ئەرەستوو زۆر پێش لە ئێستا وریایی ئەوەی دابوو کە “ئیستبداد دەتوانێ دیسان ببێتەوە ئیستبداد…”. نموونەی وا لە مێژوودا زۆرە، بۆ وێنە ژاکۆبینەکان و ناپلئۆن لە فەرانسە، بولشویکەکان لە ڕووسیە، مەلاکان لە ئێران، ئسلوورکەکان لە برێمە و و زۆر وڵاتی تر کە ڕووخانی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر بۆ هەندێ کەس دەبێتە دەرفەت بۆ ئەوەی خۆیان بگەنە دەسەڵات. ڕەنگە هەرکام بە مەبەستێک بۆ دەسەڵات تێبکۆشن، بەڵام ئاکامەکەی بۆ هەموویان تەقریبەن وەکوو یەکە.
تەنانەت لەوانەیە دیکتاتۆری تازە ستەمکارتر و لە ڕێژیمی پێشوو پاوانخوازتر بێ. یا تەنانەت لەوانەیە ئەندامانی ڕێژیمی پێشوو پێش لە ڕووخانی دیکتاتۆری هەوڵ بدەن لە ڕێگای کوودەتاوە هەم وەپێش هێزە ئازادیخوازەکان بکەون و هەم خەبات بۆ دێموکراسی ڕابگرن. ئەم کوودەتایە لەوانەشە ئیدیعای لابردنی دیکتاتۆری بکا بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا لە هەوڵی داسەپاندنی مودێلێکی نوێتر لە ڕێژیمی پێشوو بێ.
پێشگرتن لە کوودەتاکان
هەندێ ڕێگا هەیە کە کۆمەڵگە تازە ئازادکراوەکان دەتوانن بە کەلکوەرگرتن لەوانە شکست بە کوودەتا بهێنن. زانیارییەکی باش لەم ڕێگایە دەتوانێ دەتوانێ پێش بە کوودەتا بگرێ، ئامادەبوون دەتوانێ هۆکارێک بێ بۆ پێشگرتن لە کوودەتا. کوودەتاچییەکان ڕێک دوای کوودەتا، پێویستیان بە مەشرووعیەتە، واتە قەبووڵکردنیان لە لایەن کۆمەڵگەوە بۆ حکوومەت کردن. کەوابوو یەکەم هەنگاو بۆ بەرپەرچدانەوەی کوودەتا، قەبووڵنەکردنی مەشرووعیەتی کوودەتاچییەکانە. کوودەتاچییەکان هەروەها دەیانەوێ کە ڕێبەرە مەدەنییەکان و خەڵک لە بەرانبەر ئەواندا بێدەنگ و خەسیو بن. کوودەتاچییەکان بۆ قایمکردنی دەسەڵاتی خۆیان و کۆنترۆڵی کۆمەڵگە پێویستیان بە هاوکاریی کەسانی پسپۆڕ و ڕاوێژکار و مەئموور و کارمەندەکانی دەوڵەت و بەڕێوەبەر و قازییەکان هەیە. کوودەتاچییەکان هەروەها دەیانەوێ ئەو کەسانەی کە توانایی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکان و ئابووری کۆمەڵگە و هێزەکانی پۆلیسیان هەیە، بەپێی فەرمانی ئەوان کارەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن.
شتی دیکە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کوودەتا، ڕاوەستانی خەڵکە لە بەرانبەریاندا لە ڕێگەی خەبات و هاوکاری نەکردنەوە کە دەبێ هاوکاری و یارمەتی نەکرێن. لە ڕاستیدا دەبێ لەم شێوازانە کە بۆ خەبات بە دژی دیکتاتۆری کەلکیان لێ وەردەگیرا، بە دژی کوودەتاچیەکانیش کەڵکی لێوەربگیرێ، بەڵام دەبێ ئەمەیان زۆر بەخێرایی جێبەجێ بکرێ. ئەگەر هاوکاری نەکرێن و مەشرووعیەتیان پێ نەدرێ، کوودەتا بە مردوویی لەدایک دەبێ و شانس بۆ دامەزرانی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک دەگەڕێتەوە.
ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی
سیستمی دێموکراتیکی نوێ پێویستی بە یاسایەکی بنەڕەتی وەهایە کە چوارچێوەی داواکراوی دەوڵەتی دێموکراتیکی لەسەر بینا بکرێ. یاسای بنەڕەتی دەبێ ئامانجەکانی دەوڵەت، بەربەستەکانی دەوڵەت، شێواز و دیاریکردنی کاتی ئەو هەڵبژاردنانەی کە بەرپرسانی دەوڵەتی و یاسادانەرانی تێدا هەڵدەبژێردرێن، مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک و شێوازی پێوەندیی دەوڵەت لەگەڵ چینەکانی خوارەوەی خۆی دیاری بکا.
ئەگەر دەوڵەت بیەوێ دێموکراتیک بمێنێتەوە دەبێ دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاو لە نێوان پاڕلمان و دەوڵەت و دەزگای قەزایی دابەش کرابێ. هەروەها دەبێ بەربەستی زۆر بەهێز بۆ پۆلیس و ڕێکخراوە هەواڵگرییەکان و هێزە چەکدارەکان دابنرێ تا ڕێگای هەرچەشنە دەستێوەردانێکی سیاسییان لێ بگیرێ.
بۆ پاراستنی سیستمی دێموکراتیک و ڕێگرتن لە دروستبوونی ڕێژیمێکی دیکەی دیکتاتۆری، دەبێ یاسای بنەڕەتی بە جۆرێک بێ کە سیستمێکی فیدراڵ بە هەموو مافەکانیەوە بۆ هەموو ناوچەکان لە بەرچاو بگیرێ. هەندێ جار دەکرێ سیستمی کانتۆنەکانی سوئیس بکرێتە نموونە، کە لەودا هەندێ ناوچەی بچووک بە مافی زۆرەوە خۆیان بەڕێوە دەبەن و هاوکاتیش وەکوو بەشێکیش لە وڵاتی سوئیس دەمێننەوە.
ئەگەر پێش لە دیکتاتۆر، لەو وڵاتەی کە تازە ئازاد بووە، یاسا بنەڕەتییەکەی هەندێ لەو تایبەتمەندییە دێموکراتیکانەی تێدابووە، باشتر وایە کە چاکی بکەنەوە و کاری پێ بکەن. ئەگەریش شتی وا نییە پێویستە یاسایەکی بنەڕەتیی کاتی دابنێن تا ئەو کاتەی کە یاسایەکی بنەڕەتیی تازە ئامادە دەکرێ. ئامادەکردنی یاسایەکی بنەڕەتیی نوێ پێویستی بە کات و بیرلێکردنەوەی زۆرە. لەم کارەدا پێویستە هەمووان لە پەسندکردنی یاسای نوێدا بەشداری بکەن.
دەبێ وریا بن کە هەندێ پاشکۆ بۆ قانوون دیاری نەکرێ کە جێبەجێکردنەکەی لە داهاتوودا زەحمەت بێ. یان هەندێ بڕیار نەدرێ کە جێبەجێکردنەکەی پێویستی بە دەوڵەتێکی زۆر داخراو بێ. چونکە هەردووکیان کارئاسانی بۆ دروستبوونی دیکتاتۆرییەکی نوێ دەکەن.
دەقی یاسای بنەڕەتی دەبێ بە جۆرێک بێ کە زۆربەی خەڵک لێی تێبگەن. یاسای بنەڕەتی نابێ هێندە ناڕوون و پێچەڵپێچ بێ کە تەنیا پارێزەران و یاساناسان بتوانن لێی تێبگەن.
سیاسەتی بەرگریی دێموکراتیک
وڵاتی تازە ئازادکراو لەوانەیە هەڕەشەی دەرەکیی لەسەر بێ کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە پێویستی بە توانایی بەرگرییە. هەروەها لەوانەشە مەترسیی ئەوەی لەسەر بێ کە وڵاتانی دیکە بیانەوێ دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری یان چەکداریی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن.
بە مەبەستی پاراستنی دێموکراسیی نێوخۆیی، دەبێ سەرنجی تایبەتی بدرێتە بنەما سەرەتاییەکانی خەباتی سیاسی بۆ ئەوەی پێویستییەکانی بەرگرییەکی نەتەوەیی بێتە دی.
ئەگەر توانایی و هێزی بەرگری ڕاستەوخۆ درایە دەستی خەڵک و ڕۆڵیان تێدا هەبوو، وڵاتی تازە ئازادکراو هێزە چەکدارەکانی تێدا باڵادەست نابن و دێموکراسی ناکەوێتە مەترسییەوە. هەروەها پێشگیری دەکرێ لەوەی کە سامان و ئابوورییەکی زۆر کە دەکرێ لە شوێنێکی باشتری وڵات خەرج بکرێ، لە کیس بچێ.
نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە هەندێ تاقم و گرووپ بەئانقەست خۆیان لە دانانی یاسای بنەڕەتی دەدزنەوە، تا بەڵکوو بتوانن دەسەڵات پاوان بکەن و ببنە دیکتاتۆرێکی تازە.
بۆیە ڕۆڵێکی هەمیشەیی دەکەوێتە ئەستۆی خەڵک کە ئەویش بریتیە لە خەباتی سیاسی و هاوکارینەکردنی دیکتاتۆرە ئیحتمالییەکان و پاراستنی پێکهاتە و ماف و ئازادیەکان و ڕەوتی دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە.
بەرپرسایەتییەکی شیاو
کاریگەریی خەباتی ناتوندوتیژ تەنیا لاوازکردن و لەبەینبردنی دیکتاتۆرەکان نییە بەڵکوو هێزبەخشین بە خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوەشە. بەم تکنیکە، ئەو خەڵکەی کە پیشتر خۆیان پێ پیادەیەکی بێدەسەڵاتی شەترەنج بوو، ورە و هێزێکی وا وەردەگرن تا بە هەوڵ و تەقەللای زیاتر، هێزی خۆیان ڕاستەوخۆ بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و دادپەروەیی زیاتر بەکار بێنن.
ئەم ئەزموونە لە خەبات دەرەنجامێکی ڕەوانیی باش و گرینگی هەیە کە دەتوانێ بایەخ و باوەربەخۆبوونێکی زۆر لە نێو ئەو خەڵکەدا دروست بکا کە پێشتر بێدەسەڵات بوون.
یەکێک لە ئاکامە سوودبەخش و درێژخایەنە گرینگەکانی کەڵلکوەرگرتن لە خەباتی ناتوندوتیژ بۆ دامەزرانی دەوڵەتی دێموکراتیک ئەوەیە کە تواناییەکی زۆر دەداتە کۆمەڵگە بۆدرێژەپێدانی ڕێگا و بەرنگاربوونەوەی کێشەکانی داهاتوو. کێشەگەلێک وەکوو گەندەڵی، ناعەداڵەتیی ئابووری، هەڵسوکەتی خراپی بەرپرسان و بەرتەسککردنەوەی دێموکراسی لە وڵاتدا. خەڵکێک کە لە خەباتی سیاسیدا باش لە کڵ دەرهاتبێتن، لە بەرانبەر دیکتاتۆرەکانی داهاتوودا زۆر باش خۆ ڕادەگرن.
دوای ئازادی وڵات لە چنگی دیکتاتۆری، ئاشنایەتی لە گەڵ خەباتی ناتوندوتیژ هەندێ شێواز و ئەزموونی باشی لێ بەرهەم دێ بۆ پاراستنی دێموکراسی، ئازادییە مەدەنییەکان، مافی کەمینەکان و مافەکانی ناوچە فیدراڵەکان و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان. ئەم شێوازانە هەروەها هەندێ ڕێگا دەکاتەوە کە لەودا خەڵک و گرووپە جۆربەجۆرەکان دەتوانن تەنانەت ڕادیکاڵترین بیروباوەڕەکانی خۆیان بخەنە بەرباس کە پێشتر گرووپە ناڕازییەکان و دژبەرانی دیکتاتۆری بۆ باس کردنی ئەو جۆرە بۆچوونانە تەنانەت پەنایان بردبووە بەر خەباتی چەکداری و توندوتیژی.
بە هیوای ئەوەی ئەم فکر و بیروبۆچوونانەی کە لەم توێژینەوەیەدا لە سەر خەباتی سیاسی یان خەباتی ناتوندوتیژ باس کرا، یارمەتیی هەموو ئەو کەس و گرووپانە بکا کە وەدووی نەهێشتنی زوڵم و زۆری دیکتاتۆری لەسەر خەڵکی خۆیان و دامەزرانی سیستمێکی دێموکراتیک کەوتوون کە تێیدا ڕێز لە ئازادییەکانی مرۆڤ و تێکۆشانی خەڵک بۆ باشترکردنی کۆمەڵگە بگیرێ.
ئەم بۆچوونانە کە باس کرا سێ ئاکامی گەورەی تێدایە:
١ ئازادی لە دیکتاتۆری نامومکین نییە.
٢ گەیشتن بەوە پێویستی بە پلاندانانی ستراتیژیک و بیروفکری ورد و دەقیقە و
٣ گەیشتن بەوە پێویستیی بە تێکۆشان و خەباتی ڕێکوپێک و تەنانەت تێچووی قورس هەیە.
ئەو قسە بەناوبانگە ڕاستە کە ” ئازادی بە خۆڕایی نییە”. هیچ هێزێکی دەرەکی نایە ئازادی پێشکەش بە خەڵکی چەوساوە بکا. خەڵک دەبێ فێر بن کە چۆن ئازادی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، و ئەمەش وا بە ئاسانی وەدەست نایە.
ئەگەر خەڵک ئەوەی بۆ ئازادیی خۆیان پێویستە وەدەستی بێنن، دەتوانن هەندێ کارو پلان- ئەگەرچی بە ڕەنجی زۆر- ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بە ئازادی بگەن. ئەو کات دەتوانن بە تێکۆشان و ماندوویی نەناسانە سیستمێکی دێموکراتیکی نوێ دابمەزرێنن و بەرگریشی لێ بکەن. ئازادییەک کە لە ڕێگای وەها خەباتێکەوە وەدەست بێ، دەتوانێ سەقامگیر بێ. ئەم ئازادییە لە لایەن خەڵکانێکی زەحمەتکێش کە پابەندن بە پاراستن و دەوڵەمەند کردنی، دەپارێزرێ.