وەرگێڕان: ئاڵەشین
ماوەیەکە بابەتی مووچەی نجومی هەندێک لە بەڕێوەبەرە پلەبەرز و مام ناوەندەکانی دامودەزگای حکوومەتی و هەروەها هەندێک کارگێڕ و ئەندامانی هەیئەتە بەڕێوەبەرییەکانی کەرتی دارایی و بانکی و بیمە و، بەرەنگاریی ئەو چەشنە گەندەڵییە، لە روانگەی جۆراوجۆرەوە هاتۆتە بەرباس و بووە بە بابەتی بەرگەنگەشەی گۆڕەپانی سیاسی و میدیاکان. بە وتەی توێژە سیاسییەکان، مێدیاکان و دەزگای دادوەری، ئەو بەڕێوەبەرانەی بەشێکن لەو گەندەڵییە، زیاتر سەر بە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرین و ساڵانێکی زۆرە بەڕێوەبەری جۆراوجۆری راپەڕاندن و ئیدارەی وڵاتیان بەدەستەوەیە. دیارە ئەو قسە و باسانە زیاتر دەرخەری روانگەیەکی جناحین لەسەر ئەو گەندەڵییانە و، ئاکامی چەشنێک رکەبەریی نێوخۆیی باڵەکانی دەسەڵاتن، هەتا روانگەیەکی یاسایی و چارەسەریی بنچینەیی ئەو گەندەڵییانە.
لانیکەم هەڵسووڕاندن و بەڕێوەبردنی ئۆرگانەکانی حکوومەت، ئەویش لە سەردەمی ئێستادا کە تێکنۆلۆژیای زانیاریی و پێوەندییەکان، بە جیهانی بوون، شتێک نیە حکوومەتەکان خۆی پیوە رابنێن و منەتی بخەنە سەر خەڵک. ئەویش حکوومەتێک کە بە بەتاڵان بردنی شۆڕشی خەلک خۆی بە سەر میراتێکدا سەپاندوە کە زۆر لەمێژ بوو زۆربەی دامەزراو و ئۆرگانە حکوومەتی و بەڕێوەبەرییەکانی پێکهاتبوون، نەک ئەوەی لەسەر شانی دەسەڵاتێکی وێران بەرز بووبێتەوە. ئیستا کە کۆماری ئیسلامی دوای ٣٧ ساڵ دەسەڵاتدارێتی، وەک بڵێی دیاردەیەکی نوێی دۆزیبێتەوە و بەشێک لە بەرەی حکوومەتی لە زوڕنای بەناو بەرەنگاریی گەندەڵی تووڕاندوە، بڵێی دەزگای دادوەری رێژیم تا چەند ئامادە بێ بۆ روونکردنەوە و گشتگیرکردنی بەرەنگاریی لانیکەم دژی ئەو جۆرە گەندەڵییە و، ئامار و ژمارەی ورد و دروست دەرخا و سەرچاوە و هۆکارەکانی پەرەگرتنی بدرکێنێ و لە کۆتاییدا ئاکامێکی دڵخوازی لەو رەوتە دەست کەوێ کە بە قازانجی گشتیی کۆمەڵگەی ئێران بێ. یا رەنگە باشتر وابێ بپرسین ئەری تا ئێستا پرۆسەیەکی گشتگیر و تۆکمە لە لایەن دەزگا جۆراوجۆرەکانی سیستمەوە بۆ بەرەنگاری جۆرەکانی گەندەڵیی لە ئێران هەیە، یان هەبووە؟
پاش ٣٧ ساڵان خزم خزمێنە، رازاندنەوەی خوانی رەنگین و بەرین، دزی، پێدانی ئیزنی هەناردە و هاوردە بە کەسی تایبەت، پێدانی پرۆژەکان بە بێ تێپەڕاندنی رەوتی ئاسایی بە بەڵێندەران، پێدانی سەرچاوە دەوڵەتییەکان بە کەسانی خۆیی لە ژێر ناوی کەرتی تایبەتدا، تەرخانی قەرزی دەوڵەتی کەم سوودی بانکەکان بۆ خزم و نزیکان، کۆنترۆڵی بەشی هەرە زۆری ئابووری لەلایەن سپاوە و دامەزراوەکانی سەر بە بەیتی رێبەری و ئەو هەمووە گەندەڵییەی دیکە، تازە مێدیا حکوومەتی و نزیکەکانی خامنەیی وەبیر مووچەی بەرز و زۆری بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی و بەتایبەت کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییەکانی سەر بە دەوڵەت کەوتوونەتەوە.
ئەوان تازە وەبیر بەرین بوونەوەی کەلێنی چینایەتی (چینی حاکم و توێژی مەحکووم) کەوتوونەتەوە، بەبێ ئەوەی بزانن کە خۆیان سەر بە چینی حاکمن. سەرچاوەکانی وڵات لە ٣٧ ساڵی رابردوودا تەنیا و تەنیا چووەتە باخەڵی بێ بنی بەڕێوەبەران و نزیکانی خۆیانەوە. ئەمڕۆ لە ئێراندا هیچ سەرمایەدارییەکی سەربەخۆ و سەقامگیر نیە کە لەسەر بنەمای بازاری ئازاد بنیات نرابێ. لە هەر کوێیەک سەرمایە و کۆمپانیا و دامەزراوەیەکی گەورەتان پێ شک هات، بزانن لە کوێڕا بە حکوومەت و دەوڵەت و گەندەڵیی و بانده مافیاییهکانی نێو سیستمهوه بەستراوەتەوە. هیچ سەرمایەیەکی گەورە لە ئێران ناچێتەوە سەر داهێنان و دۆزینەوە و رەخساندنی هەلی کار و کردنەوەی مەیدانی کار و کاسبی لە هەڵومەرجێکی هەڤرکێ و ئازاددا. ئێستا کەسانێکی وەک (ئەحمەد تەوەکوللی و حوسێن شەریعەتمەداری) هاتوون باسی روون بوون و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تەخشان و پەخشانی دارایی دەوڵەت دەکەن کە خۆیان و نزیکانیان هەتا چۆکان لە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە گشتییەکان چەقیون. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە چوارچێوەی میدیای ئازاددا دەگونجێ، بەڵام ئەوانە خۆیان لە ئێران دوژمنە سوێندخواردووەکانی مێدیای ئازاد و سەربەخۆن.
جگە لە چەند بەڕێوەبەر و ئەندامانی هەیئەتی بەڕیوەبەریی بەشی دارایی و بانکی و بیمە کە مووچەیان چەند سەد ملیۆنێکە، بەڕیوەبەرە دەوڵەتییەکانی دیکە زیاتر مووچەکانیان چەند دە ملیۆنییە. لە حاڵێکدا لانیکەمی مووچەی کرێکارێک لە ئێران بۆ کاتژمێرێک نزیک بە ٢٥/١ دولارە. بێگومان ئەو هەڵاواردن و جیاوازییە ئاشکرایەی نێوان مووچەی دەوڵەتی، دەگەڕێتەوە سەر جۆری روانگەی سیستم لەسەر حکوومەتداری، شایستەسالاری و بایەخی کاری تاکەکان. بێ شک ئەو روانگەیەش دەگەڵ رادەی شایستەییەکانی ئەوان نایەتەوە. ئەگەر بڕوانینە رابردووی بەڕیوەبەرانی دەوڵەتی لە کۆماری ئیسلامیدا، دەبینی زۆربەیان هیچ شایستەییەکیان نەبووە (تەنانەت ئاستی خوێندەواری دیپلۆمیشیان نەبووە) و تەنیا لەسەر بنەمای پێوەندیی سیاسی و یان رابردووی کارکردن لە دامەزراوە سەربازیی و میلیشیایی و ئەمنییەتییەکان بەو پلانە گەیشتوون. گرنگترین پاساوی دەوڵەت بۆ ئەو مووچە بەرزانە، رابردووی بەڕێوەبەرییە. کۆماری ئیسلامی لە هیچ بوارێکدا بایەخی پێگەی مرۆیی هاووڵاتییانی ئێرانی لەبەر چاو ناگرێ، بەڵام پێگەی ئایینی و بەڕێوەبرانی دەوڵەتی زۆر زیاتر لە رادەی شایستەییەکانیان لەبەر چاو دەگیرێ.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی بەڕیوەبەران، رادەی ملکەچی، گوێڕایەڵی بەیتی رێبەری، سپا و هێزی ئینتزامی و دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان، بەڕیوەبەرانی سێ دەسەڵاتەکە و ئیمامانی جومعەیە. بێگومان بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی لەو سیستمەدا بەبێ ئەو خاڵانە و خۆیی بوون، قەت بەو پلە و پێگانە ناگەن. هەر بۆیەشە زۆر کەس لەو پێناوەدا سەر و گوێی یەکتر تێکدەکەنەوە. نموونەی بەرچاویشی، زیاتر بوونی بێ وێنهی ئهو کهسانه لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا بوو بۆ دابەشینەوەی گەندەڵی و رانتی زیاتر. دابەشین و بەکارهێنانی رانتی زیاتری دەوڵەتی لە نێوان هەندێک دامەزراو و کەسی دەوڵەتیدا، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دامودەزگای کۆماری ئیسلامی کە سەردەمی ئەحمەدینژاد زیاترین پشکی لەم بارەوە بە بەش بڕا. تەنانەت کاستی حکوومەتی لە ئێران تا رادەیەک داخراوە کە ئەگەری گەیشتنی کەسانی دیکە بەو پلە و پێگانە زۆر ئەستەم و بەرتەسکە.
هەنووکە کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە گێژاوێکەوە کە ٣٧ ساڵە لە ژێر ناوی سیستمێکی بەڕێوەبەریی دەرخواردی کۆمەڵگەی ئێرانی داوە. دانانەوەی بەڕیوەبەرە نەخوێندەوار و نالێهاتووەکان تەنیا لەبەر خۆیی بوون و ملکەچی، پێدانی ئیمتیازی رادەبەدەر و دابەستنیان، نموونەوەی روونی گەندەڵیی سیستماتیکی تەمەنی کۆماری ئیسلامییە. چونکی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نیشانی داوە بە هیچ چەشنێک دەگەڵ حکوومەتداری و بەڕێوەبەری مودێرن و روون ناگونجێ و هەروەها ئامادەش نییە دەورووبەرە دابەستەکانی لە خۆی بتۆرێنێ. تەنیا روانگەیەکی جەماوەری و دادپەروەرانە دەتوانێ خەباتی جیددی دژی هەموو جۆرە گەندەڵییەکی لە نێو ئەو سیستمەدا لێبکەوێتەوە، نەک بڕیاری کاتیی و سنووردار لە پێناو گۆڕینی چەند بەڕێوەبەرێکدا. ئەو پرسیارە بنەڕەتی و دێرینە هەمیشە لە بەرابەر کۆماری ئیسلامیدا هەبووە، کە یا دەبێ گۆڕانێکی بنەڕەتیی قبووڵ بکرێ و لە ئاکامیشدا رووخانی دامەزراو و کەسە گەندەڵە خۆییەکانی لێ بکەوێتەوە، یان بەگشتی ئەوە سیستمی دەسەڵاتدارییە داڕمێ.
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه