که به مه‌به‌ستی ئاوڕدانه‌وه له ڕابردوو زه‌ویی زه‌مان وه‌رد ده‌ده‌مه‌وه، تووشی گه‌لێک به‌ڵگه‌ی باییدار ده‌بم که نووکی گاسنی زهویکێڵم له‌نێو دڵی گه‌رمی خاک وهدیاریان ده‌خا. ئه‌و ده‌مه‌ی بیری ئالۆزم به شه‌ماڵ ده‌سپێرم هه‌تا سووڕی پێ بدا و ده‌گه‌ڵ گه‌ڕی زه‌مان ئاشنای بکا، له هه‌ر که‌لێن و قوژبنێکا تووشی ناوێکی ئاشنا ده‌بم و یادێکی شیرینم بۆ زیندوو ده‌بێته‌وه. هه‌رکات نووکی قه‌ڵه‌م له سه‌ر سینگی سپیی کاغه‌ز داده‌گرم و به نیازی تۆمار کردنی مێژوو وه‌گه‌ڕی ده‌خه‌م، سه‌دان ناوی ناودار خۆیان ده‌خزێننه نێو په‌رده‌کانی مێشکم و سه‌رم لێ تێکه‌ڵ ده‌که‌ن که له چی‌ڕا ده‌ست پێبکه‌م و چۆنی درێژه بده‌م. ئه‌و ده‌مه‌ی بۆ دۆزینه‌وه‌ی دروستکه‌رانی مێژوو چاو له سه‌ریه‌ک داده‌نێم و ده‌گه‌ڵ خه‌یاڵی خه‌واڵووم سرته‌ی ده‌که‌م، هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه و، له سه‌نگه‌ری خه‌بات وه‌دیار ده‌که‌وێ و قامک بۆ هاوسه‌نگه‌ری ته‌نیشت خۆی درێژ ده‌کا. له درێژه‌ی گه‌شتی خهیاڵاوییم به‌نێو ده‌ریای بێ بنی خهباتاکارانی رێی ئازادی‌دا،ئه‌وه‌نده ناوی پیرۆز له نێو خانه‌کانی مێشکمدا جێده‌گرن که مه‌جالی ده‌ست پێکردنی به‌په‌له‌م لێده‌بڕن. هه‌ر چۆنێک بێ خۆم ده‌گرمه‌وه و بڕیار ده‌ده‌م گه‌شتی خه‌یاڵ تێکه‌ڵاوی دنیای زیندوو بکه‌م و به نیشاندانی تابڵۆی ڕه‌نگاوره‌نگ،”مێژووی زیندوو” بۆ ئه‌ویندارانی بگێڕمه‌وه. له‌و سه‌فه‌ره‌دا چه‌ند سه‌ر ده‌که‌وم و ده‌سکه‌وتی خۆماندوو کردنم چی ده‌بێ، داهاتوو ده‌زانێ.
به‌شداری ئه‌مجاره‌ی تابڵۆی مێژووی زیندوو، که‌سێکی ناسراوی نێو مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشه‌رێکی به‌رده‌وامی رێگای ئازادیی کورده. ئه‌و، له بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌دا چاوی کردۆته‌وه، له سه‌نگه‌ری پیشمه‌رگایه‌تیدا حه‌ماسه‌ی خوڵقاندووه و له کاری به‌رده‌وامدا ئاره‌قه‌ی ڕشتوه.
ڕۆژ و کاتی دیاری کراو سواری ماشێن ده‌بم و ته‌نیا چه‌ند شه‌قامێک ئه‌ولاتر له‌به‌ر ده‌رگای ماڵی پێشمه‌رگه‌ی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان داده‌به‌زم. هێشتا له ده‌رگام نه‌داوه بنه‌ماڵه‌ی تێکۆشه‌ر “حوسین پیروان” بۆ به‌خێرهێنان به‌ره‌وڕووم دێن و هه‌روه‌ک نه‌ریتی خۆیانه، به‌ڕیز ڕاده‌وه‌ستن و یه‌ک به‌دوای یه‌کدا تۆقه‌م ده‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنم پێده‌ڵێن. من دەپرسم و کاک حوسێن وەڵام دەداتەوە. ئەم داستانە زۆر کەلێن و قوژبنان دەکا کە کورتەیەکی لێرەیە:
“به‌ڕاستی بۆخۆشم نازانم که‌ی له‌دایک بووم. دایکم ته‌نیا ده‌زانێ به‌فر له گۆڕیدا بووه که من هاتوومه‌ته دنیا. نازانم که‌ی سجیلیان بۆ وه‌رگرتووم، به‌ڵام وێده‌چی ته‌مه‌نی ئه‌سڵیی من نیشان نه‌دا. به‌و ناونیشانانه‌ی بابم باسیان ده‌کا ساڵی ١٣٣٦ی هه‌تاوی له دایک بووم که وێده‌چێ راست بێ”. ئه‌وه گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ری پێشووی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له باره‌ی رێکه‌وتی له‌دایکبوونیه‌تی. له گوندی دڵڕفێنی “بێشاسپ”ی سه‌رده‌شت له بنه‌ماڵه‌یکی جووتیار و زه‌حمه‌تکێش چاوی به دنیا هه‌ڵێناوه و دواتر به حوکمی ئاغای دێ ده‌ر کراون و خۆیان له ئاوایی “بناوێ” گرتۆتەوە. له بناوێ رووی کردۆته قوتابخانه و دەگەڵ وشە و پیتەکان ئاشنا بوه. هه‌ر له کاتی خوێندنی سه‌ره‌تاییدا رێبه‌ریی هاندانی قوتابیان بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له مامۆستاکهیانی وه‌ئه‌ستۆ گرتوه که بووه‌ته هۆی ده‌رکرانی له قوتابخانه‌ی گونده‌که‌یان. له درێژه‌ی خوێندندا له شاری سه‌رده‌شت گیرساوه‌ته‌وه و ده‌ورانی دواناوه‌ندیی ته‌واو کردوه.
حوسێن هێشتا منداڵه که باوکی تێکه‌ڵی خه‌باتکارانی رێگای ئازادی ده‌بێ و بۆ گه‌یشتنی کورد به ئازادی، دووری له ماڵ و منداڵ و که‌س و کار ته‌حه‌مول ده‌کا.له‌و ده‌ورانه‌دایه که مێشکی حوسێن به بیری کوردایه‌تی گۆش ده‌کرێ و به‌ره‌به‌ره لێی حاڵی ده‌بێ سه‌ر به چ نه‌ته‌وه و زمانێکه. هاتوچۆی به‌رده‌وامی خه‌باتکارانی ساڵه‌کانی ٤٦-٤٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، به تایبه‌ت مه‌لا ئاواره‌ی نه‌مر بۆ ماڵی کاک حوسێن ریزه پرسیارێک بۆ حوسێنی تازه لاو ده‌خولقینێ و بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ش پێی خۆشه چاوی به باوکی بکه‌وێ. له گه‌ڕان به دوای باوکی دا وێڕای دیتنی چه‌رمه‌سه‌ریی زۆر و بڕینی رێگایه‌کی پڕ له مه‌ترسی و په‌ڕینه‌وه له سنووری ده‌ستکرد، دڵی خۆشه: “پێم خۆش بوو بابم یان خودکارێکم به دیاریی بداتێ یان کۆت و شاڵوارێکم بۆ بکڕێ که پێوەی بچمه مه‌دره‌سه. دوای دیتنی بابم و ده‌ست نه‌که‌وتنی خودکار و کۆت و شاڵوار، بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌وانه خۆ وه‌دوای کاسبی نه‌که‌وتوون و ته‌نانه‌ت بۆ خۆشیان خه‌ڵک ده‌بێ ده‌ستیان بگرێ”. دواتر مەجالی دیداری باوک له‌زیندانه‌کانی ریژیمی په‌هله‌وی دا بۆ حوسێن دەڕهخسێ که ئه‌وه بۆ وی هه‌م خۆش و هه‌م ناخۆش بوو.
ساڵانێک دواتر حوسێن خۆشی ئاوێتەی کاری شۆڕشگێڕی دەبێ و رێگای باوکی درێژە دەدا: “سه‌ره‌تا له‌شاری سه‌رده‌شت له یه‌کیه‌تیی لاوانڕا ده‌ستم پێ‌کرد و دواتر که ده‌وره‌ی مامۆستایه‌تیی شۆڕش داندرا به‌شدار بووم و دوای ته‌واو کردنی ده‌وره بووم به‌مامۆستای شۆڕش هه‌ر له گونده‌که‌ی خۆمان”. مانه‌وه له ریزی مامۆستایان‌دا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، گه‌لێک ئه‌زموون ده‌دا بهحوسێنی ئۆگری فیربوون کە بۆ درێژه‌ی خه‌بات هه‌تا گه‌یشتن به ئاواته‌کانی تهیارتری ده‌کا. دواتر ده‌بێته کادری ده‌رمانی و له‌و ئه‌رکه‌یدا بۆ ساڕ‌ێژ کردنی برینی هاوسه‌نگه‌رانی له جه‌نگه‌ی خه‌باتدا له هیچ کۆششێک دریغێ ناکا. ئینجا هاوکات وه‌ک کادری سیاسیی لک و فیلم هه‌ڵگری هێزی شه‌هید موعینی درێژه به خزمه‌ت ده‌دا. وه‌ده‌ست هێنانی ئه‌زموونی زیاتر له شه‌ڕی پارتیزانیدا و خۆ ته‌یار کردن به‌چه‌کی زانیاری، حوسێنی بۆ وه‌رگرتنی فه‌رمانده‌ریی لک ئاماده کرد.
درێژه‌ی خه‌بات و به‌رخۆدانی تێکۆشه‌ر حوسێن په‌یره‌وان له ریزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا ئه‌وی بۆ وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تیی دیکه ئاماده کرد و هه‌ر بۆیه‌ش دواتر فه‌رمانده‌ریی هێزی گیاڕەنگ، هێزی زاگرۆس، کادری سیاسی له “شیمالی کوردستان”، فه‌رمانده‌ریی هێزی کێله‌شین له شنۆ، کادری کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی و سه‌رئه‌نجام دیسان فه‌رمانده‌ریی هیزی گیاڕه‌نگ له سه‌رده‌شتی پێ ده‌سپیردرێ.
ئه‌زموونه‌کانی کاک حوسێن په‌یره‌وان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن که پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر رێز له هاوسه‌نگه‌ر و له خوشک و براکانی له شار و گونده‌کانی کوردستان بگرێ و له درێژه‌ی خه‌باتدا حیسابی تایبه‌تیان له سه‌ر بکا،هه‌م ده‌توانێ ئومێدی سه‌رکه‌وتن به سه‌ر دوژمن‌دا زیاتر بکا و هه‌م چوارچێوه‌یه‌کی گه‌رم و گوڕی پێکه‌وه‌ژیان دابین بکا.ئه‌و ده‌ڵێ: “له هه‌موو ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیم دا قه‌ت جارێک هه‌ڵنه‌که‌وتوه بێ حورمه‌تی به‌خه‌ڵک بکه‌م یان ده‌ستیان لێ هه‌ڵێنمه‌وه. له به‌رده‌وامیی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌دا خه‌ڵک جێگایه‌کی گرینگ‌یان هه‌یه و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌زانێ چۆن له‌و چه‌که که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، تووشی ته‌ریک بوونه‌وه ده‌بێ.پێشمه‌رگه هه‌ر چه‌ند ئازا و جه‌سوور بێ، فه‌رمانده چه‌ندی به‌رنامه داڕێژ و مودیر بێ، به بێ پشتیوانیی خه‌ڵک کارێکی بۆ ناچێته پێش.”
کاتێک داوا له کاک حوسه‌ین ده‌که‌م چه‌ند بیره‌وه‌ریی خۆشی ده‌ورانی پێشمه‌رگایه‌تی بگێڕێته‌وه، خێرا خۆی ئاماده ده‌کا وبه بزه‌وه شه‌رحی به‌سه‌رهاته خۆشه‌کانی خۆی و هاوسه‌نگه‌رانی ده‌کا. ئینجا لێی ده‌پرسم ئه‌گه‌ر باسی ناخۆشی بۆ گێرانه‌وه هه‌بێ. که‌مێک مات ده‌بێ، ده‌چێ ده‌بیرێکی قووڵه‌وه و هه‌ر وه‌ک ئه‌وه که له هێنانه گۆڕی ئه‌و پرسیاره دا من به‌خه‌تابار بزانێ، هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌کێشێ و ده‌ڵێ: “به‌ڕاستی کاک هه‌یاس نازانم باسی چیت بۆ بکه‌م. من ده‌گه‌ڵ هه‌ر له‌شێکی سارده‌وه‌بوو جارێک مردووم و به بریندار بوونی هه‌ر هاوسهنگهرێکم جه‌رگم وه‌ژان هاتوه. ده‌یان جار شاهیدی په‌ڕپه‌ڕ بوونی گوڵی هیوای تێکۆشه‌ران بووم و گه‌لێک جار ئه‌ژنۆی خه‌فه‌تم بۆ ئاوابوونی ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش له باوه‌ش گرتوه…”. به‌رەبه‌ره ئه‌سرین به‌سه‌ر گۆناکانی دا دێنه خوار و ئیتر توانای درێژه دان به‌و باسه‌ی نامێنێ. که‌مێک سه‌بر ده‌گرم و حه‌سانه‌وه‌یه‌ک ڕاده‌گه‌یه‌نم. دواتر ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه و باسی چۆنیه‌تیی شه‌هید بوونی محه‌ممه‌د پهردهدارم بۆ ده‌گێڕێته‌وه که جارێکی دیکه‌ش بوغز له ره‌وانیی قسه‌کردنی که‌م ده‌کاته‌وه.
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه