دوای شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەمساڵی پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە بوو بەهۆی کوژران و برینداربوونی ژماریهکی بەرچاو لە هەردووک لا، پرسی خەباتی چەکدارانە بەگشتی و خەباتی پێشمەرگانە بەتایبەتی جارێکی دیکە هاتە نێو رۆژەڤی سیاسی و، بوو به جێگای باس و مناقشەی رێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد و ئێرانی. ئەوەی کە زیاتر بۆتە هۆی هاتنەگۆڕی ئەو باسانە زیانی بەرچاوی ئەمساڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕ و تێکهەڵچوون دەگەڵ هێزەکانی رێژیم دایە. ئەوەش هێندێک پرسیاری سەرەکی لە بەردەم هێزەکانی کوردی رۆژهەڵاتدا زەق دەکاتەوە، کە گەلۆ هۆکار یان هۆکارەکانی زیانی بەرچاوی پێشمەرگە لەو شەڕانەدا چین؟ ئایا خەسارەتی بەرچاوی پێشمەرگە دەگەرێتەوە بۆ پشتیوانی نەکردنی خەڵک لە پێشمەرگە یاخود ئاگانەبوونی پێشمەرگە لە بارودۆخی نیزامیی کوردستان؟ یان بەگشتی ئەوە خەباتی پێشمەرگانەیە کە وڵامدەرەوەی بارودۆخی ئێستا نیە؟
گومان لەوەدا نیە کە ناکرێ هێزی پێشمەرگە لە بواری چەندی و لە رووی ئەو چەکوچۆڵ و ئیمکاناتەی کە بەدەستیهوەیەتی دەگەڵ ئەرتەشیکی زەبەلاح و پوشتەوپەرداخ بە ئیمکاناتی تەداروکاتی و لۆجستیکی زۆروزەوەند بەراورد بکرێ. بەڵام خاڵی بەهێزی پێشمەرگە لە شەڕێکی ئاوا نابهرابەردا، لە لایهک پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک و لە لایهکی دیکەوە شارەزایی( شناخت ) لە سەر بارودۆخی نیزامی و جۆغرافیایی کوردستانە. دیارە ئاستی خاراوی(رزمی) بوونی پێشمەرگە یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ و باڵانسی شەڕ بە سوودی پێشمەرگە بگۆڕێ.
پشتیوانیی خەڵک لە پێشمەرگە هۆکارێکی بنەرەتییە کە تای تەرازوهکە لە شەڕێکی ئاوا نابەرابەردا بە سوودی پێشمەرگە دەگۆڕێ، لەو بارەوە دەکرێ بڵێین خەڵکی کوردستان هەمیشە خۆیان بە پشتیوانی پێشمەرگە زانیوە و پێشمەرگە بۆتە کولتوورێک و لە ناخیاندا چێندراوە. بەڵام لە لایهک نەبوونی پێشمەرگە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە لە نێو خەڵكدا و، هاوهەنگاو دەگەڵ ئەوە پەرەگرتنی سیستمی سیخوڕی و پۆشتەوپەرداخبوونی ئەو سیستمە بە ئامرازەکانی مۆدێرنی پێوەندیگرتنەوە، کارێکی وایکردوە کە خەڵک بکەونە ژێر چاوەدێری وردی دەزگاکانی ئەمنییەوە و ئەوەش تێکەڵاوی خەڵک و پێشمەرگەی هەتا رادیهکی زۆر سنووردار کردوە. ئەو سنووردار بوونەش بمانهەوێ و نەمانهەوێ شوێنەواری نیگاتیڤی لە سەر تێکۆشانی پێشمەرگە داناوە.
بێجگە لەو گرفتانەی کە لە سەرێ باسمان کرد، بۆ درێژەدان بە خەباتی چەکداری بە شێوازی پێشمەرگانە، بەر لە هەموو شتێک پشتیبەریهک پێویستە. پشتیبەریهک کە لە دەیەی ٦٠ و ٧٠دا دەورێکی کاریگەری لە سەر گەشە و درێژەی خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوو. بەڵام دوای دەیەی 70 کە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات ناچار بوون کە لە بناری قەندیل بێنەخوار و لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان جێگیر بن، ئاسۆی خەباتی چەکدارانە بە شێوەی پێشمەرگانە لێڵ بوو و دەکرێ بڵێین کە ئەو خەباتە هەتا رادیهکی زۆر ئاستهنگ بوو.
ناردنەوەی تیمەکانی پێشمەرگە لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان بەرەو سنوورەکانی هەردووک بەشی کوردستان، بیجگە لەوهیکە لە بواری تەداروکاتی و راگواستن و هاتوچۆوە بە سەرنجدان بە سنوورداربونی دەسەڵاتی رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان سەخت و دژوارە، لە رووی یاساییشەوە باندۆری لە سەر پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی هەیە . بێجگە لەوەش خودی ئەو جموجۆڵ و راگواستنەش ناتوانێ لە چاوی سیخوڕ و دەزگاکانی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی کە کوردستانی ئێراقیان تەنیوەتەوە نادیار بێ.
گرفتی بنەڕەتیی پێشمەرگە بۆ چوونەوەی نێوخۆی وڵات هەر بەتەنیا لەو سەرەوە نیە کە بە حەوتخانی رۆستەمدا تێدەپەڕێ، بەڵکوو کێشەی بنەڕەتی لێرەوە دەست پێدەکا کە پێشمەرگە پێی دەنێتە سەر خاکی کوردستانی ئێران. دوای ئەوەی پێشمەرگە دەچێتەوە نێوخۆ دەگەڵ رایهڵوپۆی سیستمی جاسوسی راوهدوونانی هێزەکانی رێژیم رووبەڕوو دەبێ. ئەم بارودۆخە هیزی پێشمەرگە ناچار بە جووڵەیهکی زۆر و لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئەمنییهتی زۆر دەکا. هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەویکە پێشمەرگە نەتوانێ بەو جۆرەی پێویستە له نێو خەڵکدا حزوور پەیدا بکا. پاراستنی لەرادەبەدەری بارودۆخی ئەمنییەتی، خەباتی پێشمەرگە بەرەو خەباتێکی بەتەواوی چریکی دەبا. دووپات و چەندپاتبوونەوە و چاوەدێری و راوهدوونان – لە نەبوونی پشتیبەریهکدا- کاری پێشمهرگانه سهختتر دهکا و له حاڵهتی تێکههڵچوون لهگهڵ هێزهکانی رێژیم تووشی زهحمهتی زیاتر دهبێ. بۆ نموونه ئهگهر پێشمەرگە بریندارێکی سووکیشی دابێ – لە نەبونی پشتیبەرە- توشی دژواریهکی زۆر و بارێکی گران دەبێ.
لە راستیدا فەلسەفەی چوونەوەی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات ئەویە کە بتوانێ لە نزیکەوە دەگەڵ خەڵک پێوەندی بگرێ و ئەوان هان بدا کە لایەنگری لە جووڵانەوە بکەن. بەڵام بارودۆخی نیزامی و ئەمنییەتی لە کوردستان و نەبوونی پشتیبەرەیهک بۆ حەسانەوە، جەولەکانی پێشمەرگه کورتخایهن و تیژتێپهڕ دهکا و لهوانهیه کاریگهریی دڵخوازی نهبێ. لەبەر رووناکی ئەو راستییە دایە کە دەگەڵ ئەوەی چوونەوەی دەستەکانی پێشمەرگە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لەو قۆناغەدا نەوعێک رەچەشکێنییه، بهڵام (بهتایبهتی له حاڵهتی رهچاو نهکردنی رێوشوێنهکانی شهڕی چریکی) تێچوویهکی زۆرت به سهردا دهسهپێنێ.
دوو فاکتۆری بنەڕەتیی تێکۆشانی پێشمەرگەی هەرچی زیاتر لە نێوخۆی وڵات سنووردارکردوە: فاکتۆری یەکەم نێوخۆیە کە خۆی لە زاڵبوونی دیکتاتۆری و سیستمی میلیتاریستیی رێژیم لە کوردستان دەبینێتەوە. فاکتۆری دووهەم بوونی هەرێمی کوردستان لە سەر نەخشەی سیاسییە کە قەرارە ببێتە پشتیبەرەی جووڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵات. لە نەبوونی بەدیلێکی کاریگەر و بەرئەنداز و یان جووڵانەویهکی بەهێزی ناوچەیی لە بەشەکانی دیکەی ئێران و یان نەبوونی کێشەیهکی جیددی دەرەکی، گوشارەکانی سەربازی و ئەمنییەتی رێژیم کۆبۆتەوە سەر کوردستانی ئێران. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، بە هۆی ستاتۆی ئەو حکوومەتە کە فیدڕالییە و نەوعییەتی حکوومەتەکە کە کوردییە و هەروها بەسەرنجدان بە فاکتۆری حەشیمەت و زەوی و هەڵکەوتی جوغرافیایی، دیواری ئەو حکوومەتە لە هەموو حکوومەتەکانی دیکە زیاتر بۆ ئەو وڵاتانهی کە خاوەن پرسی کوردن و یهکلەوان ئێران نەویترە. بۆیە چاوەڕوانیهکی ئەوتۆ کە ئەو حکوومەتە لەو جۆغرافیایەدا هەم باری ئابووریی خۆی بەبێ یارمەتی دراوسێکانی هەڵسووڕێنێ و هەم ببێتە پشتیبەرەی جووڵانەوەی کورد لە ئیران نادروستە.
سەرجەمی ئەو بارودۆخە نێوخۆیی و دەرەکیانە بمانهەوێ و نەمانهەوێ هاوکێشەکەیان بەسوودی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و زیانی جووڵانەوەی کورد لە ئێران بەگشتی و خەباتی پێشمەرگانە بەتایبەتی تا رادیهکی زۆر گۆڕیوە. بەڵام مەرج نیە کە ئەو گۆڕانکاریانە دایمی بێ و هەتا سەر جووڵانەوەی کوردی ئێران ئاوا بکەوێتە نێوان دوو بەرداشەوە. رێژیم هەرچەند وادەنوێنێ کە لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەدا بەهێزە، بەڵام بە سەرنجدان بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دارووخانی دامودەزگاکانی لە فەسادی ئیداریدا و هەروها ئاستی بێزاری خەڵک و نەتەوەکانی ئێران لەو رێژیمە، دەکرێ پێشبینی بکرێ کە لە ئایندیهکی نەزۆر دووردا ئەو هاوکێشانە گۆڕانیان بەسەردا بێ و جووڵانەوەی کوردی رۆژهەڵاتیش لەژێر زەبر بێتەدەر و گوشارەکانی لە سەر کەم بێتەوە. ئەودەمە کە پێویستە هێزی پێشمەرگە لە سەر بنەڕەتێکی گونجاو و دروستتر رێکبخرێتەوە و دهورێکی زیاتر لە جووڵانەوەی کورددا ببینێ. بەڵام هەتا کرانەوە و دەرفەتێکی لەبارتر، بزووتنەوەی کورد و رێکخراوە سیاسییەکانی، پێویسته که تهرکیزی زیاتر بخهنه سهر خهباتی جهماوهری. واته وێڕای ئهوهی که حزووری پێشمهرگانه له نێو خهڵک نادهیده ناگرن و به گوێرهی توانا ئهم رهههندهی خهباتیش راناگرن، بهڵام به لهبهرچاو گرتنی ههلومهرج و هاوکێشهکان گرینگی زیاتر به رهههندی مهدهنی و جهماوهریی خهبات دهدهن. ئەو خەباتە جگە لەویکە کەمتێچووتره، لە لایهک بە سەرنجدان بە هەلومەرجەکە کاریگەریی زیاتری هەیە و لە لایهکی دیکەشەوە دەور و نەقشیکی زیاتر دەداتە کۆمەڵانی خەڵک کە هێزی بزوێنەری خەباتەکەن. لەو قۆناغەدا بەرجەستەکردنەوەی ئەو شێوازە لە تێکۆشان لە دوو بارەوە گرینگە: یهکەم) دوای تێپەڕینی ٣٧ ساڵ لە عومری دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان باشتریان ئەو رێژیمە ناسیوە. دووهەم) لە سەر بنهمای ناسین و چێژتنی دیکتاتۆری باشتر بە ئەرکەکانی خۆیان ئاشنا بوون و لەو بارەوە رێکخراوپەزیرترن. واتا ئەوەی پێی دەڵێن هەلومەرجی عەینی و زەینی ئەمڕۆ باشتر لە هەمیشە ئامادیە.
بەڵام گرینگیدان به خەباتی جەماوەری بە مانای دەستهەڵگرتن لە خەباتی چەکداری نیە. هەتا ئەوکاتەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە زمانی گوللە وهڵامی داخوازییەکانی گەلی کورد دەداتەوە، خەباتی چەکداری یەکێک لە رێگاکانی بەربەرەکانییە دژی ئەو رێژیمە. بەڵام دهکرێ ئەو خەباتە لە جیاتی ئەوەی لە شاخ بەدەستی پێشمەرگە بەرێوەبچی، لە لایەن خودی خەڵک و لە نێو خەڵکدا بەڕێوە بچێ. بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو پتانسیهلە خەوتووهکانی گەل کەڵک وەرگرین، هەم پێویستیمان بە باڵێکی سیاسی هەیە و هەم بە باڵێکی نیزامی. ئەرکی باڵی نیزامی لەو قۆناغەدا ئەوە نیە کە بچێتە شەڕی نەفەراتی رێژیم. بەڵکوو ئەو باڵە بە وەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی ئەمنییەتی، پێویستە شەڕێکی حیساببۆکراو و وشیارانە لەدژی ناوەندەکانی ئەمنییەتی، ئابووری و سیاسیی رێژیم بەرێوەببا. ئەرکێکی دیکەی ئەو باڵە، لە سەر رێگا لابردنی مۆرەکانی سەرکوت و بەدناوە. ئەوکارە لە درێژەی خۆیدا دەبێتە هۆی تێکشکاندنی ئەو کەش و تەلیزمە ئەمنییەتییەی کە رێژیم بە هۆی دەزگاکانی ئەمنییەتی بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە. لە ئاکامی ئەوەدا کۆمەڵانی خەڵک بەرەبەرە ترس و خۆفیان لێدەرەوێتەوە و رێگا بۆ هاتنە مەیدانیان خۆشدەبێ.
ئهو وتارانهی له بیروڕای ئازاددا بڵاو دهبنهوه تهنیا ههڵگری بیروبۆچوونی نووسهرهکانیانه.
لە ژماره ٦٨٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه