ماوه‌یه‌ک له‌وه‌پێش هاورێم کاک سیامه‌ک قه‌ویپه‌نجه بەرپرسی رادیۆ ده‌نگی کوردستان بوو داوای لێ کردم به بۆنه‌ی دامه‌زرانی ٣٧ ساڵه‌ی ده‌نگی حەقبێژو راست وێژی کوردستان کورته بابه‌تێک بۆ رۆژنامه “کوردستان” ئورگانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیموکراتی کوردستان بنهخشینم. ڕاستییه‌که‌ی به دوو دڵی و ته‌ردیده‌وه قه‌بووڵم کرد به قهڵەمی کوڵم کورته بابه‌تێک له وه‌سفی ده‌نگی کوردستان که ساڵانێکی دوور‌و درێژ له گه‌ڵی ژیاوم‌و ساڵانێکی زۆریشه لێ دابراوم، بنووسم.
رادیو ده‌نگی کوردستان ئاوێنه‌ی بالانوێنی بزووتنه‌وه‌ی حهقخوازانەی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان مۆمی ته‌مه‌نی ٣٦ ساڵه‌ی پر له شانازی، پرله ههورازو نشێو، پرله بیره‌وه‌ری خۆش وناخۆشی خۆی ده‌کوژێنێته‌وه‌و مۆمی ٣٧ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی هه‌ڵ ده‌کاو هه‌ر به‌م بۆنهیەوە پیرۆزبایی ساڵرۆژی له داێک بوونی ئه‌م ده‌نگه خۆشه‌ویسته بە ئه‌ویندارانی ئه‌م ده‌نگه‌و سه‌رجه‌م کادرو پرسنلو پێشمه‌رگه‌ی پاریزه‌ری دێرین‌و نۆی ده‌نگی کوردستان ده‌که‌م.
ده‌نگی کوردستان له هه‌لومه‌رجێک دا ده‌ستی به کار کرد که که‌متر له ١٧ مانگ له ته‌مه‌نی رێژیمی کۆماری ئیسلامی تێپهریبووو نێوه‌رۆکی دژی گه‌لی‌و شهرویستی ئه‌م رێژێمه به ته‌واوی بۆ خه‌ڵکی کوردستان ده‌رکه‌وتبوو، هه‌ر بۆیه بۆ حیزبی دیمۆکرات دامه‌زرانی رادێویهک وه‌ک رادێو ده‌نگی کوردستان له‌و کات دا پێویستییەکی مێژوویی بوو. ده‌نگێک که هه‌م ئالقه‌یه‌کی پێوەندی به‌هێز له گه‌ڵ خه‌ڵک دروست بکا، هه‌م ئەم ده‌نگه روومای دزێو‌و ره‌فتاره دژی ئینسانی‌و دژی کورد بوونی ئه‌م رێژێمه له قاو بدا، هه‌م خه‌ڵک به ئه‌ده‌بیاتێکی پاراوو ساده‌ی کوردی ئاشنا بکاو هەر بەو ئەدەبیاتەوە زانیاری له سه‌ر رووداوه‌کان بداته‌وه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به تایبه‌ت لایه‌نگرانی حیزبی دیمۆکرات.
ده‌نگی کوردستان له ٢٧ جۆزه‌ردانی ١٣٥٩ی هه‌تاوی له “دۆلی شێخان” به ئیمکاناتێکی که‌مو که‌ره‌سه‌ی سهرهتاییو ژماره‌یه‌ک پرسنلی ناشاره‌زا به کاری فه‌ننی رادیۆ‌و به هیممه‌ت‌و هه‌ست به بهرپرسایەتی کردنی رێبه‌رانی حیزب له سه‌رووی ههمووانهوە شه‌هید دوکتور قاسملووی رێبه‌ر، به یارمه‌تی یادی به خێر کاک مهه‌ندیس خهیاتیو چه‌ند هاورێیه‌کی دڵسوزی دیکە دەستی بە کار کرد‌و دەنگی هەڵبڕیو پێی نایە مەکۆی تێکۆشان له پێناو ئازادی دا. ئه‌م ده‌نگه له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا جێگای شیاوی خۆی له نێو بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان دا کرده‌وه‌و بوو به خۆشهویستو جێگای متمانه‌ی زۆربه‌ی هەرە زۆری خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان. لە ماوەی ئەو ٣٦ ساڵەدا دەنگی کوردستان هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه هاتۆته پێش‌و ببوو به خاوه‌نی هێندێک تایبه‌تمه‌ندی جوان‌و پر بایهخو به‌رچاو له نێو بزووتنه‌وی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان دا.
سەرەڕای بوونی هەلومەرجی سەختو قەیراناویو بوونی ئاستەنگ‌و زیاتر لە ٢٠ جار جێگۆرکێ، دەنگی کوررستان لە دەنگ نەوەستاوەو لە سەر پاراستنی نەزمو دیسیپلین‌و رێک‌وپێکی لە کار‌و بەرێوەبردنی ئەرکەکانیدا بەردەوام بووەو غافڵ نەبووە لەسەر هێنانە بەرباسی بابەتی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی زۆر جیددی بەڵام بە زمان‌و ئەدەبیاتێکی پاراوو سادەو خەڵک پەسەندو دوور لە درۆ‌و زیادەرەوی. بە زمانێکی زۆر ساکارو ساددە دەوری خۆی لە رێک خستنی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا گێراوەو بۆتە جێگای متمانەی دۆست‌و دوژمن.
رادیو زۆر زوو بوو بە هاورێو هاودەمی خۆشەویستو جێی باوەڕی پیرو لاوی خەڵکی کوردستان‌و سێ جەمە سەری بە ماڵ-و مووچەو مەزراکاندا دەکردو گوێ گرتن لەم دەنگە، خەڵک لەسەر خۆیان کرد بە فەرز. هەرچەند ئەم دەنگە لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە قەدەغە کرابووو گوێ گرتنی سزای لە سەر بوو‌و پارازێتی دەخرایە سەر، خەڵک کۆڵی نەدەداو تا دەهات رادیو دەنگی کوردستان گوێگری زۆرتر دەبوو لایەنگرانی رۆژ لە رۆژ زیاتر بە تاسەو تامەزرۆیییەکی زۆرترەوە چاوەروانی کرانەوەو دەست پێکردنی بەرنامەکانی دەنگی کوردستان، دەنگی پێشمەرگەو دەنگی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەبوون.
ئەگەر ئێستا بەهۆی زیاتربوونی ئامرازی راگەیاندن رەسانەیەکی وەک رادیو‌و دەنگی کوردستان لە ڕاگەیاندنی هەواڵو زانیاری تا ڕادەیەک لە نێو جەماوەردا کەم رەنگ بۆتەوە دەنگو رەنگی وەک کورد کاناڵ جێگای گرتوتەوە، بەڵام خۆشەویستیی ئەم دەنگەو خۆشەویستیی پرسنلەکەی لە نێو دڵ‌و زەینی ئۆگران‌و ئەویندارانیدا هەر ماوەو هەمیشە بە شانازییەوە باسی دەکەنو وەک ستوونێکی پتەوو بە هێزی بزووتنەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان بۆتە جێگای فەخرو شانازی‌و جێگایەکی تایبەتی بۆ خۆی لە نێو بزووتنەوەدا تەرخان کردوە. بێگومان بەشێکی بەرچاو لە شانازییەکانی دەنگی کوردستان دەگەرێتەوە سەر خۆشەویستیی حیزبی دێموکڕات، بەشێکی زۆریش دەگەرێتەوە سەر ئەو کەسایەتییانەی کە لەو میدیایەدا نووسیوییانەو بەرێوەیان بردوە لەسەروی هەمووانەوە دوکتور شەڕەفکەندی نەمر و یادی بەخێر کاک تەها عەتیقیوزۆر هاورێی دیکە، هەروەها بەشێکشی دەگەرێتەوە بۆ هەموو بەرێوەبەران، بەرپرسان، کارگێرانی رادیو، کادرە فەنی یەکان ، نووسەرەکان، وێژەران، وەرگێڕان‌و هەموو پێشمەرگە پارێزەرەکانی کە لەماوەی ئەو ساڵانەدا دەنگی کوردستانیان وەک گلێنەی چاو پاراستووەو نەیانهێشتووە لە دەنگ بکەوێ‌و دوژمن زەفەری پێ ببا.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی گەرم لە هەموو کارگێرانو وێژەرانو بەرێوەبەرانی دەنگی کوردستان دەکەم. دەنگێک کە ئێستاش لە نێو گوێی پیرو لاوی خەڵکی کوردستان دا دەزرینگێتەوە.