«هه‌ورازی کووڕ پشتی شاخێکی به عومره
بۆ پێشمه‌رگه دانه‌ویوه…..» (شێرکۆ بێکەس)
قه‌ت ناتوانم به‌وشه‌یه‌ک، ڕسته‌یه‌ک، پاڕاگرافێک و ته‌نانه‌ت لاپه‌ڕه‌یه‌کیش مانای پێشمه‌رگه لێک بده‌مه‌وه. ڕه‌نگه باشترین و له‌ڕاستیدا ته‌نیا رێگا بۆ ئه‌وه‌ی بزانی پێشمه‌رگه کێیه، مانای چیه و چی ده‌وێ ئه‌وه‌یه که ده‌گه‌ڵ خودی پێشمه‌رگه بدوێی. قسه کردن ده‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه و شۆڕ بوونه‌وه به‌ناخی قووڵ و بێ بنی دا به‌شێک له‌ئاواته‌کانت وه‌دی دێنێ که‌تێگه‌یشتن له‌پێشمه‌رگه‌یه. پێشمه‌رگه‌ش هه‌تا پێشمه‌رگه فه‌رقی هه‌یه. ئه‌وه‌ی جێگای باسی ئه‌م نووسراوه‌یه «پیشمه‌رگه« له مانای ته‌واوی خۆی دایه.
من ده‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم که دروستکردنی مێژوو ته‌نیا بۆ خاوەندەسەڵات وده‌سترۆیشتووه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه. وەوپێش خستنی ناوی ئەوان له‌دروست کردنی مێژوو‌دا، زوڵمێکی مێژوویی له‌و هه‌موو ئینسانه تێکۆشه‌ره ده‌کرێ که قورسایی ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوویان له‌سه‌ر شانە. ئه‌گه‌ر دروست که‌رانی مێژووی ئاسایی وڵاتان ئینسانه ئاساییه‌کانن، پێکهێنه‌رانی مێژووی بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌کان ئه‌و ئینسانه بێ‌باک و له‌خۆبوردوویانه‌ن که ده‌بنه پێشکاروانی چوونه‌پێش. له کوردستان، ئه‌و که‌سانه ناوی «پیشمه‌رگه»یان له‌سه‌ره که له‌ڕاستیدا به‌شێکی گرینگ و به‌رچاو له پێکهێنه‌رانی مێژووی ڕزگاریخوازیی ئێمه پێک دێنن. ئه‌گه‌ر ناوی ئه‌وانه بزر بێ، مێژووی ئێمه بزر بووه و هه‌رکات له‌حاند ئه‌وانه ناسوپاس بین گاڵته‌مان به مێژووی خۆمان کردوه. به تۆمار کردنی بیره‌وه‌ریی پێشمه‌رگه و ئاشنا بوون ده‌گه‌ڵ ده‌ریای زانیارییە‌کانی، ده‌توانین بناخه‌ی قایمی کۆشکی مێژووی زیندوومان بنیات بنێین. ده‌با هه‌ر که‌س له حاند خۆیه‌وه خه‌ریک بێ.
***
ماوه‌یه‌که کوردانی باشووری ئوستڕالیا چاویان به دیداری یه‌کێک له‌و ڕۆڵه به وه‌فا و تێکۆشه‌رانه‌ی مه‌یدانی حه‌ماسه و نه‌به‌زین ڕوون بۆته‌وه که له مێژبوو تاسه‌ی دیداریان هه‌بوو. ئێستا «شه‌قاز» له نێو به‌شێک له کۆنه هاورێیانی شاخ و لێڕه‌واره‌کانی مه‌ڵبه‌ندی سه‌رسه‌وزی سه‌رده‌شت، له وڵاتی ئوسترالیا ده‌ژی و به قسه‌ی خؤی «له چنگ سه‌رمای نۆڕوێژ» خۆی رزگار کردوه.
که به‌مه‌به‌ستی پێشوازیکردن له‌تێکۆشه‌رێکی دێرین خۆ ده‌گه‌یه‌نمه فرۆکه‌خانه، چاوم به‌خه‌ڵکێکی زۆر ده‌که‌وێ که‌هه‌موو چاوه‌ڕوانی دیدار نوێ کردنه‌وه ده‌گه‌ڵ شه‌قازن. شه‌قاز هێشتا وه‌ده‌ر نه‌که‌وتوه که‌چی چاوه‌کان هه‌ر که‌لێن و قوژبنان ده‌پشکنن. پاش ماوه‌یه‌ک ژنێک دێ و له دۆستانی شه‌قاز ده‌پرسێ. هه‌موو وێکڕا وه‌لام ده‌ده‌نه‌وه. ژنه چه‌ند پرسیارێک ده‌کا و وه‌ڵام وه‌رده‌گرێته‌وه و ده‌ڕوا. زۆری پێ ناچێ سیمای خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و هاوسه‌نگه‌رانی، هه‌ر به‌و توند و تۆڵییەی جاران دەردەکەوێ. هه‌موو به‌ره‌و ڕووی ده‌ڕۆن و بۆ له ئامێز گرتنی پێشبرکه‌یانه. خه‌ڵکێکی زۆر له‌ساڵؤنه‌که دان و به‌شێکی زۆریان چاومان لێ ده‌که‌ن و ئاگام لێیه دەڵین ئه‌و شه‌خسه ده‌بێ زۆر گرینگ بێ(ڕاستیش ده‌که‌ن). شه‌قاز هه‌ر به‌دابی کوردستان و هه‌ر به‌و هه‌وایه که تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی، تۆقه ده‌کا که ئه‌وه‌ش سرنجی خه‌ڵکه‌که زیاتر ڕاده‌کێشێ. پاش تاوێک مانه‌وه، وێکڕا به‌ره‌و ماڵی دۆستی له‌مێژینه وهاوسه‌نگه‌ری شه‌قاز، واته کاک حوسه‌ین په‌یره‌وان وه‌رێ ده‌که‌وین که شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی شه‌قازه. شه‌قاز ماندوویه (٣٢ کاتژمێر له فرۆکه دابوه)، که چی وه‌سه‌ر خۆی نایه‌نێ. خه‌ڵکی له‌ده‌وره و به‌وه‌ش گه‌زبه‌گه‌ز باڵا ده‌کا. هه‌ڵ ده‌ستێ، به‌زمانێک که تایبه‌تی خۆیه‌تی وهه‌ر کاک حوسه‌ین لێی حاڵییه قسان ده‌کا: «شوون دا، کاترون. توره‌مه ن‌و ماکرۆن، وا ها …..» ناچار کاک حوسه‌ین ئه‌رکی وه‌رگێڕی وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ و مه‌به‌سته‌کانی شه‌قازمان پێ راده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌و ده‌ڵێ: که‌م وا هه‌بوه ئه‌وه‌نده خۆشحاڵ بم. به‌ڕاستی نازانم چۆن سوپاستان بکه‌م. خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم که پێشمه‌رگه‌ی دێمۆکڕات بووم و له‌و رێگایه‌وه دۆستانی وه‌ک ئێوه‌م په‌یدا کردوه. ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه‌ی ئێوه هه‌موو شتێکی له‌بیر بردمه‌وه و ئێستا خۆم وه‌ک لاوێکی ١٨ ساڵه ده‌بینم….».
«شه‌قاز» (نازناوێک که ئاواره‌ی کوڕی مامۆستا حه‌سه‌نزاده بۆی دیاری کردوه)، هه‌مان عه‌بدوڵا شه‌خسه‌ی پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌ی لکێکی هێزی به‌هێزی گیاڕه‌نگه که سه‌رده‌مانێک به خۆی و هاوسه‌نگه‌رانییه‌وه ته‌نگیان به سوپای داگیرکه‌ر هه‌ڵچنیبوو. کاک عەوڵا له‌دایک بووی گوندی «کاژێ»یه وبه قسه‌ی خۆی ته‌مه‌نی 55 ساڵه به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ٣٠ ساڵه ده‌چێ. ئه‌و له‌مه‌ڵبه‌ندێک سه‌ری هه‌ڵداوه که مه‌کۆی کوردایه‌تی و تیکۆشانه. ئه‌و هه‌ر له‌مێرمنداڵیه‌وه خولیای شۆڕش بوه وبه بیری کوردایه‌تی گۆش کراوه. دواتر ڕێگای پیشمه‌رگایه‌تی گرتۆته به‌ر و ئیتر داستانی ژیانی پڕ کاره‌ساتی ده‌ستی پێ کردوه.
«شه‌قاز» لەوە دوا که چۆن بیری شۆڕش و کوردایه‌تی خانه‌کانی مێشکی ته‌نیوه و ناچاری کردوه چه‌کی پڕ لەشانازیی پێشمه‌رگایه‌تی تاو داتێ. باسی ئەو کەسانەی بۆ کردم که ناسیونی و گیرۆده‌یان بووه. له شه‌هیدانی رێگای ئازادی دوا بە باسی هەرکامیشیان کزه له جه‌رگی هه‌ڵده‌ستا. شه‌قاز منی برده‌وه نێو کاره‌ساته‌کانی ساڵه‌کانی حه‌ماسه خوڵقاندن و پۆل پۆل پێشمه‌رگه‌ی به به‌رچاوم دا ده‌گێڕان. ئه‌و له‌خه‌ڵک و هه‌ستی پاکی ئه‌وان دوا. باسی ئه‌وه‌ی کرد چۆن پیشمه‌رگه‌یان وه‌خۆ گرتوه و رێگای سه‌رکه‌وتنیان بۆ هه‌موار کردوه. له‌وه‌ش دوا که جار و بار ده‌گه‌ڵ ڕووی گرژی خه‌ڵک به‌ره‌وروو بوون و چه‌ند رۆژ له ئامێزی گه‌رمیان بێبه‌ش بوون. له‌و حاڵه‌تانه‌دا دیاره هونه‌ری شه‌قاز گوڵی کردوه و به وه‌ڕێ خستنی شانۆیه‌کی سه‌یر
عبدوڵڵا شەخسە (شەقاز)
هه‌م دڵی خه‌ڵکی داوه‌ته‌وه و هه‌م هاوسه‌نگه‌رانی تێری نان کردوه. لێم پرسی «هۆی چی بوو لک و په‌لی ژێر فه‌رمانده‌ریی تۆ زۆربه‌ی جاره‌کان سه‌رکه‌وتنی مه‌زنی وه‌ده‌ست دێنا؟ ئه‌و هۆیه‌که‌ی بۆ ئه‌وه گەڕانده‌وه که «خۆم به چووکه‌ی هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان ده‌زانی و قه‌ت پۆزم به‌سه‌ر دا لێ‌نه‌ده‌دان. له کاتی حه‌سانه‌وه دا خزمه‌تم ده‌کردن، که‌چی له کاتی عه‌مه‌لیات دا که‌س بۆی نه‌بوو فه‌رمانی من ڕه‌ت کاته‌وه«. هۆیه‌کی دیکه‌شی بۆ هاوکاریی به‌ربڵاوی خه‌ڵک گه‌ڕانده‌وه که خۆشیان ده‌ویست. له‌هه‌مان کات دا باسی ئه‌وه‌شی کرد که «پێش رۆیشتن بۆ شوێنی عه‌مه‌لیات هێندێکم گڵ هه‌ڵ ده‌گرت و دوعایه‌کم به‌سه‌ردا ده‌خوێند و له‌به‌ر خودای ده‌پاڕامه‌وه که ئه‌گه‌ر ئێمه ناحه‌قین یاڕه‌بی که‌سمان نه‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر دوژمنیش ناحه‌قه یاخوا به‌سه‌ریدا زاڵ بین. پاشان گڵه‌که‌م به پێشمه‌رگه‌کان دا ده‌کرد».
شه‌قاز هونه‌ری شه‌ڕی چاک ده‌زانی. ئه‌و ده‌ڵێ: «هونه‌ری شه‌ڕ هه‌ر ئازایه‌تی نییه که ئه‌وه زۆر شه‌رته. بەڵام ده‌بێ نه‌زم هه‌بێ. ده‌بێ ناسیاویی باش هه‌بێ. ده‌بێ دڵنیایی له‌هاوسه‌نگه‌ر هه‌بێ. پێویسته کات و شوێن و ماوه‌ی شه‌ر بزاندرێ و…». ئه‌و هه‌ر چه‌ند شه‌ڕکه‌رێکی باش بوو، فه‌رمانده‌یه‌کی باشیش بوو. له هه‌مان کات دا کادرێکی باشیش بوو. ئه‌و ده‌یزانی چۆن ده‌گه‌ڵ خه‌ڵک قسه بکا وبه چ شێوه‌یه‌ک سرنجیان راکێشێ. له گوندێکی ناوچه‌ی بانه که خه‌ڵکه‌که به هه‌ڵه تێ‌یان گه‌یون و نانیان نه‌داونی،خۆی لێ کردوونه مه‌لا و نوشته‌ی بۆ نه‌خۆشه‌کانیان نووسیوه. دوایه که‌ڵکی له‌رۆژ ژمێری باخه‌ڵی وه‌رگرتوه و یاسینی به‌سه‌ر نه‌خۆشدا خوێندوه. له‌هه‌مان کاتدا به‌دزی چۆته مزگه‌وت و له‌به‌ر خودای خۆی پاڕاوه‌ته‌وه که ئه‌و نه‌خۆشه‌ی بۆ چاک کاته‌وه هه‌تا پێشمه‌رگه‌کان خواردنێکی باشیان وه‌گیر که‌وێ. سه‌یر ئه‌وه‌یه نه‌خۆش چاک بۆته‌وه و شه‌قاز به شێخ له‌قه‌ڵه‌م دراوه وپێشمه‌رگه‌ی هاوسه‌نگه‌ری سینگه قه‌لیان نۆشی گیان کردوه. به‌ڵام شه‌قاز ده‌ڵێ: «له‌و کاته دا که یاسینم به‌سه‌ر نه‌خۆشدا ده‌خوێند، به‌زه‌ییم به‌و میلله‌ته دا ده‌هات که من به‌و نه‌زانییه‌ی خۆم ،له‌وان زاناترم». حه‌سره‌تێکی قووڵیشی به‌دوودا هه‌ڵده‌کیشێ.
پرسیار: به‌و هه‌موو هه‌سته خرۆشاوه‌ی خۆته‌وه هۆی چی بوو رێگای هه‌نده‌رانت گرته به‌ر؟
وه‌ڵام: هه‌رچی بیرم لێ ده‌کرده‌وه کوردستان به‌و وه‌زعه‌ی که هاتبووه پیش جێگای منی نابێته‌وه. من که مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانیم لێ به‌رته‌سک کرابۆوه نه‌م ده‌توانی به بێ چه‌ک هاتوو چۆ بکه‌م. سه‌ر‌یشم که پڕیشکه‌ی تێدایه تووشی ناڕه‌حه‌تیی ده‌کردم.
باسی ژیان له دووره وڵاتیم لێ پرسی. وه‌ڵامی دامه‌وه: له نۆڕویژیش هه‌ر بانگه‌وازی یه‌کیەتی و برایه‌تی ده‌که‌م. ده‌ڵێم هاوزمانانم وه‌رن با به‌هێزی یه‌کگرتن و گه‌رم و گوڕیی خۆمان ژیانێکی باش بۆ خۆمان و منداڵه‌کانمان ده‌سته‌به‌ر که‌ین. با هه‌ستی کوردایه‌تی و گه‌لدۆستی له‌نێو خۆماندا په‌ره پێ بده‌ین.
شه‌قاز ده‌ریایه‌که له‌به‌سه‌ر هات و زانیاری. سینگی وه‌ک سه‌ندووقێکی پۆڵایینه که به کردنه‌وه‌ی، هه‌ر گه‌وهه‌ره و ده‌ڕژێته سه‌ر هه‌رد. ئه‌و مێژوویه، مێژووی چه‌ند ساڵ خه‌بات و خۆڕاگری و به‌رخۆدان. مێژووی حه‌ماسه‌و کاره‌سات. شه‌قاز مامۆستایه، مامۆستای لی فێربوونی ده‌رسی کۆمه‌ڵایه‌تی. وانه‌کانی ساده و خۆماڵی، به‌ڵام پڕ مانا‌و و گرینگن. هه‌موو وته‌کانی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌بن و پێویسته لێک بدرێنه‌وه، ڕابوردووی به‌رێز عه‌بدوڵا شه‌خسه، ڕابوردوویه‌کی پڕ له‌سه‌روه‌رییه و ئێستاشی جێی شانازی. نازانم داهاتووی چۆن ده‌بێ، به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێ له‌و هه‌موو شانازییه که‌م ناکاته‌وه. هیوادارم ته‌مه‌نی درێژ و قالبی ساغ و بیری هه‌روا تیژ بێ.
لە ژماره ٦٨٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه