چەند رۆژ لەوە پێش بوو کە هەواڵی خۆکوژیی دانیش ئەمینی، کورێکی تەمەن ١٠ ساڵی دانیشتووی گەرەکی “کانیکووزەڵە”ی شاری سنە کۆمەڵگهی کوردستان و ئێرانی راتڵەکاند.
پاییزی ساڵی رابردووش خۆکوژیی کورە قوتابییەکی تەمەن ١٠ی دیکە لە شاری شنۆ بوو بە باسی گەرمی میدیاکان و زۆری لە سەر گوترا و نووسرا.
ئەو دوو منداڵە کوردە تەنیا قوربانیی ئەو کارەساتە نین، هەر ئەمساڵ تا ئێستا ئەوەندەی میدیاکان رووماڵیان کردبێ ٨ منداڵ و مێرمنداڵ لە ئێران خۆیان کوشتوە.
ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا گرینگ و جێی پرسیارە ئەوەیە کە هۆکارەکان چین؟ کێ لە بەرامبەر ئەو تراژیدییەدا بەرپرسیارە و دەوڵەت و دامودەزگا حکومەتییەکان چەندە هەوڵیان بۆ رێگری لە دووپاتبوونەوەی ئەو رووداوانە داوە و چۆنیان مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە کردوە.
ئەوەندەی بۆ قوتابخانە و کاریگەریی قوتابخانە و نیزامی خوێندن لە سەر ئەو پرسە دەگەرێتەوە، روون و ئاشکرایە کە سیستمی پەروەردەیی و خوێندن لە ئێران لە رووی کەیفییەتەوە ئەوەندە لەسەرێ نییە سەرنجی منداڵان رابکێشێ، ئەوە جیا لەوەی لە رووی رەفتارییشەوە گونجاو نییە لەگەڵ رووح و داڵغە دەروونییەکانی منداڵان. لە رووی فێرکاریشەوە نەیتوانیوە منداڵان لەگەڵ چۆنیەتی بەرەورووبوونەوە لەگەڵ کێشەکان باربێنێ.
قۆناغی مێردمنداڵی قۆناغێکی پر لە هەڵچوون و هەڵەشەیی لە گەشەی جەستەیی و مێشکیی منداڵە، بەڵام سیستمی پەروەردەیی لە ئێران هیچ بەرنامەیەکی بۆ ئامادەکردنی منداڵان لەگەڵ ئەو قۆناغە و ئەو قەیرانە نییە، لە قوتابخانە و لە نیزامی پەروەردەیی ئێراندا فێرکردنی توانا و مەهارەتەکانی ژیان هەر نییە، هەر بۆیەشە کە دەبینین منداڵان کەمجیکڵدانەن و توانای بەگژداچوونەوەی کێشەکانیان زۆر کەمە؛ ئەرکوەخۆگر نین و لاواز و دەستەوەستانن.
جیا لە قوتابخانەش فاکتۆرەکانی دیکەش کە کاریگەرییان لە سەر ژینگەی منداڵ هەیە، وەک دۆخی ئابووریی بنەماڵە، کەشی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، هەموو ئەوانە لە تاوتوێی ئەو بابەتەدا دەبێ بە بایەخەوە سەیری بکرێ.
دیارە ئەگەرچی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکارەکانی خۆکوژیی ئەو پۆلە لە منداڵان و مێردمنداڵان نەکراوە کە ئەمساڵ و ساڵانی رابردوو کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، بەڵام روونە کە خەمۆکی، داڵغە دەروونییەکان، هەست بە داماوی و نەبوونی ئەمنیەت وادەکا مرۆڤ بیر لە حەزفی فیزیکیی خۆی لە کۆمهڵگه بکاتەوە.
کێشە لەوە دایە کە خەمۆکی لای کاربەدەستانی ئێران بابەتێک نییە دانی پێدا نرابێ و گرینگی پێدرابێ؛ بۆیە کەسانی خەمۆک کە دەکرێ لە کاتی خۆیدا و بە ئاسانی لەو برگە هەستیار و مەترسیدارە دوور بخرێنەوە، پشتیان تێدەکرێ و نابیندرێن.
پەرەسەندنی توندوتیژیی سیستماتیک لە ئێران وایکردوە کە لە سیستمی پەروەردەیی وڵاتیشدا هیچ بەرنامەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لە زەبروزەنگ و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو بابەتە نەبێ. ئەویش لە کاتێکدا ساڵانە دەیان ئیعدام بەبەرچاوی منداڵان و لە شوێنی گشتییەکان جێبەجێ دەکرێن و دیمەنەکانی ئێعدام و خۆکوژی بەبەردەوامی لە تیلێڤیزیۆنەکاندا بڵاو دەبنەوە.
مانەوەی هەندێ کلتوور و نەریتی کۆن بە تایبەت لە ناوچە هەژار و پەراوێزنشینەکانی وڵات؛ وەک بەمنداڵی بەشوودانی کچان کە لەلایەن مەلاکانی شیعەشەوە بانگەشەی بۆ دەکرێ، وا دەکا قوربانیان بیر لە خۆدەربازکردن لەو دۆخە بکەنەوە کە خۆکوژیی ئەوانی لێدەکەوێتەوە.
بەڵام رێگەچارە چییە؟
سروشتییە کە باشترکردنی دۆخی ژیان و ژینگەی کۆمەڵایەتی، کەشی پەروەردە و بارهێنانی منداڵ و پلاندان بۆ خۆدیتنەوەی منداڵ لە هەموو هاوکێشەکانی کۆمهڵگه دەتوانێ هۆکاری بەرگێرەوەی جیددیی خۆکوژیی منداڵان بێ؛ بەڵام ئەوە ئەرکی دەوڵەت و سیستمی بەرێوەبەریی وڵاتە کە لە ئێران رەخنەی زۆری لەسەرە.
ئەوەی دیکە دەمێنێتەوە شێوەی هەڵسوکەوتی دەورووبەر لەگەڵ ئەو کەسانە.
زۆربەی ئەو کەسانەی هەوڵی خۆکوژی دەدەن، پێشتر بە جۆرێک مەبەستەکەی خۆیان ئاشکرا دەکەن، تێگەیشتن لەو هەلومەرجە زۆر گرینگە کە دوای ئاگادار بوون لەو نیازە رێگاکانی بەردەم هەوڵەکانی ئەو بۆ خۆکوژیی لێ بەربەست بکرێ و ئەو کەسە بایەخی زیاتری بدرێتێ.
دواجار ئەوەی بەرنامەی فێرکاریی تایبەت بۆ منداڵانی قوتابی دابندرێ. منداڵ زۆربەی کاتەکانی لە قوتابخانە دەباتە سەر، ئەوەش وادەکا کە مامۆستایانی قوتابخانە و کەشی خوێندنگە کاریگەریی زۆریان لەسەر بیرکردنەوەی هەبێ، بۆیە مامۆستایان دەتوانن رۆڵی گرینگ ببینن لە روودانی حاڵەتەکانی خۆکوژیدا.
پێویستیی خۆشەویستی، پێویستیی رێز و ئیحترام و پێویستیی پێڕاگەیشتن سێ نیازی دەروونین کە ئەگەر لە هەر کەسێکدا دابین بووبێ، ئەو کەسە لە خەمۆکی و بیرکردنەوە لە خۆکوژی دوور دەخاتەوە. دەستنیشانکردن و دابینکردنی ئەو نیازانەش بۆ منداڵان ئەرکە لەسەر بنەماڵە، قوتابخانە و ناوەندە بەرپرسیارە دەوڵەتییەکان کە چاوەدێریی وردی دۆخەکە بکەن و پلانیان بۆیان هەبێ.
لە ژماره ٦٨٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه