شه‌ڕی ئێران-عێراق له 31ی خه‌رمانانی 1359ی هه‌تاوی دوای چه‌ندین تێکهه‌ڵچوونی سه‌ر سنوور، به هێرشی به‌ربه‌رینی عێراق بۆ سەر خاکی ئێران له‌و رۆژه‌دا ده‌ستی پێ‌کرد و ماوه‌ی 8 ساڵی خایاند و له ئاکامدا به قبووڵی بڕیارنامه‌ی 598ی شووڕای ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ئاوربهسی راگرتنی شه‌ڕ له نێوان سپای ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته راگه‌یه‌ندرا و به‌کرده‌وه شه‌ڕ کۆتایی پێهات به‌ڵام قه‌ت رێککه‌وتننامه‌ی ئاشتی له نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌دا که سه‌دام حوسێن له لایه‌ک و خومه‌ینی له لایه‌کی دیکه‌ی هه‌ڵکه‌وتبوون، ئیمزا نه‌کرا و هه‌تا ئێستای له‌گه‌ڵ بێ، بڕیارنامه‌ی شووڕای ئه‌منییه‌ت ته‌نیا به‌ڵگه‌یکی نیودەوڵەتییە که شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی له نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ی پێراگیرابێ وهیچ بەڵگەیکی دیکە چ لە سەردەمی سەدام حوسێن‌دا و چ لە دوای رووخانی حکوومەتەکەی ناوبراودا لە پێوەندی شەڕی هەشت ساڵەدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە گۆڕێ‌دا نییە.
شه‌ڕی ئێران و عێراق له روانگه‌ی ستراتیژییه‌وه یه‌کێک له گرینگ‌ترین شه‌ڕه‌کانی مێژووی هاوچه‌رخه که به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو وڵاتانی دونیای به جۆرێک له جۆره‌کان خستبۆوه مه‌ترسییه‌وه، چونکە ئه‌و شه‌ڕه له ناوچه‌یه‌ک رووی دا که زۆرترین پاشه‌که‌وتی نه‌وتی لێهه‌ڵکه‌وتووه و ئه‌گه‌ر چاو له مێژووی شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی ئێران-عێراق بکه‌ین و تێڕوانین و بۆچوونی هێندێك له خاوهنڕایان له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته له ته‌نیشت یه‌کتر دابنێین، ده‌رده‌که‌وێ وڵاتانی زلهێز و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ناوچه‌که‌ش هه‌وڵیان نه‌داوه هیچ کام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته(ئێران-عێراق) له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ربکه‌ون. چونکه پێیان وابوو سه‌رکه‌وتنی هه‌ر لایه‌ک به سه‌ر لایه‌که‌ی دیکه‌دا هاوسه‌نگی هێز له ناوچه‌که تێک ده‌دا بۆیه ده‌بینین له ماوه‌ی 8ساڵه‌ی شه‌ڕدا هیچ کام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته له مه‌یدانی شه‌ڕدا نه‌یانتوانی یه‌کتر بشکێنن. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و زڵهێزانه و وڵاتانی ناوچه‌که هه‌وڵیان ده‌دا شه‌ڕه‌که کۆتایی پێ بێنن بێ ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتووی شه‌ڕ دیاری کرابێ و له راستیدا هیچ کام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته سه‌رکه‌وتووی شه‌ڕه‌که نه‌بوون و هه‌ر دوو ده‌وڵه‌ت له دوای شه‌ڕ به‌ده‌ست ئاسه‌واره‌کانی به‌جێماوه له شه‌ڕ و، ئه‌و برینه قووڵه‌ی له جه‌سته‌ی کومه‌ڵگای هه‌ر دوو لا ببوو، ده‌ناڵێنن.
بڕیارنامه‌ی 598ی شووڕای ئه‌منییه‌ت له 29ی پووشپه‌ڕی ساڵی 1366ی هه‌تاوی به مه‌به‌ستی کوتاییهێنان به شه‌ڕی ئێران-عێراق له لایه‌ن ئه‌و شووڕایهوه په‌سند کرا. هه‌ر ئه‌و کات له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه قبووڵ کرا به‌ڵام له لایه‌ن ئێران دوای ساڵێک له رێکه‌وتی ده‌رچوونی بڕیارنامه‌که واته 27ی پووشپه‌ڕی 1367 نێوه‌رۆکی بڕیارنامه‌که‌ی قبووڵ کرد و خومه‌ینی له رۆژی 29ی پووشپه‌ڕی هه‌مان ساڵدا په‌یامێکی ئاراسته‌ی خه‌ڵکی ئێران و هێزی نیزامی ئه‌و وڵاته کرد و دانی به شکانی خویاندا هێنا که له مێژوودا به “خواردنه‌وه‌ی جامی ژه‌هر” له لایه‌ن خومهینییهوه نێوبانگی ده‌رکرد. به قبووڵ کردنی بڕیارنامه‌ی 598ی شووڕای ئه‌منییه‌ت له لایه‌ن ئێرانه‌وه به‌کرده‌وه شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته کۆتایی پێهات.
هه‌ر وه‌کی پیش‌تر باس کرا له‌و شه‌ڕه‌دا هیچ کام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته تێیدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون و نه‌یانتوانی ئامانجه‌کانی خۆیان وه‌ده‌ست بێنن که ئامانجی هه‌رکام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته(ئێران و عێراق) له یه‌ک خاڵدا کۆ نابێته‌وه و به واتایه‌کی دیکه ئامانجه‌کان که هه‌مان هۆکاری ده‌سپێکی شه‌ڕه‌که بوون، خۆ له چه‌ندین هۆکاردا دبینێته‌وه که هیچ کام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته له کۆتایی شه‌ڕدا نه‌یانتوانی ئه‌و ئامانجانه‌ی خۆیان بپێکن و یا ته‌نانه‌ت لێیان نزیک ببنه‌وه. ئه‌و هۆکارانه ده‌توانن به شێوه‌ی خواره‌وه و به کورتی ده‌ستنیشانیان بکه‌ین:
– شه‌ڕی ئێران و عێراق ته‌نیا کێشه‌ی خاک نه‌بوو، به‌ڵکو زیاتر خۆسه‌پاندنی هێز بوو له ناوچه‌که‌دا و له هه‌مان کاتدا په‌ره‌پێدانی بیر و باوڕ و ئه‌ندیشه‌ی لایه‌نه‌کان بوو به سه‌ر یه‌کتریدا.
– سه‌دام حوسێن و خومه‌ینی وه‌ک رێبه‌رانی عێراق و ئێران هه‌تا سنووری یه‌کتر فه‌وتاندن وههڵایسانی شه‌ڕ یه‌کتریان ناخۆش ده‌ویست.
– کۆماری ئیسلامی تازه‌دامه‌زراوی دوای رووخانی نیزامی پاشایه‌تی به رێبه‌ری خومه‌ینی درووشمی هه‌نارده‌کردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئێرانی هه‌ڵگرتبوو و ته‌نانه‌ت له نێوه‌رۆکی قانوونی بنه‌ره‌تیی ئێرانیشدا چەسپاندبووی.
– سه‌رانی حیزبی به‌عس و شه‌خسی سه‌دام حوسێن کاتێک ده‌سه‌ڵاتی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه گرت ئاره‌زوو و بیرۆکه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بوو که رێبه‌ری جیهانی عه‌ره‌ب به‌ده‌سته‌وه بگرن.
– سه‌دام حوسێن پێی وابوو که له رێکه‌وتننامه‌ی “الجزایر”دا، غه‌در له عێراق کراوه و ده‌بێ ئه‌و غه‌دره نه‌مێنی و مافی عێراق بێته‌وه سه‌ر جێ خۆی، هه‌ر بۆیه له‌به‌ر چاوی راگه‌یه‌نه گشتییه‌کاندا رێککه‌وتننامه‌ی “الجزایر”ی دڕاند و گوتی: له‌وه به دواوه عێراق پابه‌ندی ئه‌و رێککه‌وتنامه‌یه نابێ.
– خومه‌ینی له دوو نوتقی خۆی له 19 و 28ی خاکه‌لێوه‌ی 1359 له دوو بۆنه‌ی جیاوازدا هێرش ده‌کاته سه‌ر سه‌دام حوسێن و به پیاوی ئه‌مریکای داده‌نێ و له کردار و رەفتاردا به مه‌غوولی ده‌شوبهێنێ و خه‌ڵکی عێراق و سپای ئه‌و وڵاته هان ده‌دا که به دژی رێژیمی به‌عس راپه‌ڕن و کودیتا به‌دژی سه‌دام حوسێن بکەن.
هه‌موو ئه‌وانه‌و ده‌یان ره‌فتاری دیکه له لایه‌ن هه‌ردوو ده‌سه‌لاته‌وه(تاران و به‌غداد) بوونه هۆکاری سه‌ره‌کیی هه‌ڵایسانی شه‌ڕێک که ماوه‌ی 8 ساڵ درێژه‌ی کێشا و خوێنی هه‌زاران لاوی هه‌ردوو وڵات به‌بێ سوود و قازانج و ته‌نیا له‌به‌ر هه‌واوهه‌وه‌سی چه‌ند که‌سێک له هه‌ر دوو لا رژایه سه‌ر زه‌وی و دنیایه‌ک ماڵوێرانی و کاولکاری بۆ گه‌لانی ئێران و عێراق له دوای خۆی به‌جێهێشت.
به پێ ئامارێک که “ایرانا” له ساڵی 1393 بڵاوی کردۆته‌وه باس له راده‌ی به‌شداریی هێزه‌کانیان و کوژراو و بریندار و نقوستان و بەدیلگیراوی ئێران ده‌کا له ماوه‌ی 8 ساڵدا؛ “ایرانا” له راپورتهکهدا ده‌ڵێ: 217 هه‌زار ئه‌رته‌شی و دوو میلیۆن و 130 هه‌زار به‌سیجی و 200 هه‌زار سپا و شاره‌بانی و ژاندارمری به‌شداریی شه‌ڕیان کردوه له‌و راده‌یه 190 هه‌زار که‌س له هێزه‌کانی ئێران کوژراون و 673 هه‌زار که‌س نوقستان و 42 هه‌زار که‌س لە لایه‌ن عێراقەوە بە دیل گیراون و به پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی کارناسانی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان زیان و زه‌ره‌ری ماددی ئێران به 97 میلیارد دوڵار خەمڵێندراوه، که ئه‌و ئامارانه له هێندێک له راگه‌یه‌نه‌کانی دیکه راده‌ی کوژراو و بریندار زۆر له‌وه زیاتر باس ده‌که‌ن که ئه‌وه زۆر له مه‌سه‌له‌که ناگۆڕێ چونکە ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌ستێنی شه‌ڕه‌که‌یان خۆش کرد ودرێژیان پێدا ته‌نیا به مه‌به‌ستی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خویان که ئاسه‌واری ئه‌و شه‌ڕه ئێستاش به جه‌سته‌ی برینداری ئێرانەوە دیاره و ئێستاش خه‌ڵکی بێ تاوانی ئه‌و وڵاته باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن.
شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی ئێران- عێراق ئه‌گه‌ر بۆ گه‌لانی ئێران بوو به مایه‌ی ماڵوێرانی و ئاواره‌یی و چێشتنی تامی گازی شیمیایی و نوقستانی و هه‌ژاری و بێ‌کاری، به پێچه‌وانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نیعمه‌تێکی گه‌وره بوو چونکه له رێگه‌ی شه‌ڕ توانیان زۆر به ئاسانی لە نێوخۆ به‌سه‌ر دژبه‌رانی خۆیاندا زاڵ بن و له ژێر سێبه‌ری شه‌ڕدا سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیه جێگیر بکه‌ن و به بیانووی شه‌ڕ سپای پاسداران رۆژبه‌رۆژ به‌هێزتر بکه‌ن و له رێگای ئه‌و سپایه‌وه ده‌سه‌ڵاتی خۆێان زیاتر بسه‌پێنن و دەرگای بازاری تداروکات و دابین کردنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕیان، بۆ فه‌رمانده‌رانی سپای پاسداران و ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئاوه‌ڵا کرد که ببنه میلیاردێر و خاوه‌ن سه‌رمایه‌ی نجومی. شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی ئێران-عێراق رێگای بۆ سپای پاسداران خۆش کرد له هێزێکی نیزامییه‌وه ببێته داموده‌زگایه‌کی ئابووری، که ده‌ست به سه‌ر به‌شی زۆری ئابووریی ئێران‌دا بگرێ.
له کۆتاییدا ده‌توانین بڵین راسته ماوه‌ی 28 ساڵه شه‌ڕی ئێران – عێراق راوه‌ستاوه به‌ڵام کۆمه‌ڵگای ئێران ئێستاش به ده‌ست ئاسه‌واره‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌وه ده‌ناڵێنێ. سه‌رده‌شت به هه‌زاران برینداری شیمیایی که نیازیان به ئاگا لێبوون و تیمارکردن هه‌یه، خوره‌مشار بەدەست وێرانی و کاولکاری سەردەمی شەڕدا دەناڵێنی، له سه‌رانسه‌ری ئێران به هه‌زاران بریندار و نوقستانی شهر پێویستیان به ده‌رمان و په‌ره‌ستاری هه‌یه، به هه‌زاران که‌س که له مه‌یدانی شه‌ڕدا به‌شداریان کردوه و تووشی نه‌خۆشی روحی بوون و پێویستیان به دوکتور و ده‌رمان و دابین کردنی سه‌ره‌تاییترین که‌ره‌سه‌ی ژیان هه‌یه که به هۆی که‌مته‌رخه‌میی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی و به‌فیڕۆدانی سامانی ئێران بۆ قهیرانخۆڵقاندن له ناوچه‌که‌دا، نه‌توانراوه بە هیچ کام لەوانە رابگەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە و هەتا رادەیک ئاسه‌واری شه‌ڕیان لە سەر لابچێ و بە دۆخه نالەبارە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەتییهی کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی خولقێنەرین، ده‌توانین بڵێین له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا شه‌ڕ هه‌ر به‌رده‌وامه و گه‌لانی ئێران ده‌سته‌چیله‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ن و ده‌سه‌ڵاتداران له‌به‌ر سێبه‌ری ئه‌و شه‌ڕه‌دا زیاتر هەوڵ ده‌ده‌ن بۆ ئەوەی جێ پێی خۆیان قایمتر بکه‌ن.