“رزگارکردنی قودس لە کەربەلاوە دەستپێدەکات”، ئەم دروشمە ئایەتوڵڵا خومەینی، بەر لە چەند مانگێک لە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە 1980دا بەرزیکردەوە، جەنگێک کە دواتر 8 ساڵی خایاند. لە کاتێکدا هێشتا بەتەواوی روون نییە ئەوە عێراق بوو جەنگەکەی بەرپاکرد، یان ئێران بوو کە دەیویست “شۆڕشە نوێیەکەی هەناردە بکات”. هەڵگیرسێنەری جەنگەکە دیار نییە، بەڵام دوای چل ساڵ لە یەکەم فیشەکی سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕەکە، ئێستا ئێران ئامانجە گەورەکانی خۆی لە عێراقدا بەتەواوی بەدەستهێناوە، زۆر بۆچوونی نوێشی لە بیرکردنەوەی سەرکردە عێراقییەکاندا گەڵاڵە کردووە.
ئێرانییەکان لە دوای جەنگەکەوە، وەک خۆیان مانەوە، کۆماری ئیسلامی کە لەسەرەتاکانی شەڕەکەدا، کۆمارێکی نوێبوو و لەسەر پێیەکانی بەتەواوی نەوەستابوو، تائێستا بەرگەی هەموو ئەو زریان و تەنگژانەی گرتووە کە روویان تێکرد، بەپێچەوانەوە هەژموونی ئەو وڵاتە ئێستا لە ناوچەکەدا، دوای 40 ساڵ، لە هەموو کات فراوانترە.
هەرچی لایەنی دووەمی شەڕەکەیە، کە خۆی لە حوکمی حیزبی بەعسی عێراقیدا دەبینییەوە، ئێستا بەپێی یاسای وڵاتەکە قەدەخەیە. سەدام حوسێن کە دەیویست پێشانیبدات ئەو هەڵگیرسێنەری شەڕ نییە، هەر زوو لە پاش کۆتایی شەڕی عێراق – ئێرانەوە، پەلاماری کوەیتیدا و دوای شکستێکی گەورە و وڵاتێکی وێران و ئابوورییەکی داتەپیو، رووبەڕووی راپەرینی ناوخۆیی بووەوە، بەڵام بەزەبری هێز تا 2003 خۆی گرت، کاتێک تانکەکانی ئەمریکا لەو ساڵەدا سنوورەکانی وڵاتەکەیان بەزاند و لە ناوەڕاستی بەغدادا، پەیکەرەکانی سەدام لەلایەن خەڵکەوە درانە بەر نەفرەت.
ئایەتوڵڵا خومەینی کە دوای هەشت ساڵ شەڕکردن لەگەڵ عێراقدا، بەنامەیەک رەزامەندی لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی شەڕەکە دەربڕی، راگرتنی کردە سەربازییەکانی نێوان سوپای وڵاتەکەی و سوپای عێراقی راگەیاند. خومەینی رازیبوون بە ئاشتییەکەی بە ‘خواردنەوەی ژەهر’ ناوبرد. هەردوولا زیانی زۆریان بەرکەوت و ژمارەی قوربانییەکان یەکجار بەرز بوو، جەنگەکە لە کوێ دەستیپێکرد، لەوێ کۆتاییهات و هیچ کام لەو دوو وڵاتە، نەیانتوانی هیچ لە بەرامبەرەکەیاندا بگۆڕن.
جەنگەکە نەیتوانی بوونی ئێران لە عێراقدا پتەو بکات، بەڵام ئێستا کۆماری ئیسلامی، خاوەنی هەمان دروشمە، وەلێ نیوەی رێگەی بەرەو قودس بڕیوە، چونکە ئێستا لە بەغدا و کەربەلادا بوونی هەیە، میلیشیاکانی لە سووریادان و حیزبوڵڵای لوبنانی پشتگیریکراوی ئەو، گەورەترین سەرئێشەیە بۆ ئیسرائیل کە قودسی لە ژێر دەستدایە.
رەگەکانی چیرۆکەکە
رەگەکانی چیرۆکی جەنگە هەشت ساڵییەکە، بۆ نیسانی 1980 دەگەڕێتەوە، کاتێک عێراق، کۆماری ئیسلامیی تازەلەدایکبووی، بەهاندان بۆ دەستدرێژی بۆ سەر بەغدا تۆمەتبارکرد و داوایکرد، دەست لە سێ دوورگەی ستراتیژی ناو تەنگەی هورمز هەڵبگرێت کە بووەتە جێگەی ململانێ لە نێوان ئێران و ئیماراتدا. عێراق رێککەوتنی ساڵی 1975ی خۆی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە، کە سەروەریی هەردوو وڵاتی بەسەر شەتولعەرەبدا دیاریکردبوو.
رووداوەکان خێرا پەرەیانسەند و بەر لە 40 ساڵ، جەنگەکە هەڵگیرسا، لەوکاتەوە ئێران نەک هیچ پاشەکشەیەکی لەسەر سنوورەکانی نێوان خۆی و عێراقدا نەکردووە، بەڵکو هەژموونێکی فراوانی بەدەستهێناوە و ئێستا گەورەترین هاوبەشی ئابووریی بەغدایە لە ناوچەکەدا.
چیرۆکەکە لای عەزیز جەبر
عەزیز جەبر، مامۆستای زانکۆی موستەنسیریەی بەغدایە، ئەو ساڵانی جەنگ لە وڵاتەکەیدا ژیاوە، پێشبینیدەکرد ئەو جەنگە رووبدات کە لە 22ی ئەیلوولی 1980دا هەڵگیرسا. جەبر قسەی بۆ ئاژانسی ‘فرانس پرێس’ کردووە و لەبارەی ئەو گۆڕانە گەورەیەوە، کە روویدا دەڵێ “قورسە بیری لێبکرێتەوە، بەڵام روویدا.. حیزبە پشتگیریکراوەکانی ئێران، لە ناویاندا ئەوانەی مەید ئین ئێرانن، ئێستا دەسەڵاتی عێراقیان بەدەستەوەیە”.
ئێران لە ماوەی ساڵانی درێژی جەنگدا، کە درێژترین جەنگی سەدەی بیست بوو و زیاتر لە ملیۆنێک کوژراوی لێکەوتەوە لە هەردوولا، لەوکاتەوە بووە پەناگەی هێزە دژەکانی سەدام حوسێن، لە نێویاندا کەسایەتییە کوردییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق و باڵە سەربازییەکەی ئەو ئەنجوومەنە، کە فەیلەقی بەدرە و ساڵی 1982 لە ئێراندا دروستبوون.
عێراقیش کەمتەرخەمی لەهەمان رەفتاردا نەکرد، بەڵکو هەمان هەنگاوینا و موجاهیدینی خەلق، حەوێنراوەترین هێزی دژە ئێران بوون لەسەر خاکی عێراق. ئەوان تەنانەت بوونە داردەستی رژێمی سەدام حوسێن، بۆ سەرکوتی راپەڕینی کورد لە 1991دا.
ئێران پشتگیری خۆی لەو هێزانە نەبڕی، تائەوکاتەی بەهۆی هێرشی هاوپەیمانانەوە بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ساڵی 2003دا سەدام حوسێن رووخا. ئێستا ئەو پەیوەندییە باشەی ئێران لە عێراقدا هەیەتی، لەو پەیوەندییە زۆر باڵاترە کە ئەمریکا لەگەڵ ئەو لایەنانەدا دروستیکرد، کە لە پاش ئەو ساڵەوە، دەسەڵاتی عێراقیان بەدەستەوە گرت.
لە 17 ساڵی رابردوودا، چەندین کەسایەتی هاوپەیمانی ئێران، لە عێراقدا بوونە خاوەن بڕیاری یەکەم و دەسەڵاتداری پێشەنگی وڵاتەکە. لە نێو شەش سەرۆکوەزیراندا کە لە 2003ەوە لە وڵاتەکەدا کاریانکردووە، سیانیان زۆرینەی تەمەنی خۆیان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، لە ئێراندا بەسەربردووە، ئەوان ئیبراهیم جەعفەری، نووری مالیکی و عادل عەبدولمەهدی بوون. چەندین سەرکردەی دیاری فەیلەقی بەدریش، پۆستی باڵای وڵاتیان وەرگرتووە.
جەبر دەڵێ “ئێران ئێستا سیاسەتمەداری تۆقێنەری”هەیە، روونیدەکاتەوە “ئەو باڵانەی ئێران دروستیکردوون، تەنیا بۆ شەڕ دروستنەکراون، بەڵکو بۆ ئەوەبوو ئەمڕۆ سوودیان لێوەربگرێت، کاتێک ئەو کەسانە دەگەنە دەسەڵات” لە عێراقدا.
تائێستا جەنگ، سیمبولیەتێکی گەورەی لە ئێراندا هەیە، ئەو تیمە پزیشکییانەی ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا گیانلەدەستدەدەن، بە’شەهید’ ناودەبرێن، هاوتای ئەوانەی لە جەنگی عێراقدا کوژران.
ساڵانە ئێران رێڕۆیشتنی گەورە بۆ رێزنان لە قوربانییانی جەنگەکە، وەک بۆنەیەک بۆ نمایشی چەکە نوێیەکانی و مووشەکە بالیستییەکانی رێکدەخات. لە کاتێکدا جەنگاوەرە دێرینەکانی شەڕەکە، ئێستا پلەی باڵای سەربازییان لە تاران، بەدەستەوەیە.
دەروازە ئابوورییە مەزنەکە
پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ بەغدا، وەکئەوەی راپۆرتەکەی ‘فرانس پرێس’ ئاماژەی پێداوە، سنوورەکانی لایەنی سیاسی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا لەسەردەمی سەدامدا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران قەدەخەکرابوو، کاڵا ئێرانییەکان بەقاچاخی لەسەر سنووری 1600 کیلۆمەتر درێژی نێوان هەردوو وڵات دەپەڕێنرایەوە، کاتێک ئابڵوقەی ئابووریی نێودەوڵەتی لە نەوەتەکاندا، خرایە سەر عێراق.
ئیسفەندیار باتمانگلیگ، شرۆڤەکار و دامەزرێنەری سەنتەری ‘بۆرس ئاند بازاڕ’، پێیوایە دوای رووخانی رژێمی سەدام، ئیدی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بووە شتێکی ئاسایی. ئەو بۆ ‘فرانس پرێس’ی روونکردووەتەوە کە “ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ کارێکی سرووشتییە، لە نێوان ئەڵمانیا و پۆڵەنداشدا هەمان شت روویدەدا، کاتێک جەنگی دووەمی جیهانیی کۆتاییهات”.
کاتێک عێراق، دوای زیانە زۆرەکان و وێرانبوونی وڵاتەکە کە لەپاش جەنگی رزگارکردنی کوەیتەوە دووچاری بوو و دەیویست خۆی بونیادبنێتەوە، پەنابردنە بەر کەرەستە هەرزانبەهاکانی بیناسازیی ئێران، بژاردەیەکی باشبوو. دواتر ئاڵووێردە بازرگانییەکان فراوانبوون و خۆراک، دەرمان و ئۆتۆمبێلی گرتەوە و ئێستا گەیشتووەتە کڕینی کارەبا لەلایەن عێراقەوە، لە ئێران.
لە میوەی قەیسییەوە تا دەگاتە ئازارشکێنەکان، هەموو بەرهەمە ئێرانییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا، بەنرخی کەمتر لە نرخی کاڵابەرهەمهاتووەکانی ناوخۆ دەفرۆشرێنەوە. لە ئەنجامدا عێراق ئەمڕۆ گەورەترین بازاڕی بەرهەمە ئێرانییەکانە. بەهای هاوردەکردنی کاڵا ئێرانییەکان لە ماوەی نێوان ئاداری 2019 تا ئاداری ئەمساڵ، بڕی 9 ملیار دۆلار بووە.
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، لە حوزەیرانی رابردوودا بەڵێنیدا ژمارەکە دووقات بکات، بەڵام سزا ئابوورییە تووندەکانی ئەمریکا، کە ماوەی دوو ساڵە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، سەریکێشا بۆ تێکچوونی دۆخی ئابووریی ئێران و پاڵی بەتارانەوەنا، زیاتر لەجاران پشت بە عێراق ببەستێت، کە ئێستا بووەتە سەرچاوە گەورەکەی ئابووری و هەناسە ئابوورییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
باتمانگلیگ دەڵێ، کۆمپانیا ئێرانییەکان بەدوای شوێنی قەرەباڵخی بەکاربەردا دەگەڕێن، لە کاتێکدا لە ئێراندا ئەوەیان بۆ بەدەستنایەت بەهۆی دۆخی قورسی ئابووری وڵاتەکەوە، بەڵام ئێستا هەژموونی بەردەوام زیادبووی ئێران بەسەر ئابووری و سیاسەتی عێراقدا، بووەتە سەرچاوەی بێزارکردنی عێراقییەکان.
کەسایەتییە سەربازییەکانی پێشووی عێراق، لە نێویاندا محەمەد عەبدولئەمیر، لە دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەی خۆیان ناڕازین، ئەوان دەڵێن عێراقییە بەشدارەکانی ئێستای حکومەت رێگەیان بەو دەستتێوەردانە “زۆرە داوە و وڵاتەکەیان بە ئابووری و تەنانەت کشتوکاڵ و ئاسایشیشەوە، رادەستی ئێران کردووە”.
بێئومێدی خەڵک و بێئومێدبوونی ئێران
راپۆرتەکەی ‘فرانس پرێس’ هەڵوەستە لەسەر دوا رووداوەکانی ساڵی رابردووی عێراق دەکات، کاتێک خۆپێشاندەران هاتنە سەر شەقام و یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیان، کۆتاییهاتنی هەژموونی ئێران بوو بەسەر وڵاتەکەیاندا.
ئاژانسە فەرەنسییەکە دەڵی، بێئومێدی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە نێو عێراقییەکاندا بڵاوە و گەیشتووتە لوتکە، دوای هەڵچوونی ناڕەزایەتییە پێشتر نەبینراوەکانی ئۆکتۆبەری رابردووی بەغدا و زۆرینەی شارەکانی دیکەی باشووری وڵات، لە دژی چینی سیاسی وڵات کە تۆمەتباردەکرێت بە گەندەڵی و شکستهێنان لە بەڕێوەبردنی وڵات و ملکەچبوون بۆ تاران.
بەر لە چەند مانگێک، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی عێراقی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، کوشت.
چاودێران پێیانوایە، هێرشەکە گەورەترین پردی هەژموونی ئێرانی لە عێراقدا رووخاند، چونکە سولەیمانی کە کاروانی خۆی لە شەڕی نێوان عێراق و ئێرانەوە دەستپێکرد و گەیشتە پلە باڵاکان، سەرپەرشتیاری دۆسێی عێراق بوو. هەرچی موهەندیسە، سەرکردەیەکی دیاری فەیلەقی بەدر و نزیکی رژێمی ئێران بوو.
ئێستا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە، ئەو لە چواردەوری خۆی ئەو راوێژکارانەی کۆکردووەتەوە، کە دەگوترێ ملکەچییان بۆ ئێران کەمترە لەچاو ئەوانەی پێشخۆیاندا. بەڵام وەک ریناد مەنسوور، شرۆڤەکار لە سەنتەری ‘شاتام هاوس’ ئاماژەی بۆ دەکات، پێناچی تاران لەو کارە بترسێت، لەبەرئەوەی ئەو تۆڕە هەمەڕەنگەی لەسەرەتای جەنگی نێوان خۆی و عێراقەوە لە وڵاتەکەدا دروستیکردووە، هاوکاری دەبێت بۆ راوەستانەوە بەڕووی زریانەکانی ئێستا.
مەنسوور دووپاتیدەکاتەوە کە ئێران، لە رێگەی تۆڕە سیاسییە فەرمی و نافەرمییەکانییەوە، لە نێویاندا میلیشیاکان و کۆمپانیاکان، هاوپەیمانەکانی خۆی لە وڵاتەکەدا چاندووە بۆ ئەوەی دەستەبەری ئەوە بکات، لە عێراقدا وڵاتێک دروست ببێت، ئێران بناسێت و ئەویش لای خۆیەوە ئەو وڵاتە بناسێت.
ئێستا لەسایەی پاشەکشەی قەڵەمڕەویی خۆی لە نێو نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا، تاران لە چواردەوری پەرلەمانی عێراق و وەزارەتەکانی حکومەت دەسووڕێتەوە. وەک شرۆڤەکارەکەی سەنتەری ‘شاتام هاوس’ دەپرسێ “دەمانەوێت پاش پەنجا ساڵی دیکە، عێراق لە کوێ بێت”.
بۆچی تائێستا سێبەری جەنگەکە، بەسەر ناوچەکەوە بەردەوامە؟
ئەوە تەنیا عێراقییەکان نین کە پێیانوایە، جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، وێڕای ئارامیی بەرەکان و سەنگەرەکانی سوپای هەردوو وڵات، هێشتا بەردەوامە، بەڵام بەشێواز و رێگەی جیاواز.
ماڵپەری ‘ناشیۆناڵ ئینترێست’ بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014دا، شرۆڤەیەکی بێنهام بن تالبلۆ، پسپۆری تایبەتمەندی کاروباری ئێرانی لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراتیەت، بڵاوکردەوە.
خوێندنەوەی فرەڕەهەندی تالبلۆ بۆ رووداوەکانی ناوچەکە لە دوای جەنگەکە، وایکرد ساڵی 2019 هەمان شرۆڤە جارێکی دیکە، لەلایەن هەمان ماڵپەرەوە دووبارە بڵاوبکرێتەوە، وەکئەوەی هێشتا لە دوای جەنگەکەوە هیچ لە ناوچەکەدا نەگۆڕابێت.
نووسەری شرۆڤەکە پێیوایە رۆژئاوا، هەڵەی کردووە کاتێک لە دوای وەستانی جەنگەوە لەبیریکردووە خوێندنەوە بۆ کاریگەرییەکانی جەنگەکە بکات کە تا ێستاش بەردەوامن.
تالبلۆر چوار خاڵی وەک هۆکار بۆ بەردەوامبوونی ئەو ململانێیە خستووەتە روو. ئەو دەڵێ یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئێران هێشتا بیرە شۆڕشگێڕییەکەی خۆی درێژە پێدەدات. نووسەرەکە نموونەی بە قسەکانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی هێناوەتەوە، کە هاوشێوەی ئیمام خومەینی، رێبەری یەکەمی کۆمار بیردەکاتەوە و پێیوایە “ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ سەدام هەڵکرد تا پەلاماری ئێران بدات”. لای خامنەیی هێشتا پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا بەردەوامن.
نووسەرەکە دەڵێ “بەکورتییەکەی، ئەوە جەنگی ئێران و عێراق بوو رێگەی خۆشکرد، بۆ بەجیهانیبوونی شۆڕشی ئێران کە ئێستا وڵاتەکە بە بۆمب و فیشەک بەرگری لێدەکات”.
جەنگەکە بەشێوازی دیکە
شرۆڤەکارەکە روونیکردووەتەوە کە “گەورە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران، سەروەرییەکانی خۆیان لە گۆڕەپانەکانی ئەو جەنگە و ژوورەکانی سەرکردایەتیکردنی شەڕەکانەوە بونیادناوە، بۆ نموونە قاسم سولەیمانی (کاتی نووسینی شرۆڤەکە، سولەیمانی لە ژیاندا بووە)، هەروەها ئایەتوڵڵا رەفسەنجانی کە دواتر بووە سەرۆکی ئێران لە 1989 تا 1997 کە لە بیرەوەرییەکانیدا، باسی زۆری بەڕێوەبردنی ئەو جەنگە دەکات، هەروەها مەحموود ئەحمەدی نەژاد، بەشداری شەڕەکانی کردووە، حەسەن رووحانی، سەرۆکی ئێستاش، چەندین پۆستی سەربازیی لە کاتی جەنگدا هەبووە، وەک فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی ئێران.
تالبلۆر دەڵێ “هێشتا جەنگی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە، بەڵام سنووردار و لە بری چەک بە قەڵەمەکان، کە خاوەنەکانیان هێرشدەکەنە سەر تۆماری بەرامبەرەکانیان لە رۆژانی جەنگدا، تائێستاش مانشێتی رۆژنامە ئێرانییەکان نزیکەی هەموو رۆژێک، باس لەو شەڕە دەکەن.. هێشتا زۆرانبازییەکانی گێڕانەوە و پاشماوەی ئەو جەنگە بەردەوامە”.
میراتە کۆمەڵایەتییەکەی جەنگ لە ئێراندا
توێژەرەکە روونیکردووەتەوە کە “بەردەوام بەرپرسە ئێرانییەکان، بەسۆزەوە باسی ئەو جەنگە دەکەن و ئاوڕ لە رابردوو دەدەنەوە، بۆ پشتگیریکردنی قسەکانیان و بەڵگەهێنانەوە بەکاریدەهێنن”. ئەو دەڵێ “هێشتا قەبرستانەکانی وەک ‘بەهەشتی زەهرا’ شاهێدی قەبارەی قوربانیدانی ئێرانییەکانە لەو جەنگەدا، تائێستاش بەرپرسەکانی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکان، پەنا بۆ یەکگرتوویی گەل لە رۆژانی شەڕەکەدا دەبەن”.
ئێرانییەکان مۆزەخانەی تایبەت بەقوربانییانی ئەو شەڕەیان دروستکردووە. سەید حەسەن فەیروز ئابادی، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، گوتویەتی “پێویستە بەرگریی پیرۆز (ئەو ناوەی ئێرانییەکان لە جەنگەکەیان ناوە)، تاهەتایە بەزیندوویی هاوشێوەی شۆڕشی ئیسلامی بمێنێتەوە”. تەنانەت فەرماندەیەکی وەک عەلی فازڵی، لە قسەیەکدا کە رۆژنامەی ‘کەیهان’ کردوویەتی بەمانشێت، دەڵێ “بەرگریی پیرۆز، باشترین ماوەی مێژووی کۆماری ئیسلامیی بوو”.
وانە سەربازییەکانی جەنگ، بۆ ئێرانییەکان
بێنهام بن تالبلۆ پێیوایە، وێڕای زیانە گەورە و سەربازییەکانی جەنگ بۆ ئێرانییەکان، بەڵام جەنگی هەشت ساڵە، زۆر وانەی گەورەی سەربازیی فێری سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی کرد. بەتایبەت کە جەنگەکە کەموکورتی و بێتوانایی زۆری، لە هێزە سەربازییەکانی ئێراندا دەرخست.
ئەو دەڵێ وێڕای سەرکەوتنە تەکتیکییەکانیش وەک گرتنی نیمچەدوورگەی فاو، بەڵام سەرکەوتنی ئێرانییەکان لە شەڕەکاندا کاتی و کورتخایەن بوون. لەهەمان کاتدا جیاوازیی گەورەی لەتەکنەلۆژیای جەنگیی نێوان هەردوو وڵاتدا دەرخست.
“ئێرانییەکان شانازی بەوەوە دەکەن کە جەنگەکە، بۆ بەرپەرچدانەوە بووە و ئەوان دەستپێشخەر و هێرشکار نەبوون، هەربۆیە لە ماوەی ساڵانی جەنگدا، کۆمارە نوێیەکە پەنای بۆ بیرۆکەی ‘بەرهەمهێنانی ناوخۆیی’ بەست و بەدەستکەوتێکی مەزنی وێناکرد، دواتر ئێران پەنای بردە بەر وەبەرهێنان لە توانا ناتەقلیدییەکانی خۆی و کەرەستە جەنگییەکان”. توێژەرەکە واینووسیووە.
لیژنەی داماڵینی چەکی کۆمەڵکوژی عێراق، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیدەکرد، ئاشکرایکردووە عێراق کۆی 63 لەسەدی مووشەکەکانی ناو جبەخانە سەربازییەکەی، بە ئێرانەوە ناوە، هەر ئەوەش وایکرد ئێران بیر لە گەشەپێدانی توانای مووشەکەکانی بکاتەوە.
تالبلۆر لە کۆتاییدا دەڵێ “هەموو رەوشتێکی ئێستای ئێران، کە بووەتە هۆکاری بێزاریی بۆ ئەمریکا، رەگەکەی لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراقدایە. ئەمە پەیوەستە بە تیرۆر لە لوبنان، رقلێبوونەوەی سعوودیە و بەلەمە خێراکانی لە کەنداودا، هەروەها پشتگیریکردنی بەرهەڵستی لە دژی ئیسرائیل”.
ئەو دەڵێ “ئێران ئێستا پشتگیری رژێمە میراتییەکەی حافز ئەسەد دەکات، چونکە حافز ئەسەد لە جەنگدا پشتگیری ئێرانی دەکرد، هەر لەو جەنگەشەوە ئێران لەوە تێگەیشت، کە ئەوەی دەسەڵاتی عێراق دەگرێتە دەست، بۆ ئەم گرنگە، بۆیە تا داهاتووی نزیکیش، ئێران لەدەستتێوەردان لە ناوخۆی عێراق، بەردەوام دەبێت”.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی “ڕووداو”