١ ــ گرینگترین خاڵ لە پێوەندی دەگەڵ ئەو کۆدەتایە دا، لە ڕوانگەی منەوە، ئەوەیە کە حیزبی هادەپ و کوردی باکوور کارێکی باشیان کرد کە نەک هەر پشتیوانییان لە کۆدەتا نەکرد، بەڵکوو دەکرێ بڵێین ژیرانەش هەڵسوکەوتیان دەگەڵ کرد و زۆریان سەری خۆ پێوە نەیەشاند. بێگومان دەسەڵاتێک کە بەرهەمی کۆدەتا بێ، زیاتر لەوەی ئێستا بۆ کوردی باکوور خێر ناداتەوە و تەنانەت لەوانەیە هەوڵ بدا مەیدان لە خەباتی ڕەوایان بەرتەسکتریش بکاتەوە.
٢ ـ کۆدەتایەکی سەربازی کە هەزاران سەرباز، دەرەجەدار و ئەفسەری لە گەڵ بێ و بتوانێ لە یەکەم ساتەکانی دەستپێکردنی دا بنکە و دامەزراوە سەرەکییەکانی حوکوومەت بە کەلکوەرگرتن لە تانک و تۆپ و تەیارە و هێلیکۆپتێری شەڕکەر داگیر بکا، با تێکیششکابێ، دیارە هەر وا دەمودەست و لە خۆڕا پێکنەهاتوە، هێزێکی بەرچاوی لە پشت بووە و بێگومان شوێنەواری لە سەر دادێی تورکیە و دەوڵەتی ئوردووغان دا دەمێنێتەوە. بە واتایەکی دیکە ئوردووغان دوای ئەو کۆدەتایە لە گەڵ گرفت و ترس هەر بەرەڕووە.
٣ ـ ئەو خەڵکەی ڕژانە خەیابانێ و بوونە هۆی ئەوەی کە کۆدەتاکە شکست بێنێ، هەموویان لایەنگری ئۆردووغان نین، کە دەیەوێ سیستیمی دەسەڵاتی تورکیە بەرەو دیکتاتۆری و کۆمەڵگەش بۆلای تەنگەبەربوونەوەی ئازادییەکان و زاڵکردنەوەی شوێنەواری مەزهەبی بەرێ. گومان لەوە دانیە خەڵکی بیرئازاد و سیکۆلاری نێو کۆمەڵگەی تورکیە نە ئۆردووغانیان خۆش دەوێ و نە چارەیان لە دەوڵەت و سیستیمەکەی دێ. ئەو بەشەی خەڵک هەرچەند ڕەنگە لەرزینی پایەی دەسەڵاتی ئەو حوکوومەتەیان زۆریش پێخۆش بووبێ، بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە و ڕەوتی ڕووداوەکەش نیشانی دا ئەوەیە کە خەڵک بە هەموو توێژ و کۆمەڵەفکرییەکانییەوە، نە بیرەوەرییەکی خۆشیان لە کۆدەتاکانی ڕابردوو هەیە و نە کۆدەتاش بە ڕێگاچارەسەر بۆ ئاڵوگۆڕەکانی نێو کۆمەڵگە دەزانن. هەر بۆیەش هاتنە دەر و بە دژی کۆدەتاکە وەستان.
٤ ـ مرۆڤ حەق بڵێ باشە، کۆدەتاچییەکان ــ لانیکەم ئەوەندەی دیار بوو ـ نەیانەویست لە بەرامبەر خەڵک دا توندوتیژی بنوێنن، دەنا لەوانەبوو خەڵکێکی زۆر زیاتر لەو بەینە دا لە نێوچووبان و وا بە هاسانی کۆدەتاکە پووچەڵ نەکرابایەوە، بەڵام هێندێک دیمەنی دڵتەزێن وا نیشان دەدەن کە لایەنگرە وشکبیرەکانی ئۆردووغان زۆر دڕندانە لەو سەربازانە دەدەن کە چەکیان داناوە و خۆیان بەدەستەوە داوە. ئەو نەوعە خەڵکە نموونەیەک لە دڕندەیی و هەڵسوکەوتێکی کۆنەپەرستانە دەخەنە بەرچاو و ئەگەر ئۆردووغان دڵی بە پشتیوانیی ئەوانە خۆش بێ، ئەوە دیارە چەندە دە فکری داهاتووی وڵاتی تورکیە و خەڵکەکەی دایە!؟
٥ ــ ئوردووغان زۆری پێخۆشە لەو کەشوهەوایەی بە سوودی ئەو پێکهاتوە، کەلک وەرگرێ و بەرنامەکانی خۆی سەبارەت بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی تورکیە، زیاترکردنی دەسەڵاتی سەرۆککۆمار، کێشانی کۆمەڵگەی تورکیە بەرەو سیستیمێکی زیاتر مەزهەبی و بەرتەسککردنەوەی فەزای سیکۆلاریزم، جێبەجێ بکا. بەڵام وەدیهاتنی ئەو ئارەزووانە هەروا ساکار و هاسان نانوێنێ و دادێ نیشانی دەدا ئەو تا کوێ لەو مەیدانە دا، بەو ئاڵوگۆڕە نوێیەوە، دەتوانێ ئەسپی خۆی لینگدا و بیری دێمۆکڕاتی و سیکۆلاریزم تا چ ڕادەیەک و لە چ شێوەیەک دا دەتوانێ بەرپەرچی بداتەوە!