كرماشانه كه م ئه ی خاك زيرين
هاو زاراوه كه ی به دره و خا نه قين
جگر گوشه كه ی ئيلامي ديرين
نيشتمانه كه ی فرهاد و شيرين
يادگارگه ی ماد و ساساني
تو سان شاره يل گشت كوردستاني
كرمانج بی سوران گوران يا كه لهور
تو ئرای ئيمه هر مه نييته دور
ناوت سه ر ره سته ی تاريخ ئيمه س
وه بی كرماشان، كوردستان دی چه س
وه ختی ، ئيمه ی كورد دلمان شاد بوت
ئيلام ، كرماشان داشدارمان بوت
تەهای رەحیمی
کرماشان گەورەترین شاری کوردی، رۆژهەڵاتی کوردستان وەک دەروازەی ئاسیا بەرەو دەشتەکانی نێوان دوو رووبار لەمێژ زەمانەوە گرنگی خۆی هەبووە و، تەنانەت ئەگەر چاو بە مێژووی کەونار و سەرەتای دەرکەوتنی پاشماوە و شوێنەواری مرۆییشدا بخشێنین دەبینین لەو دەڤەرە دەیان و بگرە زیاتر شوێنەواری مێژووی دۆزراوەتەوە و هەنووکەش هەیە. ئەو پارێزگایە زۆر دەمێکە وەک ناوەندێکی بازرگانی، بازرگانانی نێوان دووزێ و ناوچە کوێستانی و ئەوپەڕی ئاسیای پێکەوە کۆ کردۆتەوە. شوێنەواری مێژوویی تاق وەسان بە داوێنی چیای تاق وەسانەوە بە پاڵ کانییەکی دڵڕفێنەوە دەکەوێتە باکووری رۆژاوای کرماشانەوە، کە سینگی پڕ لە مێژوویەکی دێرین و بەنرخە. گرنگییەکانی ئەو شارە وای لە داگیرکەرانی کوردستان کردوە، تێچوویەکی زۆر بۆ گۆڕینی دیموگرافی و داماڵینی فەرهەنگی کوردی لەو شارە و ناوچەکە دابنێن و هەمیشە بە پەرۆشە لە رووداوەکانی ئەو شارەیان روانیوە.
چەند حەوتوو لەمەوبەر رووحانی، سەرکۆماری کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی سەفەرە نێوخۆییەکانی خۆیدا پاش سەردانی پارێزگای ورمێ، گەیشتە شاری کرماشان و لە کۆبوونەوەیەکدا دیسان درووشمە نێوهڵۆڵ و ترووسکەدارەکانی دووپات کردەوە، کە دیارە لە کاتی قسەکانیدا چەند جار بەهۆی درووشمدانی جەماوەری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، رووحانی ناچار وەدەنگ هات و قسەکانی بڕی. سەفەری روحانی لە حاڵیکدا دەوڵەتە بێدەسەڵات و کلیل نیشانەکەی کەمتر لە ساڵێکی تەمەن ماوە، زیاتر بوار خۆشکردن و راکێشانی دەنگی سنوورنشین و نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە، هەتا بردنی خێروخۆشی بۆ ئەو ناوچانە و، هەروەها چونکە نەتەوە بیبەشەکانی چوارچێوەی جوگرافیای ئێرانیش لە دەروویەک دەگەڕێن بۆ دەستخستنی سەرەتاییترین مافەکانیان، لە زۆربەی هەڵبژاردن و رووداوە سیاسییەکانی ئیراندا دەنگیان بەو باڵ و لایەنانە داوە، بانگەشەی کرانەوەی زیاتر بۆ هەموو خەڵکی ئێران وبەتایبەت نەتەوە بندەستەکان دەکەن. بەڵام ئەو سەردانەی روحانی نەک نەبوو بەهۆی دڵخۆشیی بەرەی دەوڵەت بەدەست، بەڵکوو باندە پاوانخوازەکەی دیکەشی وەدەنگ هێنا. چونکی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت رێژیمی پێشووش زیاترین سەرمایەگوزاری بۆ تواندنەوەی کورد لەو پارێزگایە و، بە تایبەتی شاری کرماشان کردوە. بێکارترین پارێزگای ئێران، کارەساتی گیرۆدەیی بەنگەمەنییەکان، داخرانی کارگەکان و لێکەوتنی پیشەکاران، پشتگوێخستنی بەتەواوەتی پارێزگاکە لە بواری ئابووری و باری نالەباری کۆمەڵایەتی و … کێشە نەبڕاوەکانی پارێزگای کرماشان و کرماشانن کە حەوتەمین شاری ئیرانە لە بواری حەشیمەت و گەورەییەوە. کرماشان نابێ پێش بکەوێ و روویەکی خۆش بە خۆیەوە ببینێ، چونکی نەتەوەی پاوانخواز و ناسیوناڵیزمی لووتبەرز هێندەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکی خەرج لەو ناوچەیە کردوە، هەتا بیانتوێنێتەوە و تیکەڵ بە فەرهەنگی نێوکڵۆڵ و رووبریقەداری زاڵیان بکا، هەروەها بەو دڵخۆشییەی کە زۆربەی دانیشتوانیشی لە بواری مەزهەبییەوە شیعەن، جەواڵیان بۆ هەڵدوڕیبوو، داهێنانێکی زمانێکی بیژوو، بەناوی زمانی فارسی کرماشانی لە لایەن دەسەڵاتبەدەستانی هێژمۆنیخواز کە سەرتاپای ناسیۆناڵیزمەکەیان لەسەر بنەمای خەیاڵی پڕوپووچ و هەڵبەستراو بنیات نراوە، یەکێک لەو پیلانە نگریسانە بوو، کە تێچوویەکی زۆری خستە سەر شانیان. بەڵام کرماشانیان نەوەی فەرهادی کۆکەن کە چەند رۆژە کۆکەنی (حوسێن کۆکەن) هاوچەرخیشیان لە سینگی تاق وەسان دا بە مێژوو سپارد، نیشانیان دا، شووناس گرنگترە بە لایانەوە هەتا ئەو خەیاڵانەی دە مێشکی ئەنفالچییەکانی تاراندا رادەبرێ. هوشیاری نەتەوەیی لە ئاستی ئیلیتدا لە کرماشان دەمێکە پەتی رێژیمی خستۆتە سەر ئاو. کەواتە کرماشان ماوەیەکە دەسەڵاتی تاساندوە، هەر ئەو کاتەی نازریان دەنگبێژی مەزنی کوردی خەڵکی کرماشان کە وتی “خۆم کرماشانی فارسی نیە زمانم”، نەک هەر دەسەلات بەڵکوو، رووما بەناو رووناکبیرەکان و دامودەزگە فەرهەنگ روخسارەکانیش هەڵبەزینەوە و وڕ مان. خەباتی مافخوازی و مەدەنی کوردستانی شیعەنشینی رۆژهەڵات، دەمێکە چەخماخەی گەشانەوەی بیری کوردایەتی و شووناسی گڕ داوە و، دەمێکە هەموو ئەو چەمکە گڵاوانەی بڕیار بوو ئامرازی تواندنەوەی گەلێک بن کە باڵای بە باڵای مێژووە لە خۆی داماڵیوە. کرماشان وڵاتی لۆلۆبی و گۆتییەکان، مەڵبەندی کوردبوون و نیشتمانی یارسانان، کە هەنووکەش هەڵگری روح و ئایینی رەسەنی کوردین، ئامانج بوو سەرەتای تواندنەوەی نەتەوەیەک بێ، چونکی گرنگی ئابووری و سیاسی و جوگرافیایی و حەشیمەتی و فەرهەنگی و …. ئەو دەڤەرە بناخە و بنیاتی نەتەوەیەکن.
پاش گەڕانەوەی رووحانی، کە بە هەڵپەڕكێی کوردی و چەندین درووشم و لافیتەی بوێرانەی رەخنەگرانە و دەمولێو دوورینەوەی برایانی یارسانی و درووشمدان لە کاتی قسەکردنی سەرکۆماردا، پێشوازی لێکرابوو، نامەیەکی بێ نێوەرۆک و کەم بایەخ کە هەر لە ئەدەبیاتی دەسەڵاتدارانی هێژمۆنیخواز دەکاڵێتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوویەوە کە پڕە لە هەڕەشە و سووکایەتی بە فەرهەنگ و گەلێک هەنووکە لە بەرەکانی شەڕی دژی نەزانی و پاشڤەڕۆییدا هەوێنی شانازی مرۆڤایەتییە. ئەو ئۆرگانەی هۆشدارییەکەی نووسیوە کە بە دەمامکی را دیارە فەرهەنگیشە، بە ئاگا لە فەلسەفەی سەما و هەڵپەڕکێی کوردی، ئەو نواندنە پڕ لە ئازایەتی و گوتارە بە شتێکی ناحەز و ناشیرینی کۆمەڵێک ژن و قوتابیی دەزانێ و پێی وایە لە وێنەی پارتی و میوانی شەوانەی ئەو فەرهەنگەی خۆیانە کە تێیدا باب ئاگای لە کوڕ نیە و دەبێ ئەو کەڵەژنانە سزا بدرێن هەڵپەڕیون. دە نامەکەدا هاتووە ئەو هەڵپەڕینە بەداخەوە (بەخۆشییەوە) دوای بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە هۆی دڵگرانی و سەرشۆڕی و داوەشینی ئومەتی بەناو حیزبوڵلا. هەروەها لە درێژەدا دیسان ئاماژە کراوە دوای ئەوەی لە ستادیوم پێش بە هەڵپەڕینی خەڵک گیراوە ، دیسان لە کاتی بانگی نیوەڕۆدا و لە مەیدانی سەرەکی شار دیسان دەستیان کردۆتەوە بە هەڵپەڕکێ. بۆیە داوا لە دادستان دەکرێ ئەو هەڵسوکەوتە کە بەپێچەوانەی بایەخە ئایینی و ئیسلامییەکانە بەبێ وڵام نەمێنێتەوە. هەر لە درێژەدا ئاماژە بە دەستێوەردانی ئیران لە دنیا دەکا و بە ئاماژە بەوەی کە لاوانی وڵات هەزاران کیلۆمێتر دوورتر لە ئیران خەریک کوشتنی خەڵکی بێ تاوان و ئاژاوەگێڕین، نابێ ئیزن بدرێ خەڵک، بەتایبەت خەڵکی کورد، ئەویش لە کرماشان کە لەمێژ بوو پێیان وابوو، لە بواری هەستی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی کۆنترۆڵیان کردوە، شادی بکەن و بە فەرهەنگی خۆیانەوە دەرکەون. ئۆرگانی پێوەندیدار بەبێ ئەوەی ئاوڕێک لە بایەخە ئایینی و ئیسلامییەکان بداتەوە، کە دیارە ئەو بایەخانەش بێ کەموکوڕی نین، پێی وایە هەرچییەک لە بەرژەوەندی فەرهەنگی زاڵدا نەبێ دژی ئەو بایەخە ناپەیدایانەیە، لە حاڵێکدا تاڵانی کانگە ژێرزەوییەکانی ئەو وڵاتە، داگیرکردنی ئەو خاکە، گەندەڵی هەتا ملانی دەستوپێوەندییەکانی سەر بە هەموو لایەنەکانی نێوخۆی رێژیم، ئیعدامی رۆڵەکانی کورد، گیرۆدەکردنی منداڵان و لاوان کورد بە ماددە بەنگەمەنییەکان، هەڵاواردنی نامرۆییانەی تاکەکانی کورد، راکێشانی ئاوی ناوچەکە بۆ شارەکانی دیکە، سووتاندنی شاخ و شینایی کوردستان، دابین نەکردنی هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بۆ شارە کوردییەکان، بە کافر لە قەڵەم دان و فتوای کوشتنی خەڵکی کورد و … هەموو بایەخی ئەو ئایین و ئیسلامەن، باندە تئۆکراسییەکەی کۆماری ئیسلامی بڕوایان پێیەتی. هەروەها ناردن و بەکرێگرتنی خەڵکی وڵاتانی دیکە بۆ ئاژاوەگێڕێ و تێکدانی باری ئەمنییەتی و ژیانی خەڵک لە ناوچە بە بەرگری لەو ئیدیۆلۆژییە دەزانێ کە تێیدا نوقم بوون.