ڕۆژنامه‌ی «آتش»
ساغکردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژووی ڕۆژنامه‌نووسیی کوردی له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان)
مێژووی ڕۆژنامه‌نووسیی کوردی له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به پچڕپچڕی و به ساغنهکراوهیی و تێکه‌ڵوپێکه‌ڵی ماوه‌ته‌وه. هه‌وڵ و ماندووبوونی هه‌ندێک که‌س نه‌بێت که چه‌ند گۆشه له‌و مێژووه‌یان ڕوون کردووه‌ته‌وه، ئه‌وی دیکه‌ی به گومی و ناڕۆشنی و په‌رشوبڵاوی ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش وای کردووه که زۆربه‌ی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی له‌بیر بچنه‌وه و گه‌لێک باس و ڕووداوی تێکه‌ڵ ببن و به ئاسانی ساغ نه‌بنه‌وه.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ند که‌سی له‌خۆبووردوو، به گه‌ڕان و ماندووبوون و هه‌وڵ و کۆششی خۆیان، له وتار و لێکۆڵینه‌وه و کتێبه‌کانیاندا گه‌لێک باس و لایه‌نی ناڕۆشن و تێکه‌ڵوپێکه‌ڵی (مێژووی ڕۆژنامه‌نووسیی کوردی له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان)یان نووسییه‌وه و ساغ کرده‌وه، له‌وانه: ئه‌حمه‌دی شه‌ریفی، محه‌ممه‌د عه‌لی سوڵتانی، محه‌مه‌د سه‌مه‌دی، عه‌بدوڵڵا سه‌مه‌دی، بورهان ئه‌یازی، عومه‌ر فاروقی و چه‌ند که‌سی دیکه.
ساڵی 1963 ویلیا‌م ئێگێڵتون، له كتێبی «کۆماره کوردییه‌که‌ی 1946»دا له په‌ره‌گرافێکی کورت‌دا، ناوی «ئاگر»ی له ڕیزی بڵاوكراوه‌كانی كۆماری كوردستاندا نووسیوه.(١)
پاشتر له وه‌رگێڕانه‌کانی ئه‌و کتێبه بۆ زمانی عه‌ره‌بی و کوردی، هه‌روه‌ها له ده‌یان وتار و لێکۆڵینه‌وه‌دا، که کتێبه‌که‌ی (ویلیا‌م ئێگێڵتون)یان وه‌ک سه‌رچاوه به‌کارهێناوه، هه‌مان زانیاریی دووباره کراوه‌ته‌وه. پاشان منیش و گه‌لێک که‌سی دیکه شوێن هه‌مان هه‌ڵه كه‌وتووین و دووباره‌مان کردووه‌ته‌وه.(٢)
پاش گه‌ڕان و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و تاوتوێکردنیان، گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ڕۆژنامه‌ی «آتش» ساڵی 1946 له تاران به زمانی فارسی له‌ژێر چاودێریی ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا و به مه‌به‌ستی دژایه‌تیکردنی کۆماری کوردستان و حکوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان ده‌رکراوه و، به هه‌ڵه تێکه‌ڵ به مێژووی ڕۆژنامه‌نووسیی کوردی کراوه.
دوكتۆر هاشم شیرازی له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باسی ئه‌وه‌ی کردووه که ساڵی 1946 له ڕۆژنامه‌ی «آتش»دا زنجیره وتارێک دژی کۆماری کوردستان و ڕابه‌ره‌کانی بڵاو کراوه‌ته‌وه. له‌و ده‌مانه‌دا، ڕۆژێک له تاران سه‌دری قازی له دوكتۆر هاشم شیرازیی پرسیوه: “نازانیت کێ ئه‌و وتارانه له ڕۆژنامه‌ی آتشدا ده‌نووسێ؟». دوكتۆر هاشم شیرازییش له وه‌ڵامدا گوتوویه‌تی: “وای بۆ ده‌چم که ئه‌و وتارانه به قه‌ڵه‌می مه‌حمود سه‌نائی بێت”. پاشان دوكتۆر هاشم شیرازی چه‌ند به‌سه‌رهاتی گێڕاوه‌ته‌وه و تێیاندا باسی ئه‌وه‌ی كردووه که هه‌ندێک كه‌سی خه‌ڵكی مه‌هاباد كه دانیشتووی شاری تاران بوون، هه‌واڵ و زانیاری‌یان بۆ “مه‌حمود سه‌نائی” كۆكردووه‌ته‌وه و ئه‌ویش له وتاره‌کانیدا ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی به شێوازێک داڕشتووه که نێوه‌ڕۆکه‌که‌ی له دژی کۆماری کوردستان و ڕابه‌ره‌کانی بێت.(٣)
ساڵی 1993 له مامۆستا “محه‌مه‌د شاپه‌سه‌ندی”م پرسی كه له چه‌ند كتێب و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌دا له ڕیزی ناوی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی كۆماری كوردستاندا ناوی “ئاگر”یش نووسراوه، ئایا گۆڤارێك یان ڕۆژنامه‌یه‌ك به‌و ناوه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌رچووه؟
محه‌ممه‌د شاپه‌سه‌ندی كه یه‌كێك له كارمه‌نده چالاك و كارامه‌كانی چاپخانه‌ی كۆمار بوو، هه‌روه‌ها گه‌لێك نووسینی له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی ئه‌وده‌مه‌دا بڵاوكردبووه‌وه، به دڵنیاییه‌وه گوتی: له مه‌هاباد و له چاپخانه‌كه‌ی كۆمار هیچ گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌ك به ناوی “ئاگر”ه‌وه ده‌رنه‌كراوه و ئه‌گه‌ر بكرایه بێگومان ئاگادار ده‌بووم و هه‌روه‌ك چۆن هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌م له‌بیره، ئه‌ویشم له‌بیر ده‌بوو.(٤)
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه ڕۆشن بێت، چه‌ند ڕوونکردنه‌وه ده‌رباره‌ی ڕۆژنامه‌ی «آتش» و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که تێیدا ده‌رکراوه، ده‌نووسم.
- ڕۆژنامه‌ی “آتش” ڕۆژنامه‌یه‌کی سیاسی و خه‌به‌ریی هه‌فتانه بووه، له شاری تاران به زمانی فارسی له‌لایه‌ن “سه‌ید مه‌هدی میر ئه‌شرافی”یه‌وه ده‌رکراوه. له ته‌نیشت ناوی ڕۆژنامه‌که نووسراوه: “آتش ـ صاحب امتیاز و مدیر: سید مهدی اشرافی». یه‌که‌م ژماره‌ی له 29ی خاکەلێوەی 1325 (19/4/1946)دا ده‌رچووه. چه‌ند جارێک وه‌ستاوه و پاشان به ستاف و شێوازێکی دیکه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. که‌سانی وه‌ک “محمود سەنایی” و “نوسرهتوڵڵای موعینیان” به وتار و بابه‌تی جۆراوجۆر هاوکاریی ڕۆژنامه‌که‌یان کردووه. له زۆربه‌ی ژماره‌كانی ڕۆژنامه‌ی “آتش”دا هه‌واڵ و باسی تایبه‌ت به کورد و کوردستان و شاری مه‌هاباد و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ژێر سایه‌ی كۆماری كوردستان و حکوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان به وێنه‌وه بڵاوکراونه‌ته‌وه. به‌شی زۆری هه‌واڵ و باسه‌كان به‌جۆرێك داڕێژراون و بڵاو کراونه‌ته‌وه كه له نێوهڕۆكدا دژی كۆماری كوردستان و حکوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان بوون.
- سه‌ید مه‌هدی میرئهشرافی (1911 ـ 1979) که‌سێکی ئاڵۆز و ناجێگیر و ئاژاوه‌چی بووه. ته‌نانه‌ت لای که‌سه نزیکه‌کانیشی خۆشه‌ویست نه‌بووه. له دانشگای ئه‌فسه‌ری خوێندوویه‌تی و بووه‌ته «سه‌روان». دواتر وازی له سوپا هێناوه و به ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه خه‌ریک بووه. له چه‌ند خولێکی په‌رله‌مانی ئێران‌دا بووه‌ته ئه‌ندام په‌رله‌مان. پاشان به کاری جۆراوجۆره‌وه خه‌ریک بووه. له گه‌لێک وتار و کتێب‌دا ناوی براوه و به‌سه‌رهات و ڕووداووی سه‌یری لێ گێڕراوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه کراوه که کاری بۆ ده‌زگای (سی ئای ئه‌ی) کردووه. له‌پاش ڕووخانی ڕێژێمی شا ده‌ستگیر کراوه. له دێسامبه‌ری 1979دا له ئیسفه‌هان ئیعدام کراوه.
- مه‌حمود سه‌نائی «محمود ثنائی» (1924 ــ 1982) شاعیر و نووسه‌ر و نازناوی “شهر آشوب” بووه. له ئیسفه‌هان له‌دایک ¬بووه. پاشان ماڵیان بۆ شاری ورمێ گواستووه‌ته‌وه و له‌وێ خراوه‌ته به‌ر خوێندن. دواتر له تاران درێژەی بە خوێندن داوە و بووه‌ته مامۆستا. چه‌ند ساڵێك به‌ر له دامه‌زرانی كۆماری كوردستان له شاری مه‌هاباد مامۆستا بووه و خۆی له بنه‌ماڵه‌ی قازی نزیك کردووه‌ته‌وه. پاشان چووه‌ته تاران و له ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌ی “آتش”دا هاوکاریی “سه‌ید مه‌هدی میر ئەشرافی”ی کردووه.(٥)
- له ژماره 68ی ڕۆژنامه‌ی «آتش»دا که له ڕۆژی (پێنجشه‌ممه 12ی دی 1325 – 3/1/1947)دا ده‌رکراوه، له یه‌که‌م لاپهڕهیدا وێنه‌یه‌کی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان (1946) بڵاوکراوه‌ته‌وه. له وێنه‌که‌دا سەرهەنگ به‌کر عه‌بدولکه‌ریم حه‌وێزی، حه‌مه حوسێن سه‌یفی قازی، مه‌لا مسته‌فا و کۆمه‌ڵێک فه‌رمانده و که‌سی دیکه هه‌ن. له‌ژێر وێنه‌که‌دا نووسراوه: «عدهای از افسران کردستان خودمختار در وسط ملا مصطفی بارزانی که اکنون در تهران زندانی است و دولت عراق تقاضای استرداد او را نموده است دیده می‌شود».
- له ژماره 104ی ڕۆژنامه‌ی “آتش”دا که له ڕۆژی (سێشه‌ممه 29ی بهمن 1325 – 19/2/1947)دا ده‌رکراوه، چه‌ند هه‌واڵ و وتار و بابه‌ت له دژی كۆماری كوردستان و حکوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان بڵاو کراونه‌ته‌وه. له یه‌که‌م لاپهڕهیدا وێنه‌یه‌کی قازی محه‌ممه‌د ده‌بینرێ که له‌ژێریدا نووسراوه: “قاضی محمد رئیس حکومت خودمختار کردستان”، له خوارتریش هه‌مان ئه‌و وێنه‌یه‌ی که له ژماره 68دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، له‌م ژماره‌یه‌شدا دانراوه.
- له ژماره 134ی ڕۆژنامه‌ی “آتش”دا که له ڕۆژی (سێشه‌ممه 11ی خاکەلێوەی 1326 – 1/4/1947)دا ده‌رکراوه، هه‌واڵی له‌سێداره‌درانی قازی محه‌ممه‌د و سه‌دری قازی و محه‌ممه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌کی قازی محه‌ممه‌د دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. هه‌واڵه‌که وه‌ک خۆی ده‌نووسمه‌وه: “قاضی محمد، صدر قاضی و سیف قاضی در ساعت 5 صبح دیروز اعدام گردیدند. تلگراف خبرنگار ما از مهاباد: آتش ـ تهران ـ سه نفر خائن مشهور قاضی محمد و صدر قاضی و محمد حسین سیف قاضی که در دادگاه زمان جنگ بریاست سرکار سرهنگ پارسی¬تبار محاکمه شده بودند در ساعت 5 صبح 10/1/25 بدار مجازات آویخته شدند. آتش- ضمن سلسله مقالات (حزب کومله کمونیست کردستان چگونه بوجود آمد) مفصلا اعمال خائنانه این سه مرد در روزنامه آتش منتشر گردید و انتشار آن مقالات کمک بسیاری بە روشن شدن اسرار نمود باید دانست که مجازات خائن غیر از این نباید باشد.”
سه‌رنج!
یه‌که‌م/ ئه‌وه که له هه‌واڵه‌که‌دا نووسراوه: (10/1/25) هه‌ڵه‌یه، مێژووه‌که به‌م جۆره ڕاسته (10/1/1326) که ده‌کاته (3٠/3/1947).
دووه‌م/ له هه‌واڵه‌که‌دا نووسراوه که له ژماره‌کانی پێشووی ڕۆژنامه‌ی “آتش”دا زنجیره وتارێک له‌ژێر ناوی (حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی کۆمونیستی کوردستان چۆن هاته کایه‌وه). بێگومان ئه‌گه‌ر ژماره‌کانی پێشووی ڕۆژنامه‌ی “آتش” په‌یدا بکرێ، به‌تایبه‌ت ئه‌و ژمارانه‌ی که ئه‌و زنجیره وتاره‌یان تیادا بڵاو کراوه‌ته‌وه، له‌لایه‌ک گرنگه که بزانین چی له نێوهڕۆکهکهیدا نووسراوه و چ جۆره به‌ڵگه و وێنه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ دانراوه، وه‌کووتریش ڕۆشنتر ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌و ڕۆژنامه‌یه چه‌ند دوژمنانه ده‌رباره‌ی کورد و کوردستان و کۆماری کوردستانی نووسیوه.
په‌راوێزه‌کان:
[1] [ William Eagleton Jr, The Kurdish Republic of 1946, Oxford University Press, London, 1963, P.10I]
[2] خۆم له چه‌ند وتار و لێكۆڵینهوهمدا كه‌وتوومه‌ته هه‌ڵه‌وه و نووسیومه كه ساڵی 1946 ڕۆژنامه‌یه‌ك به‌ناوی «ئاگر»ه‌وه له مه‌هاباد به كوردی ده‌ركراوه. [بڕوانه: جوتیار تۆفیق، چه‌ند گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌كی بێسهرو شوێن، كوردستانی نوێ، ڕۆژنامه، ژماره 1599، پێنجشه‌ممه 23/4/1998، ل10]، هه‌روه‌ها [سۆران (جوتیار تۆفیق هه‌ورامی)، تیشكێك بۆ سه‌ر گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی كۆماری كوردستان، چوارچرا، گۆڤار ــ سلێمانی، ژ1، ئازاری 1997، ل11]. هه‌روه‌ها [جوتیار تۆفیق، بیبلیۆگرافیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ده‌ره‌وه‌یدا 1908 ــ 1988، ل36].
[3] خاطرات دكتر هاشم شیرازی از فعالان سیاسی كردستان، به كوشش: هاشم سلیمی، تهران، انتشارات توكلی، 1379، ص130 ـ 134.
- دوكتۆر هاشمی شیرازی له 1/5/1919دا له مه‌هاباد له‌دایك¬بووه. ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ژ. ك. «کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان» و ناوه نهێنییه‌که‌ی «پرشنگ» بووه. له مه‌هاباد و تاران خوێندوویه‌تی و بووه‌ته پزیشكی دان. 15/7/1998 له تاران كۆچی دوایی كردووه و له مه‌هاباد نێژراوه. به‌شێک له بیره‌وه‌رییه‌کانی له دووتوێی کتێبێک‌دا به فارسیی بڵاوکراوه‌ته‌وه. [خاطرات دكتر هاشم شیرازی از فعالان سیاسی كردستان، به كوشش: هاشم سلیمی، تهران، انتشارات توكلی، 1379].
[4] محه‌مه‌دی شاپه‌سه‌ندی: تێکۆشه‌ر، ڕووناکبیر، نووسه‌ر، که‌سێکی ساده و نه‌فسبه‌رز و له‌خۆبووردوو بوو. پاییزی ساڵی 1920 له شاری مه‌هاباد له‌دایكبووه. دایکی ناوی ئامینه ڕه‌حیمی و باوکی ناوی حه‌مه ساڵح کوڕی سه‌عید و به «شاپه‌سه‌ندی» ناسراوه. به منداڵی خراوه‌ته به‌ر خوێندن و له قوتابخانه‌ی «سه‌عاده‌ت» له مه‌هاباد خوێندوویه‌تی. به لاوی تێکه‌ڵی جموجۆڵی سیاسی بووه. ئه‌ندامێکی چالاک و کارامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. «کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان» بووه. له چاپکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی بڵاوکراوه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. و پاشتریش له چاپخانه‌ی کۆماری کوردستاندا ڕۆڵی دیاری هه‌بووه. چ به نووسین و چ به وه‌رگێڕان به‌شداریی له زۆربه‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه و بڵاوکراوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا کردووه. پاشان چووه‌ته سلێمانی و ماوه‌یه‌ک له سیته‌ک بووه. دواتر به‌شی زۆری ژیانی له به‌غداد بووه و له بواری چاپدا کاری کردووه. له چاپکردن و دیزاینکردنی ده‌یان کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی کوردی‌دا ده‌ور و نه‌خشی بووه. پاشان له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی له سلێمانی نیشته‌جێ بوون. ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه 15/1/2006 له شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد و له گردی سه‌یوان به خاک سپێردرا. به‌شێک له بیره‌وه‌رییه‌کانی و هه‌ندێک له وتار و نووسینه‌کانی له‌لایه‌ن (بنکه‌ی ژین)ه‌وه له دووتوێی کتێبێک‌دا کۆکراونه‌ته‌وه. [بیره‌وه‌رییه‌کانی محه‌ممه‌د شاپه‌سه‌ندی، ئاماده‌کردنی: سدیق ساڵح، له بڵاوکراوه‌کانی بنکه‌ی ژین، سلێمانی، 2007، چاپخانه‌ی شڤان.]
[5] بۆ زانیاریی ده‌رباره‌ی ڕۆژنامه‌ی «اتش» و ژیاننامه‌ی سه‌ید مه‌هدی میر ئەشرافی و محمود ثنائی، سودم له‌م دوو سایته وه‌رگرتووه:
(www.rasekhoon.net)/(www.pajoohe.com)