لە دونیای سیاسەتدا و لە کێشمەکێشی نێوان دوو جەمسەر و چەند جەمسەری یەکلا دەکرێنەوە. ھەموو ھێزە ھێژموونخوازەکان و ئەوانەی وا لە ژێر سێبەری ئەواندا شوێن پێیان ھەڵدەگرن، لە بەژەوەندی کورتخایەن و درێژخایەنی خۆیان دەگەڕێن و ئەوە بنەمای سەرەکیی پەیوەندییەکان و کۆڵەکەی بنەڕەتیی داڕشتنی سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی ھەر دەوڵەت _نەتەوەیەکە لە دونیا دا.
لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست کە “کوردستان”ی ئێمە بەشبەش کراویش لەویدا هەڵکەوتوە، سیاسەت و کایەی سیاسی وەک «چێشتی مجێور» وایە، تەنانەت سنوورە نێودەوڵەتیەکانیش لە لایان ھێزە ھەژموونگەراکان و دیکتاتۆڕەکانی _ئێران بە نموونە- ھیچ بایەخەکی نییە. بۆ نموونە دەسەڵاتی پاوانخوازی ئێران لە سەرتاسەری ناوچەکە تەڕاتێن دەکا و بەبێ لەبەرچاو گرتنی ھیچ بەھایەکی ئەخلاقی و مرۆڤی ھەر جارە و پاشقولی وڵاتێک دەگرێ و بە درووشمی ھەناردەکردنی ئیدۆئۆلۆژی ئیسلامی سیاسی/شێعە، ئارامی و ئاسایشی خۆرھەڵاتی نێوەڕاستی تێک داوە. دەسەڵاتی خۆسەپێن و ھێژموونگەرای ئیسلامی ئێران پێی وایە کە لە دنیای دیپڵۆماتیکدا یەکەمی بێ ڕکابەرە و لە بەرامبەر ویستی سازان و ھێوەرکردنەوەی دۆخی ناوچەکەدا دمەلاسکەی زلهێزان دەکا. لە نێوخۆ و لە ماوەی تەمەنی نگریسی چل و یەک ساڵەیدا دۆخی ئابووری و مرۆڤی لە نێوخۆدا بەرەو ھەڵدێرێکی بێ گەڕانەوە بردوە تا ئەو جێگایەی ئیدی کاربەدەستان و دەستوپێوەندییەکانی نیزێک لە خۆشیان متمانەیان بەو دەسەڵاتە نییە و لە هەمو هێڵەکاندا و بە بەردەوامی خەریکی داڕمانی ھێز و هەڵوەرینی ورەی ئەندامانیانن.
گەلی ئێران بە گشتی و باقی نەتەوە بندەستەکان لە گەمارۆی دەسەڵاتێکی ڕەھای دینیدا بارمتە کراون و ئێران بۆتە زیندانێکی گەورەی گەلانی مەینەتبار. بەڵام گەلی کورد لە زۆربەی مەیدانەکانی تاقیکاری دەسەڵاتی ئێراندا بەردەوام «نا» یەکی بەھێزیان بە حکوومەت گوتوە و ھەر لە سەرەتاوە ھەستیان بە پاوانخوازی و مڵهوڕی دەسەڵاتدارانی تاران کردوە بۆیە بەردەوام بۆ ئازادی و گەیشتن بە ڕزگاری لە دەستی دەسەڵاتی ناوەند حەوڵی داوە و نرخێکی یەکجاریشی بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش کردوە.
ئەو ڕۆژانە لە ساڵوەگەری تێرۆری ڕێبەرانی شەھیدمان ئەویش لە وڵاتانی لانکی دێموکڕاسی و ئازادیدا پێویستە ئاوڕێکی تایبەت و جدی لەو نرخە مەزنانە بدەینەوە کە گەلی ئێمە لە پێناوی دێموکڕاسی و ئازادیدا داویەتی. با دونیا بزانێ کە مرۆڤایەتی زۆر قەرزداری گەلی کوردە چونکە ئەوانن کە لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستدا شەڕی پاشڤەرۆیی و دیکتاتۆڕیەتی مودێڕن و کۆن دەکەن و بە ھەموو تواناوە ڕووبەڕووی ئیسلامی سیاسی و ترس و تۆقاندنی دەسەڵاتداران و داگیرکەران وەستاونەتەوە.
دەسەڵاتی ناوەندگەرا لە ئێران لە درێژەی تەمەنیدا خەریکی ھەناردەکردنی ترس و تێرۆر بووە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی بۆ چاوترسێن کردن و کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازان و جیابیران، لەو نێوەدا کورد مەزنترین قوربانیی دەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامی بووە و کراوەتە قوربانیی ساتوسەودای سیاسی و بازرگانیش. سەرباقی ئەوەش ھەتا ئێستا ھێندێک وڵات تەنانەت لە ئورووپاش خەریکی سازان و ساتوسەودا لەگەڵ ئەو حکوومەتەن بۆ بەرژەوەندیی ئابووری خۆیان خەریکن تەمەنی دەسەڵاتیان بۆ درێژ دەکەنەوە.
کۆماری ئیسلامی باش لە تەماح و گرینگی پارە بۆ وڵاتانی سەرمایەداری گەیشتوە و بەردەوام لەو خاڵە بۆ ڕاگرتنی زیاتری خۆی کەڵک وەرگرتوە و لە پێش چاوی زەقی دونیا ڕێبەرانی کورد خەڵتانی خوێن کردوە و دواییش سمێڵیان چەور کردوە و قیت قیت بە ڕێگادا ڕۆیشتوە. بەڵام لە ئێستادا وێدەچێ ڕێژیم بەو ئاسانییە نەتوانێ درێژە بە سیاسەتەکانی پێشووی بدا.
کۆماری ئیسلامی ئێستا لە خراپترین ڕۆژەکانی دەسەڵاتی خۆیدایە ھەم لە ناوەوە تووشی داڕمان و ناڕەزایەتییەکی زۆر بەھێز بووە و ھەم لە ناوچە و ھەم لە دونیاشدا بەرەو پاشەکشە و پەراوێزخرانی زیاتر چووە. وادیارە دونیا ئێستا لە ژانی کورد تێ دەگا کە چل ساڵە شەڕی ئەم دەسەڵاتە ناسەردەمیانە و دژی ئارامی و سەقامگیریی ناوچە دەکا، قۆناغێکی نوێ لە ژیانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستی پێ کردوە، قۆناغێک کە هەوڵەکان لە پێناو ئاشتی و پاشەکشە کردن بە وڵاتانی هێژمۆنیخوازی دیکتاتۆریی وەک ئێرانن.