وەرگێران بۆ کوردی: رێبوار مەعرووف زادە
لە دوو دەیەی رابردوودا پێکبەستراوەیی لە بواری وزە یەکێک لە کوڵەکەکانی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکهدا بووە. لە سەرەتای پێکهاتنی تۆڕێکی لولەی گاز لە نێوان ئێران و ئاسیای نێوەڕاست لە ساڵەکانی ١٩٩٠ بەملاوە، تا گەشەی گواستنەوەی بەرق لە رێگای ئێران، ئێران بەرەبەرە بۆتە گرینگترین ناوەندی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکە. ئێران تەنیا هەوڵی نەداوە کە وزەی خۆی بۆ وڵاتانی دیکە هەناردە بکا، بەڵکوو هەوڵیداوە کە پێکبەستراوەیی ناوچەکە لە بواری وزە زیاتر بکا. لە دوایین پلاندا بڕیارە لولەیەکی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران دروست بکرێ و نیشان دەدا کە ئێران وەک هابێکی وزە بۆ ناوچەکە کار دەکا.
بە پێی راپۆرتەکان ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون لە سەر دروستکردنی لولەیەکی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران کە رۆژانە توانای هەناردەکردنی ٢٥٠ هەزار بۆشکە نەوتی هەبێ. ئەو لولە نەوتە لە کۆیەی سنجەق لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکا، لە سنوورەکانی پەرویز خان تێدەپەرێ و دەگاتە کرماشان کە لەوێدا نەوتی هەرێمی کوردستان بە سیستمی لولەی نەوتی ئێران پێوەند دەدرێ و رەنگە لە پاڵاوگەکانی نەوتی باکووری ئێران کەڵکی لێوەربگیرێ.
بیرۆکەی دروستکردنی لولەی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ پاڵاوگەکانی نەوت لە باکووری ئێران، لە ساڵی ٢٠١٤ پەیدا بوو کە حکوومەتی ناوەندی عێراق لە بەغدا ناردنی مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان راگرت بەهۆی فروشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری نەوتی جەیهان لە تورکیا. ناکۆکی نێوان بەغدا و ئانکارا لە سەر هەڵسوکەوتی حکوومەتی تورکیا دەرهەق بە داعش و هەروەها ئالۆزتربوونی رەوشی سوریا وایکرد کە کورد لە هەرێمی کوردستان بەشوێن ریگایەکی دیکەی گواستنەوەی نەوت بێ. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکا کە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری وزە، نەبێتە هۆی ئەوەی بەغدا، هاوپەیمانێکی گرنگی ناوچەیی خۆی، لە دەست بدا. ئیران هەوڵ دەدا کە باڵانسێک لەنێوان تاران، بەغدا و هەولێر دروست بکا و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکا کە چ گرووپگەلێک لە پرۆژەی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان-ئێران بەهرەمەند و چ لایەنگەلێک تووشی خەسار دەبن.
لە روانگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنانی رێگایەکی دیکەی گواستنەوەی وزە جگە لە خەتی لولەی جەیهانی تورکیا، لەمێژە وەک پێویستییەک لە قەڵەم دەدرێ. لەراستیدا لە دوو ساڵی رابردوو رێژەیەکی زۆرتر لە نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای تانکەرەکان بۆ ئێران نێردراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە هەناردەکردنی زیاتری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، بیرۆکەی دامەزراندنی خەتی لولەی هەرێمی کوردستان-تارانی بەهێز کردوە، بەڵام پێوەندیداربوونی ئەو پرۆژەیە بە کۆمەلێک ئەکتەری دەوڵەتی وەک ئێران، تورکیا، عێراق و کۆمەلێک ئەکتەری نێودەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان و بازرگانانی نەوت، وێنەی پێکهاتنی خەتی لولەی هەرێمی کوردستان-ئێرانی ئالۆز کردوە.
بەغدا لە لایەک بە باشی دەزانێ کە لە رێگای پرۆژەی خەتی لولەی نەوتی هەرێمی کوردستان-ئێران بەستراوەیی هەرێمی کوردستان بە تورکیا کەمتر بێ، بەڵام دواجار دەرچوونی کۆنترۆلکردنی سەرچاوەی دارایی هەرێمی کوردستان لە دەست بەغدا وەک گرفتێک لەقەلەم دەدا. هەولێر دەیهەوێ لە رێگەی خەتی لولەی هەرێمی کوردستان-ئێران، سەرچاوەیەکی دارایی سەربەخۆ لە حکومەتی ناوەندی عێراق دروست بکا. بە پێی قسەکانی نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، بەغدا رەزامەندی لەسەر خەتی لولەی هەرێمی کوردستان-ئێران دەردەبرێ بەو مەرجەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکوک بەشێک لەو پرۆژەیە بێ. جێگای ئاماژەیە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکوک لە رێگای خەتی لولەی جەیهان دەفرۆشرێ.
ئێران بە پرۆژەی خەتی لولەی نەوتی هەرێمی کوردستان-ئێران بەستراوەیی وزە لە ناوچەکە و بەستراوەیی وڵاتانی دیکە بە ئێران زیاتر دەکا و هەروەها ئاستی کارامەیی پێشەسازی نەوتی ئێران لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت زیاد دەکا. زۆربەی نەوتی ئێران لە باشووری ئێران و پارێزگای خوزستان بەرهەمدێ، بەڵام زۆربەی ناوەندەکانی بەکارهێنەری نەوت و وزەی ئێران لە باکووری ئێران هەڵکەوتوون. نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێ بۆ کرماشان، تەورێز و تاران بنێردرێ و پێویست نەکا کە نەوت لە باشووری ئێران بۆ ئەو ناوچانە بگواسترێتەوە. ئێران دەتوانێ نەوت لە هەرێمی کوردستان بکرێ و لە بەرامبەردا پووڵ بە هەولێر یا بەغدا بدا یا نەوتەکە لە ئێران پاک بکاتەوە و دیسان بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان یا عێراقی بداتەوە. لە هەر دوو سناریۆدا ئێران قازانج دەکات بەهۆی دروستکردنی سیستمێکی کارامەتر بۆ بەکارهێنانی وزەی نەوت لە ئێران. ئەو پرۆژەیە دەتوانێت ئەنجامدانی پرۆژەکانی ژێربەنایی لە پارێزگای کوردستان زیاتر بکا و حکوومەتی ئێران بەجۆرێک هەوڵ بۆ گەشەی زیاتر ئەو پارێزگایە بدا و نارەزایەتیەکانی ئەو پارێزگایە کەم بکاتەوە.
ئەو بابەتە لە سایتی www.al-monitor.com بڵاو کراوەتەوە.
لینکی بابەتەکە:
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه