بۆ پێناسه‌ی بژارده‌کانی کۆمه‌ڵ چه‌ند شت له‌به‌ر چاون که: وه‌دوای ئامانج که‌وتن یه‌ک له‌وانه. خۆشه‌ویستی ده‌گه‌ڵ سروشتی ئینسان تێکه‌ڵه، به‌ڵام وێڵ‌بوون به‌دوای ئه‌وین‌دا کاری هه‌موو که‌س نیه. زۆرن ئه‌وانه‌ی بیر له کاری گه‌وره و گه‌یشتن به ترۆپکی ئاوات ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام که‌من ئه‌وانه‌ی فیداکاریی بۆ ده‌که‌ن. “فه‌رهاد” بۆ گه‌یشتن به عه‌شقی “شیرین”، بڕیاری کون¬کردنی “بێستوون”ی¬ دا و هه‌ر بۆیه له بژارده‌کانی کۆمه‌ڵه. “مارکۆپۆلۆ” ئه‌وینی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی نادیاره‌کان حه‌جمینی لێ هه‌ڵگرتنبوو، بۆیه وه‌دوای خه‌ونه‌که‌ی که‌وت و دنیایه‌کی نوێی دۆزیه‌وه. “عیسا” له سه‌ر پابه‌ند بوون به ئه‌وینی مه‌عنه‌ویی خۆی، به چوار میخ کێشرا و له پێ نه‌که‌وت. “قازی محه‌ممه‌د” له پێناو عەشقی خزمه‌ت به‌خه‌لک‌دا، به‌ره‌و پیری سێداره چوو. پێشمه‌رگه خه‌ونی رزگاری ده‌بینێ و بۆ وه‌دی‌هێنانی ئه‌و خه‌ونه به‌پێشوازی مه‌رگه‌وه ده‌چێ. ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه له بژارده‌کانی کۆمه‌ڵ نه‌بێ، مانای بژارده تێک ده‌چێ.
که بیر له پێشمه‌رگه ده‌که‌مه‌وه، وره‌م به‌رز و هیوام زۆر و دووره‌دیمه‌نی داهاتووم روونتر ده‌بێ. که باسی پێشمه‌رگه‌م بۆ ده‌که‌ن، سه‌رتاپای وجوودم ده‌بێته حورمه‌ت و خۆشه‌ویستی. هه‌ر کات بمه‌وێ به سه‌ر ترس‌دا زاڵ بم، ناوی پێشمه‌رگه دووپات ده‌که‌مه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی له رازی به‌سه‌ربه‌رزیی ژیان ئاگادار بم، ژیاننامه‌ی پێشمه‌رگه ده‌خوێنمه‌وه. له هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی خه‌بات‌دا، ناوی پێشمه‌رگه‌م وه‌ک جوانترین و پڕماناترین وشه‌ی نێو نووسراوه‌کان دێته به‌رچاو. بۆ لێکدانه‌وه‌ی مانای پێشمه‌رگه وه‌دوای لۆغه‌تنامه ناکه‌وم، چونکه سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕ‌پێکراوترم پێ شک دێ. که پێشمه‌رگه باسی خۆی ده‌کا، پڕ ماناترین مانای “پێشمه‌رگه” به‌ده‌سته‌وه ده‌دا. هه‌ر بۆیه منی هه‌ڵوه‌دای زانینی مانای وشه‌ی پێشمه‌رگه وخولیای ئاگادار بوون له رازی خۆ فیدا‌کردنی، خۆ بێر و به‌وێ‌دا ده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بدۆێنم و ده‌رسی لێ فێر بم. به‌وه‌ش وا هه‌ست ده‌که‌م ده‌بمه دڵۆپێک له نێو ده‌ریای پڕ هه‌یبه‌تی خۆ ماندوو‌کردن‌دا. ئای چه‌ند به‌تینه ئه‌وینی پێشمه‌رگه. وه‌ی چه‌ند دڵته‌زێنه خه‌منامه‌ی پێشمه‌رگه. ته‌ک چه‌ند پڕ کاره‌ساته ژیانی پێشمه‌رگه.
***
لە گەشتی ئەم جارەی مێژووی زیندوودا تێکۆشەر سمایل بازیار بە سەر دەکەمەوە. ئه‌و، زه‌مانێک له پڕکارترین و هه‌ڵسووڕترین چالاکانی مه‌یدانی به‌ره‌نگاری و یه‌کێک له به‌وره‌ترین پێشمه‌رگه‌کانی نێو سه‌نگه‌ری خه‌بات بوو. ئێستاش روناکبیرێکی بەهەڵوێست و تێکۆشەرێکی ماندوویی‌نەناسە.
کاک سمایل له گێڕانه‌وه‌ی ژیان و رووداوه تاڵه‌کانی ده‌ورانی منداڵیی خۆی‌دا به‌جۆرێک ساده و بێ‌ته‌که‌بور ده‌دوێ که جێگای ئافه‌رینه. ئه‌و باسی خه‌منامه‌یه‌ک ده‌کا که دڵ رێک ده‌گوشێ و له کاره‌ساتێک ده‌دوێ که هه‌ست بریندار ده‌کا: “وه‌کی بۆیان گێڕاومه‌ته‌وه له مانگی رێبه‌ندانی ساڵی ١٣٤٠ی هه‌تاوی که به‌فرێکی ئه‌ستوور به‌ڕاستی رێبه‌ندانی پێک هێنابوو، له گه‌ڕه‌کی باغی سیسه‌ی شاری مه‌هاباد له دایک بووم. دوو ساڵ له ته‌مه‌نم تێ‌ناپه‌ڕێ که دایکم به‌هۆی نه‌خۆشی و ماوه‌یه‌کی که‌م له‌جێ‌دا‌که‌وتن ماڵ‌ئاوایی له ژیان ده‌کا. هه‌ر بۆیه من هه‌رگیز نه‌مزانی سیما و ره‌نگی دایکم چۆن بووه و دواتر که ده‌مه‌ویست له رێگای وێنه‌وه به‌و نیازه بگه‌م، بۆم نه‌هاته‌دی چون وه‌کی له ماڵه‌وه بۆیان باس کردم دایکم هه‌رگیز له به‌رانبه‌ر دووربین‌دا رانه‌ده‌وه‌ستا. پێم وایه ٨-٧ساڵانه ده‌بووم که ورده‌ورده لێم حاڵی بوو خوشکی گه‌وره‌م دایکم نیه، ئاخر ئه‌ویش له بوونی منداڵ بێ‌به‌ش بوو. باش له بیرمه یه‌که‌م ساڵی خوێندنم بوو باوکم که کارمه‌ندی ئیداره‌ی “دادگستری” بوو به‌نه‌خۆشی‌یه‌کی کت‌وپڕ به جێی هێشتین و برا گه‌وره‌که‌م که مامۆستایه‌کی دڵسۆز و سه‌ختگیر بوو شوێنی باوکمی گرته‌وه، به جۆرێک که له نێوان من و منداڵه‌کانی خۆی‌دا به لای منی داده‌شکاند”.
کاک سمایل هێشتا منداڵه که گوێی به ناوی سه‌مبوله‌کانی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی ئاشنا ده‌بێ و ناڕاسته‌وخۆ داستانی نه‌وه‌ستانی بۆ باس ده‌کرێ: “ناوی پێشمه‌رگه‌م بۆ یه‌که‌م جار له کاک سه‌عیدم بیست. ئه‌و هاوته‌مه‌ن و هاوده‌وره‌ی کاک سولێمان موعینی، سێڕاجی و… بوو. لام وایه له ٩-٨ ساڵی‌یه‌وه به ده‌یان جار سه‌ربورده و چۆنیه‌تیی شه‌هید بوون و قاره‌مانه‌تیی ئه‌و سه‌مبولانه‌م له کاکم ده‌بیست. ئه‌و چه‌ند به‌ڕێز و حیماسه‌ته‌وه باسی ده‌کردن. له کاتی گێڕانه‌وه‌ی‌دا بێدنگی تێکه‌ڵ به پارێزه‌وه باڵی به‌سه‌ر فه‌زای ماڵه‌وه‌مان دا ده‌کێشا…”.
ره‌وتی تێپه‌ڕ‌بوونی رۆژگار خه‌ونه له یادبراوه‌کانی کاک سمایل وه‌دی دێنێ. هه‌ر که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد ده‌رفه‌تی خۆنواندنیان ده‌ست ده‌که‌وێ، خێرا وه‌خۆ دێن و ریزی خۆیان یه‌کگرتوو ده‌که‌ن. بازیاریش یەک لەو خەڵکە بوو. خۆی گوته‌نی: “له یه‌که‌م خۆ پێشاندان به دژی حکوومه‌تی په‌هله‌وی له شاری مه‌هاباد که به بۆنه‌ی ناشتنی ته‌رمی عه‌زیزی یۆسفی له جۆزه‌ردانی ١٣٥٧ رووی دا به‌شدار بووم و تا ٢٢ی رێبه‌ندانی هه‌مان ساڵ، له‌وانه‌یه به‌شدار بوون له‌هیچ خۆپێشاندانێکم نه‌بواردبێ”. بەم جۆرە ئەو لاوە کوردەش وێڕای هەزارانی دیکە بڕیاری خۆی دەدا و تێکەڵ بەکاروانێک دەبێ کە پڕە لە کەند وکڵۆ. کاک سمایل زۆر بوێرانە دەستی پێ کرد و ئازایانە درێژەی دا بەجۆرێک کە ئێستاش هەروا رێبواری ئەو رێگایەیە.
ته‌ماشای ئه‌و هه‌موو تاقه‌ته‌ی ده‌و ئینسانه دا به‌دی کراوه. له‌ساڵی ١٣٦٤ی هه‌تاوی‌ڕا هه‌تا ١٣٧٣ که کوردستان شه‌و و رۆژ له ژێر ئاگر و ئاسنی هێزی دوژمن‌دا بوو، کاکه سمایل ئه‌م شوێنانه گه‌ڕاوه و خزمەتی لێ کردوە: ناوچه‌ی بۆکان(پێشمه‌رگه)، ناوچه‌ی شنۆ(کادری لک، فه‌رمانده‌ری لک)، ناوچه‌ی داڵاهۆ(فه‌رمانده‌ری هێز)، ناوچه‌کانی ورمێ-سه‌ڵماس(فه‌رمانده‌ری لک)، ناوچه‌ی مه‌هاباد(فه‌رمانده‌ری هێز)، ناوچه‌کانی پیرانشار و نه‌غه‌ده(فه‌رمانده‌ری هێز). ئەو بەهەموو ئەو ناوچانەدا گەڕاوە هەتا تۆوی خەبات و کۆڵنەدانیان لێ بچێنێ و بەرگری لەخاکێک بکا کە کوردستانی ناوە.
به‌هه‌موو ئه‌و گه‌ڕان و خولانه‌وه و هه‌وڵدان بۆ سه‌رکه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌شه‌وه، تێکۆشەر بازیار تاقه‌تی نه‌چووه و هه‌ر که‌مه‌جالی خه‌باتی چه‌کداری که‌م بۆته‌وه رووی له به‌شه سیاسی‌یه‌که‌ی خه‌بات کردوه و هه‌ر له نێو ریزه‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌دا توانای فکریی خۆشی تاقی کردۆته‌وه که به‌خۆشی‌یه‌وه تێیدا سه‌رکه‌وتوه. به‌ڵێ، کاک سمایل له کۆنگره‌ی ده‌هه‌می حیزبه‌که‌ی‌دا بووه‌ته ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و دواتریش له کۆنگره‌کانی ١١، ١٢ و ١٣دا ئه‌و ئه‌رکه‌ی هه‌ر پێ سپێردراوه‌ته‌وه. جگه له‌وه، ئه‌و وێڕای راپه‌ڕاندنی ئه‌رکه قورسه‌کانی سه‌رشانی، له مه‌جالێکدا که بۆی هاتوەتە پێش درێژه‌ی به خوێندن داوه و له‌و بواره‌ش دا سەرکەوتنی بۆ خۆی و بۆ داهاتووی گه‌له‌که‌ی وه‌ده‌ست هێناوه. ناوبراو ئێستا مامۆستای به‌شی مێژوو له‌زانستگای کۆیەی باشووری کوردستانه.
گێرانه‌وه‌ی “مێژووی زیندوو” به قه‌ڵه‌می کاک سمایل، شتێکه له نێوان جیهانی بوون و نه‌بوون(خه‌یاڵ و ڕاستی)دا. ئه‌وانه‌ی ئه‌و دنیایه‌یان نه‌دیوه ره‌نگه به‌خه‌یاڵ وه‌سفی بکه‌ن، چونکه باوه‌ڕ کردن به‌و هه‌موو فیداکاری‌یه زۆر زه‌حمه‌ته. ئه‌وانه‌ش که شانازیی به‌شدار‌بوون له‌و مه‌یدانه پڕکاره‌ساته‌یان به نسیب بوه، به ره‌گ و پێسته‌وه ده‌رکی ده‌که‌ن و ده‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر دێڕێکی، سه‌دان بیره‌وه‌ریی تاڵ و شیرینیان بۆ زیندوو ده‌بێته‌وه. بەڵێ مێژووی خەباتکارانی رێی رزگاری مێژوویەکی پڕ‌کارەساتە و هەر بۆیەش ناوی سازکەرانی ئەو مێژوویە نابێ لەبەر چاومان ون بێ.
لە ژماره ٦٨٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه