ئەمرۆ کاتێ گوێم لە لێدوانی «مەحمود عەبباس»، سەرۆکی حکومەتی خۆبەرێوەبەریی فەلەستین دەگرت، زۆر دڵتەنگ بووم. بێگوومان شیفتی سیاسەتی وڵاتانی عەرەب لە بەرهەڵستکارییەوە بۆ تەعاموولگەرایی لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ فەلستینییەکان وەک هەرەشە وایە. ئەگەرچی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب لە ماوەی حەفتا ساڵ داگیرکاریدا خێرێکی زۆری بۆ فەلەستینییەکان نەبوو، بەڵام هەڵوێست نواندنی وڵاتانی عەرەب، ئەگەر فۆرمالیتەش بووبێ، بۆ ئەوان جێی هیوا بوو. دوو ساڵ پێشتر لێدوانەکانی «مەزڵووم کوبانی» لەکاتی پشتبەردانی ئەمریکا و سێ ساڵ پێشتریش دوای گەمارۆدانی باشووری کوردستان بە هۆی ئەنجامی رێفراندۆمەوە، بەرپرسانی حیزبیی باشووری کوردستانیش هەروا دڵتەنگ و نیگەران بوون. ئەم نموونانە و چەند نموونەی دیکەش لە جیهاندا، بیرمان دێنێتەوە کە سەرهەڵدانەوەی ئیدەی ناسیۆنالیزم نەک هومێدبەخش نەبوو، بەڵکە ئەنجامی پێچەوانەی لێ کەوتەوە. ئەو شتەی کە ئەمرۆ ئێمە وەک ناسیۆنالیزم دەیبینین لە راستیدا نوسخەیەکی داروینیستییە کە قوربانییەکانی نەتەوە بچووکەکانن.
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزم لە سەدەی ٢١ دا، ناسیۆن یا نەتەوە بچووکەکان بەرەورووی هەرەشەیەکی جیددی دەبنەوە کە ئەمرۆ وەک «ناسۆنالیزمی داروینیستی» پێناسە دەکرێ. مەبەست لە ناسیۆنالیزمی داروینیستی لە راستیدا ئاماژەیە بە «بژاری سروشتی» (Natural selection) کە داروین لە تیۆریی پەرەسەندن (Evolution)دا باسی دەکا. کاتێ ناسیۆنالیزم دەبێتە پلان و کاراکتێر بۆ دەوڵەتە بەهێزەکان، سرووشتییە کە بزاڤە نەتەوەییە بچووک و لاوازەکان بە هەند وەرنەگرن، چوونکە رەوەندی سروشتیی خۆیان تێنەپەراندووە و لە ئەنجامدا دەبن بە گرفت لەبەردەم ناسیۆنالیزمی ئەوان. ئەم خەمساردییە بە پێی مەنتقی داروینیزم کار دەکا چوونکە دیاردە لاوازەکان دەبێ بە قازانجی پەرەسەندنی دیاردە بەهێزەکان تێدا بچن. کەوایە فەوتان و شکستی بزاڤە ناسیۆنالیستییە بچووکەکان وەک دیاردەیەکی ئاسایی سەیر دەکرێ و ئەگەر لە هێندێ حاڵەتی تایبەتدا دەوڵەتێکی بەهێز پشتگریی ناسیۆنالیزمە بچووکەکان بکا، لە راستیدا ئەو پشتگرییە تا ئەو قۆناغە بەردەوام دەبێ کە یارمەتیی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمە گەورەکە، واتە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەوان بکا. بەداخەوە بێدەنگیی جیهان لە حاند پرسی کورد و خەمساردیی جیهان لەمەڕ پرسی فەلەستین، ئەو راستییە تاڵە دەسەلمێنن کە لە بەرەوروو بوونەوەی ناسیۆنالیزمی بچووک و ناسیۆنالیزمە گەورەکان، یاسای «بژاری سروشتی» داروین رۆڵی سەرەکی دەبێ.
رەنگە گەرانەوە بۆ مەنتق و بنەماکانی لیبەرالیزم لەم قۆناغەدا تەنیا دەلاقەی هیوا بێ بۆ ئەو نەتەوانەی کە تووشی هەرەشەی تێداچوون دەبنەوە. واتە قەناعەت هێنان بە مافی شارومەندی و هێندێ ئازادی کولتوری، لەبەرامبەر سڕکردنی خەونی دەوڵەتی نەتەوەیی. بڕیارێکی وەها بۆ نەتەوە بچووکەکان سەختە، بەڵام دیسکۆرسی لیبرالیستی بۆ چارەسەریی کێشە ئەتنیکییەکان، ئەگەرچی خەونی سەربەخۆیی سڕ دەکا بەڵام نەتەوە بچووکەکان لە مەرگی حەتمی رزگار دەکا. مەحمود عەباس ئەمرۆ لە قسەکانیدا نەیویست ئەو راستییە بسەلمێنێ و هەر بە پشووی جارانەوە پێداگریی لەسەر سەربەخۆیی و ئازادی فەلەستین کردەوە، بەڵام دەنگی وەک جاران دلێر نەبوو. ئانتۆنی گرامێشی راست دەکا کە دەڵێ: مێژوو مامۆستایەکی بێ قوتابییە.
سەرچاوە: ئەکاونتی نووسەر