کەبوودوەند و گەڕاندنەوەی باوەڕ بە هێزی خۆ
رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو حەوتووی رابردوودا پڕ ڕووداو و لە خەباتدا ئەکتیڤ بوو. لە دوو حەوتووی رابردوودا دڵی خەباتی رۆژهەڵات جارێکی دیکە لە زیندانەوە کەوتەوە لێدان. محەممەد سەدیقی کەبوودوەند، سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دژ بە پیلانی دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژ کردنەوەی ماوەی بەندکرانی، دەستی دایە مانگرتنێکی بێ سنوور. ئەوەش شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی، وەرێخستنی خۆپێشاندان و کەمپەین، گوشاری ناوەندە سیاسی و رێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ، نووسینی نامەی ناڕەزایەتی لە لایەن چالاکانی ناوخۆ و مانگرتنی دیکەی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە زیندانەکانی رەژیم و هەروەها مانگرتن لە بەردەم ناوەندەکانی بڕیار لە وڵاتانی رۆژئاوای لێ کەوتەوە. دوا جاریش بەرامبەر بەو شەپۆلە بەرینەی ناڕەزایەتیی چالاکانی کورد، دەسەڵات ناچار بوو لە پیلانەکەی پاشەکشە بکا و تەنانەت دوای ماوەیەکی زۆر، کەبوودوەند توانی بۆ ماوەی چوار رۆژ لە زیندان بێتە دەر و سەردانی بنەماڵەکەی بکا.
مانگرتنی کەبوودوەند ئەگەر جارێکی دیکە لە زیندانەوە دڵی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستانی خستەوە لێدان، نیشانی دا کە رۆژهەڵاتیەکان ئەو هێزەیان هەیە کە نەک هەر لە رێگای شەڕ و خەباتی چەکداری بەڵکو بە یەکگرتوبوون، بە دیپڵۆماسی و بە ناڕەزایەتیی مەدەنی لە ناوخۆو دەرەوە پاشەکشە بە دەسەڵات بکەن و باوەڕیان بە هێزی یەکگرتووی خۆیان بێ.
شهڕو تێکههڵچوونی دهستهیهک پێشمهرگهی حدکاو سپای پاسداران له ناوچهی شنۆ
له ئاکامی شهڕ و تێکههڵچوونی دهستهیهک له پێشمهرگهکانی حدکا لهگهڵ هێزهکانی سپای پاسداران ژمارەیەک جاش و چەکداری سپا کوژران.
رۆژی چوارشهممه، ٢٦ ی جۆزهردان دهستهیهک له پێشمهرگهی ئەو حیزبە له گوندی قهرهسهقهل لهگهڵ هێزه چهکدارهکانی ڕێژیم دەرگیر بوون و له ئاکامی شهڕێکی قورسی چهند سهعاتهدا ژمارەیەک له هێزهکانی سپای پاسداران کوژراون. لە ناو کوژراوەکاندا حاجی سهمهد بۆستانی، جێگری فهرماندهی سپا له شاری شنۆ دەبیندرێ. یوسف ئهحمهدی و ئهسکهندهر ماماڵ خهڵکی نهڵۆس دوو کوژراوی دیکهی هێزهکانی رێژیمن که ههواڵی کوژرانیان تا ئێستا پشتڕاست کراوهتهوه.
له راگهیهندراوێکی حدکا دا که لە ماڵپهڕی ناوهندیی ئهو حیزبه بڵاوکراوهتهوه ئاماژه بهوه کراوه که لهو شهڕ و تێکههڵچوونهدا چهند پێشمهرگهیهکی ئهو حیزبهش پاش شهڕێکی قارهمانانه به داخهوه شههید بوون.
شایانی باسە سپای پاسداران لهو شهڕهدا به شێوهیهکی دڕندانه هێرشی کردۆته سهر گوندی قهرهسهقهل و چهند ماڵێکی ئهو گوندهی بهتهواوی خاپوور کردوه و زهرهر و زیانی ماڵیی زۆری لە خهڵکی ئهو گونده داوە.
درێژەی ژینۆسایدی کۆڵبەران
دوو حەوتووی رابردوو، وەک مانگ و ساڵەکانی پێش خۆی، هەر وا حەوتووی کوشتاری کۆڵبەرانی هەژاری کورد بوو. لەو ماوەیەدا لانیکەم ٨ کۆڵبەری دیکەی کورد کەوتنە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانیان لێ ئەستێندرا. هەروەها کرێکارێک وەسەر مین پەڕی و تەرمی کرێکارێکیش دوای شەش لە ژێر ڕنوو، دۆزرایەوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بێکاری لە شارەکانی کوردستان هەروا بێداد دەکا و کرێکاران و خەڵکی هەژاری کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.
کرێکارانی بێ حەقدەست و بێکار
سەرەڕای هەڵگیرانی بەشی زۆر لە گەمارۆ ئابووریەکان، بێکاری یان نەدانی حەقدەست بە کرێکاران، لە کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ پەرەگرتوتر دەبێ. لە ماوەی دوو حەوتوی رابردوودا کرێکاران لە شارەکانی سنە، ورمێ، پاوەو کرماشان چەندین جار خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان وەڕێخست. هەروەها کرێکارانی کارخانەی پۆڵای زاگرۆس لە قوروە، دژ بە نەدانی حەقدەستەکانیان چوونە تاران و ناڕەزایەتیان دەربڕی. هەموو ئەوانەش لە کاتێکدایە کە بەشی زۆری پڕۆژە و سازەکان لەوانە سازکردنی بەنداو لە پارێزگای ئیلام و ٥١ پڕۆژەی چنینی فەڕش بە نیوەچڵی ماونەتەوە. کارگە و کارخانەکان یەک لە دوای یەک دادەخرێن و شارەداریی سنە بڕی ١٠٠ میلیارد تمەن بە خاوەنکارەکان قەرزدارە. نەبوونی ئاسایشی کار بۆ ئەو بەشە لە کرێکاران کە هێشتا کاریان هەیە، کێشەیەکی دیکەی کرێکارانە. لەم پێوەندیەدا دوو کرێکار بە هۆی داڕمانی خاک، لە شاری پاوە گیانیان لە دەست دا.
کوشتن و خۆکوژی
کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەروا قوربانیان لێ دەکەوێتەوە. رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو حەوتوی رابردوودا لەم بارەوە رۆژانێکی خوێناوی تێپەڕ کرد. نەداری، كێشەی بنەماڵەیی، نامووس پارێزی، خەمۆكی و ململانێ لە سەر ماڵی دنیا لەو هۆکارانەن کە بەردەوام قوربانیان لێ دەکەوێتەوە. لە ماوی رابردودا پیاوێک لە شنۆ و کچێک لە بۆکان خۆیان کوشت. هەروەها لە شاری خۆی و لە دوو ڕووداوی جیاوازدا دوو کچ، یەکیان لەلایەن باوکییەوە و ئەوی دیکەشیان لە لایەن خاڵییەوە کوژران. ئەندامێکی شورای گوندی حەسەن نوورانیش لە شاری شنۆ بە هۆی کێشەی زەوی و زار، کوژرا.
خۆڕاگری زیندان و درێژەی رەوتی دەستبەسەرکردنی چالاکان
رەوتی دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی دوو حەوتوی رابردوش هەروا درێژەی هەبوو. ئەوەش هاوکات بوو لە گەڵ ئەو بەرخودانەی کە لە زیندانەوە جۆش و گوڕی بە خەباتی کورد لەو بەشەی کوردستان دایەوە. لەو ماوەیەدا لانیکەم دوو چالاکی سیاسی لە کرماشان و سنە دەستبەسەر کران، بەندکراوێک لە بەندیخانەی ئیتلاعاتی خۆی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. هاوکات لە گەڵ ئەو بەرخودانەی کە سەرۆکی بەندکراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە دەستی پێ کرد، شەپۆلێک لە پشتیوانیی بەندکراوانی کورد لە سەرانسەری زیندانەکانی ئێرانەوە هاتە ئاراوە.
لە ژماره ٦٨٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه