ناتقی نوری که ئێستا سه‌رۆکی نووسینگه‌ی پشکنینی تایبه‌تی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی‌یه، له وتاردانێک‌دا که به بۆنه‌ی شه‌وانی قه‌دری مانگی ره‌مه‌زان له سه‌ر گۆڕی خومه‌ینی پێشکه‌شی کرد گوتی: له‌٣٧ ساڵی رابردوودا له زۆر بوار‌دا به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاوینه‌وه و به‌م حاڵه چۆن ده‌توانین بڵێین که ده‌بینه ئۆلگوو بۆ وڵاتانی دیکه.
ناتقی نوری ته‌نیا به‌رپرسی کۆماری ئیسلامی نییه که به ئاماژه به کێشه و گیروگرفته گه‌وره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، که له ئه‌نجامی لێ‌نه‌زانیی به‌ڕیوه‌به‌ریی کۆماری ئیسلامی‌دا هاتوونه‌ئارا و وه‌ک گرێکوێره‌یان لێ‌هاتووه، دان به‌وه‌دا ده‌نێ که مۆدێلی حکومه‌تداریی کۆماریی ئیسلامی مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتوو نییه و به ده‌ربڕینێکی دیکه له زۆر بوار‌دا شکستی هێناوه.
به‌رپرسانی پله‌به‌رزی کۆماری ئیسلامی له پاڵ هه‌موو به‌خۆدا هه‌ڵگوتنێک و دووپات کردنه‌وه‌ی په‌یتاپه‌یتای ئه‌و ئیدیعایه که، ئێران وه‌ک وڵاتێک که له به‌رامبه‌ر زلهێزه‌کانی دنیا‌دا راوه‌ستاوه، به ئۆلگوویه‌ک بۆ وڵاتانی دیکه له جیهان‌دا ده‌زانن، جاروبار هه‌ندێک له‌وان چاره‌یه‌کیان نییه بێجگه له داننان به به‌شێک له راستی‌یه تاڵه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران. هه‌ر ماوه‌ک له‌مه‌وبه‌ر موحسین ره‌زایی فه‌رمانده‌ی پێشووی سپای پاسداران و ده‌بیری کۆڕی دیاریکردنی به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌کانی سیستم گوتی که کۆماری ئیسلامی نه‌یتوانیوه له بواری ئابووری‌دا مۆدێلسازیی بکا و ئه‌گه‌ر له‌م بواره‌دا نه‌توانێ پێشکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ، ئه‌وه کۆماری ئیسلامی تووشی شکست ده‌بێ.
ئه‌و جۆره قسانه له‌م روانگه‌شه‌وه گرینگن که که‌سانێک ده‌یانهێنه زمان که دڵسۆز و خه‌مخۆری کۆماری ئیسلامین. خۆ ئه‌وان دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی نین که بڵێین خه‌ونی گولی به کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه ده‌بینن و له پێگه‌ی دژایه‌تی و ره‌شکردنی کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه ئه‌و قسانه ده‌که‌ن!
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که چۆن خه‌ڵکی ئێران ته‌حه‌مولی دۆخێک ده‌که‌ن که به قسه‌ی به‌رپرسانی خودی کۆماری ئیسلامیش له زۆر بوار‌دا له چاو 37 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟
کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به ده‌ست کۆمه‌ڵێک قه‌یرانه‌وه ده‌ناڵێنێ؛ له قه‌یرانی ئابووری‌یه‌وه بگره تا ده‌گاته قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تی، کلتووری و سیاسی. هه‌ژاریی و نابه‌رابه‌ری له ئێران‌دا بێداد ده‌کا. ئه‌م رۆژانه له فه‌زای سیاسی و راگه‌یه‌نه‌کانی ئێران‌دا باسێکی گه‌رم له سه‌ر مووچه‌ی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانی بنیات و دامه‌زراوه‌کانی کۆماری ئیسلامی له ئارا دایه که ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مووچه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری کارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت و به تایبه‌ت مووچه‌ی خانه‌نشینان و حه‌قده‌ستی کرێکاران به‌راوردی بکه‌ین، قووڵایی نابه‌رابه‌ری و گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی شه‌فافییه‌تمان له ده‌زگای حاکمه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا بۆ ده‌رده‌که‌وێ. ناتقی نوری گوته‌نی به‌م حاڵه‌وه چۆن کۆماری ئیسلامی ده‌توانێ ئیدیعای ئه‌وه بکا که ئۆلگوویه بۆ وڵاتانی دیکه!
هه‌ر بوارێک له بواره‌کانی ژیان له‌به‌رچاو بگرین ئاسه‌واری لێ‌نه‌زانی و ناکارایی سیستمی کۆماری ئیسلامی پێوه دیاره. قه‌یرانه‌کان له سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که بوون و تایبه‌تمه‌ندیی یه‌کتر به‌هێزکردنیان هه‌یه. قه‌یرانی ئابووری، قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تی لێ‌ده‌که‌وێته‌وه و قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تیش تێچوویه‌کی زۆری ماددی به سه‌ر خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌پێنێ. له‌وانه که بگوزه‌رێین ئێران قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی ژینگه‌یی بووه که به قسه‌ی کارناسان ئه‌گه‌ر خه‌مێکی جیددی لێ نه‌خورێ ئاوا ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی کێشه و قه‌یرانی ئه‌منییه‌تیش. ئه‌و قه‌یرانانه‌ش تا بمێنه‌وه قووڵتر و به‌رفراونتر ده‌بن و چاره‌سه‌رکردنیان ئاسته‌متر ده‌بێ.
ئه‌گه‌ر ده‌بینین که ئێران له چاو وڵاتانی په‌شیو و ئاڵۆزیی ناوچه‌که، سه‌قامگیریی و ئارامی‌یه‌کی رواڵه‌تی هه‌یه، ئه‌وه به‌و مانایه نییه که خه‌ڵکی ئێران له دۆخی هه‌نووکه‌یی رازین، به‌ڵکوو ئه‌مه کۆمه‌ڵێک هۆکاری مێژوویی و کلتووری هه‌یه و پێوه‌ندیی به ده‌روون‌ناسی کۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵکی ئێرانه‌وه هه‌یه که ده‌یانه‌وێ به شێوه‌یه‌کی دیکه داخوازییه‌کانیان بێنه‌ئارا و به‌دواداچوونی بۆ بکه‌ن. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران نارازی‌یه و هه‌نووکه له‌حاڵی لێگه‌ڕینی میتۆد و رێگه‌چاره‌کان دایه. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زیندوویه. ئه‌و ئارامی‌یه رواڵه‌تی‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا ده‌یبینین هه‌رگیز به مانای ته‌سلیم بوونی کۆمه‌ڵگه نییه به‌ڵکوو خه‌ڵکی ئێران به وانه وه‌رگرتن له رابردوو و به سه‌رنجدان به ئاڵوگۆڕه‌کانی ناوچه‌که به شعور و پشوودرێژی زیاتره‌وه له گه‌ڵ پرسه‌کان مامه‌ڵه ده‌که‌ن. دیاره به سه‌رنجدان به تایبه‌تمه‌ندیی “ملتهب” بوونی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه که ئه‌م ره‌وته ئاڵوگۆڕی به سه‌ردا بێ.
له ئێران‌دا زۆر گۆڕان هاتوونه ئارا که که‌لێنێکی قووڵیان له نێوان تێڕوانین و فه‌رهه‌نگی ره‌سمی له لایه‌ک و تێڕوانین و فه‌رهه‌نگی خه‌ڵک له لایه‌کی دیکه دروست کردووه. ئه‌و سیستمه‌ی هه‌نووکه له ئێران‌دا له‌سه‌ر کاره له‌گه‌ڵ خه‌ون و خولیا و داخوازییه‌کانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێران نامۆ و ناته‌بایه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ئێران به شێوه‌ی وڵاتانی شه‌ڕ لێ‌دروای ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌دواداچوون بۆ داخوازییه‌کانیان ناکه‌ن زیاتر هی ئه‌وه‌یه که ده‌یانه‌وێ به تێچوویه‌کی که‌م ده‌سکه‌وتی گه‌وره و به‌ردرێژ به‌ده‌ست بێنن.
راسته که کۆماری ئیسلامی ره‌گێکی ئیعتقادی له نێو خه‌ڵک‌دا هه‌یه و له‌به‌ر زۆر هۆکار تا هه‌نووکه ده‌وامی هێناوه و ئێستاش وه‌ک هێزێکی ناوچه‌که خاوه‌ن هێز و کاریگه‌ری‌یه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز به مانای ئه‌وه نییه که کۆماری ئیسلامی مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتووی حکومه‌تداری‌یه به‌ڵکوو رێک به پێچه‌وانه، هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه له ئێران‌دا نیشانه و به‌ڵگه‌ی به‌هێزی شکست‌خواردوویی سیستمی کۆماری ئیسلامین. ئه‌وه‌ی که ئه‌م سیستمه تا که‌ی ده‌وام دێنێ و چۆن له‌گه‌ڵ گۆڕانه‌کانی کۆمه‌ڵگه مامه‌ڵه ده‌کا و له لایه‌کی دیکه خه‌ڵکیش چۆن رووبه‌ڕووی هۆکاری ئه‌م قه‌یرانگه‌له ده‌بنه‌وه پرسیارێکه که شیکاریی زۆری ده‌وێ و داهاتووش وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه.
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه