7ی پووشپه‌ڕی هه‌موو ساڵێک بیرخه‌ره‌وه‌ی کاره‌ساتی شیمیایی بارانی سه‌رده‌شته که به هۆی فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی عێراق خه‌ڵکی بێ‌دیفاعی ئه‌و شاره له چوار نوخته و شوێنی شاره‌وه بۆمبارانی شیمیایی کران که له ئاکامی ئه‌و بۆمبارانه دژئینسانی و دوور له عورفی شه‌ڕ و په‌یمانه نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان‌دا، به پێی ئاماره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه نزیک به ٢٠٠ که‌س شه‌هید و نزیک به ٨٠٠٠ که‌س له خه‌ڵکی بێ‌دیفاعی ئه‌و شاره بریندار و گاز‌گرتوو بوون که به داخه‌وه دوای تێپه‌ڕ‌بوونی ٢٩ ساڵ به سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌دا به ئاشکرا ئاساواری برین و گاز‌گرتوویی و نه‌خۆشیی به جه‌سته‌ی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌وه دیاره که ئه‌و رۆژه له شاری سه‌رده‌شت له نزیک ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌کان بوون، بێ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی زۆری خۆ پێوه ماندوو کردبن یا به واتایه‌کی دیکه خۆی له به‌رانبه‌ردا به به‌رپرس زانیبن. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه حکوومه‌تی کوماری ئیسلامی چه‌نده خۆی به‌رپرسیار ده‌زانێ چ له کاتی بۆمبارانه‌که و چ دوای بۆمبارانه‌که؟ ئایا به‌راستی حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌گشتی و خه‌ڵکی سه‌رده‌شت به‌تایبه‌تی به هاووڵاتیی ئێرانی ده‌زانێ؟ ئه‌گه‌ر وڵامی ئه‌و پرسیارانه ئه‌رێنی بێت ئه‌دی چۆنه له‌و بابه‌ته دیار و به‌رچاوه‌دا که به هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئێران و عێراق و درێژه‌دانی ئه‌و شه‌ڕه له لایه‌ن خودی خومه‌ینی‌یه‌وه، خه‌ڵکی بێ‌تاوانیش له شار و گونده‌کانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی، تێوه‌گلان و ئاوری شه‌ڕ ژیان و ماڵی تێکه‌وه پێچان، هه‌تا ئێستا به هاواری به‌رکه‌وتووانی شیمیایی بارانی سه‌رده‌شت و شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌وه نه‌چوون! به پێی بنه‌ما نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان، ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی له هه‌ر وڵاتێک‌دا به‌رپرسایه‌تیی پاراستنی گیان و ماڵ و ئه‌منییه‌تی هاووڵاتیانی ده‌که‌ویته سه‌رشان و هه‌ر جۆره که‌مته‌رخه‌می‌یه‌ک له ژێر هه‌ر ناو و پاساوێک‌دا، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت نییه‌تێکی به ئه‌نقه‌ستی تێدایه بۆ ئه‌وه‌ی زیان به خه‌ڵک بگەیه‌نێ. له‌و کاره‌ساته سامناکه‌ی سه‌رده‌شت‌دا ئه‌وه به روونی ده‌رده‌که‌وێ که سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری ئێران به ئه‌نقه‌ست چ پێش له روودانی بۆمبارانه‌که و چ دوای ئه‌وه، خۆی گێل کردوه و که‌متر بایه‌خی پێ داوه و ته‌نیا هه‌وڵی داوه له بازنه‌یه‌کی به‌رته‌سکی ناوچه‌که‌دا بهێڵدرێته‌وه. ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه کۆماری ئیسلامی ده‌بوایه چ بکا که نه‌یکردووه؟ ئه‌گه‌ر زۆر به کورتی ئیشاره‌یان پێ بکەین ده‌توانین گرینگ‌ترین خاڵه‌کان به‌م شێوه‌ی خواره‌وه ده‌ست نیشان بکه‌ین؛ ئه‌لف: به پێی هه‌موو شاهیدحاڵه‌کان و راپۆرتی هه‌واڵنێره نێوخۆییه‌کان، خه‌ڵکی سه‌رده‌شت که‌مترین زانیاریان له سه‌ر چه‌کی شیمیایی له کاتی ته‌قینه‌وه‌دا نه‌بووه که بزانن یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییان تا گه‌یشتنی تیمی فریاکه‌وتن ده‌بێ چۆن بێ و ئه‌و که‌سانه‌ی که وه‌به‌ر ئه‌و جۆره چه‌کانه که‌وتوون چۆن هه‌ڵسوکه‌وتیان له گه‌ڵ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی که‌سانی تووش نه‌بوو و سالم، له گاز‌گرتوویی و تووش بوون به مه‌وادی شیمیایی پارێزراو بن. ب: نه‌بوونی ئیمکاناتی ده‌رمانی و پێ‌راگه‌یشتنی خێرا به برینداره‌کان، یه‌کێکی دیکه له‌کەمتەرخەمی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی‌یە، به پێی قسه‌ی ” دوکتور حه‌سه‌ن سه‌قت فرۆش” ناوه‌ندی فریا که‌وتنی شیمیایی له گوندێک به ناوی “هه‌وار سێمان” که ١٥ کیلۆمیتر له شاری سه‌رده‌شت دووره، دامه‌زراوه و هه‌ر ئه‌و دوکتوره ده‌ڵێ کاتێک خه‌ڵکمان ئاگادار کرده‌وه که ئه‌وە بۆمبارانی گازی شیمیایی‌یە که زیاتر له ٢٠ خوله‌ک به سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌کان تێپه‌ر ببوو و بۆ به هاناوە‌چوون و تیمار کردنی برینداره‌کان لانی که‌م سه‌عاتێکی خایاندوه که ئه‌وه ماوه‌یه‌کی یه‌کجار زۆره بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی گازی شیمیایی و زۆر بوونی خه‌ساره‌تی مرۆیی. ج: هه‌ر چه‌ند شاری سه‌رده‌شت وه‌ک شارێکی سنووریی له کاتی شه‌ڕی عێراق – ئێران‌دا هه‌موو کات ئامانجی هێرشی فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کان و تۆپ‌دوورهاوێژه‌کانی عێراق بووه، به‌ڵام حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی که‌متر حاڵه‌تی په‌دافه‌ندیی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌ساره مرۆییه‌کان له‌و شاره ره‌چاو کردووه و هه‌ر ئه‌و دوو نموونه‌ی سه‌ره‌وه خۆی ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن. د: ٢٩ ساڵ به سه‌ر کاره‌ساتی شیمیایی بارانی سه‌رده‌شت تێپه‌ڕ ده‌بێ به‌ڵام بۆ جارێکیش نه ده‌وڵه‌ت و نه مه‌جلیس له بیری ئه‌وه‌دا نه‌بوون به په‌سه‌ند کردنی پرۆژه‌یاسایه‌ک ئه‌و کاره‌ساته سامناکه لانی که‌م له نێوخۆی ئێران‌دا وه‌ک جینایه‌تی جه‌نگی سه‌دام حوسێن دژ به خه‌ڵکی بێ‌دیفاعی کوردستان بناسێنن و ره‌وتی قانوونی و ئیجرایی پێ بده‌ن. ه: له دوای راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له نێوان ئێران و عێراق، ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خسا بوو که داوای قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیان و زه‌ره‌ری ماڵی بکاته‌وه، کاره‌ساتی سه‌رده‌شت ده‌یتوانی یه‌کێک له به‌ڵگه به‌هێزه‌کان بێت به دژی سه‌دام حوسێن و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی، چونکه به پێی پرۆتۆکۆلی ١٩٢٥ی ژێنێڤ، به کار هێنانی گازی سه‌ممی و خنکێنه‌ر له شه‌ڕه‌کاندا قه‌ده‌غه‌یه که ده‌بینین ده‌وڵه‌تی عێراق له ماوه‌ی شه‌ڕی عێراق- ئێران‌دا لانی که‌م له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نزیک به ١٣ جار له سه‌ر خه‌ڵکی بێ دیفاع تاقی کردۆته‌وه، بۆ یه‌که‌م جار له ساڵی ١٣٦١ له “ساوجی” ناوچه‌ی مه‌ریوان وچڵەپۆپەی ئه‌و بومبارانه شیمیایانه‌ی عێراق له شاری سه‌رده‌شت له ساڵی ٦٦ به‌ڕێوه‌چووه. به‌ڵام ئێران به ئه‌نقه‌ستیش بووبێ نه‌یویستووه ئه‌و په‌روه‌نده‌یه ببێته جیهانی و نیوده‌وڵه‌تی، هه‌ر بۆیه له کاتی دەسەڵاتدارەتی سه‌دام حوسێن‌دا به دوای‌دا نه‌ڕویشتووه وهه‌وڵی داوه ئیمتیازی سیاسی به قازانجی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له سەدام بستێنێ و وا نیشان بدا که له‌و شه‌ڕه‌دا براوه‌ی شه‌ره. هه‌رچه‌ند ره‌نگه له‌و نووسینه‌دا که بابه‌ته‌که به‌رپرسیاره‌تیی ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی‌یه به‌رامبه‌ر به شه‌هیدان و بریندارانی شیمایی بارانی سه‌رده‌شت، به‌ڵام ده‌کرێ ئه‌و پرسیارانه‌ش بێنینه ئارا و له سه‌رده‌مدارانی کۆماری ئیسلامی بپرسین، ده‌سکه‌وتی شه‌ری ٨ ساڵه‌ی ئێران- عێراق چی بووه بۆ گه‌لانی ئێران، بێجگه له ماڵوێرانی و زیان و زه‌ره‌رێکی زۆری ماددی و مه‌عنه‌ویی و، به چ پێوانه‌یه‌ک خۆیان به سه‌رکه‌وتووی ئه‌و شه‌ڕه ده‌زانن؟ چونکه دوای تێپه‌ر بوونی٢٨ ساڵ به سه‌ر ئاگربه‌ستی ئه‌و شه‌ڕه هێشتاش ئاسه‌واری جه‌سته‌یی و ماددی و مه‌عنه‌وی لانیکه‌م به جه‌سته‌ی بریندارانی شاری سه‌رده‌شت‌دا ده‌بیندرێ و تێپه‌ر بوونی کات نه‌یتوانیوه و ناشتوانی ئه‌و برینه قووڵه سارێژ بکاته‌وه. ق: دوای روخانی سه‌دام حوسێن و هاتنه سه‌ر کاری حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیکی دیکه له عێراق دیسان ئه‌و هه‌له له ده‌ستی سه‌رده‌مدارانی کۆماری ئیسلامی‌دا هه‌بوو که له رێگای پیوه‌ندیی دیپلوماتیکی دوو لایه‌نه‌ی عێراق- ئێران، ئه‌و په‌روه‌نده زیندوو بکرێته‌وه و داوا له حکوومه‌تی عێراق بکرێ کە کرده‌وه‌ی بۆمبارانی شیمیایی سه‌رده‌شت کە بە فەرمانی سەرکۆماری پێشووی عیراق واتا سه‌دام حوسێنەوە ئەنجام دراوە مه‌حکووم بکا و لەهەمان حال دا ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌رکدار بکرێ به قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی زیانی بنەماڵەی شەهیدان و به‌رکه‌وتووه‌کانی چه‌کی شیمیایی، که هه‌تا ئێستا به هه‌موو ته‌راتێنه‌کانی ئێران له عێراق، ئه‌و په‌روه‌نده‌یه بێ‌ده‌نگی لێ‌کراوه. بەڵام ئەگەر لەو حاڵەتەدا دەوڵەتی عێراق وەڵامی داخوازیی دەوڵەتی ئێرانی نەدابایەوە ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌یتوانی له‌و مافه‌ی خۆی که‌ڵک وه‌ربگرێ که ده‌عوای قه‌زایی له دیوانی دادگوستری نیونه‌ته‌وه‌یی به دژی عێراق تۆمار بکا و وه‌ک په‌روه‌نده‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بیدا به دادگا و داوای مه‌حکوومییه‌تی عێراق و قه‌ره‌بووه‌کردنه‌وه‌ی زیان لێ‌که‌وتووه‌کان بکا و ئه‌وه مافی هه‌ر ده‌وڵه‌تێکه که جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانی واژۆ کردوه و بۆته ئه‌ندام له‌و رێکخراوه جیهانی‌یه‌دا و، به پێی ماده‌ی ٩٣ جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئه‌ندامی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانن به شێوه‌ی راسته‌وخۆ پێڕه‌وی دیوانی دادگوستری نێونه‌ته‌وه‌ییان قبووڵ کردوه، هەر بۆیە له‌و دیوانه‌دا مافیان هه‌یه شکایه‌ت راده‌ستی دادگا بکه‌ن و هه‌م دادگا مافی هه‌یه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بانگهێشتن بکا بۆ وڵام‌دانه‌وه‌ی ئه‌و سکاڵایه‌ی لێیان کراوه. به‌ڵام ده‌بینین ئێران په‌روه‌نده‌ی شیمیایی بارانی سه‌رده‌شت که له چه‌شنی خۆی‌دا کاره‌ساتێکی مرۆییه و یه‌که‌م شاره له مێژووی شه‌ڕه‌کاندا وه‌به‌ر چه‌کی شیمیایی ده‌که‌وێ و به شێوه‌یه‌کی به‌ربه‌رین خه‌ساره‌تی ئینسانی لێ ده‌که‌ویته‌وه که هه‌تا ئێستاش ئاسه‌واری دیاره، ده‌وڵه‌تی ئێران به هه‌ر هۆکارێک بێ خۆی له‌و بابه‌ته بواردووه و ئه‌وه له حاڵێک دایه که نزیک به ساڵێک دواتر له بۆمباران شیمیایی سه‌رده‌شت فرۆکه‌یه‌کی مه‌ده‌نی له سه‌ر ئاوه‌کانی که‌نداوی فارس به هۆی ته‌قه‌ی ناوگانێکی جه‌نگی ئه‌مریکا که‌وته خوارێ و ده‌م‌و‌ده‌ست ئێران ئه‌و په‌روه‌نده‌یه‌ی برده دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی و شکایه‌تی له ئه‌مریکا کرد و له ئاکام دا ئه‌مریکا مه‌جبور بوو قه‌ره‌بووی کوژراوه‌کان بکاته‌وه. لێره‌دا ئه‌و ئاکامه وه‌رده‌گرین که ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی به ئه‌نقه‌ست و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خۆی له عێراق، نە راستەوخۆ داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە و نە په‌روه‌نده‌ی شیمیایی بارانی سه‌رده‌شتی بردۆته به‌رده‌م دیوان دادگوستری نێونه‌ته‌وه‌یی، بۆ ئەوی ئه‌و کاره‌ساته به جینایه‌تی جه‌نگی بناسێندرێ و لەو رێگه‌یەوە قه‌ره‌بووی زیان وێکه‌وتووان و بریندارانی شاری سه‌رده‌شت بکرێتەوە. له کوتایی‌دا هه‌رچه‌ند ده‌وڵه‌تی عێراق تاوانباری سه‌ره‌کیی بۆمبارانی شیمیایی سه‌رده‌شته به‌ڵام که‌مته‌رخه‌میی و پشت گوێ خستنی ئه‌و په‌روه‌نده‌یه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه به قه‌ت تاوانه‌که‌ی سه‌دام حوسێن قورسە، چونکه چ پێش رووداوه‌که و چ دوای رووداوه‌که وه‌ک ده‌وڵه‌ت به‌رپرسایه‌تیی خۆی له به‌رامبه‌ر هاونیشتمانیان دا به‌رێوه نه‌بردوه ، واتا نه‌یتوانیوە له ئاگری شه‌ر بیانپارێزێ و له دوای روودانی کاره‌ساته‌که‌ش، وه‌ک رووداوێکی ئاسایی مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ کردووه وەک دەوڵەتێکی بەرپرس بەهانای خەلکی سەردەشتەوە نەچووە.
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه