لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا نێوەڕاستی گەلاوێژ لانیکەم ٨٥ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن لە ساڵی ١٣٩٥ـی هەتاوییەوە تا ئێستا -لە چوار ساڵ و چوار مانگی ڕابردوودا_ ٨٥٢ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون
“چاونیوز”، ماڵپەڕی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک مانگ و نیوی هاوینی ئەمساڵ (١٣٩٩ی هەتاوی)دا لانیکەم ٢٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو ٢٤ کۆڵبەرە ٩ کەسیان کوژراون و ١٥ کۆڵبەریش بریندار بوون. هاوکات سێ شوانکارەش لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ کە دوو کەس لەوان کوژراون و یەکیان بریندار و ئێستاش لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
کوژران و برینداربوونی ئەو ٢٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لەو یەک مانگ و نیوەی سەرەتای هاوین لە حاڵێکدایە کە لە وەرزی بەهاریشدا ٥٨ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش بوونەتە قوربانیی سیاسەتی کوردکوژیی کۆماری ئیسلامی. لەو ٥٨ کۆڵبەرە ٢٤ کەسیان کوژراون و ٣٤ کۆڵبەریش بریندار بوون. هەروەها دوو کۆڵبەریش بە هۆی تەقینەوەی مین لاقیان پەڕیوە. بەمجۆرە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو کۆڵبەر و نەی کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ٨٥ کەس بووە کە ٣٣ کەسیان کوژراون و ٥٢ کەسیان بریندار بوون.
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردوو (١٣٩٨ی هەتاوی)ـیش ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیان دابووە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان. لەو ٢٤٠ قوربانییەی ساڵی ڕابردوو ٧٣ کەسیان کوژراون و ١٦٧ کەسیشیان بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لە ساڵی ١٣٩٧ـیشدا 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 242 کۆڵبەر و کاسبکارە 80 کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها 162 کەسیش بریندار بوون.
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەم ناوەندەی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٣٩٦ـی هەتاویشدا 183 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. بەپێی وردەکارییەکان لەو 183 قوربانییەی دەستی غەدر و تاوانی کۆماری ئیسلامی لەو ساڵەشدا 79 کەسیان کوژراون و، 104 کەسیش بریندار بوون.
له ساڵی ١٣٩٥ـی هەتاوییشدا لانیکەم ١٠٢ کۆڵبەر و کاسبکار بوونە قوربانیی ستەمی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی کە ٦٦ کەس لەوان کوژران و ٣٦ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون.
بەو پێیە لە ماوەی ٤ ساڵ و نیوی ڕابردوودا ٨٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمەوە دراونەتە بەر دەسترێژ. لەو سەدان کۆڵبەر و کاسبکارە قوربانییە ٣٣١ کەسیان کوژراون و ٥٢١ کەسیشیان بریندار بوون.
“چاونیوز” وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم ئامارە ڕایگەیاندوە کە کۆڵبەری کورد لە وڵاتێکدا بە بیانووی هێنان و بردنی کاڵای قاچاغ دەدرێتە بەر دەستڕێژی فیشەک لە ساڵدا پتر لە 36 میلیارد دۆلار کاڵای بە تەواو مانا قاچاغ لە بهندهر و فڕۆکهخانه و ئێسهکهله و دهروازه سنوورییه ڕهسمییهکانەوە دێتە نێوخۆی وڵاتەوە و دەرکی ئەو دەروازە و شوێنانە بۆ ناوهنده ئهمنیهتی و نیزامییهکانی کۆماری ئیسلامی کە گەورەترین کارتێلی قاچاغی کاڵا لە وڵاتن، ئاوەڵایە.