رۆژی هەینی ١٨پووشپەر(٨ژووئیە) رێبەرانی ٢٨وڵاتی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ لە وەرشۆی پێتەختی وڵاتی لەهێستان کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا پاش باس و لێکۆڵینەوە لە رەوشی ئەمنی جیهان و رۆڵی ناتۆ لە بەگژداچوونەوەی مەترسییەکانی تێرۆریزمی جیهانی، چەند بریارێک پەسند کرا. ناتۆ وێڕای رخنەی تووند لە رووسیە لەپێوەندی لەگەڵ قەیرانی رۆژهەڵاتی ئۆکڕاین، بڕیاری دا بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەگەری هەر چەشنە هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئورووپا لەلایەن رووسیەوە، چوار هەزار سەرباز لە لەهێستان و سێ وڵاتی دەریای باڵتیک(لێتۆنی، لیتوانی، ئێستۆنی) جێگیربکا. هەروەها جگە لە پێداگری لە سەر بەردەوام بوون لە شەڕ لەگەڵ داعش و بەگشتی تێرۆریزم لە ئاستی جیهانیدا، ناتۆ بریاریدا بە دامەزراندنی سیستەمی قەڵغانی دژەمووشەکی لە رۆژهەڵاتی ئورووپا. دیارە هەر وەک سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان، ئانگێلا مێرکێل و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وڵاتە و رێکخراوی ناتۆ رایانگەیاندوە، دامەزراندنی قەڵغانی دژەمووشەک بۆ پاراستنی ئورووپا لە ئەگەری هەرچەشنە هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و مەبەست لە دامەزراندنی ئەو قەڵغانە بەرگری لە بەرانبەر رووسیەدا نییه. سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان بە راشکاوی رایگەیاندوە کۆماری ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی بڕیارەکانی ئەنجومهنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان خەریکی بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورهاوێژە کە دەتوانی بۆ ئورووپا مەترسیدار بێ.
رووسیە هەر لەجێدا لەگەڵ هەرچەشنە پێشڕەوییەکی ناتۆ بۆ نیزیک سنوورەکانی خۆی تووڕەیە و ئەو کارە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێ. هەروەها رووسەکان رەخنەی تووندیان لە دانانی قەڵغانی دژەمووشەکی لە رۆژهەڵاتی ئورووپا گرتوە و پێیان وایە دامەزراندنی ئەو سیستەمە و هەروەها دانانی مووشەکی دوورهاوێژ لە وڵاتی رۆمانی، هاوسەنگی هێز بە قازانجی ئامریکا و رێکخراوی ناتۆ دەشکێنێتەوە. بەوحاڵەش پاش لکاندنەوەی شێوە دوورگەی کرێمە بە خاکی رووسیە و شەڕ و ئاژاوەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکڕاین کە رووسەکان بە ئاشکرا دەستیان تێدا هەبوو، ناتۆ باش دەزانێ کە ئەو زلهێزە کە سەودای گەڕانەوە بۆ سەردەمی هێز و هەیبەت و هەیمەنەی سۆڤیەتی پێشووی لەسەردایە، جێگەی متمانە نییە و ئەگەری ئەوە هەیە دەست بەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئورووپا، بەتایبەت سێ کۆمارە پێشوویەکەی یەکێتیی سۆڤیەت لە دەریای باڵتیکدا بگرێ. هەر بۆیەش هەرچەند لە ناردنی هێزی زۆر بۆ ئەو وڵاتانە خۆیان بوارد، بەوحاڵەش بە جێگیر کردنی ئەو چوار هەزار سەربازە، بەکردەوە ناتۆ هێڵێکی سووری لەبەردەم مەزنخوازی رووسیە لە رۆژهەڵاتی ئورووپا و دەریای باڵتیکدا کێشا.
لەپێوەندی لەگەڵ قەڵغانی دژە مووشەکیش جێی باسە بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچە وهەوڵدانی بێوچانی ئەو رێژیمە بۆ دەستوێڕاگەیشتن بە چەکە کۆمەڵکوژەکان(چەکی ناوکی و مووشەکە بالێستیکە دوورهاوێژەکان کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە) و سەرەڕۆیی و لەژێر پێنانی هەموو یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان و بەگشتی نەبوونی متمانە بە کۆماری ئیسلامی، رێکخراوی ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوایی، بە مافی خۆیانی دەزانن بە دانانی قەڵغانی دژەمووشەک بەرگری لە خۆیان بکەن. کۆماری ئیسلامی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو و بەتایبەت لەپاش هاتنە سەرکاری روحانیدا نیشانی داوە ئەگەر لەژێر گوشاری نێونەتەوەیی و گەمارۆ هەمەلایەنەکان کە دەرئەنجامەکەی داڕمانی ژێرخانی ئابووریی وڵات بوو، ناچار کراوە بە شێوەی کاتیش بێت واز لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بێنێ، لەبەرانبەردا و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە و بەرز کردنەوەی باڵادەستی نیزامی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، زۆر بە رژدی رووی لە پەرەپێدانی تێکنۆلۆژی بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورهاوێژ کردوە. هەر بۆیەش ساڵی رابردوو و چەند رۆژ لەپاش واژۆ کردنی”بەرجام”، مووشەکی دوورهاوێژی “عیماد”ی تاقی کردەوە کە دەتوانێ ئامانجەکانی لە وڵاتانی ئورووپاییدا بپێکێ. دیارە ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییانە لەلایەن ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی بێ وەڵام نەمانەوە و وێڕای مەحکووم کرانیان، نەک هەر سزای ئابووری نوێی بۆ رێژیم بەدواوەدا هات، بەڵکوو لە راستیدا کۆسپی جیدی خستە سەر بەکردەوەکردنی بەرجام و گەڕانەوەی متمانەی وڵاتانی رۆژئاوایی بە کۆماری ئیسلامی.
راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەماوەی ٣٧ ساڵی رابردوودا هەمیشە یەکێک لەو رێژیمە سەرەڕۆ و شەڕخوڵقێنەرانە بووە کە مەترسی هەبوە بۆ ئاشتی و ئەمنییهتی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان بە گشتی و دیارە هەتا ئەو رێژیمە بەو نێوەڕۆک و سیاسەتەوە بمێنێ، واز لە سەرەڕۆیی و ئاژاوەنانەوە و شەڕئەنگێزی ناهێنێ و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی دراوسێی ئێران کەموزۆر رووی ئاسایش و ئەمنییهت بەخۆیانەوە نابینن. بەڵام ئەوە بەشێک لە راستییەکانە و دەبێ لەبیرمان نەچێ جیهانی ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە سەردەمی شەڕی سارد لە مەترسی دایە و لەگەڵ زۆر کێشە و گرفتی دیکە و مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان و تێرۆریزمی هەوسارپچڕاو بەرەوڕوویە ولە ئاستی جیهانیدا، کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا یەکێک لەو یاریکەرە ناوچەییانەیە کە رۆڵ و پێگەی تایبەتی هەیە لە خۆشکردنی شەڕ و کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
لەپاش رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و نەمانی شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی پەیمانی وەرشۆ(پەیمانی بەربەرەکانی وڵاتانی سوسیالیستی پێشوو)، زۆر کەس و لایەنی سیاسی لایان وا بوو ئیتر بوونی پەیمانی ناتۆش هیچ پێویستییەکی ئەوتۆی نەماوە و رەنگە ئەگەر درێژە بە مانیشی بدات، پەیمانێکی رواڵەتی دەبێ و ئەو گرینگییەی کە لەسەردەمی شەڕی سارددا هەیبوو نایمێنێ. بەڵام هەر وەک دەبینین لەپاش شەڕی سارد نەک هەر ناتۆ درێژەی بە بوونی خۆیدا، بەڵکوو رێژەی ئەندامانی کە لە سەرەتادا هەتا کۆتایی شەڕی سارد ١٦ وڵات بوون بەرز بۆوە و هەر ئێستا ٢٨ وڵات ئەندامی ئەو رێکخراوەیە و رەنگە ئەو رێژەیە بەرەو زیادبوونیش بڕوات. جگە لەوەش ئەگەر لە سەردەمی سۆڤیەت و جیهانی دوو جەمسەریدا ناتۆ لەگەڵ پەیمانی وەرشۆ لە شەڕی سارد دا بوون و بەهۆی هاوسەنگی هێز و ئەگەری تێداچوونی جیهان و مرۆڤایەتی بەگشتی، خۆیان لە بەرەوڕووبوونەوە و شەڕی گەرم دەپاراست، ئێستا ڕێکخراوی ناتۆ و لە سەرووی هەموو ئەندامەکانییەوە ئهمریکا، لەچەند بەرەوە لەگەڵ شەڕ و ئاژاوە و ئەگەری سەرهەڵدانی پێکدادان بەرەوڕوویە.
دیارە شک لەوەدا نییه وەک چۆن هەر دوو شەڕی ماڵوێرانکەری یەکەم و دووهەمی جیهانی لە لایەن زلهێزەکانەوە لەسەر دەسەڵات و مەزنخوازی و دابەشکردنی سەروەت و سامانە سروشتییەکان و داگیرکردنی وڵات و نەتەوەکاندا سەریان هەڵدا، ئەو شەڕو پێکدادانانەی دیکەش کە لە نێوان دەوڵەتەکان لە ئاستی جیهاندا هەتا ئێستا روویانداوە و یان لە داهاتوو دا بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرن، جگە لە جوولانەوە ڕزگاریخوازەکانی نەتەوە ژێردەستەکانی وەک نەتەوەی کورد؛ بەهەر بڕو بیانوویەک بێ، هەرهەموویان بۆ هەمان مەبەستە و جگە لە کاولکاری و تێچووی مرۆیی و ئابووری بۆ نەتەوەکان چ قازانجێکیان لێشین نابێتەوە. بەڵام ئەو دەوڵەت وهێزو لایەن و ناوچە قەیراناویانەی کە هەرەشە لە ئاشتی و سەقامگیری جیهان دەکەن و دەتوانن کاریگەری نەرێنییان هەبێ لەسەر داهاتووی ئەمنییەتیی جیهانی کامانەن و لە کوێن؟
١ــ کێشە و ململانێی نێوان زلهێزەکان!
کێشە و ململانێی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ رووسیە و چین وەک دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و دوو وڵاتی بەهێز لە هەموو بوارێکەوە کە خاوەن چەکی ناوکین، بێگومان گەورەترین مەترسییە کە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا دەکات. هەروەک پێشتر باسکرا رووسەکان بەرژەوەندی خۆیان هەیە و خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەردەمی هێز و دەسەڵاتی سۆڤیەتی پێشوون و لەو پێوەندییەدا لە بەرانبەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانیدا نەک هەر ئامادە نین واز لە سیاسەت و بەرژەوەندییەکانیان بێنن، بەڵکوو هەروەک لە کێشەی شێوە دوورگەی کریمە و شەڕی نێوخۆیی ئۆکراین و هەروەها بەشداریی راستەوخۆ لە شەڕی خوێناوی سووریە و پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد دا دەرکەوت، سیاسەتی رووسەکان و بەرژەوەندییەکانیان لە زۆرێک لە کێشەکان لەگەل ئامریکا و ناتۆ بەگشتی دژایەتی هەیە و ئەوزلهێزە ئامادە نییە گوێڕایەڵی ئامریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی بێ.
وڵاتی چینیش سەرەڕای کێشەی لەمێژینەی لەگەڵ ئهمریکا و رۆژئاوا لەسەر ولاتی تایوان کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێ، لەسەر دەریای باشووری چینیش لەگەڵ دراوسێکانی وەک فیلیپین و ویەتنام و مالێزی و تایوان و برۆنێئی کێشەی هەیە و هەر یەک لەو وڵاتانە خۆیان بە خاوەنی بەشێک لەو دەریایە دەزانن کە لە باری ئابوورییەوە( هەبوونی رێژەیەکی زۆر نەوت وگاز) زۆر گرینگە. چین بە دروست کردنی دوورگەی دەسکرد لەو دەریایە و هەروەها بە کەڵەکە کردنی هێزی دەریایی و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی، بەتەمایە بەکردەوە ئەو دەریایە لە دراوسێکانی زەوت بکات. تەنانەت سکاڵای وڵاتی فیلیپین لە دادگای نێودەوڵەتی لاهە و محکووم کرانی چینییەکان، نەیتوانی واز بە زێدەڕۆیی ئەو وڵاتە لەو پێوەندییەدا بێنێ. جگە لەوەش چەندین جار چین هەڕەشەی لە کەشتییە شەرکەرەکانی ئامریکا لەو دەریایەدا کردوە و مەترسی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە دەریاییەکانی دوولایەن هاتۆتە ئاراوە. لە بەرانبەردا ئامریکا زۆر بە جیدی ئەو وڵاتەی ئاگادار کردۆتەوە کە بەهێچ شێوەیەک رازی نابێ چێن دەست بەسەر ئەو دەریایەدا بگرێ.
شک لەوەدا نییە گرژیی و ناکۆکی لە نێوان ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ لەگەڵ رووسیە یان وڵاتی چین، دەتوانی ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گران کە هیچ لایەک براوەی ئەو شەڕە نابن و بێگومان ئاکامەکەی تەنیا لەناوچوونی جیهان و کۆی مرۆڤایەتی دەبێ.
٢ــ هەڕەشەی زلهێزە ناوچەییەکان!
بێگومان رێژیمی دیکتاتۆری کۆریای باکوور و کۆماری ئیسلامی ئێران دوو لە زلهێزە ناوچەییەکانن کە دەتوانن خوڵقێنەری شەڕ و ئاژاو لە دوو ناوچەی هەستیاری رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بن. کۆریای باکوور وەک وڵاتێکی سەرەڕۆی تەریک کەوتوو لەلایەن کۆمەڵگای جیهانی و لەهامانکاتدا خاوەن چەکی ناوکی، هەڕەشەیەکی مەزنە لەوناوچەیە و بەردەوام هەڕەشەی بەکار هێنانی چەکی ناوکی لە دژی کۆریای باشوور و ژاپۆن و هاوپەیمانەکانی و ئهمریکا دەکات. ئەو رێژیمە لەگەڵ چەند وڵاتی دیکتاتۆرلێدراوی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێ، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان پێوەندی دۆستانەی نییه و بەردەوام لەسەر پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ وسیاسەتە شەڕخوازانەکەی لە شێوە دوورگەی کۆرە لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئهمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە گوشار و گەمارۆی هەمەلایەنەی لەسەرە.
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش رێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی خوڵقێنەری شەڕ و ئاژاوەیە و جگە لە سەپاندنی نیزامێکی تۆتالیتێر لە نێوخۆی وڵات و سەرکوتی بێبەزەیانەی گەلانی ئێران، لە ئاستی ناوچەکەشدا رۆڵی تێکدەرانە و شەڕخوازانەی خۆی زۆر چالاکانە دەگێرێ. ئەو رێژیمە لە وڵاتە شەرڵێدراوەکانی یەمەن و عێڕاق و سووریەدا بە ئاشکرا بۆتە لایەنێکی شەڕەکان و لە وڵاتی لوبنانیش بە تەواوی پشتیوانی لە تاقمی حیزبوللا دەکات. بە گشتی هەروەک پێشتر باسکرا کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە سەرچاوە هەرە مەزنەکانی هەڕەشە لە ناوچەی قەیراناوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ناوچەیەک کە لە باری مێژوویی، ئابووری و سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی، لێوڕێژە لە کێشە و ناکۆکی و دژایەتی و، هەر ئێستا گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان و خوێناویترین شەڕ و کوشتارەکانی لێ روودەدا.
٣ــ تێرۆریزم و هەڕەشەکانی!
دیاردەی تێرۆریزم و رێکخراوە ئیسلامییە تێرۆڕیستییەکان وەک پەتایەک لە جیهاندا بڵاو بوونەتەوە و ئێستا هیچ شوێنێک و هیچ وڵاتێک نییە کە لە هەڕەشەی دەستە و تاقمە تێرۆریستییەکان و کردەوە قزێونەکانیان لە ئەماندا بێ. لەداوی هێرشە تێرۆریستییەکانی یازدەی سێپتامبری ٢٠١١ بۆسەر ئامریکا و سەرەڕای راگەیاندنی شەڕی دژە تێرۆڕ لە لایەن ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، دەستەو تاقمە تێرۆڕستییە ئیسلامییەکان و کردەوە جینایەتکارەکانیان نەک هەر لەکورتی نەداوە، بگرە چ لەباری چەندایەتی و چ لە باری چلۆنایەتییەوە رووی لە زیاد بوون کردوە. دوا نموونەی جینایاتی تێرۆریستەکان هێرش بۆ سەر خەڵکی بێتاوان لە شاری نیسی فەڕانسە بوو کە بۆ شادی دەربرین و رێز گرتن لە رۆژی نەتەوەیی ئەو ولاتە هاتبوونە سەر شەقامەکان. لەو هێرشەدا کە بەهۆی کامیۆنەوە ئەنجام درا، زیاتر لە ٨٠ کەس کوژراو و ١٠٠ کەسیش بریندار بوون. لەڕاستیدا هەرئێستا ئەلقاعیدە و داعش لە هەموو ولاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان بوونیان هەیە و لە ئەفغانستان و پاکستان و یەمەن و عێراق و سووریە و چەند ولاتی باکوور و شاخی ئافریقا ناوچەیەکی بەرفراوانیان بەدەستەوەیە و لەگەڵ هەموو دەوڵەت و لایەنەکان، بەکورد و ئهمریکا و ناتۆ و رووسیەشەوە لەشەڕدان و سەرەڕای هێرش و بۆمباران و مووشەکبارانی چڕ و بێوچانیان، پێناچێ بەو زوانە بەچۆکدابین.
داعش و ئەلقاعیدە و لق و پۆپەکانی لەو شوێن و ناوچە و وڵاتانە ریشە دادەکوتن و تەشەنە دەکەن کە لە لایەک کێشە و جیاوازییە مێژوویی و نەتەوەیی و دینی و ئایینییەکان بە تووندی بوونیان هەیە و لە لایەکی دیکە، کۆمەڵگاکان دیکتاتۆر لێدراو و لە باری گەشەسەندنی ئابوورییەوە دواکەوتوون و لەگەڵ نەریتی دێمۆکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینەکان ناتەبان . جگە لەوەش ئەو وڵاتانە زۆربەیان دەسکردی زلهیزەکانن و هیچ بنەمایەکی ئیتنیکی و ئایینی بۆ دامەزراندنیان لەبەر چاو نەگیراوە.
لە کۆتاییدا جێی ئاماژەیە، هەتا زلهێزەکان بەرژەوەندی و قازانجی مرۆڤایەتی لە درێژخایەندا لەبەر چاو نەگرن، هەتا کێشە و قەیرانە ناوچەیییەکانی جیهان بەقازانجی نەتەوە بندەستەکان و لەرێگای ئاشتیانە چارەسەر نەکرێ، هەتا وڵاتانی سەرەڕۆی وەک کۆریای باکوور و کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە بە سیاسەتە شەڕخوازانەیان بدەن و هەوسار نەکرین، هەتا ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ لێبڕاوانە پەتای داعش و ئەلقاعیدە و دەستە و تاقمە تێرۆریستییەکانی دیکە لەنێو نەبەن، هەتا رەوتی دێمۆکراتیزاسیۆن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گوڕوتین وەگەر نەکەوێ و فەرهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەدوور لە توندوتیژی باڵی بەسەر ئەو وڵاتانەدا نەکێشێ، هەتا هەژاری و نەداری بەرۆکی بە کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتانی جیهانی سێهەمدا گرتبێ، جێهان هەر لە مەترسی شەڕ و پێکدادان و کردەوە تێرۆڕیستییەکاندا دەمێنێ.