ئێوارهیەکی درەنگی ئەنگوستە چاو، پێشمەرگە بە لاپاڵێکی دەڤەری حەوتەوانەی بانە بە بەرزاییەکی کە ٥ ناوچەی بانە، سەردەشت، سەقز، مەهاباد و بۆکانی لێوە دیار بوو، ریزیان بەستبوو، بەرەو گەورکایەتی مەهاباد دەرویشتن، لەو بەرزاییە شۆقی چراکانی شار و گوندەکان بریقەبریقیان دەدایەوە، پێشمەرگە خەیاڵ هەڵیگرتبوو و بیری لە نان و ئاو و چوونە نێو خەڵک دەکردەوە کە بە دیتنیان هەموو دەحەسانەوە. سەعات دووی شەو بوو لە دۆڵەدرێژی پشتی مووسێ لە چۆمی “بناوەرەشان” وەک هەمیشە بارگەوبنەیان کردەوە و لە تاشەبەردێک دەگەڕان کە بەیانی سەریان لە بن سێبەرەکەیدا بێ، بەڵکوو خۆر زوو لە خەو راستیان نەکاتەوە. بەیانی رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ جیژنی قوربان بوو پێشمەرگەکان نەک هەر نانیان پێ نەبوو، بەڵکوو لەو شوێنە ئاوێکی زۆر خاوێنی فێنکیشی لێنەبوو، سەرەڕای ئەوە چەند ئاژەڵیکیان هێنا و راستەوپاستەیان کرد و بێنان دەستیان کرد بە برژاندن، وەک عادەتی هەموو رۆژێ سەعاتی ١٢ و نیوی نیوەرۆ لە چەند رادیۆی بچوک کۆدەبوونەوە کە گوێ بۆ هەواڵەکانی رادیۆ دهنگی کوردستان رابگرن، بە نەبوونی دەنگی شمشاڵی قالەمەڕە و خوێندنەوەی سروود، پێشمەرگە کەوتنە دەنگەدەنگ، کەمێک دواتر بۆمان دەرکەوت کە بە ناو دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی پڕشوورەییدا لە سەر مێزی بەناو وتووێژ دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی شەهید کردووە. بە روودانی ئەو کارەساتە خوێناوییە کە لە ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش روویدا، دۆستان و لایەنگرانی گەلی کوردی لەسەرانسەری جیهان بەگشتی و گەلی کوردی بەتایبەتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەژاند، تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی کە ٣ کەس بوون، راستەوخۆ لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ تیرۆری رێبەرانی حیزب و هاوڕێیانی رەوانە کرابوون. ئەگەر بمانهەوێ باسی کارنامەی کۆماری ئیسلامی بکەین تا ئیستا زۆر باس لە کردەوە تێرۆریستیەکانی کراوە و بە دەیان و سەدان بەڵگەی روون بۆ ئەو کردەوە قێزەونانەی خراوەتە روو، هەروەها لە سەر شەهید بوونی رێبەری شەهیدمان زۆر لایەنی ئەو جینایەتە سامناکە باس کراوە، بەڵام بە پێویستی دەزانین لە سەر هێندێک خاڵی گرینگی روانگەی رێبەری شەهیدمان لە ساڵیادی شەهید بوونیدا پێدابگرینەوە. شەهید دوکتور قاسملوو تا کاتی شەهیدبوونی خزمەتێکی گەورەی بە نەتەوەی کورد کرد و شەهیدبوونەکەشی ئەو راستییەی دەرخست کە کەسایەتییە گەورەکان بە مردنیان شوێنەواری زۆر گەورە لە سەر خەڵک و نەتەوەکەیان دادەنێن، ئەو لە سەردەمی خەبات و تێکۆشانی سیاسیدا خزمەتێکی گەورەی بە حیزب و نەتەوەکەی کرد، کاردانەوەی شەهیدبوونەکەشی هێندەی دیکە گەلی کوردی بە دنیا ناساند. نامەی هاوخەمی گەلانی دنیا و رێکخراوە نێونەتەوهییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان سەبارەت بە کارەساتی ڤییەن دەری دەخا کە نەمر دوکتور قاسملوو خاوەنی کەسایەتییەکی بەرز سیاسی لە ئاستی جیهاندا بووه.
پاراستنی روحیه لای دوکتور قاسملوو
تایبەتمەندیی رێبەری کارامە لەوە دایە کە لە کاتی تەنگانەدا، میتۆد و میکانیزمی دەربازبوون لە تەنگوچەڵەمەکان بخاتە روو. کاتێک بزووتنەوە یان میکانیزمی دیپلۆماسی و تەنانەت بزووتنەوەی چەکداری، کارایی ئەوتۆی نامێنێ یان لە کزی دەدا، ئەوە سەرکردەی لێزان و کاریزمایە کە دەبێ روحیەی خۆی بپارێزێت و ورە بە هاوسەنگەرەکانی ببەخشێ؛ ئەو هاوسەنگەرانەی لە رەوتێکی دێموکراتیکدا بڕیاریان داوە ئەو سەرکردەیە سەرکردایەتییان بکا. دوکتور قاسملوو لە گۆڕینی میکانیزم لە دۆخە جیاوازەکاندا کەسێکی کارامە و لێهاتوو بوو. هەمیشە ئەو کردەوەیەی سەرکردەیەک دەبێ لەکاتی پێویستدا بیکا، ئەگەر تەنانەت گیانیشی لەپێناویدا فیدا بکردایە، جێبەجێی دەکرد. ورە بەخشین بۆ پاراستنی روحیەی هاوسەنگەرەکانی یەکێک لەخسڵەتە بەرزەکانی نەمر دوکتور قاسملوو بوو. دوکتور قاسملوو دەیویست بە هاوسەنگەرەکانی بڵێ کە دێموکراتێکی راستەقینە هەم دەتوانێ دیپلۆماتێکی کارامە بێ، هەمیش پارتیزانێکی نەسرەوتوو. ئەو لە واقیعدا درێژدەری راستەقینەی رێبازی پێشەوا قازی محەممەد بوو، چونکە هەردووکیان شەهیدبوونیان نەک نائۆمێدی بەدوای خۆیدا نەهێنا، بەڵکوو روحیە و ورەی نەتەوە و هاوسەنگەرەکانی بەرز کردەوە و، ئەوەی بەکردەوە سەلماند کە شۆڕشگێڕ بوون و دیپلۆماتبوون و تەنانەت شەهیدبوونیشی دەبێتە هۆی بەرهەقبوون و زیاتر ناساندنی دۆزی رەوای نەتەوەکەیان. هەر ئەوەش وایکردووە کە درێژەپێدەرانی رێگەکەی ئێستاش لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێناو روحیەدان بە ئەندامان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەی هەموو گیانفیدای و لەخۆبردوویەکن. شەهید دوکتور قاسملوو لە سەرەتای لاوییەوە هەوڵی بۆ لابردنی زوڵم و ستەم داوە تا کاتی شەهیدبوونی ئەو تایبەتمەندییەی ئالوگۆری بەسەردا نەهاتووە و بەردەوام خەباتی بۆ کردووە، ئەو هەمیشە خۆشبین بووە لە سەخترین هەلومەرجدا روحیەی خۆی پاراستوە.
دێموکراسی وەکوو کردارێکی شۆڕشگێڕانە
لە مێژووی سیاسیی جیهاندا دەگمەنن ئەو رێبەرانەی دێموکراسی وەکوو میکانیزمی رزگاری و رێبازی دوای رزگاربوون سەیر بکەن، زۆربەی بزووتنەوەکان لە جیهان رەواییان بەهەموو توندوتیژی و کردەوەیەکی نادێموکراتیک لە پێناو بەئەنجام گەیشتنی خەباتەکەیان داوە، هەمیشەش و یان لانیکەم زۆربەی کات شۆڕشگێڕەکان پاش گەیشتن بە دەسەڵات بوونەتە دیکتاتۆر و، لە سەر میراتی خەباتە رەواکەیان بوونەتە سەرکردەیەکی داپڵۆسێنەری خۆسەپێن، بەڵام دوکتور قاسملوو بە پێچەوانەوە دێموکراسی وەکوو رێگەی راستەقینە بۆ رزگاری و رێبازی ژیان بۆ بەختەوەرکردنی گەل لەدوای رزگاری چاو لێدەکرد. لە نێوخۆ و دەرەوەی حیزب، باوەرێکی پتەوی بە دێموکراسی وەکوو میکانیزمی سەرەکیی خەبات هەبوو، لە نێوخۆی حیزب هەموان دەیانتوانی هەموو قسەیەک و هەموو پێشنیارێک بۆ سەرخستنی خەبات بکەن و، کۆنگرە یەک لەدوای یەکەکانی دێموکرات سەلمێنەری ئەو راستییەیە. جاری وا هەبوە لەژێر تۆپبارانی دوژمن و لە تاراوگە و لە نێو شاخ و بەندەندا، کۆنگرە بەستراوە. لە دەرەوەی حیزبیشدا دوکتور قاسملوو لەسەر ئەو باوەرە بوو کە دەبێ لە نێو ئۆپۆزسیۆنی رێژیم هاوفکر و هاوخەبات بدۆزێتەوە و لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران کار بۆ سەقامگیرکردنی دێموکراسی لە ئێراندا بکەن. دوکتور قاسملوو باش لەوە تێگەیشتبوو کە ئەگەر کورد لەئێراندا بمێنێتەوە، دەبێ گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی پێشوو و تەنانەت حاکمییەتی ئێستادا بکا و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران یەکگرتوو و هەماهەنگ بێ، جا ئەگەریش کورد بڕیاری جیابوونەوە و بوون بەدەوڵەت بدا، پێویستی بەدراوسێی دۆست هەیە. هەر بۆیە دێموکراسی لای دوکتور قاسملوو هەم میکانیزم بوو، هەمیش ئەنجام.
کوردستان وەک سەنگەری ئازادی
رێبەری شەهیدمان پێداگری لە سەر ئەوە دەکرد کە خەڵکی کوردستان داوای دێموکراسی و مافی چارەنووسی خۆیان دەکەن، سەرکردە و حیزبێک کە باسی مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەت- نەتەوە دەکا، هەرگیز کوردستان بە مەبەستی ئێرانچییەتی ناکاتە سەنگەری ئازادیی هەموو ئێران، بەڵکو رێباز و کرداری حیزبی دێموکراتی کوردستان و دوکتور قاسملوو وایکردبوو کە هەموو نەتەوە ژێردەستەکانی نێو جوغرافیای ئێران، کوردستان بە شوێن و زەمینەی خەباتی رزگاری نەتەوەیی خۆیان بزانن و، هاوکات بیروڕا و فیکری دوکتور قاسملوویان بەو دەروازیە دادەنا، کە ئازادی ئێرانی لێدەبینرا و هەست پێدەکرا. چونکە باوەری دەولەت –نەتەوە و مافی چارەی خۆنووسینی دوکتور قاسملوو لە سەر حیسابی هیچ نەتەوە و جوغرافیای هیچ لایەکی دیکە نەبوو، کوردستان سەنگەری ئازادییە لەبەر ئەوەی هەر کەس و لایەنێک لە روانگەی کوردەکانەوە سەیری خەبات بکات، هەم مانەوەی لە نێو ئێران بە رزگاری دەبینێ و هەمیش دابەشبوونی ئێران بە رزگاربوون دەزانێ و، رێک لە سەر بنەمای باوەڕبوون بە دێموکراسی، دروشمی مافی چارەی خۆنووسینی بەرز کردبۆوە. هەروەها ئەو باوەڕی وابوو خەباتگێڕانی رێگای رزگاری ئێران هەر ئەوانە نین چەکیان لە شانە و لە بەرەکانی شەڕدا دژی رێژیم شەڕ دەکەن بەڵکوو تێکڕای ئەوانە کە بە گوێرەی توانای خۆیان بە گیان و دڵ بە شێوەی جۆراوجۆر لە بەربەرەکانی دژی رێژیم بەشدارن، تێکۆشەری رێگای ئازادین. 22ی پووشپهڕ که رۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوویە، لە راستیدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو رێبەرە مەزنەی لێئەستاندین کە لە کردەویەکی تێرۆریسیدا لە گەڵ هاوڕێیانیدا شەهیدیان کرد، بەڵام رێبازی قاسملوو، ئامانجەکانی قاسملوو، هەر لە مەیدان دایە، حیزبی قاسملوو و نەتەوەی قاسملوو هەر زیندوون، هەر بە رێگای قاسملوودا بەرەو ئامانجە پیرۆزەکانی قاسملوو هەنگاو دەنێن. بە شەهیدبوونی قاسملوو نە خەباتی خەڵکی کوردستان و حیزبی قاسملوو وەستا، نە کۆماری ئیسلامی بە ئاواتی گەیشت، چونکە کۆماری ئیسلامی خەونی یەکجاری نابوودیی حیزبی قاسملووی بینیبوو، بەڵام خەون و ئاواتەکانی بوونە بڵقی سەر ئاو، خەڵكی قارەمانی کوردستان و قوتابییەکانی قاسملووی شەهید لە خەبات نەوەستان و هەر بە رێبازی ئەودا دەڕۆن. لەم یادەشدا بەڵین بە رێبەری شەهیدمان دەدەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی دەست لە خەبات هەڵنەگرین.