دەتوانم بڵێم هیچ ڕستەیەک بە ڕادەی” ڕوحی شاد بێ” لە کۆمێنتی بە کارهێنەرانی کوردی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دا، دووپات نەبۆتەوە. هەر کە سەردانی فەیسبووک دەکەی، وێنەی کۆچکردوان ، ئێعدامکراوان و تێکۆشەرانی بە پیلان و تاوانی داگیرکەران شەهیدکراو و پۆستی پێوەندیدار بەوان سەرنجت ڕادەکێشن. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ چارەنووسی تاڵ و دۆخی پڕ لە مەینەتی ئێمەی کورد بە تایبەتی خەباتکارانی ئەو نەتەوەیە، بەشێکیشی پێوەندیی بە خەسڵەتی مردوو پەرەستیمانەوە هەیە. تا مرۆڤەکان لە ژیان دان، نازانین ڕێزیان بگرین و خۆشمان بوێن، کە لە دەستمان چوون، وەخۆ دەکەوین!!
ئەم دوانیوەڕۆیەش، هەواڵی کۆچی سیمایەکی دیاری نێو بزووتنەوەی سیاسی و چەپ و نەتەوەیی و ئازادیخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستان، سینەماکار و نووسەرێکی بە توانام لە فەیسبووک دا خوێندەوە. سیمایەک کە لانیکەم سالەکانی ١٣٦٠-١٣٦٢ زۆر جار لە نزیکەوە دەمدیت. لەو کلاس و دەورانەدا کە ئەو وانەی سیاسی و شۆڕشگێڕی و هونەریی تێدا دەکوتنەوە، بەشدار بووم. هێندێک لە فیلمەکانیم دیتوە و، بە لامەوە جێی بایەخ بوون. نووسینەکانی کە وەک وتار لە ڕۆژنامەی “کوردستان” و گۆڤاری “لاوان”ی ئەو ساڵانەدا بڵاو دەبوونەوە، لێیان فێر دەبووم و بۆسەردەمی خۆی پتر لە نووسینی کەسانی دیکەی حیزبی تینوێتییان دەشکاندم. ڕۆمانەکەی” ژیان بە دەم زریانەوە” لە ڕۆمانە جوانەکانی پێوەندیدار بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە خوێندوومنەوە. فایلی pdfی کتێبی سەربردەی ژیانی خۆیشیم(لە “کورسان”ەوە هەتا کوردستان)بە کوردی و فارسی بە دەست هێنابوو تا لە دەرفەتێک دا بیخوێنمەوە، بەڵام مردن لە من بە پەلەتر بوو، چونکە چارەنووسە ناتەواوەکەی، پێش ئەوەی من بیخوێنمەوە، تەواو کرد.
کاک تەیفوور بەتحایی، هەر لە پێش ڕووخانی ڕێژیمی شایەتیشەوە، ناوێکی ناسراو بوو. ئەو هاوڕێ و هاوخەباتی خوسرەوی گولسورخی و کەرامەتوڵلای دانشیان بوو. لە بێدادگای نیزامیی ڕێژیمی شایەتی بە سزای زیندانی ئەبەد دەربازی بوو، بەڵام هەم لە دادگا و هەم لە زیندان، سەربەرز هاتە دەر. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، تێکەڵ بە تێکۆشانی حیزبی دیموکرات بوو، لە کۆنگرەی ٥ بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. ئامادەکار و بەرهەمهێنەری یەکەم فیلمی دۆکیۆمێنتیی کوردیی تایبەت بە خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵات و حیزبی دیموکرات بەرامبەر هێرشی سوپایی کۆماری ئیسلامی(نان و ئازادی) بوو. هەر لەو سەردەمیش دا بوو کە بوو بە پردی پێوەندیی نێوان دەفتەری سیاسی و بەرێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات و، من ئەو کات بوو کە شانسی ناسین لە نزیکەوەیم پەیدا کرد.
کۆچی دوایی کاک تەیفوور بەتحایی بە خەسارێک بۆ سینەما و ئەدەبیاتی بەرگریی کورد دەزانم. جێ پەنجە و شوێن پێی ئەو لە دەوڵەمەندکردنی کولتووری شۆڕشگێڕانە و ئەدەبیات و سینەمای بەرگریدا شایانی ڕێز و پێزانینە، لە چاو و زەینی هۆگرانی ئەم بوارانە ون نابێ و، بەم زوانەش لە یادەکان ناسڕێتەوە.
هاوخەمی بنەماڵەکەی و هەموو خۆشەویستان و هۆگرانیم.