سەردەشت؛ زامی شارێ کە زەمان ساڕێژی نەکرد
ژمارەی پێشووی “کوردستان” لە کاتی خۆ ئامادەکردنەکان بۆ رێزگرتن لە یادی قوربانیانی شیمیایی بارانی شاری سەردەشتدا بڵاو کرایەوە. شارێک کە بە دڵنیاییەوە بە هۆی کوردستانی بوونی، بوو بە قوربانیی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق. رۆژی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی فڕۆکە شەڕکەرەکانی رێژیمی بەعسی رووخاو ٤ شوێنی ئەم شارەیان بە شیمیایی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا نزیک به ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی بێ دیفاعی شارەکە گیانیان لە دەست دا. هاوکات سەدان کەس لە ژن و مناڵ و پیر و لاو بریندار بوون. ئاسەواری ئەم قڕ کردنە دوای ٢٩ ساڵ هێشتا ساڕێژ نەبۆتەوە و بە سەر ژیان و جەستە و هەناسەی خەڵکەکەدا ماوەتەوە. یادکردنەوەی ئەم تاوانە دڵتەزێنە ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو لە لایەن دانیشتوانی شار بە تایبەت قوربانیان و بنەماڵەی قوربانیان کرایەوە بۆ ئەوەی دەنگی نووساوی خۆیان بە گوێی کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان بگەیەنن. کۆماری ئیسلامی لە هێندێک بانگەشە بۆ دانی حەقانییەت بە خۆی لە شەڕی ماڵوێرانکەری لە گەڵ رێژیمی بەعس بترازێ، کەمترین هەوڵی بۆ سارێژ کردنەوەی برینەکانی ئەم شار داوە. تا ئاستێک کە عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیس لە پەیامێکدا کە بەم بۆنەوە بڵاوی کردەوە، تەنانەت رۆژی رووداوەکەشی بە هەڵە نووسیبوو.
رەشتر لە بان رەش
راست لەو رۆژەدا کە خەڵکی سەردەشت و ناوچەکە بە بۆنەی ساڵرۆژی شیمیابارانی شارەکەیان ماتەمیان دەگێڕا، دوو لاوی ئەو شارە کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانیان لێ ئەستێندرا. کوژرانی ئەوان درێژەی ئەو کوشتارە بوو کە ساڵانێکە چەکدارانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کاسبکارانی سەر سنوور گرتویانەتە بەر. هەر لە درێژەی ئەم رەوتی کوشتارەی کاسبکارانی کورددا و رۆژێک بەر لەو ئەنجامدانی ئەم تاوانە لە گوێزڵێی سەردەشت، دوو خاتوونی کورد لە ناوچەی بانە کەوتبوونە بەر دەسڕێژی چەکدارانی رێژیم و گیانیان لێ ئەستێندرا بوو. بەوەش شاری تازیەباری ساڵوەگەڕی قەڵاچۆ و قڕکردن، خەمی لێ بوو بە دوو خەم و رەشتری لە بان رەش پۆشی.
بەرخودانی خەڵکی خاوەندار
کوژرانی دوو کاسبکار لە ناوچەی سەردەشت ئەمجارە بۆ کۆماری ئیسلامی و هێزە چەکدارەکانی بە خۆڕایی تەواو نەبوو. پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دوای کوشتنی دوو لاوی خەڵکی گوندی گوێزڵێ، دەستیان بە ئازار و گرتن و دەرکردنی دانیشتوانی گوندەکە کرد. لە بەرامبەردا خەڵکی ئاوایی لێیان وەدەست هاتن و چەکدارانی رێژیمیان ڕاو نا و ژمارەیەکی لێ بریندار کردن. ئەم بەرخودان و بەرگریە لە ئاوایی بێورانی سەردەشتیش دووپات بۆوە و دوای ئەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی پۆلێکی دیکە لە کاسبکارانیان دایە بەر دەسرێژ و دەستیان بە سەر کەلوپەلەکانیان داگرت، خەڵکی ئاوایی هەڵیانکوتایە سەر پایگای کێلێ و وێڕای لێدان و کوتانی هێزە سەرکوتکەرەکان، بارە دەستبەسەرداگیراوەکانیشیان ئەستاندەوە.
شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەی دێموکرات
لە درێژەی حزووری نیزامیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لە ناوچەی مەریوان کەوتنە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی. لە بەرگرییەکی ئازایانەدا و لە شەڕێکی نابەرامبەری چەند رۆژەدا بە داخەوە پۆلێک پێشمەرگەی کوردستان شەهید بوون. هەر لەو شەڕەدا ژمارەیەک لە چەکدارانی رێژیمیش کوژران و بریندار بوون. تۆپخانەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیش جارێکی دیکە بەو بیانوویە چیا و بەندەنەکانی کوردستانیان دایەوە بەر رەهێڵەی تۆپەکانیان و بە سوتاندنی لێڕەوار و مووچە و مەزرای خەڵک، زیان و خەسارێکی زۆریان لە دانیشتوانی ناوچەکە و لە سامانی گشتیی کوردستان دا. هاوکات کۆماری ئیسلامی زۆر دوورتر لە مەریوان و لە سنووری پیرانشاریش چیاکانی کوردستانی دایە بەر رەهێڵەی تۆپ و لە ئەنجامدا چەند کەس لە مناڵ و خەڵکی بێدیفاعی کوردستان بریندار بوون و خەساری زۆری بە هاووڵاتیان و بە سروشتی کوردستان گەیاند.
ژینگەپارێزان؛ پارێزەرانی نیشتمان
ئەگەر لە مەریوان تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی رووبەرێکی بەرینیان لە چیا کۆساڵان ئاگر دا، ئەوە لێڕەوارەکانی مانێشتی ئیلام و مووچە و مەزرای شائابادی رۆژئاوا بێ تۆپخانەش ئاگر دران. بە هاتنەوەی وەرزی گەرما، جارێکی دیکە رەوتی سوتان و سوتاندنی لێڕەوار و چیاکانی کوردستان دەستی پێ کردەوە. لایەنە بەرپرسیارەکانی کۆماری ئیسلامی نەک هەوڵێکی شێلگیرانە بۆ بەرگری و کوژاندنەوەی سووتانی سروشتی کوردستان نادەن بەڵکو لە چاوی خەڵکی کوردستاندا ناوەندە ئەمنیەتی و چەکداریەکان بکەر و هۆکاری سەرەکیی ئەو سوتمانەن و ئەوەش بە بەشێک لە سیاسەتی دوژمنایەتیی رێژیم لە گەڵ کوردستان سەیر دەکرێ. لە نەبوونی دەسەڵاتێکی دڵسۆز بۆ پاراستنی سروشت و سامانی گشتیی کوردستانیشدا، رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی ئەمساڵیش بە کەمترین کەلوپەلی پێویست، هەر لە مانیشت و هانیوانەوە تا باکووریترین ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان و پاراستنی نیشتمانەکەیانن.
مانگرتن هەروا چەکی بەرەنگاری لە زیندان
لە دووی حەوتووی رابردوودا رەوتی گیران و دەستبەسەرکرانی چالاکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەروا درێژەی هەبوو. لەو ماوەیەدا بە تایبەتی گوشار بۆ سەر چالاکانی کرێکاری چڕ بۆتەوە ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرخودان لە زیندانەکاندا هەر وا درێژەی هەیە. بە دوای مانگرتنی زیاتر لە یەک مانگی محەممەد سەدیق کەبوودوەند، جەعفەر عەزیم زادە، سەرۆکی یەکێتیی ئازادی کرێکارانیش دوای نیزیک بە دوو مانگ مانگرتن، دەسەڵاتی ناچار بە پاشەکشە کرد. دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی بەڵێنیی بەجێگەیاندنی خواستە ئینسانیەکانی بە ناوبراو دا و مۆڵەتی دا تا دیواری زیندان بۆ ماوەیەکی نادیار بە جێ بێڵێ. هەر لەم پێوەندیەدا محەممەد عەبدوڵڵاهی یەکێکی دیکە لە بەندکراوانی سیاسیی کوردیش دوای پتر لە یەک مانگ مانگرتن دژ بە سەپاندنی حوکمی ناڕەوای ئیعدام بە سەریدا، لە سەر بەڵێنی کاربەدەستان بۆ بەجێگەیاندنی داواکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه