مێژووی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی ڕۆڵەکانی کورد لەدژی داگیرکه‌رانی کوردستان لێوان لێوه له فیداکاری و قوربانیدان و خۆراگری و سەربەرزی. بە درێژایی مێژووی نەتەوەکەمان ئەو تیکۆشان و بەربەرەکانییە بەردەوام بووە و لە درێژەی ئەو خەباتەدا زۆر پیلان لە لایەن دووژمنانەوە بۆ خاشەبڕکردنی جووڵانەوە لەئارا دابووە، کە لەلایەن تێکۆشەرانی گەلەوە پوچه‌ڵ کراونه‌تەوە. دوژمنان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان و قه‌ڵاچۆکردنی نەتەوەکەمان به هه‌موو هێز و توانای خۆیانه‌وه هاتونه‌ته گۆڕەپانی ئەو بەربەرەکانییە و، بۆ لە نێوبردن و لاوازکردن و دامرکاندنهوەی ئەو خەباتە بەرحەقەی نەتەوەکەمان لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە سڵیان نەکردووە.
کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕۆژانی یەکەمی دەسەڵاتیدا بە فەرمانی جیهادی خومەینی هێرشێكی بەربڵاوی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد. ڕۆڵەکانی ئەو گەلە لە ئاست کوشتن و قەڵاچۆکردنی نەتەوەکەیان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، زۆر ئازایانە وەستانەوە و پۆل پۆل چەکی دیفاعیان لە وڵات لە شان کرد و هەر لەو پێناوەشدا بە هەزاران لاوی خوێنگەرم گیانی خۆیان پیشکەش بە بارەگای ئازادی کرد کە محەممەد عەزیزی ناسراو بە محەممەد کڵاوڕەش یەکێک لەو قارەمانانە بوو کە بە خوێنی خۆی لاپەڕەیەکی زێڕینی لەو مێژووە شکۆدارە بۆ خۆی تەرخان کرد.
شەهید محەممەد عەزیزی ناسراو بە محەممەد کڵاوڕەش ساڵی ١٣٠٩ لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە گوندی ماوانەی ناوچەی مەرگەوەڕ له بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێش چاوی به دنیا هەڵێنا. لەدایک بوونی محەممەد کەشێکی پڕ لە سۆز و خۆشه‌ویستیی له بنه‌ماڵه‌كه‌یدا پێكهێنا. محەممەد به‌داخه‌وه نه‌یتوانی بچێته قوتابخانه و هه‌ر كه ده‌ستی چه‌پ و ڕاستی خۆی ناسی، ڕووی له گۆڕه‌پانی ده‌ست وپه‌نجه نه‌رم كردن له‌گه‌ڵ ژیانی نه‌داری كرد، تاکوو بتوانێ لەم ڕێگەیەوە ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه و باشتر بۆ بنەماڵەکەی دابین بکا.
شەهید محەممەد کڵاوڕەش دوای ئەوەی خەباتی پڕشکۆی چەکدرانەی ساڵی ١٣٤٦ و ٤٧ ڕوو لە کشانەوە بوو ڕووی کردە کوردستانی عێراق و لە شاری دیانا (سۆران) گیرسایەوە و ماوەیەکیش پێشمەرگە بوو. بە دەست پێ کردنی خۆپێشاندانەکان لە ساڵی ١٣٥٦ لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی گەڕاوە گوندی هێشماوا، وەک هەموو خەڵکی دیکە لە ساڵی ٥٧ بەشداریی خۆپێشاندانی کرد. بە ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، محەممەد کڵاورەش ڕێگای ڕزگاری له‌و ژیانه پڕ چه‌رمه‌سه‌رییه و گه‌یشتن به ئازادیی له ئامانج و به‌رنامه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا دیته‌وه، بۆیه له ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی چه‌كی پڕ له شانازیی پێشمه‌رگایه‌تی حیزبی دێموكراتی له هێزی نحۆی ئه‌و كات له شان كرد و بەمجۆرە قوناغێكی نوێ له ژیانی محه‌ممه‌د کڵاوڕەش ده‌ستی پێ كرد. هەر بە هۆی هەڵسووڕان و تێکۆشانی بەردەوامی له ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو به خۆشه‌ویستی هاوسه‌نگه‌رانی، وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی ڕوح‌سووك و ئازا و نه‌ترس و خاوه‌ن بیروباوەڕ له‌نێو هاوسهنگهرانیدا ناوبانگی دەرکرد. ناوبراو بڕوای خۆی به ڕێبازی پیرۆزی حیزبه‌كه‌ی هه‌ر له یه‌كه‌م چالاكیی پێشمه‌رگانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی له ناوچه‌ی مەرگەوەڕ نیشان دا.
شەهید محەممەد کڵاوڕەش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا و چاونه‌ترس و زه‌بروه‌شێن بوو، بڕوایه‌کی قووڵیشی بە ئامانجی گەلەکەی بوو، به‌هۆی لێهاتوویی و کارزانی به‌رپرسایه‌تیی جۆراوجۆری وه‌ئه‌ستۆ گرت وله زۆر بواردا تێکۆشا، له ماوه‌ی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی خۆیدا له زۆر عه‌مه‌لیاتی سه‌رکه‌وتووانه به‌شداریی کرد. ناوبراو کوڕێكی ئازا و هه‌ڵسووڕ بوو، بۆ هه‌ر مه‌ئموورییه‌تێكی حیزبی كه پێیان ده‌سپارد سه‌ر لە پێناو بو، بێ سێ‌ودوو لـێ‌كردن به ئه‌نجامی ده‌گه‌یاند. كوڕێكی هه‌ڵسووڕ و ماندوونەناس بوو. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له هه‌ر ده‌رفه‌تێك كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت و قسه‌ی بۆ ده‌كردن و سیاسه‌ته‌كانی حیزبی بۆ شی ده‌كردنه‌وه.
شەهید محەممەد بە ئازایەتی و توانایی و لێهاتوویی لە هێزی نحۆ وەک فەرماندەری لک دیاری کرا. ئەو لەو مەسئولییەتەشدا نیشانی دا کە هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی زەبریدا زەبوونن. سەرکەوتوویی ئەو لە فهرماندەییدا ناوبانگی ئەو لکەی گەیاندە لای هەموو خه‌لکی شومالی کوردستان. زۆربەی ڕۆژەکان عەمەلیاتی دژی هێزەکانی ڕێژیم بەرێوە دەبرد.
شەهید محەممەد له دژوارترین قۆناغی خه‌باتدا له‌گه‌ل پێشمه‌رگه ژیا. ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پتر كاری ده‌كرد و زیاتر له ئه‌ندازه خۆی ماندوو ده‌كرد. هه‌ست به مه‌سئولییه‌ت و تێكۆشان بۆ فێربوون و هه‌وڵدان بۆ خه‌بات دژی ڕێژیمی ئاخوندی و بەڕێوەبردنی چەندین عەمەلیاتی سەرکەوتووانە، بەشێكی به‌رچاو لە ژیانی محەممەد کڵاورەش بوون. ئه‌و بە تەواو مانا پێشمه‌رگه و فەرماندەیەکی بوێر و ئازا و قاره‌مان، پارتیزانێكی هه‌ڵسووڕ و كوڕی ڕۆژی ته‌نگانه بوو. له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ئه‌وكاتی ناوچەی مەرگەوەڕدا ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بوو. چەندین عەمەلیاتی قارەمانانەی لەو ناوچەیە و دەورووبەری بەڕێوە برد و ئەو مەڵبەندەی لە دوژمنان کردە گۆڕستان و بەهەر هێرشێک زراوی دوژمنی دەتۆقاند و بە چۆکی دادێنان. لە مەڵبەندی شیماڵ هەمیشە ستوونە تیکشکاوەکانی دوژمن وەک نیشانەی ئازایەتیی پێشمەرگە لەسەر جادەکان بەجێ دەمان، دوژمن ئەگەر بە هێزی پیادە نەیدەتوانی شەر لەگەڵ پێشمەرگە بکا پەنای بۆ هێزی هەوایی دەبرد و لە چەندین شاری دیکەڕا هیزی بۆ کوردستان ڕەوانە دەکرد، محەممەد کڵاورەش لەبەرامبەر ئەویشدا ڕادەوەستا. ئەو لە مەرگەوەڕ چەندین داستانی خۆڕاگریی بۆ نەتەوەکەی تۆمار کرد و لەو پێناو ئامانجەکانی نەتەوەکەیدا کورێکی بە ناوی سولیمان عەزیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.
بە داخەوە دواجار ڕۆژی ١٥ی گلاوێژی ساڵی ١٣٦٠ شەهید محەممەد عەزیزی ناسراو بە محەممەد کڵاوڕەش لە شەڕێکی گەورە و حەماسەخوڵقێنییەکی دیکەدا لەگەڵ جاش و پاسدار و هێزەکانی کۆنەپەرەستی لە گوندی “قاوێر” لە ناوچەی مەرگەوەر گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.
ناو و یادی بەڕێز…