فارسی
English
ئەمڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ ڕێکەوتی 14ی حوزه‌یران ساڵی 2026 | کاتژمێر 17:26
کوردستان و کورد
Advertisement
  • دەسپێک
  • هەواڵ و ڕاپۆرت
    • ئێران
    • جیهان
    • کوردستان
    • پەیام
    • هەواڵی حیزبی
    • ڕاپۆرت
  • وتار
    • ئەندیشە
    • لە مێدیاکانەوە
    • بیروڕای ئازاد
    • جۆراوجۆر
    • سیاسی
    • هزروکولتور
    • ژنان
    • ئەدەب
    • کۆمەڵایەتی
  • وتووێژ
  • سکرتێر
  • ڕاگەیەندراو
  • بەڵگەنامەکان
  • ڕێبەرانی شەهید
  • دەسپێک
  • هەواڵ و ڕاپۆرت
    • ئێران
    • جیهان
    • کوردستان
    • پەیام
    • هەواڵی حیزبی
    • ڕاپۆرت
  • وتار
    • ئەندیشە
    • لە مێدیاکانەوە
    • بیروڕای ئازاد
    • جۆراوجۆر
    • سیاسی
    • هزروکولتور
    • ژنان
    • ئەدەب
    • کۆمەڵایەتی
  • وتووێژ
  • سکرتێر
  • ڕاگەیەندراو
  • بەڵگەنامەکان
  • ڕێبەرانی شەهید
No Result
View All Result
کوردستان و کورد
No Result
View All Result

بەزاندنی دێوەزمە (دیرۆکی خۆراگریی محەممەد شاروێرانی)

بەرواری بڵاو کردنەوە 2020/11/21
in جۆراوجۆر

محەممەد ئیسماعیل‌زادە

من محەممەد ئیسماعیل‌زادە ناسراو بە محەمەد شاروێرانی کوڕی مەولود، ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە ئاوایی خورخوڕە لە ناوچەی شاروێرانی سەر بە شاری مهاباد لە دایک بووم.
لە ساڵی ١٣٦٢وە بە ڕەسمی بوومە ئەندامی حیزب و هاوکاریی نهێنی کۆمیتە ناوچەی شاروێران،یەکەم چالاکیی حیزبی من درووست کردنی هێڵی پەیوەندی بوو لە نێوان کۆمیتە ناوچەی شاروێران و پایەگایەکی ڕێژیم لە ئاوایی خوڕخوڕە بە مەبەستی دەست بەسەر داگرتنی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە، بەڵام ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٦٢ بە هۆی ئاشکرا بوونمان ڕیسەکەمان لێ بوویەوە بە خوری و ئەمن و چەند هاوڕێیەک دەست‌بەسەر کراین. یەکەم دەست‌بەسەر کردنم چەند مانگێکی خایاند و دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر چەند کەسمان بە زەمانەت ئازاد بووین، بەڵام یەک لە کوڕەکان بە ناوی “نورەدین” گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی شیراز و هەتا ئێستاش نەمانزانی چارەنووسی چی لێ هات.
دوای ئەم دەست بەسەر کرانەم، بێنەوبەردەی ئیتلاعاتی ڕێژیم کۆتایی نەدەهات و هەرجارە بە بیانوویەک بۆ چەند ڕۆژێک دەگیرام و لێکۆڵینەوەیان لێ دەکردم، ئازار و ئەشکەنجەیان دەدام و، ئاخر جاری دەسبەسەرکرانم پێش هاتنم بۆ پێشمەرگایەتی، ساڵی ١٣٦٧ بوو کە بۆ ماوەی دوو حەوتوو لە شوێنێک کە دادگای ئینقلابی ئەوکاتی مهاباد بوو دەست بەسەر کرام و پاشان بە هاوکاریی سەربازێک توانیم خۆ دەرباز بکەم و خۆم بگەیەنمە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب لە بناری قەندیل.

ژیانی پێشمەرگایەتی پڕە لە بەسەرهاتی خۆش و ناخۆش، تاڵترین بیرەوەرییەکانی من شەهید بوونی ڕێبەرانی بزووتنەوەکەمان و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانمە، دیارە شەهید کرانی ڕێبەرانی شەهید د.قاسملوو و د.شەرفکەندی بۆ هەر هەموومان بەژانترین بیرەوەریی هاوبەشە، بەڵام ئەوەی وەکوو بیروەریی تاڵ و ڕاستەخۆ لە جەریانی‌دا بووبم، بۆ من ڕووداوی شەهید بوونی کۆمەڵە هاوڕێیەکی گیانی‌گیانیی پێشمەرگایەتیم بوو لە مەئموورییەتێکی ناوچە‌دا.
شەڕی خڕێی خەڕگەداشان لە نیزیک “سێ چۆمانی” پیرانشار لە ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٧٣دا ڕووی دا. ئێمە تیمی کۆمیتەی شارستانی مهاباد کە پێک هاتبوو لە شەش کادری ناوچەکە لەگەڵ دوو تیمی کۆمیتەی پیرانشار سەرجەم ١٨ کەس بووین. دەبوو سنووری باشووری کوردستان لە ڕێگای ناوچەکانی پیرانشارەوە ببڕین، بڕیار درا کە بە هیچ شێوەیەک لە هیچ جێگایەک لانەدەین، بەڵام بە داخەوە تیمی دووهەم لە شوێنێک بە ناوی بازاڕ لایان‌ دابوو، ئێمەش نەدەکرا بە جێیان بێڵین و دەبوو چاوەڕێیان بین. پاش یەکگرتنەوەمان، کاتژمێر ٨ی بەیانیی ٢٧ی جۆزەردان سنوورمان بڕی و پەڕینەوە بەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوو بیرەوەریی ئەم ساتانە: شەهید مەحموود ئیسماعیلی لە کاتی ئاودیوبوونمان لە میلە مەرزییەکانی سنووردا باوەشی بە خاکی پیرۆزی ڕۆژهەڵات‌دا کرد و تێر خاک و خۆڵەکەی ماچ کرد، ئەم چەند چرکە شاکارە دیمەنێک بوو لە خۆشەویستیی نیشتمان کە قەت لە بیرم ناچێ. هەروەها شەهید حوسێن فەتحوڵڵاهی کە زۆر لێم نزیک بوو و چەند ساڵێکیش بوو بۆ هەموو ئەرک و ڕاسپاردەیەک بە یەکەوە بووین، لێم هاتە پێشێ و بە دەم پێکەنینەوە وێنەی کیژێکی ڕووسووری لە باغەڵی هێنایە دەر و گوتی کاک محەممەد ماوەیەکی زۆرە دڵم چۆتە سەر ئەو کچە و دەمهەوێ ژیانی هاوبەشی دەگەڵ پێک بێنم، منیش کە بە بیستنی خۆشحاڵ بووم بەڵێنم پێ‌دا کە لە پاش گەڕانەوەمان بە زووترین کات خۆمان لە ساز و پیک دەدەین بۆ خواستن و گواستنەوەی بووکە خان.

لە رۆیشتن‌دا ئەمن کە بە دووربین دەمڕوانی، لە نەکاو سەرنجم کەوتە سەر جووڵەی کەسێک لە بەرزایی شاخێکی بەرامبەرمان، زۆر بە بێقەراری شوێن گۆڕکەی دەکرد و دەهات و دەچوو، هاواری هاوڕێیانم کرد و گوتم با بوەستین و ئەمە ئاسایی نییە، بەڵام هەموویان بەرپەرچیان دامەوە و گوتیان ئەوە سێ پێشمەرگەی هێزی کێلەشینن کە لەم چیایە جێگیر کراون و پێشتر بە ئێمەیان ڕاگەیاندوە. بۆ ئەوەی دڵنیا بم، دیسان بە وردی ڕوانیم، ئەمجارە لە باتی یەک کەس، چەند کەسم بینی بە سەروچاوی بەستراوەوە، بە دەنگی بەرز هاواری پێشمەرگەکانم کرد کە کاکە ئەوە سەروچاویان بەستوە، بیکەیسی و چەکی دیکەیان پێیە،بەڵام دەگەڵ کۆتایی هاواری من، ئێمە کە ڕێک کەوتبووینە بەرامبەریان، ئەوان لە شاخ و ئێمەش لە داوێنی شاخەکە لە سەر جادە، کەوتینە نێو ئاگربارانێک کە گێڕانەوەی ئەستەمە. ئەوان کە لە بەرزایی بوون و چەکی قورسیان پێ بوو، بە دڵی خۆیان داگژانە سەرمان. بەداخەوە ئەوەی زووتر گەویشتبوویە ڕاست وان وەبەر هاتبوو، شەڕەکە هەموو نیزیک ٢٠ خولەکی خایاند، ئێمە کە بواری دەست‌کردنەوەیەکی وامان نەبوو، هەموو داوەڵ داوەڵمان تێ کەوتبوو و یەکی بە لایەک‌دا خۆمان دابوویە پەنا و پەسیوان، هاوکات جگە لە شەهیدەکان چەند کەسێکمان بریندار ببوون، دوای کاتژمێرێک هەموو کەوتینەوە سەر یەک، بریندارەکانمان ڕەوانەی دیوی باشوور کردەوە، هاوکات داوای هێزی پشتیوانیمان کرد، پێشمەرگەکانی هێزی کێلەشین و قەندیل کە هەر لە نزیک ئەم ناوچانە جێگیر بوون بە هانامانەوە هاتن. خۆمان سازمان دایەوە و بە زووترین کات هێرشی پێچەوانەمان کردەوە سەر بەکرێگیراوەکان، بەڵام ئەوان لە دوای هێرشکەی ئێمە خۆیان ڕانەگرت و شوێنەکەیان بە جێ هێشت. بەداخەوە لەم شەڕەدا شەش کادری بەوەجی حیزب شەهید بوون کە شەهید حوسێن فەتحوڵلاهی و شەهید مەحمود ئیسماعیلی کە لە سەرەوە ناوم هێنابوون دوو لەوان بوون. چوومە سەر تەرمی شەهید قادری حاجی‌عەوڵا, دیار بوو دوای بریندار بوونی لاقی بە پشتێندەکەی بەستووە و تا ئاخر گوللەی شەڕی کردبوو. شەهید حوسێن هەندێک بەڵگەی حیزبی پێ بوون، کاتێک چوومە سەر تەرمەکەی، هەموو بەڵگەکان لە دەوروبەری بە وردکراوی بڵاو ببوونەوە، دیار بوو توانیبووی بەر لە شەهید بوونی دەرفەتی هێنابوو لە ناویان بەرێ…

پاش ماوەی نزیک حەوت ساڵ پێشمەرگایەتی لە بارودۆخ و بەرپرسیارەتیی جیا جیادا،لە جەریانی بەڕێوەبردنی ئەرکی پێ‌ئەسپێردراوی حیزبی لە گوندی قەرەخانی ناوچەی شاروێران پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٥ لە پاش تێک‌هەڵچوونێکی کورت‌دا بە برینداری لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مهاباد دەست‌بەسەر کرام. ڕۆژێک بەر لە ڕووداوکە ئێمە وەکوو تیمی کۆمیتەی ناوچەی شامات و شاروێران کە بریتی بووین لە هاوڕێیان سۆفی پێغەمبەرنژاد، ئەسعەد شاماتی و هیلال محەمەدی لە نیزیک ئاوایی قەرەداغ خۆمان حەشار دابوو، لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە شارستانی مهابادەوە کە ئەوکات کاک عومەر باڵەکی بوو پەیوەندییمان پێوە گیرا و بۆ ئەرکێکی تایبەت ڕاسپێردراین، کە بریتی بوو لە ئامادەکاری بۆ سەردانی کاک عومەر باڵەکی و بە سەر کردنەوەی شانە و هەستە حیزبییەکان  لە ناوچەکانی شامات و شاروێران. دوای وەرگرتنی سەرنجی هاوڕێیان لە مەڕ هاتن و سەردانی کاک عەمەر بۆ ناوچەکە، پاش ئەوەی بۆم ڕوون بوویەوە کە کاک عومەر لە هێز دابڕاوە و داگەڕاوەتە قووڵایی ناوچە، من وەکوو کەسێک کە باشترین ناسیاویم لە ناوچە و خەڵکەکە هەبوو بە دڵخواز ئەرکی بە دواداچوونی ناوبراوم وەخۆ گرت و سەرەڕای پڕ مەترسی بوونی مەئموورییەتەکە بە باشم زانی هاوڕێیانی دیکە هەر لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.

بەیانی ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕ ڕەخت و تفەنگەکەی خۆم لێ کردەوە و لە باتی ئەو دەمانچە و بێ‌سیمێکم دەگەڵ خۆم هێنا، دەبوو بەر لە هەموو شتێک چۆمێک کە پاشماوەی ئاوی سەدی وسووکەندی پێدا دێ و ناوچەی شاروێران دەکا بە دوو بەش و ئاوەکەی دەڕژێتە شامی شاروێران، ببڕم و لە بەری گوێکتەپەوە بچمە بەری قەرەخان و لەوێوەش بچمە نێو گوندی قەرەخان. پاش پەڕینەوەم و هاتنە ڕۆخی دێی قەرەخان بە درێژایی چۆمەکەدا بەرەو گوند بوومەوە، هاوکات کەسێک بە مەودایەکی سەد میتری کە لە بەرامبەر شوێنی پەڕینەوەکەی من سەوزیخانەیان هەبوو لەسەر جادەی ئەسلی گوندەوە شەنە لە سەر شان بە پاراستنی ئەم مەودا سەد مەترییەوە هاتەوە نێو گوند و تەقریبەن بە یەکەوە چووینە نێو ئاوایی، لە ماوەیەکی کورتی چەند خولەکی‌دا ناوبراو پێ و شوێنی من دەدا بە هێزێکی گەڕۆکی ڕێژیم کە شیمانەی بوونی پێشمەرگەیان لەم دەوەرە کردبوو.
هەر لە حەوشەی ئەم ماڵەی چوبووم، دوای چەند دەقەیەک ئەم تیمە گەڕۆکەی ڕێژیم هەڵی کوتایە سەرم و بە هۆی گیرکردنی دەمانچەکەم و دەرنەکردنی گوللە لە دوای دووجار غافلگیر کردنیان بە برینداری کەوتمە دەستیان. پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر بە مەبەستی درکاندنی شوێنی هاوڕێیانم و کاک عومەر، بەڵام سەرم لێ شێواندن و بە هەڵەم بردن و بەم‌جۆرە هەموو هەوڵەکانیان بێ ئاکام مایەوە. سەرەڕای قورسیی برینەکەم و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕووناک بۆ ژیانم خۆم بە بەختەوەر دەزانی کە نەبوومە هۆی خەساری خەڵک و خاکەکەم…

دوای دەستبەسەر کرانم گواسترامەوە بۆ پادگانی ئەلمێهدی لە نزیک دەریای ورمێ و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژان لەوێ ڕاگیرام، لەم ماوەیەدا نەک هەر برینەکەیان بۆ دەرمان نەکردم، بەڵکوو لە شوێنێکی زۆر ناخاوێن و پیس و پۆخڵ بە نەشیاوترین شێوە ڕاگیرام و تەنیا خوێنی دەڵەمەبووی لاقم ببووە هۆکارێک بۆ ڕاوەستانی خوێن‌ڕێژیی لەشم و بەرگری دەکرد لە مەرگم. پاش ئەم ماوەیە هێنایانمەوە بۆ ئیتلاعاتی مهاباد. ماوەی مانگێکیش لە هێنانەوەم بۆ مهاباد تێ پەڕیبوو کە بردیانم بۆ نەخۆشخانە و دوای ئەم دوو مانگ و نیوە هەموو دەرمانەکە بوو  تا بە پلاتین وە گێچ تێ گرتنی لاقم. پش سێ مانگ لاقم ڕەش بوو، بە ناچار لە ماوەی حەوتوویەک‌دا دوو جار بڕدرایەوە، هەر لەم ماوەیەدا کە گێچیان بۆ دە لاق گرتبووم، بردیانم بۆ دادگا و لە ماوەی ١٠ خولەکدا حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاندم.
بۆ ماوەی ٩ساڵ لە زیندانەکانی مەهاباد و ورمێ و تاران مامەوە، بەڵام زیاتر لە هەمووان لە زیندانی مهاباد ڕاگیرام. لەم ماوەیەدا شاهیدی زۆر ڕووداوی خۆش و ناخۆش بووم، بۆ وێنە چەندین جار تا لێواری لە سێدارەدانیان بردووم و پێیان ڕاگەیاندووم کە بەیانی حوکمەکەت جێبەجێ دەکرێ و هەرجار بە هۆکارێک بەڕێوە نەچووە، لەوە ناخۆشتر شاهید بوونم لە ئێعدام‌کرانی ١١ کەس لە ناسیاران و هاوڕێیانی خۆم بووە کە لە نیزیکەوە لە زیندانیش و لە دەورانی پێشمەرگایەتیشدا بە یەکەوە بووین.

ئازارە جەستەییەکانی زیندان لەلایەک، بەڵام ئازە ڕوحییەکان شتێکی دیکەن کە یەک لەوان فشارە یەک لە دووی یەکەکانیان بۆ ڕاکێشانی بنەماڵەکەم بۆ کاروباری دزێوی سیخۆڕی و خیانەت بوو. بە دەیان جار ویستوویانە کە من یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەم وەکوو سیخۆڕ بنێرمە نێو ڕیزەکانی حیزب، بۆ ئەوەش نە تەماح‌وەبەرنان و نە گوشار و هەڕەشە و گوڕەشەکانیان دادی نەدان.

چەند ساڵێک پاش گیرانم، بە هەوڵ و ماندووبوونی کۆمەڵێک کەس، لەوانە هاوسەری ئەمەگناسم مریەم پارسا، کۆمەڵیک لە ئەندامانی فراکسیۆنی کوردی مەجلکیسی شۆڕای ئیسلامیی ئەوکات، بە تایبەت بەڕێز موهەندیس ئەدەب، و بە هاوکاری و پشتیوانیی کۆمەڵیک لە دۆستان و دڵسۆزانی دیکە کە ڕەنگە وتنی ناویان ئێستا گونجاو نەبێ، پرۆسەیەکی دوورودرێژی چەند ساڵە خرایە گەڕ بۆ ئەوەی هەر نەبێ حوکمی لە سێدارەدانم بشکێنن و ببێ بە زیندایی هەتاهەتایی. ئەم هەوڵە  هەرچەند زۆر درەنگ و دوای چەند ساڵ، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی بێ وچانی ئەم بەڕێزانە وەڵامی دایەوە و حوکمەکەم لە ئێعدامەوە بوو بە زیندانی هەتاهەتایی. هەر ئەوە بواری بۆ ڕەخساندم تا بتوانم بیر لە لایەنی دیکە جگە لە شکانی حوکمەکەشم بکەمەوە، بۆیە دواتر داوای وەرگرتنی مەرەخەسییەکی چەند ڕۆژەم کرد، بەڵام بەربەستی سەرەکی دانانی بارمتەیەکی ماڵیی زۆر بوو کە لە توانا و بڕستی تاکەکەسیی مندا نەک نەبوو. لێرەشدا هیممەتی دۆستانی خەباتکار دەفریام هات و بە خۆشییەوە توانیمان بارمتەی دیاریکراو جێبەجێ بکەین و من بۆ ماوەی کاتی لە زیندان بێمە دەرەوە. لەوەدا ئیدی ناکرێ ئاماژە بە ڕۆڵی دەست‌پێشخەرانەی کاک “حەسەن مەللاک” نەکەم کە زۆر لە خۆ بوردوویانە بەشی زۆری بارمتەکەی وە ئەوستۆ گرت. جاری یەکەم بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ هاتمە دەرەوە و جارێکی دیکەش هەوای ئازادیم بۆ ماوەی کاتیش بووبێ خزاندە سییەکانمەوە.

ئەم سەرکەوتنەی ئێمە بەسەر دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم‌دا، لە شان و پیلی ئەوان خۆش نەهاتبوو، بۆیە هەر زوو هەوڵەکانیان بۆ زیندوو کردنەوەی حوکمی لە سێدارەدانم خستەوە گەڕ، ئەمجارەیان سکاڵایەکی دیکەیان لێ بەرز کردبوومەوە و دەیانویست تاوانی کوشتنی پاسدارێک لە شەڕێکی ئاوایی خانەگێ‌دا بە سەرم‌دا بسەپێنن. هەر بۆیە بۆم ڕوون بوویەوە کە ناکرێ زۆر دڵم بەم بارودۆخە خۆش بکەم کە هەر ئان‌وساتێک دەتوانێ مەترسی لە سێدارەدانم بۆ زیندوو بێتەوە، ماوەیەک بوو ڕاوڕاوێژی خۆم دەگەڵ کۆمەڵە کەسێکی جێگای متمانەم دەست پێ کردبوو، جاری دووهەمی هاتنە دەرەوەی کاتیم تەنیا ڕۆژ و دانێک بوو، ئەمجارەیان ماوەکە زۆر کورت بوو بۆیە پێمان گونجاو نەبوو تا پلانی دەرباز بوونم بە ئاکام بگەیەنین. بۆیە دیسان چوومەوە زیندان و ماوەیەک ڕاوەستام، بەڵام لەم لاشەوە هەوڵەکانی ئەوان بەبێ پسانەوە بەردەوام بوو و بنەماڵەی کوژراوەکە تینیان هێنابوو.
گەیشتینە ڕۆژی مەبەست کە نەورۆز و بەهاری ساڵی ١٣٨٤ بوو. بە هەر جۆرێک بوو، ماوەی ٥ ڕۆژیان مەرەخەسی دامێ و ئەمجارەیان بەبێ دوودڵی و بە هەماهەنگی پێشووتر دەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی و بە هاوکاریی کاک حوسێن گوڵاوی (وێڕای مریەمی هاوسەرم و ساکاری کوڕم) یەکسەر ڕێگای سنوورمان گرتە بەر و بە هاوکاری و هەماهەنگیی ورد توانیمان بەسەر دێوەزمەی کۆماری ئیسلامیدا زاڵ بین و خۆمان بگەیەنینەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات.
هیچ شتێک لە ئازد بوون لە بەندی دووژمن بە چێژتر و خۆشتر نییە، بە تایبەت کاتێک دەبینی ئەم قوربانیدان و لە خۆبوردووییەی کردووتە، بەرهەمی هەبووە و بۆتە هۆی خۆشەویستیت لە نێو خەڵک و بەرهەم هێنانی دۆستانێک کە لە هەموو بوارێکدا پشتیوان و پشتگیرتن، هاتنەوەم بۆ باشوور وێڕای ئەوەی تەنگ و چەڵەمەی زۆری بوو، بەڵام کاتێک خەندە و شادی هاوڕێیانم لە جێژنی هاتنەوەی ڕیزی شۆڕش‌دا بینی، بست بست باڵام دەکرد. ئەوەش کە ئەم چەند ساڵە ژیانە سەختە، چەندە کاریگەریی دەروونی هەبووە، حاشای لێ ناکرێ، بەڵام گەورەترین خەساری کەم‌ئەندام بوونم بوو، کە بواری هەڵسوڕانی وەکوو پێشمەرگەیەکی ئەم نیشتمانە لێ ئەستاندبوومەوە، هاوکات پێویستیی بەردەوامم بە چارەسەری پزیشکی هەبوو، بۆیە دوای ٩ساڵ ژیان لە نێو بنکەکانی حیزب بە ناچار ڕێگای هەندەرانم هەڵبژارد و ئێستا لە وڵاتی دانمارک نیشتەجێم.

Tags: دیرۆکی خۆڕاگریمحەممەد شاروێرانی

Related Posts

جۆراوجۆر

چـاڵی هـەژاری لاوانی ئێران هەڵـدەلـوشێ!

5 ساڵ ago
جۆراوجۆر

کوژران و بریندار بوونی ٢٢٦ کۆڵبەر، گرتنی ٦٤٠ چالاکی سیاسی و ئێعدامی ٤٩ بەندیی کورد لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی‌دا

5 ساڵ ago
جۆراوجۆر

پێشەنگی پەسەندکرانی مافی دەنگدان بە ژنان

5 ساڵ ago

نوێترین

برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی پیرانشار

ڕێکەوتی 2021-05-10

هێنانی چینیەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ کوردستان بەمەبەستی بە تاڵانبردنی کانگاکان

ڕێکەوتی 2021-05-10

کەمکردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات لەلایەن تورکیەوە

ڕێکەوتی 2021-05-10

زولنووری: فایلە دەنگییەکەی زەریف لە بنەڕەتدا بۆ بڵاوبوونەوە تۆمار کرابوو

ڕێکەوتی 2021-05-10

ڕێبەری دێموکراتەکانی سێنای ئەمریکا: ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نابێ تەنیا لە بواری ناوکییەوە بێ

ڕێکەوتی 2021-05-10

دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی شاری سنە

ڕێکەوتی 2021-05-10

گیان لەدەستدانی کرێکارێکی خەڵکی مەریوان بەهۆی ڕووداوی کارەوە

ڕێکەوتی 2021-05-10

شەڕە دەندووکی تورکیە و ئێران لەسەر ناردنی میلیشیا بۆ یەمەن

ڕێکەوتی 2021-05-10

پێنتاگۆن: ئەو چەکوچۆڵەی کە لە دەریای عەرەب دەستی بەسەردا گیراوە لە ئێرانەوە ڕەوانەکراوە

ڕێکەوتی 2021-05-10

ئاگرتێبەردانی کونسوولخانەی ئێران لە کەربەلا

ڕێکەوتی 2021-05-10

وەدەنگهاتنی ٣٧ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ڕەشبگیریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕێکەوتی 2021-05-09

ناڕوونی چارەنووسی ٧هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی پارێزای سنە

ڕێکەوتی 2021-05-09

تێکدانی ژینگەی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت لە لایەن کەسانی هەلپەرەستەو

ڕێکەوتی 2021-05-09

فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی پاش ١١ ساڵ لە لەسێدارەدرانیان تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە

ڕێکەوتی 2021-05-09

ناوەندی ئاسایشی ئاڵمان شێوەی دەورلێدانی گەمارۆکانی لەلایەن ئێرانەوە ئاشکرا کرد

ڕێکەوتی 2021-05-09
No Result
View All Result
  • دەسپێك
  • هەواڵ و ڕاپۆرت
    • ئێران
    • جیهان
    • راگەیەندراوەکان
    • هەواڵی حیزبی
    • پەیام
    • ڕاپۆرت
    • کوردستان
  • وتار
    • ئەندیشە
    • بیروڕای ئازاد
    • جۆراوجۆر
    • روانینی دەرەکی
    • سیاسی
    • هزروکولتور
    • کۆمەڵایەتی
    • ژنان
  • سکرتێر
  • وتووێژ
  • راگەیەندراوەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • رێبەرانی شەهید
  • گۆڤار و ڕۆژنامە
    • تیشکی نوێ
    • دنیای منداڵان
    • ڕۆژنامەی کوردستان
    • کتێبخانە
    • گۆڤاری لاوان
    • گۆڤاری ژنان

© 2026 JNews - Premium WordPress news & magazine theme by Jegtheme.

Welcome Back!

Login to your account below

Forgotten Password?

Retrieve your password

Please enter your username or email address to reset your password.

Log In

Add New Playlist