رۆژی ١٢ی خاکەلێوە، شەپۆلێکی با و باران، تەرزە و بەفر رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت ناوچەی موکریانی گرتەوە. لە ئەنجامی ئەو باو بارانەشدا، لافاو بە تایبەت لە پێدەشتەکانی شاروێران، شامات، چۆمی مەجیدخان و ناوچەکانی هەوشار زەرەر و زیانێکی زۆری بە ئابووری و زەوی و زاری دانیشتووانی ناوچەکە کە ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەسووڕێ، گەیاند. لافاو جگە لە هەڵتەکاندنی بەشێک لە کشتوکاڵی ناوچەکە، خەسارێکی زۆریشی لە خانووبەرە و بینا کۆنەکان دا کە پردی مێژوویی “میرزا رەسووڵ” یەک لەو بینا خەسار دیتوانەیە.
پردی “مێژوویی میرزا رەسووڵ” لە نیزیک شاری میاندواو، لەسەر چۆمی “تەتەهوو” بەرەو مەهاباد هەڵکەتووە. درێژاییەکەی ٨٠ میترە و پاناییەکەی ٤ میتر و ٦٠ سانتە. بەرزاییشی زیاتر لە ٧ میترە. یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەو دەڤەرە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ئاستی سەرانسەری ئێرانەوە بۆ ناوچەکە رادەکێشێ.
مێژووی سازکردنی پردەکە بۆ سەردەمی کۆتایی دەسەڵاتی سەفەوی و سەرەتای دەسەڵاتی قاجارەکان دەگەڕێتەوە کە وێڕای حەمامی “میرزا رەسووڵ”ی مەهاباد، لە لایەن کەسایەتییەکی سەر بە بنەماڵەی “بداخ سوڵتان” ساز کراون و بۆ وەچەی ئەم سەردەمە ماونەتەوە. پردەکە لە بەردەم شاری میاندواو کە زۆربەی دانیشتووانی ناو شارەکە بە زمانی تورکی دەپەیڤن، نوێنگەی مێژووی کوردبوونی ناوچەکە و بوونی هەراوی حەشیمەتی کورد لە رابردوودا و لەو ناوچەیەیە. هەر ئەوەش هۆکارێکە کە کاربەدەستانی گەندەڵ و شۆڤینیستی شارەکە کەمتر گرینگی پێ بدەن.
شاری میاندواو لەنێوان دوو چۆمی “جەغەتوو” و “تەتەهوو” یان “زێڕین چەم” و “زێوین چەم” هەڵکەوتووە کە دوای پاراوکردنی پێدەشتە بە پیتەکانی ئەو دەڤەرە، دەڕژێنە گۆلی “ورمێ”وە. بوونی ئەو دوو رووبارە ئەگەر لە لایەک سەرچاوەی خێر و بێر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و بۆ خاکە بە پیت و بەرەکەتەکەیانن، زۆر جاریش دەبن بە هەڕەشە بۆ سەریان. بە تایبەت لە بەهاراندا ئەگەری هەستانی لافاو و زیان گەیشتن بە ژیان و سامانی خەڵک بەردەوام لە ئارادایە. هەر بۆیەش هەمیشە و زیاتر لە حاڵەتی ئاسایی پێویستی بە بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی دڵسۆز و دەستپاک بووە. شتێک کە بە داخەوە لە کاربەدەستانی ئەو شارەدا کەمتر دیتراوە و زۆربەی هەرە زۆریان لە سایەی رانتی دەوڵەتی و بە گەندەڵی پێگەیشتوون.
لافاوەکەی رۆژی ١٢ی خاکەلێوە شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئیدارەی کەشناسی پێشوەخت رایگەیاندبوو کە شەپۆلێکی بەرینی بەفر و باران ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەگەرچی ئەم وشیارکردنەوەیە زیاتر بۆ گەشتیارانی نەورۆزی و خەڵکانی خوداپێداو بوو تا دانیشتووانی ناوچەکە. هەر بۆیەش کاربەدەستانی ئیداریی ئەو شارەی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی زیانەکانی سەر خەڵک، هیچی ئامادەکارییەکیان نەکرد. سەرەتا کە باغ و کێڵگەکان کەوتنە ژێر تەوژمی بەفر و سەرمای ناوادە، لافاو و لاوازیی بەڕێوەبەری دەستیاندایە دەست یەک و زیانێکی زۆریان لە ماڵ و سامانی خەڵک و ناوچەکە دا. خەڵک ناچار بۆخۆیان بە کەرەسەی سەرەتایی وەک پاچ و پێمەڕە یان تراکتۆر و کەرەسەکانی دیکەی خۆیان کەتنە بەربەرەکانی لەگەڵ تەوژمی لافاو. لەم نێوەشدا بەشێک لە بینای ئاسەواری مێژوویی پردی “میرزا ڕەسوول” تێک ڕووخا و بە لافاو بردی.
رووخانی ئەو پردە لە کاتێکدا بوو کە دوای ئەوەی بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخان کرابوو، لە پاییزی ساڵی رابردوودا بەشێک لە پایەکانی پردەکە بە ڕواڵەت بۆ نۆژەنکردنەوە هەڵکۆڵدرابوون. کارێک کە دەبوو لە وەرزی هاوین و کەم ئاویی رووبارەکەدا ئەنجام بدرێ یان لە وەرزی پاییزدا دەستوبردی لێ بکرێ، بەڵام هیچکام لەوانە نەکران و ئاسەوارە مێژوییەکە بە برینداری پشتگوێ خرا. دواجاریش لافاو راست لەو شوێنانەوە زەفەری بە پردەکە برد کە ماوەی چەند مانگە هەڵکۆڵدراون و روون نییە چاککردنەوەیان بۆ کەنگێ هەڵگیرابوو. بەم جۆرەش یەکێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ناوچەکە بوو بە قوربانیی کەمتەرخەمی و گەندەڵیی ئیداریی بەرپرسان و خەسارێکی قەرەبوونەکراوی لێ کەوت. دواجاریش بەرپرسان بە جێی داننان بە کەمتەرخەمیەکانیان، کەوتنە حاشاکردن لەو زیانە زۆرە و تەنانەت ئیدیعایان کرد کە ئەو بودخەیەی بۆی تەرخان کرابوو، لێی خەرج کراوە.
لە هەمووی ئەوانە گاڵتەجاڕتر، دوای رەوینەوەی لافاو، لۆدیر و بۆڵدزێر و کەرەسەکانی دیکەی ئیدارە دەوڵەتییەکان کران بە کەپەنکی دوای باران و بە گوند و ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا بڵاو کرانەوە تا بە ڕواڵەت خەساری لێکەوتوو قەرەبوو بکەنەوە. بەرپرسان بە ماشێنی دواسیستم بە ناو گوندە زیانلێکەوتووەکاندا فڕە فڕەیانە و بەڵێنیی دانی خەسارەت و قەرەبوو دەدەن. کاندیداکانی مەجلیسیش لە سەر سفرەی دڕاوی خەڵک خۆ بادەدەن و بەڵێنیان پێ دەدەن کە ئەگەر دەنگیان پێ بدەن، ئەوە قەرەبویان بۆ وەردەگرن!