هەر وەک ئاشکرایە لە پارێزگای ورمێ بە حوکمی چەند پێکهاتەیی بوون هەمووکات دەسەڵات بە تێڕوانینێکی ئەمنییەتی لە سەرجەم جومگە کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی،مەدەنی و… دەنوارێ و بۆ هەر کار و چالاکییەک بەمەبەست، لایەنە تەناهییەکەی زەق دەکرێتەوە. ئامانج لەوەش ئەوەیە تاکوو یا مۆنۆپۆلی بەڕێوەبردنەکەی بکەن یا ئیزن بە بەڕێوەچوونەکەی نەدەن و لە ئاکامی دژکردەوەی کۆمەڵگە دەستیان بۆ گیران، ئەشکەنجە و بەندکردنی خەڵکی سڤیل کراوەتر بێ.
لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردووشدا(1400_1390) بە هۆی نفووزی پەڕگیری پانتورکیسم لە هەموو بەشە نیزامی، ئەمنییەتی، میری، کولتووری و فەرهەنگیدا؛ بۆنە مەدەنی و کولتوورییەکانی کورد بە ڕوانگەی ئەمنییەتیەوە لەدژیان دەوەستنەوە و ئیزنی بەڕێوەچوونیان پێ نادەن. وەک میناک لە دواهەمین پێشگرتندا دەتوانین ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی جێژنی چوار ساڵەی گرووپی هونەری_کولتووریی “دیلانی ورمێ” و بۆنەی نەورۆز بکەن. نەتەوەیین.
ئەوەی لەم بۆنانەدا ڕۆح و جەوهەری شوناسخوازی بە تاکی بەشداربوو دەبەخشێ “نەتەوەخوازی و نیشتیمان خۆشەویستییە”. ڕێک ئەو پارادایمەیە کە دەزگای حاکمییەت و ڕەوتی پانتورکیسم لە هەموو ڕەهەندەکانیەوە بەدرێژایی مێژوو هەوڵی داوە لە تاکی کوردی داببڕێ. لەگەڵ ئەوەشدا و لە ڕێگای بێشووناسیی تاکەکانەوە لەنێو دەوڵەت_نەتەوەی سەردەست ئاسیمیلەیان بکا.
ئەگەر ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە پارێزگای ورمێ وەک سووژەیەکی ئۆبژەکتیڤ لە سەریان ڕابوەستین، دەبینین کە چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوە و (NGO)کان چەند مانگ بەر لە هاتنی نەورۆز بە سەردانیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار (فەرمانداری، بەشی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی) هەوڵیان دا ئیزن بۆ بەڕێوەچوونەکە وەربگرن. بەڵام بە پاساوی ئەمنییەتی بوون و پەیات کۆڕۆنا و …. هتد ئیزنیان نەدا چالاکانی مەدەنی بە شێوەیەکی مەدەنیانە ڕێوڕەسمەکان بەڕێوە بەرن و هاوکات بە پیلانگێڕی “بە سەربازیکردن”ی شار و شارۆچکەکان دۆخی میلیتاریستییان بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاند و لە ئاکامدا خەڵکیان تووشی دوو هەڵبژاردە کرد:
بێدەنگ، پاشەکشە و بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمەکان؛ یان بەڕێوەبردن و خۆدانان بۆ ڕەشبگیر و دەسبەرکران؛ کە بەخۆشحاڵییەوە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت هێزی داینەمۆی شۆڕش واتە “لاوانی نەتەوەخواز و نیشتماندۆست”,
بە هەڵکردنی ئاوری نەورۆز و هەڵپەڕکێی کوردەواری ئەدای خۆشی و پیرۆزییەکانی خۆیان کرد و تەسلیمی ئیرادەی دوژمن نەبوون. لێ مخابن هێزە دژیگەلییەکان چاویان بە بەشداریی کچان و کوڕانی نیشتمان هەڵنەهات و هەوڵیان دا پێش بەو دیلان و خۆشییە بگرن و دەرەنجام لەگەڵ بەرپەرچدانەوەی دلێرانەی لاوان ڕووبەڕوو بوونەوە.
کۆتا پەیڤ ئەوەیە کە لە پارێزگای ورمێ بە چاوی تەواو ئەمنییەتی و میلیتاریستی سەیری هەموو بۆنە مەدەنی، کولتووری، زمانی، ژینگەیی و… کوردی و کوردستانی دەکرێ و پێش بە بەڕێوەچوونیان دەگرێ. لەم هەڵوێستە ترسنۆکانەیەشدا، هەم حاکمییەتی ناوەندی و هەمیش ڕەوتی پانتورکیسم هاودەنگ و هەماهەنگ پێکەوە کار دەکەن. بەڵام بە خۆشییەوە ڕوح و لۆژیکی “نەتەوەخوازی و نیشتماندۆستی” سەرەڕای هەڕەشە، گرتن و بەندیخانە مانیفێستی کۆمەڵگەیە و خەڵکیش بۆ زیندوومانەوە و شەکاوە ڕاگرتنی ئەم مانیفێستە ئامادەن هەموو تێچوویەک بدەن.