خەڵکی بریتانیا لە راپرسیەکی مێژوویی و کەموێنەدا، بە زۆرینەیەکی لاواز دەنگیان بە هاتنەدەری وڵاتەکەیان لە یەکیەتیی ئورووپا دا. بە رواڵەت پرسیاری سەرەکیی مانەوە یان هاتنەدەر لەو یەکیەتییە بوو، بەڵام دیوی نێوخۆ، شاراوە و بەهێزی ئەو پرۆسەیە، پەیوەندی بە ویستی خەڵکەوە هەبوو کە لە رێگەی ئەو رێفراندۆمەوە پێشان بدەن کە خوازیاری چ جۆرە حوکمرانی و دەوڵەتێکن بۆ وڵاتەکەیان؟ وڵاتێکی خاوەن سەروەری رەها کە خاوەندارێتی سنوورەکانی خۆی بکا و دەستی ئەوانە کورت بکاتەوە کە لە دەرەوەی سنوورەکان بڕیاریان بۆ دەدەن یان وڵاتێکی بێ گومرگ بە رووی سەرمایە و کاڵا و هێزی کاردا کە بتوانی ٥٠٠ ملیۆن بەکاربەر لە بازاڕی بازرگانیدا بهێڵیتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەو گرێ سیاسییە، کۆمەڵێک پرسی کۆمەڵایەتی، ئابووری، مێژوویی و فەرهەنگی لە برێکزیتدا بەرۆژەڤ بوون. ئەو درزە گەورانەی که لە ستراکتور و کلتوری بریتانیادا هەن، فاکتگەلێکی بەهێزن بۆ تێگەیشتن لەو زۆرینەیەی کە بەڵێی بە هاتنەدەر لە یەکیەتیی ئورووپا گوت؛ یەکیەتییهک کە لە سەر بنەمای ئاشتی، دێموکراسی، یەکسانی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیی دامەزراوە و یادگاری ئەو رۆژانەیە کە ئورووپا پاش گۆنگەڵی نازیسم و فاشیزم لە هەوڵی سارێژکردنی برینەکانی دوای جەنگێکی ماڵوێرانکەردا بوو.
ئەو راپرسییە چەندین پرسی لە پانتایی سیاسی رۆژئاوادا زیندوو کردەوە، دوو چەمکی دەوڵەت ـ نەتەوە و لیبرالیزمی نوێی دووبارە بەرامبەر بە یەک راگرتەوە. دەوڵەت ـ نەتەوە لە سێ دەیەی رابردوو لە ئەنجامی کۆمەڵێک رێککەوتننامەی هەرێمی، هێژموونی بازاڕ و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان و هەروەها، بەجیهانیبوونەوە پێگەیەکی لەرزۆک و لاوازی لە رۆژئاوادا هەبوو. دامەزرانی یەکیەتیی ئورووپاش لە هێنانەخواری پێگەی دەوڵەت ـ نەتەوەدا رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا، بە تایبەت ئەوە کە وڵاتانی ئەندام ناچار بوون بەشێک لە سەروەری سیاسی، ئابووری خۆیان بۆ ئەو یەکیەتیە بگوازنەوە. سەرەڕای ئەو دۆخە دەوڵەت ـ نەتەوە هێژموونی خۆی بە سەر بژاردە و فۆرمە جیاوازەکانی بەڕیوەبردن و دەوڵەتداریدا پاراست. دوو پرسی تێرۆریزمی جیهانی و لافاوی کۆچبەران لە وڵاتانی جیهانی سێیەم لە لایەک و قەیرانە داراییەکانی نێو یەکیەتیی ئورووپا لە لایەکی دیکەوە، دوو کۆمەڵە فاکتی بەهێز بوون تا ناسیۆنالیست و راستە تووندرە و، دژە بیانی و کۆنسێرڤاتەکانی بریتانیا ئەو راپرسیە بە جۆرێک کانالیزە بکەن کە تێیدا دەوڵەت ـ نەتەوە وەک تاکەچارەسەر بەرجەستە بکەن. ئەوان پێیان وایە کە بە هاتنەدەر لەو یەکیهتییه لە تۆڕی بیرۆکراتی ئەو رێکخراوە رزگاریان دەبێ و بۆخۆیان یاسا و رێساکانیان دادەڕێژن و بەڕێوەی دەبەن، لەو رێگەیەوە لە دەست ئەو هەموو کۆچبەرەی ناو یەکیەتیەکە کە بە زۆری لە وڵاتانی ئورووپای رۆژهەڵاتەوە روو دەکەنە بریتانیا رزگاریان دەبێ و هاوکات سنوورەکانیشیان لە ئاست کۆچی نێودەوڵەتیدا قایمتر دەکەن. ئەو ١٨ ملیارد پاوەندەش کە دەچێتە بودجەی یەکیەتیی ئورووپاوە دەگەڕێتەوە بۆ گیرفانی خۆیان. هاوکات لیبرالیستەکان، کۆمپانیا و بانکەکان و لایەنگرانی بازاڕی ئازاد و مانەوە لە یەکێتی ئوروپادا پێیان وایە کە بەهۆی دانانی گومرگەکان، لەندەن وەک یەکێک لە گرینگترین شارە بازرگانیەکانی ئورووپا پێگەی خۆی لەدەست دەدا و چەند هەزار پۆندێکیش لە داهاتی ساڵانەی شارۆمەندی بریتانی کەم دەبێتەوە، بازاڕ بەرتەسک و توانای هاتووچۆی کاڵا و سەرمایە و هێزی کار سنووردار دەبێتەوە، کابوسێک کە لیبرالیزمی نوێی لێی دەپرینگێتەوە.
ئەگەر بە تەنیا رواڵەتی سیاسی و ئابووریەکەی ئەو راپرسیە لەبەرچاو بگرین، ناتوانین وێنەیەکی روون و گشتگیر بەدەست بخەین، لە کاتێک دا دابڕان و درزە کۆمەڵایەتیەکان لە ناو گروپەکانی کۆمەڵگە، جیاوازیی نێوان نەوەکان و مەودای تێڕوانینی نێوان خەڵکی شارەگەورەکان لەگەڵ دێهاتەکان و شارە بچوکەکان لە ئەنجامەکانی ئەو راپرسیەدا رۆڵی خۆیان گێراوە. بێ ئەوەی بۆ رابردوویەکی زۆر دوور بگەڕێینەوە، کاریگەریەکانی شۆڕشی پیشەسازی و پۆست کۆلۆنیالیزم لە دابەش بوونی چینەکان و بەرژەوەندیەکان دا هەست پێ دەکەین، ئەو رووداوانە شوێنی نیشتەجێ بوونی چینەکانی لێک جیاکردەوە؛ لە شاری پۆست مۆدێرن دا دووبارە نێوەندی شارە گەورەکان بوونە سەنتەری وەبەرهێنان و فرۆشتنی خزمەتگوزاری، لە بەرامبەردا پەراوێزی شارەکان و گێتۆکان بوونە شوێنی نیشتەجێ بوونی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە و گروپە ئێتنیکیەکان. لاوان و زۆرینەی خەڵکی شارە گەورەکان، هاوکات لەگەڵ سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا و بانکەکان دەنگیان بە مانەوە لە یەکێتی ئوروپا دا، لە کاتێکدا خەڵکی بەتەمەنتر و هەژارتری نیشتەجێی دێهات و شارە بچووکان دەنگیان بە هاتنەدەر لەو یەکێتیە دا، هەبوون ئەوانەی کە لەو پرۆسەیەدا مۆدێرن و نەریتیان لە ئاست یەکتر دا رادەگرت.
راستە تووندرەوەکان و پارتە دژە بیانیەکان توانیان دۆخی قەیراناوی یەکیەتیی ئوروپا بۆ کانالیزەکردن و بردنە پێشی ئامانجەکانیان بقۆزنەوە، بە تایبەتی بێ توانایی ئەو یەکیهتییه لە مامەڵەکردنی وەک یەک لە ئاست لێشاوی پەنابەرانی ساڵی رابردوودا، هەروەها زووم خستنە سەر ئەو مەترسیانەی کە پەنابەران بۆ سەر دەوڵەتی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیی(دولت رفاه اجتماعی) دروستی دەکەن. دووبارە بەرۆژەڤ بوونەوەی دەوڵەت ـ نەتەوە لەگەڵ ئەوەدا کە نموونەی ئیدیالی راستەکانە، بەڵام کۆرپەلەی ترسێکیشی لە منداڵدانی خۆیدا هەڵگرتووە، ئەویش خەونی هەمیشەیی “سکۆتلەندیەکان و ئیرلەندی باکوورە” بۆ جیابوونەوە لە بریتانیا و هەر بە زوویی مەیلی خۆشیان بۆ مانەوە لە یەکیهتی ئورووپادا پێشان دا.
کاردانەوەکانی ئەو راپرسیە هەر زوو لە پراکتیک دا بە تایبەت لە بازاڕی بۆرس و رووداوە سیاسییەکاندا رەنگدانەوەی هەبوو. “دەیڤید کامێرون”ی سەرۆک وەزیران دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و وڵاتانی دیکەی ناو یەکیەتیی ئورووپا داوای هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان لە بریتانیا کرد. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پرۆسەی هاتنەدەری بریتانیا لە رووی بیرۆکراسییەوە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دوورودرێژە و لەوانەیە نزیک بە دوو ساڵ بخایەنێ، ئەوەش دوای ئەکتیڤ کردنی بەندی ژمارە ٥٠ لە رێکەوتننامەی لیسبۆن لە لایەن پارلمانی ئەو وڵاتەوە. پاشان بریتانیا دەبێ فۆرمی پەیوەندی خۆی لەگەڵ یەکیەتیی ئوروپا دارێژێتەوە. یەکێک لەو رێگایانە لەوانەیە مانەوە لە پەیماننامەی هاوکاری ئابووریی ئوروپاEuropean Economic Community (EEC)دا بێ، هەروەک چۆن نۆروێژ بێ ئەوەی لەگەڵ یەکێتی ئورووپا بێ، خۆی لەگەڵ زۆربەی رێکەوتننامەکان و مەرجەکانی بازاری ئەو یەکیهتیەدا گونجاندوە. کێشەیەکی دیکە ئەو ئاڵوگۆرانەیەی کە بەسەر چەمکی شارۆمەندی ئوروپایی دا دێ؛ زۆرێک لە هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکە هەر ئێستا بێ هیچ کێشەیەک لە بریتانیا دەژین، کار دەکەن یان دەخوێنن، بە پێچەوانەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بریتانیا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی نێو یەکیەتیی ئوروپادا دەژین، ئەنجامەکانی ئەو راپرسیە کار دەکاتە سەر ژیان و گوزەرانی ئەو گروپانە و لە داهاتوودا مانەوەیان دەبێ بە پرۆسەیەکی ئیداری و قانوونیدا تێپەڕ ببێ.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە پەیوەندییە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانی بریتانیا لەگەڵ یەکیەتیی ئوروپادا چۆن دادەڕێژرێنەوە؟ هەر دوولا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا لە سەر هاوکاری بەهێز و پەیوەندی گەرمی نێوانیان پێداگریان کردووە، ئاخۆ چاوی رەشی ئەو کەسانەی بەڵێیان بە هاتنەدەر دا، لە ئاست هێژموونی لێبرالیزمی نوێ و توانای بازاردا کاڵ نابێتەوە؟ ئەگەری ئەوە هەیە کە دیواری سنوورەکان تەنیا لە ئاست هاموشۆی کۆچبەران دا پڕڕەنگ و بەرز بکرێنەوە، بەڵام لە ئاست هاموشۆی سەرمایە و هێزی کاری پسپۆڕ و کهلوپهلدا واڵا بمێنێتەوە. نیگەرانییەک کە ئێستا ئەو یەکیهتیە لەگەڵی بەرەوروویە ئەوەیە کە ئاخۆ بریتانیا دوایین وڵاتە کە بەجێیان دێڵێ، یان وەک یاری دۆمینە چەندین وڵاتی دیکەشی بە دوادا دێت. هەڕەشە هەرێمی و جیهانیەکان تەوژمی ناسیۆنالیزمی لە ئوروپادا بەهێز کردووە و جارێکی دیکە دەوڵەت ـ نەتەوەی وەک ئاکتۆریکی گرینگ گێڕاوەتەوە سەر شانۆی رووداوەکان، دیاردەیەک کە لە پەیوەندی لەگەڵ یەکیەتیی ئۆروپادا و رۆڵی ئەو ئۆرگانە لە داهاتوودا کاریگەر و بەرچاو بێ.
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه