وه‌رگێڕان بۆ کوردی: عه‌لی بداغی
پاسداره‌کان، یان هه‌مان ڕۆڵه شۆڕشگێڕه‌کانی ئایه‌توڵلا خومه‌ینی ئه‌و گرووپه شاڕلاتانو شهڕانخێوه بوون که له سه‌رده‌می حکومه‌تیی پاشایه‌تیدا خرابوونه په‌راوێزه‌وه. ئه‌وان دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی ١٣٥٧ بناغه‌کانی سپای پاسدارانیان دامهزراندو بوون به گرینگ‌ترین ئامرازی سه‌رکوت که به ده‌ستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانه‌وه بوو.
سپای پاسداران له ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا زۆر گۆڕانکارییان ئه‌زموون کردوه‌و ڕایه‌ڵه‌یه‌کی چه‌کداری ــ ئابووریی ئاڵۆز‌و تهنراویان پێکهێناوه. ئه‌وان هه‌ر به ئابووریی ئاسایییه‌وه نهنووسان، به‌ڵکوو جڵه‌وی ئابووریی ژێرخانه‌کانی ئێرانیان گرته دهستو ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌و به‌شانه‌شدا په‌ره پێداو له‌و پڕۆسه‌یه‌دا بوون به کارتێلێکی مافیایی. هه‌ر بۆیه‌ش سه‌یر نیه که سپای قودس( باسکی عه‌مه‌لیاته نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی سپای پاسداران) له تەڕحی تێرۆری باڵوێزی عه‌ڕه‌بستان له واشنگتۆن له ساڵی ٢٠١١دا، هه‌وڵیدا به هاوکاریی مافیاکانی مادده‌ی هۆشبه‌ری مه‌کزیک ئه‌و کاره بکا.
به که‌مێک وردبوونه‌وه له ڕۆڵی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی له ئابووریی سێبه‌ر (ژێرزه‌مینی)ی ئێران‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که سپای پاسداران زۆر به‌باشی له‌و بواره‌ی ئابووریی ئێران دهزانێو به‌ڕێوه‌ی ده‌با.
ئابووریی سێبه‌ر له ئاستی جیهانیدا به‌شێکی گرینگ له چالاکییه ئابوورییه‌کانی دنیا ده‌گرێته‌وه. به‌مجۆره‌ی که سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو باسی ده‌کا، لاوازی ده‌سه‌ڵاتی قانوون له هه‌ر وڵاتێک‌دا پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به قه‌باره‌ی ئابووریی سێبه‌ر له‌و وڵاته‌دا هه‌یه.
له ئێران‌دا ده‌سه‌ڵاتی قانوون یه‌کجار لاوازه‌و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه که ئابووری سێبه‌ر ڕمێنی هه‌یه. سپای پاسدارانیش کاراکتێری سه‌ره‌کیی ئه‌و ئابوورییه سێبه‌ره‌یه. ئابووریی سێبه‌ر بۆ سپای پاسداران سه‌رچاوه‌ی داهاتێکه که که‌س ناتوانێ لێی بپرسێته‌وه‌و ئه‌وه بۆ تێگه‌یشتن له توانا‌و جموجۆڵه‌کانی سپا گرینگیی زۆری هه‌یه.
ئابووریی سێبه‌ر به‌مجۆره‌ی که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ماڵیاتی ئه‌مریکا پێناسه‌ی ده‌کا؛ ده‌رخه‌ری داهاتی ناقانوونی‌و به‌دوور له چاوه‌دێریی ڕه‌سمیی حکومه‌ته. ئابووری سێبه‌ر ده‌توانێ داهاتی قانوونی بۆ خۆدزینه‌وه له ماڵیات‌و سپیکردنه‌وه‌ی پووڵ (پولشوویی) بێ تا بازرگانیی کۆمه‌ڵێک کاڵاو که‌ره‌سته‌ی ته‌واو ناقانوونی وه‌ک چهکوچۆڵو مادده هۆشبه‌ره‌کان.
ئاسته‌مه بڕو بایه‌خی ئابووریی سێبه‌ر به وردی بزاندرێو خهمڵاندنهکهشی دژوارتره له زۆر پێوه‌ری ئابووری وه‌ک ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ناخالیسی میللی.
توێژینه‌وه‌کانی سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو ده‌ریانخستوه که بایه‌خی ئابوورییه‌کی سێبه‌ر له وڵاتێکی له حاڵی گه‌شه‌دا نیزیک سه‌دا ٢٥ تا سه‌دا ٤٤ ی هه‌موو به‌رهه‌مهێنانی ناخالیسی میللیی ئه‌و وڵاته‌یه. شێوازی جۆراوجۆریش بۆ ده‌رخستنی قه‌باره‌ی ئابووریی سێبه‌ری ئێران گیراوه‌ته به‌رو هیندێک له به‌راورده‌کان ده‌ڵێن قه‌باره‌که‌ی که‌متر نییه له سه‌دی ٣٦ ی به‌رهه‌مهێنانی ناخالیسی میللیی ئه‌و وڵاته.
هێنانه‌به‌رچاوی ئه‌وه‌ش که ئه‌و بڕه داهاته له سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نژاددا ده‌بێ زیاتریش بووبێ، به ته‌واوی له‌جێی خۆی دایه. سه‌رده‌مێک که له‌ودا گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان پشتی ئابووریی ئێرانی شکاند‌و ده‌ورلێدانه‌وه‌ی گه‌مارۆکان بۆ هه‌نارده‌و هاورده‌ی ئێران بوو به ئه‌مرێکی واقع‌و ژیانه‌کی. ئه‌و پهروهندەو باسانه‌ی ئه‌و ماوه‌یه له دادگاکانی ئێران‌دا بۆ به‌دواداچوون بۆ گهندهڵیو مامه‌ڵه ناقانوونییه‌کان له سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نژاددا کراونه‌ته‌وه، به‌ڕوونی گرینگیی ئابووریی سێبه‌ر له‌و قۆناغه‌دا ده‌رده‌خه‌ن.
وه‌زاره‌تی ئابووریی ئێران له‌م دواییانه‌دا لێکی داوه‌ته‌وه که ئه‌و شیرکه‌تانه‌ی له نێوان سه‌دا ٢٠ تا سه‌دا ٢٥ ی به‌رهه‌مهێنانی ناخالیسی میللی پێکدێنن، ماڵیات ناده‌ن. ئه‌گه‌ر ئابووریی سێبه‌ر له ئێران به سه‌دی ٢٥ دابنێنن، بایه‌خی ئابووریی له سێبه‌ری ئێران به‌پێی به‌رهه‌مهێنانی ناخالیسی میللیی ئێستای ئێران، خۆ له ١٠٠ میلیارد دۆلار ده‌دا. به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر به لێکدانه‌وه‌ی سه‌دی ٣٥ ه پێشنیارکراوه‌که‌ی سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو بێ، ئه‌و کات بایه‌خی ئابووریی سێبه‌ر له ئێران زیاتر له١٤٠ میلیارد دۆلار ده‌کا. دیاره ڕوون نیه له‌و ١٠٠ تا ١٤٠ میلیارد دۆلاره چه‌ندی به سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ده‌بڕێ، به‌ڵام به وردبوونه‌وه‌ی زیاتر له سه‌ر چالاکییه به‌ربڵاوه‌کانی سپای پاسداران له هه‌موو ڕهههندکان بۆمان ده‌رده‌که‌وێ پشکی شێریان بهردهکهوێو به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و داهاته ناقانوونییه ده‌چێته گیرفانی سپای پاسدارانه‌وه.
سپای پاسدارانی ئێران گه‌وره‌ترین کارتێلی قاچاغ له‌و وڵاته‌یه. مێهدی که‌ڕووبی له سه‌ره‌تاکانی ده‌یه‌ی ٢٠٠٠ دا‌و ئه‌و کات که سه‌رۆکی مه‌جلیسی ئێران بوو به توندی چالاکیی به‌نده‌ره ناقانوونییه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سپای پاسدارانی دابووه به‌ر ڕه‌خنه. ئهحمهدینژادیش که گه‌وره‌ترین دوژمنی سیاسیی کهڕوبییه، ئه‌ویش سپای پاسدارانی به ” برا قاچاغچییه‌کانی خۆمان” ناوبرد.
سپای پاسداران کۆنتڕۆڵکردنی هه‌موو سنووره ئاوی، ئاسمانی‌و ویشکاییه‌کانی ئێرانی به‌ده‌سته. به‌نده‌ره‌کان، فڕۆکه‌خانه‌و رێگاوبانه‌کانیش هه‌موو له پاوانی سپا دان‌و هیچ کۆسپ‌و ڕێگرییه‌کیش له به‌رده‌م سپای پاسداران نیه بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و سنوور‌و ئیمکاناته بۆ کاری قاچاغ و ئاخنینی گیرفانیان.
به‌پێی ڕاپۆرتی سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆر‌و یه‌ک له‌وان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گومرکو مه‌جلیسی ئێران بایه‌خی ئه‌و کاڵاو که‌لوپه‌لانه‌ی به قاچاغ دێنه ئێران له نێوان ٢٠ تا ٣٠ میلیارد دۆلاره. ئێران که یه‌کێک له گه‌وره‌ترین وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته له جیهان، به ده‌ست هه‌نارده‌ی ناقانوونیی نه‌وتیشه‌وه ده‌ناڵێنێ. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه نرخی سووته‌مه‌نی له ئێران که‌متره له وڵاتانی دراوسێی. کاربه‌ده‌ستانی ئێران ده‌ڵێن له ساڵدا هه‌رنه‌بێ ٢٠ میلیۆن لیتر سووته‌مه‌نی له ئێران به قاچاغ ده‌بردرێته دهرێو به‌راوردی ئه‌وه کراوه که له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا‌و له ساڵدا بایی زیاتر له 7 میلیارد دۆلار نهوتو سوته‌مه‌نی له ئێران‌ڕا به قاچاغ بردراوه‌ته ده‌رێ.
سپای پاسداران جیا له‌وه‌ی خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌ره‌کیی چه‌کوچۆڵ له ئێرانه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا گه‌وره‌ترین قاچاغچیی چه‌ک له‌و وڵاتهشهو، چهکو چۆڵ‌و ته‌قه‌مه‌نییه دروستکراوه‌کانی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ده‌ستی میلیشیا گوێڕایه‌ڵه‌کانی، وه‌ک حیزبوڵڵای لوبنان‌و گرووپه تێرۆریستییه‌کانی دیکه له ناوچه.
قاچاغی مادده هۆشبه‌ره‌کانیش یه‌کێکی دیکه له بواره سه‌ره‌کییه‌کانی ئابووری ژێرزه‌مینیی ئێرانه که له‌ژێر کۆنتڕۆڵی سپای پاسداران دایه. سنووری دوور‌و درێژی ئێران له‌گه‌ڵ پاکستان و ئه‌فغانستان یه‌کێک له سهرهکیترینو قه‌ره‌باڵغترین ڕێیه‌کانی تڕانزیتی مادده‌ی هۆشبه‌ر له جیهانه.
وه‌زیری نێوخۆی ئێران له‌م دواییانه‌دا ڕایگه‌یاند که بایه‌خی ماڵیی مادده‌ی هۆشبه‌ری فرۆشتراو له ئێران له ساڵدا خۆ له 3 میلیارد دۆلار ده‌دا، که ئه‌وه جیا له تێچووی گواستنه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له ئهفغانستانڕا بۆ هێندیک ناوچه‌ی تڕانزیت وه‌ک باڵکانه. هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داریی ئه‌مریکا ئیسماعیل باغانی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی سپای پاسدارانی به‌هۆی ده‌ست تێداهه‌بوون له قاچاغی مادده‌ی هۆشبه‌ر خستۆته لیسته‌ی ڕه‌شی گه‌مارۆکانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاوه. سپای پاسداران هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی حیزبوڵڵای لوبنانه‌وه پێوه‌ندیی زۆر باش و نیزیکی له‌گه‌ڵ کارتێله‌کانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له وڵاتانی ئه‌مریکای لاتین و ناوه‌ندیدا هه‌یه.
سپای پاسداران کاراکتێری سه‌ره‌کی له ئابووری سێبه‌ر له ئێرانه و ئه‌وه بۆ سپای پاسداران سه‌رچاوه‌ی داهاتێکی یه‌کجار به‌بایه‌خه. ئه‌و داهاته ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که سپا به‌ستراوه به سیاسه‌تمه‌داره مه‌ده‌نییه‌کان نهبێو هه‌روه‌ها وایکردوه که سپای پاسداران به‌سه‌ر دنیای ژێرزه‌مینیی ئێران‌و گرووپه ناقاوونی، سهرکێشو شهڕانخێوهکاندا زاڵ بێ‌و ده‌ماری ئه‌وانیشی به‌ده‌سته‌وه بێ.
بۆ نموونه سه‌ردار حوسێن هه‌مه‌دانی که هه‌ر له‌م دواییانه‌دا له سوریه کوژرا، له وتووێژێکدا گوتبووی که چۆن سپای پاسداران له ره‌وتی سه‌رهه‌ڵدانی “بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز”دا گرووپه شارلاتانو چه‌قۆکێشو لۆمپه‌نه‌کانی بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵک ڕێکخستوه و به‌کاری هێناون.
ڕۆڵی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی له ئابووریی سیبهردا ئه‌و ههلو بواره‌ی داوه‌تێ که په‌ره به توانا ماڵی، سیاسی و عه‌مه‌لیاتییه‌کانی خۆیان له ئێران‌و ناوچه‌کانی دیکه له جیهاندا بده‌ن. سپای پاسداران که له‌وانه‌یه بههێزترینو پۆشته‌ترین ڕایه‌ڵه‌ی تێرۆریستیی سه‌رده‌می ئێستابێ، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که ڕایه‌ڵه‌یه‌کی جیهانیی ناقانوونی له جیهاندا پێک‌بێنێ و به‌ڕێوه‌ی ببا.
حکومه‌تی ئه‌مریکا ده‌بێ وه‌ک تێرۆریست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه بکا که ئه‌ندامی سپای پاسدارانن یان خۆ ده‌یانه‌وێ هاوکاریی سپا‌و ئیمپڕاتۆرییه ئابوورییه‌که‌ی بکه‌ن. ئه‌مریکا ده‌بێ وابکا که سپای پاسداران نه‌توانێ دنیای ژێرزه‌مینیی ئه‌مریکا به قازانجی خۆی به‌کار بینێو خۆی پێ به‌هێزتر بکا.
**************
ده‌قی ئینگلیسیی ئه‌و نووسینه له ماڵپه‌ڕی “بیزنس اینسایدر”دا بڵاو بۆته‌وه.
(*) سه‌عید قاسمینژاد لێکۆڵه‌ری بنیاتی به‌رگری له دێموکڕاسییه‌کان له ئه‌مریکایە
لە ژماره ٦٧٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه