لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەوڵدان بۆ بەدووربوون لە کوێربوونەوەی ناوونیشان، ناوبانگ، بنەچە و بنەماڵە لە تاریکاییەکانی لەبیرکردنەوەی هزری زەمان و هەڵپێچان لە سووڕی رووداوەکان باو بووه. ئەمەش نەریتی ئەو کەسانەیە وا خاوەن بەهرەیەکی تایبەتی ماددی یان مەعنەوین. بەڵام دوای پەیدابوونی تێڕامان و بیرکردنەوە، مانەوەی ناوبانگ بۆ بەرگری کردن لە نەریتە ئەخلاقییەکان وەک نرخێکی رەوشت بەرزانە لە فەرهەنگی ئەندێشەگەری وزاناییدا رەگی داکوتا.
لائوتێسێ، کۆنفۆسیوس، زەردەشت، بودا، مەسیح، هۆمێر، ئەفلاتون، هێرمێس، مانی وئەرەستو، بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی جیهانی کەونارن. ئەوان ناوبانگیان زۆرزیاترە لە دنیاگرێکی وەک ئاتیلا، ئەسکەندەر، نێرۆن، ستالین وهیتلێرکە جیهانی مرۆڤایەتییان لە کونترۆڵ کردنی ئیرادەی بەشەریدا مانا دەکرد و دەیانویست جیهان و دانیشتوانەکەی بەشێک لە داراییەکانی ئەوان بێ و تەنانەت شەرەف وبەها مرۆڤایه‌تییه‌کان و رەوشت بەرزی و ئه‌خلاق بە گوێرەی پێوەرەکانی ئەوان پێناسە بکرێن. بەڵام دەوری کاریزماکان یان سەرکردە نەمرەکان لە تۆمار کردنی لاپەڕە رەنگینەکانی مێژوودا بە قەد گەورەیی واتای ژیانی پڕبایەخ و هزرمەندانەی مرۆڤایەتی گرنگە، لە بەر ئەوەی هەم پەرەپێدەری هزری رەوشتبەرزانەن و هەم رێبه‌رایه‌تیی کۆمەڵگەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی و به‌خته‌وه‌ری ده‌گرنه ده‌ست. کاریزماکان رەفیقی رۆژانی تەنگانەی خەڵکی خۆیانن و لە فیدا کردنی گیانی خۆیان ناترسن، هەر بۆیە خۆشەویستن و تەنانەت جۆری ژیان و رێبازی کاریزماتیکی ئەوان دەبێتە هەوێنی بیرکردنەوە و بەدواداچون و لایەنگری کردنی ئەوان لە لایەن بەشێکی هەرە گەورەی کۆمەڵگەکانەوە، بۆ وێنە جۆرج واشینگتۆن ،جۆزێف گاریباڵدی، ئابراهام لینکۆڵن، مهاتما گاندی، چێ گێڤارا، مارتین لوتێرکینگ و نێلسۆن ماندێلا.
لە ناو ئێمەی کورددا چەند کەسایەتی وەک پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، دوکتور قاسملوو، مه‌لا مسته‌فا بارزانی، شێخ سەعید پیران، سەید رەزا دێرسیمی و… نموونەی کەسایەتییە کاریزماتیکەکانن. ئەوان لە سەردەمدا ژیان و، سەرۆکایەتیی کۆمەڵگەی خۆیان لە ئەستۆ گرت.
کاریزما کوردەکان و زۆربەی کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، ئاکامێکی دڵتەزێن و تراژیکیان هەبووە و تۆماری ژیانیان بە خوێن و مەرگ و تێرۆر و کوژران کۆتایی پێهاتووە. ئەم جۆرە هەڵبژاردنەی رەوشی ژیان لە لایەن کاریزماکانەوە هەڵبژاردنی ژیانێکی ریسکئامێزه و تەنانەت لە نێو ریبەرهکانیشدا، تەنیا کەسانێک ئەو ریسکە بە ژیانیان دەکەن و بۆ رزگار بوونی کۆمەڵگەکەیان لە نەهامەتی و ئازار و هەژاریی، ژیان و گیانی خۆیان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه.
یەک لە کارێزما کوردەکان، شەهید دوکتورعەبدوڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. ئەو حیزبەی که هەژدەساڵ کەسایەتیی یەکەمی بوو و رێبه‌رایه‌تی کرد. دوکتور قاسملوو لە ساڵانی هەرە دژواری ژیانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە سه‌رده‌می شەڕی ساردی نێوان بلۆکی کاپیتالیستی و بلۆکی کۆمۆنیستیدا بوێرانە رێبه‌رایه‌تی حیزبەکەی کرد.
دوکتور قاسملوو دوای هێرشی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان ئازایانه بڕیاری به‌رخۆدان و خۆڕاگری دا. دوکتور قاسملوو بیرمه‌ندێکی پراگماتیست بوو و تیۆرییه‌کانی “معطوف” به کرده‌وه بوون.
دوکتور قاسملوو لە مەنتق و هێنانەوەی بەڵگە و به‌ڵگاندنی وته و بیرۆکه‌کانیدا، بە توانا بوو و هێزی ئافراندنی ئەندێشەی نوێ و هێنانه‌ئارای بیرۆکه‌ی تازه‌ی هه‌بوو. به‌م هۆیه دوژمن لێی دەترسا و له ئاکامدا به فێڵ و تهڵهک، خۆی وا نیشاندا که ته‌سلیمی حه‌قیقه‌ت و حه‌قانییه‌تی داخوازییه‌کانی کورد بووه و دەیەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی پێوەندییە خوێناوییەکانی لەگەڵ گەلی کورددا هه‌ڵبداته‌وه و به‌داخه‌وه ناجوامێرانه شه‌هیدیان کرد.
دوکتور قاسملو بۆ ئەوەی ناسنامەی کورد بسەلمێنێ هەوڵی زۆری داوە. هاوسەرەکەیان دەگێڕێتەوە زۆر جار لە بەر دەرکی فڵانە رێکخراوی کولتووری لە فەڕانسە چاوەڕوان بووە تاکوو بچێتە ژوورەوە و سەبارەت بە پەرتووکێک یان بابەتێک کە پەیوەندی بە کەسایەتیی کورد و کوردستانەوە هەیە و دەیسەلمێنێ کورد خاوەن کەسایەتیی فەرهەنگی و نەتەوەیی خۆیەتی، بۆ کاربەدەستانی ئەو شوێنە کولتوورییە قسە بکا؛ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ پاڵپشتیی مەعنەوی بۆ دۆزی کورد پەیدا بکا و رێگەیەک بۆ رزگاربوونی کورد لە ستەمی بێگانەکان بکرێتەوە.
لە کاتێکدا بە هەزاران کەس له مه‌یدانی دیفاعی چه‌کدارانه‌دا حزووریان هه‌بوو بەڵام دوکتور قاسملوو شەڕخواز نەبوو، خۆی و ئەندامانی حیزبەکەی بۆ پاراستنی خۆیان و نه‌ته‌وه‌که‌یان چەکیان هەڵگرتبوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که رێژیمی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران ته‌نیا بیری له سڕینه‌وه و سه‌رکوت ده‌کرده‌وه و به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک سه‌رکوتی کوردی ده‌کرد و به‌تایبه‌ت دوای ئەوەی خومەینی فتوای جیهادی له دژی کورد ده‌رکرد دوکتور قاسملوو بڕیاری بەرگریکردنی رەوای گەلی کورد لە گیان و ماڵ و نامووس وخاک و کوولتور و نیشتمانی خۆی دا و بە بیانووی ئاشتیخوازیی و نیشاندانی ژێستی مرۆڤدۆستیی ئیدەئالیستی، خۆی و خەڵکەکەی نەدا بە دەستەوە. به‌باوه‌ڕی وی له کاتێکدا دوژمن به هه‌موو شێوه‌یه‌ک په‌لامارت ده‌دا به‌رگری چه‌کدارانه به ته‌واوی ره‌وایه و ده‌بێ به‌کار بهێنرێ.
دوکتور قاسملوو هه‌رچه‌ند ساڵانێکی زۆر له‌تاراوگه ژیا، به‌ڵام هه‌میشه کورد و کوردستان چه‌قی بیروهزری ئه‌و بوون. ئه‌و شۆڕشگێڕانه ژیانی ئاسووده‌ی ئورووپای جێهێشت و له پێناو گه‌له‌که‌یدا ژیانی سه‌خت و پڕشانازی پێشمه‌رگانه‌ی هه‌ڵبژارد.
رێباز و ژیانی پڕ له شانازی دوکتور قاسملوو ئۆلگوو و رێنیشانده‌ری هه‌زاران هه‌زاران رێبواری ریگه و رێبازی ئه‌ون. خۆڕاگری و متمانه به‌خۆبوون وانه‌یه‌که که قاسملوو به رێبوارانی داوه.
دوای 27 ساڵ له شەهید بوونی دوکتور قاسملوو، یاد و بیرەوەریەکانی لە هزر و بیری کۆمەڵگەدا زیندووه و سەرەڕای شانتاژ و شارلاتانیزمی کۆماری ئیسلامی بۆ داخستنی پەروهندهی تێرۆری دوکتورقاسملوو لە دادگای ئوتریش و پەردەپۆشکردنی راستییەکانی تراژیدیای تێرۆری دوکتور قاسملوو لە پێش چاوی رای گشتیی جیهاندا، بەڵام لە دوایین هەڵوێستی رێبوارانی رێبازی دوکتورقاسملوودا لە کاتی سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئوتریش لە چەند مانگی رابردوودا وهەڵوەشاندنەوەی ئەم دیدارە فەرمییەی حەسەن روحانی بۆ ئەم وڵاته، ناڕەوابوونی بەرەی دژەکورد و کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی ئێرانی بۆ هەموو جیهان جارێکی دیکە سەلماندەوە و ئەو راستییەی سه‌لماند که خوێنی شەهید دوکتور قاسملوو ون نەبووە و پەروەندەی تیرۆری رێبه‌ره‌که‌یان لە دڵ و ویژدانیاندا کراوەیە و هەتاهەتایە کراوە دەبێ. رۆژی ١٣ی جولای١٩٨٩ رۆژێکی رەشە لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورددا، لەم رۆژەدا دوکتور قاسملوو شەهید کرا، بەڵام خەڵکی کورد رووسوورن بە هەبوونی سەرکردەیەکی کاریزمای وەک ئەو گەورە پیاوە و، هیوادارن رۆژێک دابێ ئامانجەکەی وەدی بهێنن؛ ئەو ئامانجەی که که‌رامه‌ت وماف بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.