‌گرن که دوکان و بازاڕێکیان وهڕیخستوه و هه‌لی کاریان! بۆ ئه‌و که‌سانه دروست کردووه و سووژه‌ی توێژینه‌وه‌یان بۆ په‌یدا ده‌که‌ن! ئه‌مه پرۆلیتاریای توێژینه‌وه‌ییه، دیارده‌یه‌کی “نامتعارف” له ئێرانی ئه‌مڕۆدا.
لە ژماره ٦٨٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه