جێی خۆیەتی پرسەو سەرەخۆشیی خۆم بەبۆنەی کۆچی دوایی گەوره ھونەرمەندی ئێران بەڕێز محەممەد ڕەزا شەجەریان بەبنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزیان‌و تەواوی گەلانی ئێران ئاراستە بکەم.
شەجەریان لەدەورانی ڕەشی زاڵبونی کۆنەپەرستی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی‌و قەدەغەکردنی ھونەر بەتایبەت ھونەری مۆسیقای فارسی ڕچەی شکاند‌و بەھاوکاری ھونەرمەندانی پێگەیشتوو کە دەوری ھونەرمەندانی کوردیش تێیدا بەرچاوبوو، بەرەبەرە پێیان نایه ناو سەردەمێکی تازە لەمۆسیقا، گرنگی کاری ئەو تاقمە ھونەرمەندە بەربەرەکانی بوو دەگەڵ « نھی از منکر»ی تەواوەتی مەکتەبی ئایینی-سیاسی رژێم بەتایبەت وەزارەتی ارشاد اسلامی.
تایبەتمەندییەکانی بەڕێز شجریان:
1ـ هەڵبژاردنی شێوەیەکی نوێ لەمۆسیقا، ئەگەر «شعر ن‌و»ی فارسی‌و كوردی لەساڵەکانی ٤٠ بوو بەشێوەیەکی تازە لەئەدەبیاتدا، گۆرانی سازی‌و شێوازی گۆرانی (تەنیا گۆرانی، نە مەقام)و هونەری شەجەریان‌و مۆسیقای موسیقاژەنەکان لەساڵەكانی ٦٠، گەیشتە دەورانێکی نوێ کە بەتەواوی دەگەڵ پێشینیان جیاوازی بوو، مۆسیقا گۆڕانکاری بەسەرداھات‌و مۆسیقای ڕەسەنی فارسی پەرەیسەند، ئامێرەکانیش ھەروەتر، بۆ نمونە ویۆڵۆن جێگای خۆیدا بەکەمانچە، ھەندێک ئامێری کۆنی ئێرانی كه لەگۆڕێدا نەمابوو ھاتنەوەسەر دەور، بەڕێز شەجەریان بۆخۆی چەند ئامێری ھێنایە ناو کۆڕەکەی خۆیی‌و زەحمەتی زۆری لەسەرکێشاو کاری گەورەی کرد‌و گەلێک دەوڵەمەندی کرد.
2ـ بەڕێز شەجەریان لەبنەماڵەیەکی ئایینی خورتدا گەورە بوو، كاردانەوەی ئایینی بەسەردەنگی خۆشی ئەو مامۆستایه پایەبەرزەدا زاڵبوو، لەمەقامەكانی (نە لەگۆرانیەکان)دا بەتایبەت لەسەرەتای کارەکانی نەیتوانی خۆی لەبارولایەنی ئایینی ڕزگاربکات، لەزۆربەی مەقامەکانیدا «گۆشەی حسینی» زەق‌و بەرچاوە، شێوەی «ڕەببەنا» واته ئەو ئایەته كه لەقورعان خوێندویەتی‌و لەئێران لایه‌نگری زۆری هه‌یه له‌زۆرینەی مەقام‌و ئاوازەکانیدا ده‌بیسرێ، ئەگەر ھەڵسەنگاندنێک بکەین لەگەڵ هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌و مامۆستایانی ناوداری مه‌قام‌و ئاوازی فارسی وه‌ك غلام‌حسین بنان‌و حسین قوامی‌و هتد، شێوازی بێژه‌ریی شه‌جه‌ریان لەشێوه‌ی گوتنی ئەو دووھونەرمه‌ندە جیاوازی به‌رچاوی هه‌یه.
3ـ لەڕوی کۆمەڵایەتیەوە بەڕێز شه‌جه‌ریان ئیبسانێکی گەورەو خۆپارێزو وریا بوو، کەسایەتیەک بوو کەفرە بەحورمەت بوو بۆ خۆیی‌و بۆ کۆمەڵگه، مه‌ندو سەنگین‌و بەئەدەب بوو، نێوچاوانی پڕبوو لەخۆشەویستی بۆ ھونەرو کۆمەڵگا، سەرباری پایه‌بەرزی ھونەریی‌و خۆشەویستی لەناو خەڵکدا قەت لەخۆبایی نەبوو، ھەرێمی کۆمەڵگای پاراست، بژاردەی شیعرەکانی نیشاندەری ئەوڕاستیە بوو.
4ـ لەڕوی سیاسیەوە: لایەن‌و بەرژەوەندی خەڵکی ڕەچاوکردو چەندجار ھەڵوێستێ لەباری گرت بۆ پاڵپشتیکردن لەجەماوەری خەڵک.
5ـ ئەگەر بتوانم ڕێگا بەخۆم بدەم تێبینییەکم ببێت لەسەر شێوەی گوتنی گۆرانی‌و مەقامی ئەو ھونەرمەندە گەورە، ڕەنگە باسی ئەوەبکەم کە بەڕێز شه‌جه‌ریان زیاتر گرنگی دەدا بەدەنگ ھەتا بەھێنانەدەری وشەکان له‌ده‌م، لەبەرئەوەیە کە لەھەندێک جێ وشەکان تاڕادەیەک دەخورێن.
براده‌رێكی هێژاو ئه‌دیب باسی له‌یه‌كسانی پله‌و پایه‌ی به‌ڕێزان سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی‌و شه‌جه‌ریان كردبوو، من به‌پێچه‌وانه وا بیرده‌كه‌مه‌وه كه به‌ڕێز شه‌جه‌ریان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه كه مامۆستایه‌كی جێكه‌وتوو خاوه‌نی سه‌بك‌و شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه نه‌ك هه‌ر له‌گۆرانی‌و مه‌قامدا ده‌وری فره به‌رچاوو به‌ربڵاوی بوو نه‌خش‌و ده‌وری گه‌وره‌ی دانا له‌ناو مۆسیقای فارسی، سه‌رباری ئه وه كه به‌ڕاستی له‌زانیاری‌و زاڵبوون به‌سه‌ر ڕه‌دیف‌و ده‌زگاكان له‌چڵه پۆپه دابوو، لەگەڵ نەمر سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی لەڕادەیەک دانانێن‌و بەیەکەوە ھەڵیان ناسەنگێنم.
شێوەی «تحریر»ه‌كانی سەید عه‌لی ئه‌سغه ڕوبارێكایی ده‌نگی شتێکی بێ وێنەیە، من بەھۆی پەیوەستبوون بەبنەماڵەیەکی ھونەری موسیقاوه ھونەرخۆشەویستم‌و ھەرلەتەمه‌نی چوار پێنج ساڵی واتە لەسەرەتای فامکردنەوەم رۆح‌و دڵ‌و دەرونم بەمۆسیقا گەشاوەتەوەو گۆرانی کوردی‌و فارسی‌و تەنانەت ئەرمەنی‌و ئازەری‌و عەرەبی دۆستی نزیک‌و ھه‌ڤاڵی شەوو ڕۆژم بون‌و ئێستاش ھەر ھەیە، کاتێک گوێ ڕادەگرم بۆ گۆرانی، پێمخۆشە بچم بۆ ناوەرۆک‌و قوڵایی بەرھەمەکە: كاری گۆرانی سازه‌كه، مۆسیقا، دەنگی گۆرانی بێژەکە، شێوازی گوتنی، چۆنێتی بەڕێوه‌بردن‌و ڕازاندنه‌وه‌و ھاوکاری مۆسیقا ژه‌نه‌كان‌و جوابدانەوەی گۆرانیبێژەکە، شیعری گۆرانیەکە، لەبەرئەوەیە کە گەلێک سەرنجم داوه‌تە چۆنێتى وتنی گۆرانی‌و مەقامەکانی کوردی‌و فارسی، دەنگی نه‌مر سەیدعەلی ئەسغەر ئەوەندە بەھێزو بەتوانابوو کە ھەتا ئەوڕۆش ھیچ کەس تۆزی نەشکاندوە، زەرافەتی «تەحریرەکانی» دەگەڵ ھی نەمر شه‌جه‌ریان فرە جیاوازی ھەیە، ئۆکتاوی دەنگی سەیدعه‌لی ئه‌سغه‌ر زۆر بەرزترە لەھی شه‌جه‌ریان، ده‌سه‌ڵات‌و زاڵبونیان به‌سه‌ر ده‌نگیاندا له‌پله‌و ڕاده‌یه‌كدا نییه.
شه‌جه‌ریان به‌گۆرانی سازی‌و ده‌نگه‌خۆش‌و له‌به‌ردڵانه‌كه‌ی لاپەڕەی زێڕینی لەناو مێژویی مۆسیقای ئێران‌دا نەخشاندوەو بێگومان یه‌کێک لەگەورە ھونەرمەندەکانی سەردەمی ئەوڕۆی ئێرانە، له‌گەڵ مۆسیقای کوردی‌و ھونەرمەندانی کورد نزیکایەتی بەرچاوی بوو‌و چەندجاریش سەفەری باشوری كوردستانی كرد‌و پێشوازی گه رمی لێكرا.
نه‌مان‌و نه‌بونی ئه‌و هونه‌رمه‌نده لێزان‌و لێهاتویه كه‌لێنێكی گه‌وره ده‌خاته‌سه‌ر مۆسیقای ئێرانی‌و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك كه به‌جێهێشت فره‌زه‌حمه‌ت‌و سه‌خڵه‌ته.
پاریس ـ هه‌ینی ٩ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٠