له که‌سمان شاراوه نییه که شه‌هیدی رێبه‌ر دوکتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی له سه‌ر بزاڤی رزگاریخوازیی کورد له هه‌موو کوردستان به‌گشتی و له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی هه‌بووه و تائێستاش هه‌یه. به‌تایبه‌ت له نێو ریزه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکرات‌دا ئه‌وکاریگه‌رییه زۆر به‌رچاوه و هزری قاسملوو له راستیدا به سه‌ر رێڕه‌وی خه‌باتی دێموکراته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا زاڵه.
ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی هه‌بێ به مه‌سه‌له‌ی کورده‌وه به‌گشتی، له نێو رێڕه‌وی خه‌باتی چه‌ندین ساڵه و شێوه‌ی لێکدانه‌وه و سیاسه‌تسازی و رێبه‌ری کردنی دوکتور قاسملوودا وانه‌ی زۆر گه‌وره هه‌ن که ده‌کرێ رێبه‌رانی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا لێیان فێر بن و بیانکه‌نه چرای رووناککه‌ره‌وه‌ی قۆناغه تاریک و به‌رته‌سکه‌کانی خه‌باتی خۆیان بۆ مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریان و بۆ زاڵبون به‌سه‌ر پلانی نه‌یارانی کورددا، که به داخه‌وه هه‌ر چوار ده‌وریان ته‌نیوه.
یه‌کێک له ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م هه‌موو رێبه‌رانی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ئه‌وه‌یه که به هۆی دابه‌شکرانی کوردستان به سه‌ر چوار وڵاتی ناوچه‌ی پڕکێشه و ئاڵۆزی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، به‌داخه‌وه له هه‌ریه‌ک له‌و به‌شانه‌ی کوردستاندا له خه‌باتدا بی، هه‌ر چوار ده‌ورت دوژمنی فکری و هزری مه‌سه‌له‌که‌ی تۆیه. هیچ کام له‌و وڵاتانه‌ی که به‌شێک له کوردستانیان به سه‌ردا دابه‌ش کراوه، له راستیدا موافقی چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد له هیچ یه‌ک له‌و وڵاتانه‌دا نین. رێژیمه‌کانی حاکم به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا له باشترین حاڵه‌تدا به هۆی رکه‌به‌ریی ناوچه‌یی ره‌نگه له قۆناغێک له قۆناغه‌کانی خه‌باتدا به قازانجیان بێ به هۆی جووڵانه‌وه‌ی کورده‌وه فشارێک بۆ وڵاته‌که‌ی دراوسێیان بێنن و له کۆتاییشدا مامه‌ڵه‌ی پێوه بکه‌ن. هونه‌ری رێبه‌رانی کورد له‌وه دایه که چۆن بتوانن پارسه‌نگێک بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له ناکۆکی نێوان دژبه‌ره‌کانیان که‌ڵک وه‌رگرن و هه‌م به‌کرده‌وه نه‌چنه ژێر باری داخوازییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه که له کۆتاییدا به زیانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کوردن. دوکتور قاسملوو له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا فۆرمولێکی زۆر کاری و به‌هێزی دیبۆوه. له فۆرمولی دوکتور قاسملوودا فاکته‌ری هێزی کورد بۆخۆی رۆڵێکی گه‌وره‌ی پێ‌درابوو و له راستیدا به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی هاوکێشه سیاسییه‌که درابوو به هێزی جووڵانه‌وه‌ی کورد. بۆ وێنه سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندی حیزبی دێموکرات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق، هیچ کاتێک دوکتور قاسملوو تای ته‌رازوی دۆستایه‌تی به‌لای حکوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا نه‌شکانده‌وه، هه‌میشه دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی کورد له باشوور راگرت و ته‌نانه‌ت یارمه‌تی دا و هیچ کات قبووڵی نه‌کرد که له رێگای ئه‌و و حیزبه‌که‌یه‌وه بچوکترین فشار بۆ جووڵانه‌وه‌ی کورد له باشوور بێ. مه‌سه‌له ئه‌وه نه‌بوو که داوای لێنه‌کرێ، به‌ڵام وه‌ڵامی ئوسوولی هه‌بوو، ئه‌و هێزی جووڵانه‌وه‌ی کوردی ده‌برده ته‌شکی ئاسمان له به‌رامبه‌ر نه‌یاراندا. له کاتی فشارهێناندا ئه‌و مه‌رجی بۆ نه‌یاران دیاری ده‌کرد و به ئاشکرا پێی راده‌گه‌یاندن که ئه‌گه‌ر فشار بێنن خه‌باتی رۆژهه‌ڵات و باشوور لێکگرێ ده‌ده‌ن. هاوکێشه‌ی قاسملوو ئه‌وه بوو که به‌رده‌وام داوا بکا که مه‌سه‌له‌ی کورد به شێوه‌ی سیاسی چاره‌سه‌ر بکه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره نه‌که‌ن، کێشه‌ی خۆیانه و، کوردی رۆژهه‌ڵات ئاماده نییه دژی خوشک و براکانی بوه‌ستێته‌وه. ئه‌و سیاسه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌ی به جۆرێک جێگیر کردبوو که له کۆتاییدا وای لێهاتبوو به نێو ریزه‌کانی حیزبی دێموکرات‌دا خه‌باتگێڕانی باشوور ده‌هاتن و زه‌ڕبه‌یان له حکوومه‌تی به‌عسی فاشیست ده‌دا و به نێو بنکه و باره‌گاکانی دێموکرات‌دا ده‌گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌ر باسیشی نه‌ده‌کرد، چونکه وه‌ڵامه‌که‌ی ده‌زانی.
ده‌رسێکی گه‌وره‌ی دیکه بۆ هه‌موو کورد که قاسملوو هێنایه به‌رباس، په‌یوه‌ندیی دیپڵۆماسی بوو له سه‌ر بناغه‌ی قازانجی هاوبه‌ش. ئه‌و ده‌رسی داین که سه‌رده‌می په‌یوه‌ندی کۆڵۆنیالی، یا به‌زه‌یی مرۆڤایه‌تی، یا برایه‌تی ئیدئۆلۆژیکی به‌سه‌ر چووه. کورد نابێ ته‌سلیمی په‌یوه‌ندیی کۆڵۆنیالی بێ و ته‌نیا بۆ پاراستنی گیانی ببێته دارده‌ستی هێزی ده‌ره‌کی، یا بچێ وه‌ک قوربانییه‌ک بپاڕێته‌وه یارمه‌تی بده‌ن، یا خۆی به ئیدئۆلۆژیهکهوه ببه‌ستێته‌وه و چاوی داخا و هه‌رچی پێی دیکته کرا بیڵێته‌وه. به‌ڵکوو ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی هه‌ڵسه‌نگێنێ، له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نی به‌رامبه‌ر تاووتوێی بکا و هاوکێشه‌یه‌ک بدۆزێته‌وه که به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردووک لا بگرێته‌وه و به‌م جۆره مامه‌ڵه و دۆستایه‌تی بکا.
