یەکەم خەونی مرۆڤ سەرکەوتن بەسەر ئەو دیاردە سرووشتییانەدا بوو، کە بۆ ماوەیەکی نادیار ئەو گیانلەبەرە ئاوزمەندەیان دە قوژبنی ئەشکەوتان خزاند. مرۆڤ بە تێپەڕینی کات و دەستخستنی ئەزموون و داهێنان، نەک ترسی لەو دیاردە سامناکانە رەوییەوە، بەڵکوو زۆر جار بە ئاقاری بەرژەوەندی خۆی کەڵکیشی لێوەرگرتن و بەسەریاندا سوار بوو. بەڵام ئەو چیرۆکە بەوەندە کۆتایی نەهات، دەگەڵ هەڵچوونی هێز و توانای مرۆڤ، دەسکاری باری سرووشتی گۆی زەوی و پێشڤەچوونی تێکنۆلۆژی مرۆڤ خەریکە ژیان لەسەر ئەو گۆخۆڵینە لە خۆی و بوونەوەرانی دیکە ناخۆشیش دەکا. بەرژەوەندیخوازی و رەچاونەکردنی تێکنەدانی هاوسەنگی توخم و بار و رەوتی ئاسایی دیاردە سرووشتییەکان هەنووکە گەورەترین کێشەی بۆ بوونەوەرانی سەر گۆی زەوی ناوەتەوە. دیاردەی نەخوازراوی گەرم داهاتنی زەوی، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان، وشکەساڵی، رووتانەوەی دەشت و چیا و لێڕەوارەکان، کەمبوونەوەی بارین، وشکبوونی کانی و چەم و رووباران، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و …. دەیان ئارێشەی دیکە لە سۆنگەی بەرژەوەندیخوازیی زێدەی مرۆڤەوە خەریکە ژیان تاڵ دەکەن. لە کوردستانی پارچە پارچەکراو، کە تا هەنووکەش داگیرکەران بە چاوی دوژمنایەتییەوە سەیری خاک و دانیشتوانی دەکەن، سەرچاوە و وزە و پوتانسیەلی ئەو نیشتمانە قەت لە بەرژەوەندی گەلدا کەڵکی لێوەرنەگیراوە و، تەنانەت هەمیشە دەوڵەتە داسەپاوەکان لە رێگەی جۆراوجۆرە هەوڵی کاولکردن و تێکدانی هەموو بوارەکانی ژیانیان لەو کەوشەنە داوە، چ بگا بە جێی ئەوەی بیر لە ئاوەدانکردنەوەی بکرێ، هەر بۆیە کە رووداوێکی سرووشتی یەخەی ژیان دەگرێ، دانیشتووانی کوردستان تووشی زیاترین ئارێشە دەبنەوە. مەبەست لەو چەند دێرە ئاوڕدانەوەیەکە لە ژیانی ژێر تارماییەکانی تەپ و تۆز و خۆڵبارینی هاوینانەی کوردستان و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان، کە وەک هەمیشە دەگەڵ کێشە و ئارێشەکان بەتەنێ دەمێنێتەوە و، کە کار دەگاتە کوردستان بەرپرسان و دەسەڵاتداران هۆکار و بیانووی خەرفاوانە دەهێننەوە.
بەدواداچوون و دیاری کردنی سەرچاوەی ئەو خۆڵ و تەپ و تۆزەی روو لە کوردستان دەکەن، خۆی پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بەرینە، هەتا رێگەی چارەسەرەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە. هەروەها وازهێنانی هەندێک دەوڵەتی ناوچەکە کە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی رووبارە گەورەکان، کە بوونەتە هۆی وشكهەڵاتن و برینگانەوەی ناوچەیەکی پان و بەرین لە خوارووی ئێراق، لە بەرژەوەندییەکانیان چیرۆکێکی دیکەیە. روون و ئاشکرایە خۆڵبارین ساڵانە زیانێکی زۆری بۆ لەشساغی، ژینگە و رێگەوبان، بەروبوومی کشتوکاڵی و گیانلەبەران، باڵندە و بەگشتی هەوای شار و ناوچەکان و سەرلەبەری ژیان هەیە. کەواتە تەنانەت قسەکردن لەسەر ئەو پەتایانەی خۆڵبارین تووشی خەڵکی دەکەن خۆماندووکردنە، بەڵکوو ئەگەر دەزانین گەلەکۆمەکی وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی باری ئاڵۆزی سیاسی رۆژهەڵاتی ناڤین لەوانەیە ئەستەم و دوورەدەست بێ، بەڵام ئایا پرسیار ئەوە نیە، خودی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی چەند و چۆن بەرەنگاریی ئەو دیاردەیە بووەتەوە، یان ئەوەی تا چەند لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە کاولکردنی ژینگەی کوردستان و، پشتگوێخستنی بواری خزمەتگوزاری و پێڕاگەیشتن لەو بوارەدا کەمتەرخەم بووە؟
ئایا کۆماری ئیسلامی کە خۆی قەت لە خەمی ژینگەی کوردستاندا نەبووە، تەگەرە و لەمپەڕیشی بۆ ئەو خەڵک و دامەزراوە خۆجییانە ساز نەکردوە، کە خەمێک لە ژینگە و بەتایبەت دار و دارستانی وڵات دەخۆن؟ یاخود سەرەڕای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵکی ناوچەکە دەستی لە بەنداو هەڵبەستنی زێدەڕۆیانە و بەڕێکردنی ئاوی سەرچاوەکانی کوردستان بەرەو شارەکانی دیکەی ئێران هەڵگرتووە؟ ئایا زنجیرە شاخانی زاگروس بە شینایی و دار و دارستانییەوە کە دەتوانێ وەک دیوارێک بەر بە دیاردەی لەم شێوەیە بگرێ یان زیانەکانی کەم بکاتەوە، دەسەڵات چەندی خەم لێ خواردوە؟ یان ئەوەی بەردەوام بەهۆی دەستوپێوەندەکانی حکوومەت خەریکە ئاگر دەدرێ، پاشانیش چ خەمێکی لە چیا و کێوە سووتاوەکان خواردوە؟ یان تەنانەت بۆ کووژاندنەوەی ئاگریش هەمیشە شایەتی کەمتەرخەمی نەبوووین، تەنانەت زۆر جار گرفت بۆ ئهو لایەنانە دروست نەکراوە کە دڵسۆزانە بە خەمی ژینگەوە بوون؟ ساڵانە ئەو هەواڵە دڵتەزێنانە چەندین و چەندین جار دەبن بە تیتری هەواڵی رۆژنامە و هەواڵدەرییەکان. ساڵانە چەند لە رووبەری کوردستان نەمامی تێدا دەنێژرێ؟ یان چەند کارگە و یەکەی بەرهەمهێنەری زیانبەخش وریادەکرێنەوە بۆ ستاندارکردنی کار و چالاکییان؟ ئایا شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵات بەگوێرەی پێویست دوکتور و دەرمان و ئامێر و ئامرازی پزیشکی پێشکەوتوو و شوێنی پێڕاگەیشتنیان بۆ دابینە؟ لە حاڵێکدا شەپۆلی خۆڵبارین هەڵگری چەندین باکتری و نەخۆشی گیرۆیی (واگیردار)ن. ئایا حکوومەت ساڵانە هیچ پلان و ئامادەکارییەکی هەیە بۆ دیاردە سرووشتییەکان، بەتایبەت دیاردەی خۆڵبارین کە پێشتر لە وڵاتانی دەورووبەرەوە هەڵیدەکا و پاشان دەگاتە ئێران؟ ئایا هیچ وشیارکردنەوەی پێشوەختە هەیە، تا هاووڵاتییان خۆیانی بۆ ئامادە بکەن؟ یان هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەک لەم بارەیەوە بۆ ئەو ناوچانە دەکرێ کە شەپۆلەکانی خۆڵبارین دەیانگرێتەوە؟ شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەگوێرەی ستاندارد خاوەن سەوزایی و شینکایی هەن. یان هەموو کات ئەو دیاردەیە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە کارەسات و مردنی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە و بەهۆی نەبوونی هیچ رێکار و بەرەنگارییەکی تۆکمە پشووی دانیشتووانی سوار کردوە. بەڵێ نەبوونی هیچ بەرنامە و پلانێک بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو دیاردەیە، ساڵانە بۆ چەندین رۆژ ژیانی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان قەیراناوی دەکا و، سەرەڕای دەنگ هەڵبڕینی نوێنەرانی شارە کوردییەکانیش، هێشتا دەوڵەت هیچ بوودجەیەکی بۆ بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەو دیاردەیە نەگرتۆتەبەر. ئەوە جگە لە مەترسی وشک بوونی گۆلی ورمێ، کە ئەویش بەهۆی سیاسەتی لێ نەزانانە و هەڵبەستنی بەنداو و گرتنەوەی ئاوی ئەو رووبارانەی دەڕژێنە ئەو گۆلەوە، لەوپەڕی خۆی دایە و ئەگەر بێتوو گۆلی ورمێ بەرپرسیارانە ئاوڕی لێ نەدرێتەوە کارەساتێکی بەرینتری بۆ خەڵکی ئێران و کوردستان بە دواوەیە. کۆماری ئیسلامی و بەرپرسان دیسانیش شەکریان شکاند و دوایین هەڵوێستی بەرپرسێکی دەوڵەت بوونی داعش و وڵاتانی وەک عەرەبستان و تورکیە بە هۆکار دەزانێ، وەک هەمیشە پلانی (طرح توطئە). ئەوە لە کاتێکدایە سپای پاسداران هەنووکە خەریکە بە تۆپبارانی چیاکان بە تەواوی ئەو بەرزاییانە دەرووتێنێتەوە و ئەو لەمپەڕە سرووشتییەش لەبەر شەپۆلی خۆڵبارین ناهێڵێ.
*رەوتی ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە گرینگەکانی لە ئێران دا *بەشی دوویەم
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه