ئاماژە: “زمانی کوردی لە ئێران، دانپێدانانی سنووردار و چاوەدێریکراو”، کتێبێکە لە نووسینی پڕۆفیسۆر د.جەعفەر شێخولئیسلامی. عەبدولخالق یەعقووبی لە ئینگلیزییەوە وەریگێراوەتەوە سەر زمانی کوردی. ساڵی ٢٠١٨، لە هەولێر لە لایەن ئەکادیمیای کوردی، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکە بە هەر دوو زمانی ئینگلیزی و کوردی. لە ڕاستیدا توێژەر لێکۆڵینەوەکەی ساڵی ٢٠١١ بە زمانی ئینگلیزی بۆ ژمارەیەکی تایبەت بە زمانی کوردیی گۆڤاری زانستی نێونەتەوەیی کۆمەڵناسیی زمان(IJSL)نووسیوە. وەرگێڕاوی کوردییەکەی لە ٢٠١٨ وێرای ئینگلیسییەکە، لە توێی کتێبێکی ١٢٠ لاپەڕیدا بڵاو بووەتەوە.
نێوئاخنی کتێبەکە لەم بابەتانە پێک هاتووە:
– پێشەکیی نووسەر و پوختەی لێکۆڵینەوەکە
– بابەتە تیۆریکەکان
– زمانی کوردی لە ئێران
-سیاسەتی زمانیی ئێران: ڕەزاشا ١٩٤١-١٩٢٥، محەمەد ڕەزاشا ١٩٤١-١٩٧٩، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ١٩٧٩وە، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە میدیا، پەروەردە
– مژار و ئەنجام.
هەڵوێستەیەک لە سەر پێشەکیی نووسەر بۆ وەرگێڕاوی کوردیی توێژینەوەکە:
لە پێشەکیی کتێبەکەدا، توێژەر ئاماژە بە هێندێک ئاڵوگۆڕی هەر چەند بچووک بەڵام ئەرێنی لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردیدا دەکا، وەک کرانەوەی خولێکی بەکالۆریای زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ٢٠١٥ لە زانکۆی کوردستان و پێشوازیی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران بۆ بەشداری لەم خولەدا. لە درێژەی ئەو باسەدا و بە سەرنجدان بەو ڕاستییە کە چاوەڕوان ناکرێ ڕێژیمی ئێران مل بۆ داوای خوێندن بە زمانی کوردی کەچ بکا، توێژەر کۆمەڵێک پێشنیاری خستووەتە بەر سەرنجی هۆگران و دڵسۆزانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. د.جەعفەر ئەوەندە دەرفەتەش (کرانەوەی جاروبارەی خولی بەکالۆریای زمان و ئەدەبی کوردی، یا خوێندنی چەند یەکەیەکی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ئاستی ناوەندی و زانکۆدا) بە گرنگ دەزانێ: “ڕەنگە چارە هەر ئەوە بێ کە ئەوەندەی دەکرێ جارێ زمانی کوردی بچێتە نێو فێرگە و زانکۆکانەوە. واتە ڕەنگە ئەمە هەنگاوێکی بەسوود بێ کە جارێ لانی کەم بوونی زمانەکە وەکوو وانەیەک، یا چەند وانە، بۆ نموونە وانەیەک لەسەر ڕێزمان و بابەتە زمانییەکانی کوردی و وانەیەکیش لەسەر ئەدەبی کوردی) لە فێرگەکانی کوردستان بگوترێتەوە. بەو مەرجەی کە ئەو وانانە دڵسۆزانە ولێزانانە بگوترێنەوە، دەتوانن هەم ئاستی زمانەکە ببەنەسەر و هەم لە لای ئاخیوەرانی زمانەکەشەوە خۆشەویستتری بکەن.” (لاپەڕی ١٣)
خۆشەویستتر کردنی زمانەکە لای ئاخێوەرانی بە تایبەتی منداڵانی ئەو نەتەوەیەی کە لە خوێندن بە زمانی خۆیان بێبەش کراون، هەر وەها دروستکردنی ئەو باوەڕە کە زمانەکەی ئەوانیش هیچی لە زمانەکانی دیکە کەمتر نییە و دەتوانێ زمانی پەروەردە و فێرکردن بێت، لەو خاڵانەن کە توێژەر وەبیر ئاخێوەرانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دێنێتەوە. هاوکات پێویستە نوخبەی نەتەوەی باڵادەستیش دیالۆگی لەگەڵ بکرێ و تێبگەیەندرێ کە خوێندنی نەتەوە نافارسەکان، نەک هەر شتێکی خراپ نییە بەڵکوو لە زۆر بارەوە بە قازانجە. بە تایبەتی بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی وڵات و پێکەوەمانەوەی بەئاشتیی پێکهاتە جیاواز و جۆراوجۆرەکانیان. “دەمڕاستەکانی زمانی باڵادەست پێیان وایە کە دانی مافی زمانی دەبێتە هۆی لێکهەڵوەشانەوەی وڵاتێک. نازانن کە دانی مافی زمانی بە باسکەکان و کاتالۆنەکان لە سپانیا و، بە کۆبەکییەکان لە کەنەدا، بە وێلزییەکان لە ئینگلیستان، جووڵانەوەی جیاوازیخوازیی لەنێو ئەو کەمینانەدا نەک بەهێز نەکردووە، بەڵکوو کزی کردووە.” (لاپەڕی١٤ )
زیندوو ڕاگرتنی پرسی داوای خوێندن بە زمانی دایک لە ئێران بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک (٢١ی فێوریە) و بەشداریی چالاکانەی چالاکانی کولتووریی سێ نەتەوەی تورک (ئازەری)، کورد و بەلووچ کە نووسەری کتێبی “زمانی کوردی لە ئێران، دانپێدانانی سنووردار و چاوەدێریکراو”، ئاماژەی پێ کردووە، گۆڕانێکی جێگەی هیوایە. “ئەمە بۆ خۆی زۆر باشە. لە لایەکەوە بابەتەکە لەنێو خودی ئاخێوەرانی زمانە کەم دەسەڵاتەکانەوە، وەکوو کوردی و ئازەری، بە زەقیی سەرهەڵدەداتەوە. لەلایەکی دیکەوە، نووسەر و ڕووناکبیرانی فارس دێنە نێو گفتوگۆکان و لەسەر بابەتەکە گفتوگۆ دەکەن. واتە، بۆنەکە بۆ لە ئارادا هێشتنەوەی بابەتەکە و درێژەدانی گوتارەکە کاریگەرە.” (لاپەڕی ١٥)
خاڵێکی جێگەی سەرنج کە توێژەر لەم پێشەکییەدا ڕوونی دەکاتەوە، نیگەرانی و خراپحاڵیبوونی فارسزمانەکان و لایەنگرانی زاڵبوون و بالادەستیی زمانی فارسی لە ئێران لە ئاکامەکانی پەروەردە و خوێندنی چەند زمانە لە ئێراندایە.” دەستڕاگەیشتن بە زمانی یەکەم بۆ هەموو مەبەستەکان مافێکی ئینسانییە. هەروەها دەستڕاگەیشتن بە زمانی “نەتەوەیی” و هاوبەشی وڵاتێکیش مافێکی ئینسانی و زمانییە. ئەمە بەو واتایەیە کە دەستڕاگەیشتن بە مافی زمانی زگماکی یان یەکەم، نابێ بە واتای دوورەپەرێزی لە زمانی وڵاتێک بێ، وەکوو زمانی فارسی لە ئێران. بێبەشکردنی منداڵی کورد لە زمانی فارسی بێبەشکردنیانە لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵاتێکدا کە فارسی زاڵە.” (لاپەرەکانی ١٧و١٨)
لە کۆتایی ئەم پێشەکییەدا، پرسیارێک ورووژێندراوە. وڵامێک کە توێژەر بەو پرسیارەی داوەتەوە، یارمەتیدەرە بۆ ئەو کەسانەی خەریکی نووسین و توێژینەوە لەبارەی سیاسەت و پلانی زمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن. پرسیارەکە ئەمەیە: “ئایا هەر ئەوە کە لە وڵاتێکی وەکوو ئێران خوێندن بە زمانی کوردی ڕێگا بدرێ، هەموو شت ڕاست و دروست دەردەچێ؟” توێژەر دوای ئاماژە بەو هەمووە چەرمەسەری و قوربانیدانەی کورد لەپێناوی زمانەکەی، وریایی دەدا ئەگەر ڕۆژێک دەروویەکی نەختێک ڕووناک بۆ خوێندنی زمانی کوردی و خوێندن بەو زمانە بکرێتەوە، پێویستە لە سەرەتاوە هەنگاوەکان شێلگیرانە و بە زانیارییەوە هەڵبگیرێن. لەم بارەیەوە دەڵێ: “بۆ ئەوە کە سیستەمێکی سەرکەوتوو بۆ خوێندن بە زمانی دایک بێتە ئاراوە، پێویستە زۆر لایەن وەکوو ئەکتەرەکان (منداڵ، بنەماڵە، جڤات، نەتەوە، وڵات و هتد)، پرۆگرامەکان، یاساکان و بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەبەرچاو بگیرێن.” (لاپەڕی ١٩) توێژەر بۆ هەر یەک لەم ئەکتەرانە کۆمەڵێک بیرۆکە و ئەرکی خستووەتە ڕوو کە پێویستە لە ئەگەری هاتنە کایەی دەرفەتێکی ئەوتۆدا، جێبەجێی بکەن و بخرێنە چوارچێوەی بەرنامە و پلانیان.
لەبارەی کرۆک و نێوەرۆکی توێژینەوەکە:
توێژینەوە لە سەرەتادا لە دەلاقەیەکی تیۆریکەوە دەڕوانێتە جۆری گەڵاڵەبوونی سیاسەتی زمانی لە ئێران. نێوەرۆکی سیاسەتی زمانی لە ئێران، پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە پێکهاتنی دەوڵەتی نوێ لە ئێران و ئەو ئایدۆلۆژی و ناسیۆنالیزمەی دەوڵەت- نەتەوەی ئێرانی لەسەر بنیات نراوە. دەوڵەت نەتەوەی ئێرانیش کە لە سەدەی بیستەمدا سەری هەڵدا “وەک زۆربەی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئەو سەدەیە، پڕۆژەگەلی نەتەوەچێکەریی خۆیان لە پڕۆژە گەڵی وڵاتانی ئەورووپییەوە وەرگرت بە تایبەتی فەرەنسە، لە بەر ئەوەی فەرەنسە وەک یەک لە یەکەم پڕۆژەگەلی نەتەوەچێکەری سەرکەوتووی مودێڕن لە قەڵەم دەدرێ کە تێیدا پڕۆسەی یەکپارچەسازی بە “هێوری و بێ گیروگرفت” چووەتە پێشێ.”(لاپەڕی ٣١)
لە سەدەی بیستەم، زمانەکانی کاتالان و باسک لە ماوەی دەسەڵاتی فرانکۆ لە ئیسپانیا قەدەغە کران، و کوردی لە تورکیە بۆ ماوەی نزیکەی سەدەیەک ڕێپێنەدراو بوو. ئێرانیش زمانگەلی کەمینەکانی قەدەغە کرد، یەک لەوان کوردی، لانیکەم لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕەزاشادا، ١٩٢٥- ١٩٤١” ( لاپەڕی ٣٢).
لە چوارچێوەی ئەو باسە تیورییەدا، ڕاوبۆچوونی کۆمەڵێک لە زمانەوانە بە ناوبانگەکان لە بارەی سیاسەتی تاکزمانی و ئامانجەکانی، هەروەها ڕۆڵی سیستەمی پەروەردە و سیاسەتی زمانیی بەکارهاتوو لەو سیستەمە لە جێگیرکردنی ئایدۆلۆژی سیستەمی سیاسیی وڵاتدا دەخوێنینەوە. بۆ نموونە ئەم بۆچوونەی “سکۆتناب کانگاس”: ” لە وڵاتێکی فرەزماندا، داسەپاندنی یەک زمان بە سەر تەواوی خەڵکدا و بە قیمەتی وەپەراوێز خستنی زمانەکانیتر بە واتای شەرعییەتدانە بە دەسەڵاتێکی سیاسیی تایبەت، شێوازێکی دیاریکراوی چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، و ڕێگایەکی ئایدۆلۆجیکی بە کۆمەڵاتیکردنی جەماوەر کە دەبێتە هۆی ملکەچکردنیان بۆ، کەموزۆر، تاکە یەک شێوازی تێڕوانین، تێگەیشتن، و شڕۆڤەکردنی جیهان، تاکە یەک شێوازی تێڕوانین لە خۆیان و ئەوانیتر، و هەر بۆیە پێملبوون بە ناسنامەیەکی یەکسان و هاوبەش، واتە ناسنامەی گرووپی بالادەست ] و خاوەن دەسەڵاتی سیاسی [ . یەک لە شێوازە کاریگەرەکانی تواندنەوە و یەکدەستکردنەوە” پەروەردەی ڕەسمی بووە.” (لاپەڕی ٣٤)
توێژەر، بەشێکی سەرەکیی توێژینەوەکەی بۆ باس لە سیاسەتی زمانی لە ئێران لە دوو سەردەمی جیاوازدا تەرخان کردووە. سەردەمی ڕێژیمی شایەتی و دەسەڵاتدارێتیی ڕەزا شا و دواتر کوڕەکەی. هەروەها سیاسەتی زمانی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە نەک هەر بە گۆڕانی دەسەڵاتداران، تەنانەت بە گۆڕانی ڕێژیمە سیاسییەکانیش، جەوهەری سیاسەتی سەرکوتکەرانەی تاکزمانی لە ئێران نەگۆڕاوە. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە لە نێوان سیاسەتی زمانی لەو دوو سەردەمە سیاسییە جیاوازەدا، هیچ جیاوازییەک پێک نەهاتوە. بۆ وێنە حەمەرەزاشا “هەر چەند تواندنەوەی زاڵمانەی کەمینەکانی، بە کوردیشەوە کەم کردەوە، بەڵام فارساندن وەک سیاسەتی سەرەکیی حکوومەتی ناوەندی و دامودەزگا خۆجێیی و ناوچەییەکان مایەوە، هەر لە دامودەزگای سەربازییەوە بگرە تا دەگاتە پەروەردە.” (لاپەڕی٤٢)
لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی حەمە ڕەزاشا، کرانەوەیەک بە ڕووی زمانی کوردی و زمانە نافارسییەکانی دیکەش لە هێندێک بواردا هەبووە وەک ڕێگەدان بە بڵاوبوونەوەی چەند گۆڤار یا چاپی هێندێک کتێب و هتد. بە وتەی توێژەر (د.جەعفەر شێخولئیسلامی) ئەم لادانە چ پەیوەندییەکی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەوڵەتدا نەبوو، بەڵکوو پتر حاسڵی گۆڕانی کۆمەڵایەتی- سیاسیی ئەو سەردەمە بوو. زمانی کوردی هەر وەک زاراوەیەکی زمانی فارسی دەهاتە ئەژمار. لە فێرگەکان پێی نەدەخوێندرا، تەنیا لەنێو بنەماڵە و لە شەقامدا قسەی پێ دەکرا. لە ئاکامدا “نیشانەکانی گۆڕانی زمانیی لە کوردییەوە بۆ فارسی لە ناوەندە شارنشینە گەورەکانی لە چەشنی ئیلام، کرماشان و سنە دیار بوون…” (لاپەڕی ٤٣)
پاش ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ماف و داواکانی کورد کە بە فەرمی ناسرانی زمانی کوردی و خوێندن بەو زمانە لە کوردستان، یەک لە گرینگترینیان بوو، گوێی پێ نەدرا.”حکوومەتی دینیی نوێ هیچ تێگەیشتنی بۆ بابەتگەلی قەومیی تایبەت نەبوو کە وڵاتی فرەقەومیی ئەوان پێناسە بکات، و بارگرژییەکە خێرا تەشەنەی سەند.” (لاپەڕی ٤٥)
ئایا لە ئێران دان بە فرەزمانیدا نراوە و زمانەکانی ئەو وڵاتە، هیچ مافێکیان پێدراوە؟ ناوی توێژینەوەکە کە لە ڕاستیدا بووە بە ناوی کتێبەکەش، دەستەواژەی “دانپێدانانی سنووردار و چاوەدیریکراو”، زۆر لەجێی خۆیدایە. لە ئێران هەر لەو کاتەدا کە تەنانەت لە دەستووری وڵاتیشدا باس لە جۆراوجۆریی زمانی لە ئێران دەکرێ و دان بە زمانە ناوچەیی و خۆجێییەکان دەنرێ و، تەنانەت لە ئەسلی ١٥ی قانوونی ئەساسیی وڵاتدا هاتووە “زمانە ناوچەیی و خۆجێییەکان لە ڕاگەیاندن و ماس میدیا، هەر وەها بۆ گوتنەوەی ئەدەبیات بە وانە لە فێرگەکان وێڕای زمانی فارسی ڕێگایان پێ دەدرێ”، بەڵام بە وتەی توێژەر: “دەکرێ بگوترێ دانپێدانانێکی لەمجۆرە چ نییە جگە لە دەمامکێکی لێبڕاوانە”.
هەر لە درێژەی ئەو باسەدا، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ئێران لە بوارەکانی میدیا و پەروەردەدا شی کراونەوە. دەسەڵات لە ئێران لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن زمانی کوردی بۆ بانگەشەی سیاسیەکانی خۆی بە کار دێنێت. بەڵام چۆن بەکارهێنانێک؟: “زۆربەی ڕۆشنبیران، ڕۆماننووسان، شاعیران، و ڕۆژنامەنووسان لەو زمانە کوردییەی ئەم وێستگانە بە کاری دەهێنن، ڕازی نین، و پێیان وایە هەندێک هەوڵی بەئەنقەست بۆ تێکدانی زمانی کوردی لەژێر چاوەدێریی وردی کاربەدەستاندایە، زۆربەی جار لە ڕێگای وەرگێڕانی بابەتەکان یان شێوەزاری ترەوە، چونکی زۆربەی بەرپرس و بەڕیوەبەرانی وێستگەکانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن خەڵکی ناوچەکانی تری ئێرانن و بە کوردی ناپەیڤن. بە هەمان شێوە هەموو بڵاوکراوەکان دەبێ لەلایەن وەزارەتی کولتوور و ڕێنمایی ئیسلامییەوە پەسند بکرێن.” (لاپەڕی ٥٠). سەرەڕای ئەو کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریکردنە، گۆڤاری “سروە” کە بە ئیمکانات و ئیجازەی حکوومەت دەردەچوو، بەو هۆیەوە کە کەسانێکی دڵسۆز و بەئەزموونی وەک مامۆستایان هێمن موکریانی و ئەحمەد قازی سەرپەرستییان دەکرد، توانیی ڕۆڵی گرنگ لە ڕاکێشانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لاوان بۆ لای فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی وەئەستۆ بگرێ.
بەڵام لە دەرەوەی ئیرادەی دەسەڵاتی وڵات، هێندێک هەوڵ هەبوون کە توێژینەوە گرنگیی باشی پێداون. چالاکیی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان، هەروەها هەوڵێکی بەرچاو لە هەموو پاریزگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە زانکۆکانی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی گۆڤار و بڵاوڤۆک و کتێب بە زمانی کوردی هەبووە. بە تایبەتی لە سەرەتای دەیەی ١٣٩٠ کە هەرێمی کوردستان دوای ڕاپەڕین گۆڕانی سیاسیی بەسەردا هات، دواتریش لە سەردەمی بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازی و هاتنە سەرکاری محەممەد خاتەمی وەک سەرکۆماری ئێران، ئەم جۆرە تێکۆشانە زیاتر بوون.
توێژینەوە لە باسی بە کارهاتن یا نەهاتنی زمانی کوردی لە بواری پەروەردەشدا ئاماژە بە کۆمەڵێک هەوڵ دەکا بۆ جێبەجێبوونی نێوەرۆکی مادەی ١٥ی دەستووری وڵات کە دەسکەوتێکی ئەوتۆیان لێ نەکەوتۆتەوە. دەسکەوتەکە لە ڕادەی ملدانی حکوومەت بۆ خوێندنی دوو یەکەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی کوردستاندا بووە. بەڵام بزووتنەوەیەکی بەرفرەوان لە ڕۆژهەڵات بە بەشداریی نووسەران و ڕۆشنبیران بە شێوەی خۆبەخش بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی لە شار و گوندەکان وەڕێ کەوتووە. توێژینەوەکە ئاماژەیەکی دەوڵەمەند لە بارەی ئەو بزووتنەوەیەی تێدایە هەر چەند بە “بزووتنەوە” ناوی نەبردووە.
ئەنجام:
ئایا کۆماری ئیسلامی لە پرسی ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ زمانە نافارسییەکانی ئێراندا بە ڕێگەی ڕێژیمی شایەتیدا ڕۆیشتوە؟ دەتوانین وڵامی ئەو پرسیارە لە بەشی کۆتایی یا “مژار و ئەنجام”ی توێژینەوەکاندا بخوێنینەوە:
“کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە سیاستگەلی زمانیی سەردەمی پاشایەتیی لای نەداوە (a) پەروەردەی فرەزمانیی بە تەواوی فەرامۆش کراوە و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکگرتووییی خاک و وڵات چاوی لێ دەکرێ؛ (b) بەکارهێنانی زمانە نافارسییەکان سنووردار و چاوەدێریکراوە؛ (c) سەرەتی و باڵادەستیی زمانی فارسی وەک پێگەیەک بۆ یەکدەستکردنی سیاسەتی پەیکەرەیەکی هاوشێوە و یەکگرتوو لە بارەی قەومی و زمانییەوە ڕەچاو دەکرێ، ئەویش نەک هەر لە لایەن دامودەزگاکانی حکوومەتەوە، بەڵکوو هەر وەتر لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری ئەو ئەکادیمییە ئێرانییانەی کە لەسەر بابەتی سیاسەت و پلاندانانی زمانیی نووسیویانە، یان ئەوانەی لە بواری سینەمادا کار دەکەن، و هەروەها چاپخانەکان و میدیا جۆراجۆرەکان.” ( لاپەڕەی ٦٩)