سێهه‌م هزری گه‌وره‌ی قاسملوو له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کورددا ئه‌وه بوو که هه‌رچه‌ند کوردستانی به یه‌ک وڵات و نه‌ته‌وه‌ی کوردی به یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌زانی، به‌ڵام جیاوازییه‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستانی ده‌خوێنده‌وه و پێی وابوو که هه‌ر پارچه‌یه‌ی ده‌بێ بۆخۆی به پێی هه‌لومه‌رجی خۆی خه‌بات بکا و قۆناغه‌کانی خه‌باتی خۆی دیاری بکا. پێی ره‌وا نه‌بوو هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان له پارچه‌که‌ی دیکه‌ی کوردستاندا ده‌ستێوه‌ردان بکا. نه‌زه‌ری ئه‌وه بوو که پێویسته دۆست و هاوکاری یه‌کتر بن، به‌ڵام نابێ ده‌ست له کاروباری یه‌کتر وه‌رده‌ن. سه‌رده‌مانێک له ژێر رێبه‌رایه‌تیی ئه‌ودا حیزبی دێموکراتی کوردستان، گه‌وره‌ترین حێزی کوردی و، جووڵانه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، گه‌وره‌ترین جووڵانه‌وه‌ی کوردی بوو. به‌ڵام تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ نه حیزبی دێموکرات و نه جووڵانه‌وه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات بچوکترین ده‌خاله‌تیان له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا نه‌کرد. ده‌ستێوه‌ردانی هێزی پارچه‌یه‌ک له پارچه‌کانی دیکه‌دا له نێوان پارچه‌کانی کوردستاندا کێشه دروست ده‌کا و ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌که له سه‌ر پرسی کورد به گشتی.
چواره‌م وانه‌ی گه‌وره‌ی قاسملوو ئیمان به چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه، پێکه‌وه‌ژیانی مرۆڤانه‌ی نێوان گه‌لانی ناوچه، وه‌لانانی رق و تۆڵه و کارکردن بۆ سه‌قامگیریی دێموکراسی و ئاشتی بوو. که به‌داخه‌وه گیانی خۆشی له سه‌ر دانا. له روانگه‌ی دوکتور قاسملووه چه‌ک ته‌نیا بۆ به‌رگری به‌کار ده‌هات، به توندوتیژی هیچ کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر نه‌ده‌کرا و کۆتایی هه‌موو گرفتێک له سه‌ر میزی وتووێژ ئیمکانی هه‌بوو. که مخابن له وڵاتانی دیکتاتۆریلێدراو و تا سه‌ر ئێسقان پربوغز و غه‌ره‌زی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، ئه‌و رێڕه‌وه جارێ زه‌مینه‌ی زۆر که‌مه و به‌داخه‌وه زۆر جار لایه‌نگرانی ده‌بنه قوربانیی بیروبۆچوونه ئینسانی و دێموکراتیکه‌کانی خۆیان. به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه که داهاتوو هه‌ر هی ئه‌و بۆچوونه ئینسانیانه‌یه.
له رێبازی پڕسه‌روه‌ری قاسملوودا و له هزری ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕزانستی ئه‌ودا ده‌کرێ ده‌یان وانه‌ی دیکه‌ش هه‌ڵێنجین، به‌ڵام لێره‌دا به‌و چوار وانه گرنگه به‌سنده ده‌که‌م و ده‌چمه سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی که ئێمه‌ی دێموکرات ده‌بێ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هزر و که‌له‌پوورێک بکه‌ین که قاسملوو بۆی هێناوینه نێو گۆڕه‌پانی خه‌بات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌و چوار وانه‌یه پێویسته بکه‌ینه رێبازمان، ده‌بێ له ژیانی سیاسیی رۆژانه‌شماندا وریا بین که له کۆتاییدا به جۆرێک هزر و بیره‌کانی قاسملوو به‌کار بێنین که کاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر خه‌باتی ئه‌مڕۆ و داهاتوومان دابنێن. ئه‌وکاته‌یه که نرخی ته‌واویشمان داوه به‌و که‌له‌پووره سیاسییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی که بۆی به‌جێهێشتووین. ئه‌وه‌ش چه‌ند میتۆد و میکانیزمێکی پێویسته.
یه‌که‌م: پێویسته هه‌موومان له‌وه خۆ بپارێزین که موزایه‌ده‌ی سیاسی به هزر و بیروبۆچوونه‌کان و شێوه‌ی رێبه‌ریکردنی شه‌هید قاسملووه بکه‌ین. قاسملوو به‌شی هه‌موو کوردی تێدایه وه‌ک ئه‌ندامێکی به‌رهه‌مهێن له نه‌ته‌وه‌یه‌ک. هه‌روه‌ها رێبه‌ری هه‌موو ئه‌ندامێکی دێموکرات بووه وه‌کوو رێبه‌رێکی کاریزماتیک که تاکوو ئێستاش و دوای شه‌هیدبوونیشی له سه‌ر هه‌موان باندۆری هه‌یه. که وابوو له کوردستانی گه‌وره‌دا هیچ به‌شێک ناتوانێ قاسملوو ته‌نیا به هی خۆی بزانێ و له نێو بنه‌ماڵه‌ی دێموکراتیش‌دا هیچ که‌س ناتوانێ ته‌نیا خۆی به درێژه‌ده‌ری رێگای قاسملوو پێناسه بکا و ئه‌وانی دی به دژبه‌ری ئه‌و رێگایه. قاسملوو بۆخۆی درێژه‌ده‌ری رێگایه‌ک بووه که پێش خۆی شه‌هیدی وه‌ک پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و ده‌یان شه‌هیدی پایه‌به‌رزی دیکه‌ی پێشکه‌ش به نه‌ته‌وه‌که‌ی کردووه. هه‌موو ئه‌ندامان، پێشمه‌رگه‌کان و لایه‌نگرانی رێبازی دێموکراتیش له رابردوو، له ئێستا و له داهاتوشدا هه‌ر رێبواری ئه‌و رێگایه‌ن. بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکرات ئه‌گه‌ر ببێته سه‌د ماڵیش هه‌مووی هه‌ر رێبواری ئه‌و رێگایه‌ن، که دیاره شه‌هیدی رێبه‌ر قاسملوو باشترین رێنیشانده‌ری ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه بووه و وانه‌ی زۆر به نرخی بۆ به‌جێ هێشتووین.
دووه‌م: مه‌سه‌له‌ی گرینگ ئه‌وه‌یه که هیچمان هه‌وڵ نه‌ده‌ین بیر و هزره‌کانی شه‌هیدی رێبه‌ر قاسملوو بکه‌ینه جۆرێک مه‌زهه‌ب یا ئیدئۆلۆژی نه‌گۆڕ. که قابیلی پێداچوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن نه‌بن، یا نه‌کرێ ئاڵ‌وگۆڕیان به سه‌ردا بێ و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی تازه نهگونجێندرێن. هه‌رچۆنێک بێ هزر و سیاسه‌ت و ته‌نانه‌ت زانستی هه‌موو بلیمه‌ته‌کانی دنیا له سه‌ر بناغه‌ی داتاکانی سه‌رده‌می خۆیان داڕێژراون و ره‌نگه (به‌شێک له)ئه‌و زانیاری و داتایانه له کاتی ئێمه‌دا گۆڕابن. که وابوو هیچ تیورییه‌کی سیاسی و ته‌نانه‌ت هیچ تیورییه‌کی زانستیش نه‌گۆڕ نییه و ده‌کرێ به پێی هه‌لومه‌رج گۆڕانی به‌سه‌ردا بێ.
سێهه‌م: له هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژووماندا غه‌دره پارێزراویی بۆ که‌س دانێین، به رێبه‌رانی گه‌وره‌ی وه‌ک، پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، دوکتور قاسملوو یا دوکتور شهڕهفکهندیشهوه. رووداوه میژووییه‌کان ده‌بێ وه‌ک خۆیان هه‌ڵسه‌نگێنین، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی کێ رۆڵی سه‌ره‌کی تێدا هه‌بووه. ئه‌گه‌ر له‌و رووداوانه‌دا ته‌نانه‌ت رێبه‌رێکی کاریزمای وه‌ک شه‌هید دوکتور قاسملووش نه‌خشی سه‌ره‌کی هه‌بووبێ، پێویسته بابه‌تیانه شرۆڤه‌یان بکه‌ین.
چواره‌م: نابێ به دایم دووباره‌ی بکه‌ینه‌وه که ئیدی قاسملوویه‌کی دیکه ناتوانێ له دایک ببێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه ئاوا له‌و سیمبۆله به‌نرخه‌ی گه‌له‌که‌مان بکه‌ین، ئه‌وه بێگومان به باری نه‌رێنیدا به‌کارمان هێناوه. نابێ رێبه‌رانی ئێستامان به سه‌روه‌رانی پێشوومان بشکێنین. نابێ رێگای بڕیاردان له رێبه‌رانی ئێستامان به‌ربه‌ست بکه‌ین و به‌دایم له‌گه‌ڵ رابردوو به‌راوردیان بکه‌ین. به‌هه‌رحاڵ ئێمه له سه‌رده‌مێکی جیاوازدا ده‌ژین، مه‌جبورین به پێی ئیمکانات و هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆ سیاسه‌ت داڕێژین و هه‌نگاو هه‌ڵێنین.
پێنجه‌م: خه‌یانه‌تێکی گه‌وره‌مان به سیمبۆله‌کانی خه‌باتمان کردووه ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ وه‌ک ئامرازێک له دژی ئه‌و که‌سانه به‌کاریان بێنین که جیاوازی بۆچوونیان له‌گه‌ڵ ئێمه هه‌یه. یه‌کێک له به‌هاکانی که دوکتور قاسملوو زۆری هه‌وڵ دا بیهێنێته نێو سیاسه‌تی کوردییه‌وه، پلۆرالیزمی سیاسی و قبووڵکردنی جیاوازییه‌کان بوو. ئێستا زۆر غه‌درێکی گه‌وره ده‌بێ له خودی ئه‌و، ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بده‌ین جیابیران بکوتین به‌وه‌ی که گۆیا له رێبازی قاسملوو لایان داوه، دژی بۆچونه‌کانی قاسملوون. سه‌نگه‌ر گرتن له پشت سیمبۆله نه‌ته‌وه‌یی و حیزبییه‌کان له بایه‌خی ئه‌وان که‌م ده‌کاته‌وه. ئه‌وان ده‌بێ به پانتایی نه‌ته‌وه و حیزب و رێکخراوه جۆراوجۆره‌کان و بیروبۆچوونه جۆراوجۆره‌کان، کارتێکه‌رییان بمێنێ. ئه‌وه‌یه رێزلێنانی راسته‌قینه له‌وان، به‌رده‌وامی دان به رێبازیان و که‌ڵکی ئه‌رێنی وه‌رگرتن لێیان.
با له وته و تیۆرییه‌کانیان بۆ کوتانی جیابیرانمان که‌ڵک وه‌رنه‌گرین که له هه‌لومه‌رجێکی جیاوازدا له لایه‌ن ئه‌و سیمبۆله نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه داڕێژراون. با هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک له زه‌مان و مه‌کانی خۆیدا هه‌ڵسه‌نگێنین و ئه‌گه‌ر ده‌لیلی قانیعکهرمان به ده‌سته‌وه نه‌بوو له پشت رێبه‌رانی وه‌ک شه‌هید قاسملوو سه‌نگه‌ر نه‌گرین.
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرینگه ئه‌وه‌یه که هزر و بیری قاسملووه‌کان به پێی هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆ هه‌ڵسه‌نگێنین و له تاقیکردنه‌وه‌کانیان که‌ڵک وه‌رگرین. له هێڵه گشتییه‌کانی رێبازی ئه‌واندا که له سه‌ره‌وه ئیشاره‌یان پێکرا بمێنینه‌وه و به پێی ویسته‌کانیان، به‌ڵام به میکانیزمی ئه‌مڕۆیی که له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌مدا یه‌ک بگرنه‌وه، به‌رنامه‌ی کارمان داڕێژین.
له 27 ساله‌ی شه‌هیدکرانی رێبه‌ری شه‌هیدمان قاسملوودا سڵاو ده‌نێرم بۆ رووحی پاکی و، هیوادارم بتوانین ئامانجه‌کانی وه‌دی بێنین.