وەرگێران: رێبوار مەعرووف زادە
رەجەب تەیب ئهردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە، تا ماوەیەک لەمەوپێش رەخنەگرێکی بەردەوامی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە بوو. ئەو رەخنانە پرڕەنگتر بوون بە تایبەت دوای ئەوەی سیاسەتی ئێران و تورکیە لە قەیرانی سوریادا جیاواز بوون. بەڵام ئاخۆ کوودتایەک لە تورکیە دەتوانێ پێوەندی تورکیا و ئێران بگۆرێ؟
گومانێک لەوەدا نیە کە پێوەندییەکانی ئێران و تورکیه لە دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی حەسەن روحانی و گەرانەوەی ئێران بۆ پێوەندی نێونەتەوەیی وەک رابردوو توندوتۆڵ نەبووە. ساردی پێوەندییەکانی ئێران و تورکیە لە چەند ساڵی رابردوو دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی روانینی ئەو دوو وڵاتە بۆ داهاتووی گۆرانکارییەکانی ولاتانی عەرەبی کە وەک بەهاری عەرەبی ناوبانگی دەرکرد. زیادبوونی جیاوازیی روانینی سیاسیی ئێران و تورکیە کاریگەری لەسەر پێوەندی ئابووری نێوان ئەو دوو ولاتە داناوه. لە سێ ساڵی رابردوودا رێژەی ئالۆگۆری بازرگانی نێوان تورکیە و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە یازدە مانگی ساڵی ٢٠١٥ ئالۆگۆری بازرگانی نێوان تورکیە و ئێران بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤، سی لەسەد دابەزی و بوو بە تەنیا ٩ میلیارد دۆلار. بەڵام ئاخۆ جیاوازیی روانینی سیاسی بۆ داهاتووی گۆرانکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی و کەمبوونەوەی رێژەی ئالۆگۆری بازرگانی نێوان تورکیە و ئێران مانای ئەوەیە کە ئێران لەسەر لاچوونی ئەردۆغان لە رێگهی کوودتایەکی نیزامی خۆشحال دەبوو؟
کاتێک لە ١٥ی پووشپەر کوودتای نیزامی لە تورکیه سەرنەکەوت، ئێران بە تایبەتی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە یەکەمین ولاتان بوون کە ئەو هەوڵانەیان مەحکووم کرد. بەڵام هۆکاری پشتگیری خێرای ئێران لە ئەردۆغان، لەگەڵ ئەوەدا کە لە ناوچەکەدا و بەتایبەتی سوریە ناکۆکیان هەیە، چییە؟
ئەگەرچی ئالۆگۆری بازرگانی نێوان تورکیه-ئێران لەو چەند ساڵەی دواییدا دابەزیوە بەڵام لە وێنەیەکی ئابووریی گەورەتر بە هاتنەسەر دەسەڵاتی ئهردۆغان و حیزبی داد و گەشەپێدان ئالۆگۆری بازرگانی نێوان ئەو دوو ولاتە گەشەی بەرچاوی هەبووە بە بەراورد بە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پێش ئهردۆغان. تورکیە لە سەردەمی پێش ئهردۆغان کۆمەلێک گرفتی جیددی ئابووری و سیاسی هەبوو کە بەستێنی ئەوە نەبوو تورکیا وەک شەرێکی بازرگانی گەورەی ئێران لەقەڵەم بدرێ.
ئهردۆغان ئەگەرچی هێندێک تایبەتمەندیی ئیسلامی سیاسیی نەجمەدین ئەربەکان و ئیسلامی ئیدئۆلۆژیکی فەتحوڵا گۆلەنی تێکەلکێش کردوە بەڵام توانیوێتی مۆدێکی تایبەتی حکوومەتداری بنیات بنێ. ئەو مۆدێلە وایکردوە تورکیە بەردەوام بێ لە هەوڵدان، بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا و هەروەها هەوڵ بۆ دروستکردنی پێوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵات و وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە بدا. تەنانەت ئهردۆغان لە سەرەتا ددەسەڵاتدارێتی دەیویست پێوەندی زۆر پتەو لەگەڵ ئێران دابمەزرێنێ.
سەرکەوتنی کوودتای نیزامی تورکیە سێ کێشەی سەرەکی بۆ ئێران دروست دەکرد. یەکەم گرفت ئەوە بوو کە کوودتای نیزامی ولاتێکی دراوسێی ئێران و ناوچەکانی کوردنشینی ئەو ولاتەی ناسەقامگیر دەکرد. ناسەقامگیری ناوچە کوردنشینەکانی تورکیە رەنگە لە نێو سنوورەکانی ئێران ناسەقامگیری پێکهێنابا.
دووهەم هۆکار بۆ پشتگیری نەکردنی ئێران لە کوودتای نیزامی لە تورکیە ئەوەیە کە لە روانگەی ئێران هیچ ئالتێرناتیوێکی سیاسیی باشتر لە حیزبی داد و گەشەپێدان بوونی نیە. فەتحوڵا گۆلەن، ئەو کەسەی ئهردۆغان تاوانباری دەکا کە لە دارێژەرانی کوودتاکەی تورکیایە، لە دژی ئێران، لە دژی شیعە و بە تایبەتی لە دژی شۆرشی ١٣٥٧ ئێرانە. ئەگەر گۆلەن بەراستی لە پشت کوودتاکە بێ، گرتنەدەستی دەسەڵاتی تورکیە لە لایەن ئێران لە بەرژەوەندی ئێراندا نیە. هەروەها ئەگەر کوودتاکە لە لایەن کۆمەلێک ئەفسەری ئەرتەش ئەنجام درابێ، لە رابردوودا هەر کات ئەفسەرەکان بەسەر سیاسەتی تورکیەدا زاڵ بوونە، پێوەندی بازرگانی ئێران و تورکیە خراپتر بووە.
هۆکارێکی دیکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی حیزبی داد و گەشەپێدان باشترین بژاردە بێ بۆ ئێران کاراکتێری حیزبە سیاسییەکانی دیکەی تورکیهیە. حیزبی CHP و MHP دوو حیزبی نەتەوەگەرای سیکۆلارن و حیزبی HDP حیزبێکی ئیتنیکییە. هیچ یەک لە حیزبە سیاسییەکانی تورکیه پێوەندییەکی باشتر لە حیزبی داد و گەشەپێدان لەگەڵ ئێران نەبووە.
هۆکارێکی دیکە کە دەتوانێ لە پشت پشتگیری ئێران لە ئهردۆغان و دژایەتی روودانی کوودتا لە تورکیە بکا ئەوەیە کە پێش لە کوودتاکە بەخاتری کەوتنەخوارەوەی فرۆکەیەکی رووسیە لە سوریە داوای لێبوردنی کرد و ئەو بابەتە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی رەنگە سیاسەتی تورکیە لەهەمبەر قەیرانی سوریا بگۆرێ و ئەوە بۆ ئێران زۆر گرنگە. هەرچەند ئێستا بەو پاکسازییەی ئهردۆغان لەنێو سوپادا دەستیپێکردوە روون نیە کێ بەرپرسی جێبەجێکردنی ستراتیژی نیزامی تورکیە لە سوریە دەبێ. لە ٣٦٠ ژەنرالی تورکیە، ١٢٧ ژەنرالی تورکیە بە تاوانی بەشداری لە کوودتاکە دەستگیر کراون و دوو ژەنرالی دیکەش دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.
سەعید لەیلاز، شرۆڤەکاری سیاسی و ئابووریی ئێران، جەختی کردەوە کە سەرنەکەوتنی کوودتا لە تورکیە باشترین بژاردە بۆ ئێران بووە چونکە لە ئەگەری سەرکەوتنی کوودتادا تورکیە ناسەقامگیر دەبوو و ناوچەکە هەرچی زیاتر ئالۆز و ناسەقامگیر دەبوو. لەیلاز ئاماژەی بەوەش کرد کە ئهردۆغان باشترین بژاردەیە بۆ ئێران و مێژووی پێوەندییەکانی ئەو دوو ولاتە ئەوە دەردەخات هەرچەند دەکرێ سیاسەتی دەرەوەی تورکیە باشتر بێ و نیشانەکانی ئەو باشتربوونە دەرکەوتووە.
ناسر هادیان، ماموستای پێوەندی نێودەوڵەتی زانکۆی تاران لەسەر بارودۆخی تورکیە بە ئەلمۆنیتەری راگەیاند کە ئەگەرچی ئێران گرفتی لەگەڵ ئهردۆغان هەیە بەڵام سەرکەوتنی کوودتا بە قازانجی ئێران نەبوو. هادیان لەو بروایە دایە کە ئێستا بە لاوازبوونی ئەرتەشی تورکیە، پێگەی تورکیە لاواز بووە و بالانسێکی هێز و پێوەندییەکی باشتر لە نێوان ئێران و تورکیه دروست دەبێ.
ئەو وتارە هەشتی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٥ لە سایتی www.al-monitor.com بڵاو کراوەتەوە.
لینکی بابەت:
http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2016/07/iran-turkey-coup-attempt-erdogan-rouhani.html
لە ژماره ٦٨٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه