سیستمی سیاسی ئێران پاش هاتنەسەرکاری حەسەنی رووحانی زیاترین گەنگەشە و کەلێنی دەباڵ خۆدا، بەخۆوە بینیوە. رکەبەریی لایەنەکانی دەسەڵاتبەدەستی کۆماری ئیسلامی بە چەشنێک قووڵ بۆتەوە کە خامنەیی و رووحانی کە ئیدیعای بان بەرەیی (فراجناحی) بوون دەکەن لەسەر زۆربەی پرس و کێشەکان لێدوانی دژبەیەکیان داوە و کەلێنی قووڵی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی پاوانخوازیی دەسەڵاتیان لە ئێران بە چەشنێک دەرخستوە کە بەکردەوە هێزی حکوومەتدار بە سەر دوو جەمسەردا دابەش بووە.
خامنەیی ماوەیەکە گفت و لفتی زیاتر شێوەیەکی ئامۆژگاریکارانە و وەسێت شێوەی بەخۆوە گرتوە و حوکمی حکوومەتییەکانی راستەوخۆ دەرنابڕێ، هەتا گۆپاڵبەدەستانی سەر بەرەی ئوسولگەرا بتوانن لە قۆناخ و رەوشی جیاوازدا لێکدانەوەی شیاو و گونجاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیانی لێ هەڵبئێنجن، چونکی لە چەند لێدوان و چرا سەوزی دوایی خامنەییدا کە هێرش و داگیرکردنی باڵویزخانەکانی بریتانیا و ئەرەبستانی لێکەوتەوە، بەرەی بنئاژۆخوازی سیستمی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تووشی حەبەسان هات. هەروەها خامنەیی کە بەهۆی نەخۆشیی و بەساڵاچوویی ئەگەری مردنی لە هەر کات و ساتێکدا هەیە، دەیەوێ بەو چەشنە لێدوانە رێنوێنییکەرانە و دڵسۆزیی نوینانە، دوای مردنی پیرۆزییەت بە وتەکانی ببەخشێ هەتا سەرچاوەیەکی هەرمان بن بۆ ئەو رەوتەی خۆی هەوڵ دەدا بە سەر رەوتەکانی دیکەی بازنەی دەسەڵاتیدا بسەپێنێ.
یەکێک لەو مژارانەی ماوەیەکە بۆتە پرسی جێی شەڕەدندووکەی خامنەیی و رووحانی پرسی پەروەردە و خویندنی زمانی بێگانە و، بەگشتی چۆنێتی روانین لە زانکۆ و کۆنتڕۆڵی ئەو بەشە ئەکتیڤ و زیندووەی کۆمەڵگەیە، کە بە هەق دەبێ بوترێ ژینگەی زانکۆ و بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران، بە یەکێک لە پوتانسییەلە بەهێزەکانی کۆمەڵگەی ئێران سەیر دەکرێ وخاوەن مێژوو و بەرهەمی فیکریی سەرەتای سەدەی بیستەمە، هەر بۆیەشە سیستمی ویلایەتی فەقیهـ لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، لە ژێر ناو و بیانووی جۆراوجۆردا هەوڵی کاناڵیزەی زانکۆی بە بواری تئۆریک و پراکتیکەوە داوە.
شۆڕشی فەرهەنگی، کە راماڵینی کۆمەڵە مامۆستا و فێرکاری لێزان و هەروەها هەڵپاچ و داپاچی سەروگوێی چەند لکی زانستی زانکۆی گرتەوە، دەسپێکی کۆمەڵێک رووداو و گۆڕانکاریی بوون کە لە ژێر ناوی بە ئیسلامی کردنی زانکۆدا هاتە گۆڕێ و ئامانجی بە ئایدیۆلۆژیک کردن و کوشتنی زانکۆ لە بواری هزرییەوە بوو، کە دواتریش بە بیانووی لێک گرێدانی زانکۆی حەوزەی عیلمییە قوم ئەنجومەنێک پێکهات. چونکی بەر لەو گەمەیەی تاڵانبەرانی شؤڕش، زانکۆکان گرنگترین ناوەندی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بوون. فەرمانی خومەینی بۆ دەستەچن کردن و یەکدەستکردنی زانکۆکان توندوتیژی لێکەوتەوە و تەنانەت نزیک بە دوو ساڵ دەرکی زانکۆ گاڵە دران. هەموو ئەو هەوڵانەی سیستم بۆ پەسیڤ کردنی هێزی لاو و بەگوڕی زانکۆ و، پەروەردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوەیەکی گوێڕایەڵ و پابەند بە بنەما سەدە ناڤینییەکانی ویلایەتی فەقیهـ ئەنجام دران. تەنانەت دوای شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و ئێراقیش، هەموو ساڵێ بەشێکی زۆر لە قوتابییەکانی قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە ژێر ناوی «راهیان نور» دەنێردرێنە شوێن و ئەو شەڕگانەی هەزاران هەزاری کەسی لەپێناو هەناردەی شؤڕشدا تێیدا فەوتان و بەم چەشنە دەیانههوێ لە سەرەتای بیچم گرتنی کەسایەتی تاکەکان، بەریانی و سەمپاتی ئیدیۆلۆژیکی لە ناخدا بچێنن. ئەگەرچی ساڵ نەبووە لەم سۆنگەیەداو، لە رێگەی هاتووچۆدا بە هۆی خراپی کەرەسەی گواستتنەوە و رێگەبان چەندین منداڵ گیانیان لە دەست نەدەن.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەش رێبەرانی سیستم قەت دڵیان لە زانکۆ و سیستمی پەروەردە ئاوی نەخواردۆتەوە و، تەنانەت لە سەردەمی خاتەمیشدا کە هەنووکە ریفۆرمخوازان وەک سەردەمی زێڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناوی دەهێنن، رووداوەکانی «کوی دانشگاە» وەبیرهێنەرەوەی کارەساتگەلێکن تاڵ و بەئازار، کە بە هیچ جۆرێک قەرەبوو ناکرێنەوە. باندی رێبەری و رەوت و لایەنەکانی سەر بەو باندە، زۆر جاران بە بیانووی پڕوپووچ هێرشیان کردۆتە سەر شێوەی وانە وتنەوە و لکە زانستی و فیکرییەکانی زانکۆ و، تەنانەت خامنەیی لە چەند ساڵی رابردوودا بە بیانووی دژی ئیسلام بوون، داوای لابردن و دەسکاریی هەندێک بەشی زانستی و فەلسەفی و … زانکۆکان کرد و پێداگرانە چەند جار لە کۆڕوکۆبوونەوەکان دووپاتی کردەوە. دوایین لێدوانی خامنەیی لەسەر ئەوەی نابێ رێگە بدرێ زانکۆ ببێ بە شوێنی دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی ئیران و بەها و بایەخەکانی ئەو سیستمە، نیشاندەری شکستی هەموو پلان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نەزۆک کردنی زانکۆ و لەباربردنی بەرهەمی پەروەردەیە، هەرچەند لەسایەسەری ئەو حکوومەتەوە بە شێوەیەکی سەقەت و پاشڤەڕۆیانە و دوور لە ستانداردە نێونەتەوەییەکان بە خەڵکی ئێران دەگا. بەڵام زانکۆ و توێژی سەر بە زانکۆ نیشانی داوە سەرەڕای زەبروزەنگ و دەرکردن و هەڵاواردن و تەواوی هەوڵەکانی رێژیم، هێشتا ناوەندێکی گرنگی هزری کۆمەڵگەیە و، لە ناڕەزایەتی و رووداوە ساسیی و کۆمەلایەتی و رووناکبرییەکاندا نیشانی داوە لە هەناسەکێشان نەکەوتوە، هەر بۆیە ئێستاش گەورەترین دەسەڵاتبەدەستی ئێران بە شک و گومانەوە لێی دەڕوانێ. ئەگەرچی رەنگە ئەمە ئامۆژگاری و لێدوانانە بەشێک بن لە بڕگەکانی رقەبەرایەتی سیاسی نێوان دوو رەوتەکەی نێو دەسەڵات بێ، بەلام دیسانیش دەبێ بزانین هەرتک لایەن هەمیشە لە خووگەملێی خۆیاندا، ناوەندە ئەکتیڤ و جێگەی مەترسییەکانیان کردۆتە ئامانج و ویستوویانە بە بەردێک چەند کێلان بشکێنن. بەڵام ئایا حکومەتێک کە چەند دەیە نەیتوانیبێ بە دەرکردن و بێبەریی لە خوێندن و دەرپەڕاندنی هەزاران زانا و خوێندکار و قرتاندن و بەلاڕێدا بردنی مژارە زانستی و هزرییەکان خوێنی ئەو دامودەزگەیە لە گەڕان بخا؟، هەنووکەش بە دەرکردنی کەسانێکی دیکە لە ژێر ناوی پیلان و دزەی دوژمن، خەونی کەوی کردنی زانکۆ و ژینگەی پەروەردەیی وڵات ببینێ؟!
لە ژماره ٦٨٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه