٥٠ ڕۆژی ڕابردوو، یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان بووە. ڕاگەیەنە گشتییەکانیش لە نێوەرۆک و تەواوییەتی خۆیاندا لە سەرەتادا تووشی شۆک بوون و دواتر وەک هەواڵی جەنایی باسیان لە ڕووداوەکان دەکرد.
لە ڕستەسازی و ژماردنی ناوی ژنان و منداڵانی سەربڕاو، زەجرکوژکراو و ئەشکەنجە کراو خۆ دەبوێرین، چونکە تۆماری سامناکی ئەم ژنکوژییە بەردەوامانە، هیچکات تەواوی ئەو شاڵاوە توندوتیژییانە ناگرێتەوە کە دەرهەق بەوان دەکرێ.
لە ڕاستیدا دەبێ لە بنەڕەتدا بپرسین کە ژنکوژیی چییە؟ داخوا ئەو کارەساتە تەنیا لە ئەنجامدانی جەنایەتی ئەو پیاوانەی کە دەستیان تێیدایە یان گێڕانەوەکانی نێو بنەماڵەوە و سەرەنجام شێوازی کوشتن و جۆری ئامرازی کوشتن، کورت دەبێتەوە؟
لە بابەت کۆماری ئیسلامییەوە کە هەر لە سەرەتاوە دژایەتی و ڕوانگەی دواکەوتووانەی خۆی دژ بە ژنان بە بەکارهێنانی سیاسەتی جیاکارانە سەبارەت بە ماف، ڕەگەز و خستنە ڕووی مودێلێکی ئیدئۆلۆژیک لە “خاتوونی موسڵمان” خستۆتە ڕوو، سەقامگیر کردن و دامەزراندنی ئەو سیستمە ژنکوژە، نە سەرچاوە گرتوو لە ڕووداوەکانی کۆمەڵگە، بەڵکوو مەبەست و ئامانجی کۆتایی سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە بووە. ڕەوتێک کە بە یان سەرداپۆشین یان چەوساندنەوە ( یا روسری یا تو سری) دەست پێدەکا و دواتر بە هەڵوەشاندنەوەی بەرەبەرەی قانوونی پشتگیری لە بنەماڵە و “بە قانوونی کرانی سەرکوت و هەڵاواردن” درێژەی کێشا.
گۆشکردن و بەگوێدا خۆێندنی بەردەوامی دایکایەتی و منداڵ خستنەوە وەک “ئامانج لە ئافراندنی ژن”، و پشتگیریی تەواو و کامڵ لە مناڵهاوسەری بە پشت بەستن بە بانگەشەی بەربڵاوی میدیایی لە لایەن دەسەڵاتەوە، زیندوو کردنەوەی یاسای سزای قەساس دژی ژنان، دانی مافی خاوەنایەتی بەسەر جەستە و لەشی ژن، سەرپەرەشتی منداڵ، چوونە دەرەوە لە وڵات، خوێندن، جوانکاریی لەش، مافی تەڵاق و ئیزن پێدانی چەند هاوسەری بۆ “پیاوان” و بە “ئیزنی پیاوان”، لە تەواوییەتیی خۆیدا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، تەنیا بەشێک لە سیاسەتی کەڵانی ڕێژیم بۆ چەسپاندنی لە پلەی دووهەمدا جێخستن و “تەریک خستنەوەی ژنان” و لە ئەنجامدا بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتاییەکانیان بووە.
هەقدەستەکان وەک یەک نین، جۆری پۆشینی جلوبەرگ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دیاری دەکرێ و حیجاب زۆرەملێیە، نەبوونی ئەمنییەتی گیانی لە نێو ماڵ و دەرەوەی ماڵ گاڵە دەکا یان لەوپەڕی خۆی دایە؛ ژنان بە هۆی بەکارهێنانی یاسا پەسند کراوەکانی دژ بە خۆیان، چییەتی و ڕەگەزیان، دەستیان بە هیچ چەشنە پشتگیری و دادپرسییەک ڕاناگا و سەرەڕای ئەوانەش بە شێوەی جۆراوجۆر دەکوژرێن. چ کەسێک ژنان دەکوژێ؟ لە پەنا هەواڵە زۆروزەوەندەکانی پێوەندیدار بە قەتڵی نامووسی (بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی سەرپەرەشت ئاسایانەی پیاوانێک کە دوای کوشتنی ژنان پەنا بۆ هێزی ئینتزامی، یاسا و دەسەڵاتی دادپەرەوەری دەبەن)، چ ژنانێکی دیکە و بە چ شێوەیەک کوژراون؟ ئایا ئاماری خۆسووتاندنە بەربڵاوەکان لە ئیلام، لوڕستان، کوردستان، ورمێ و هتد، وەک جۆرێک “خۆکوژی” دەژمێردرێن؟ ئایا مەرگی سەحەر خودایاری، خۆسووتاندن بوو و ژێستی مشتومڕ هەڵگری کەسێکی وەک “شەهلا جاهێد” بە قورسترین شێوەی سزادان واتە کوشتنەوە یان قەساس، وەک قەتڵێک پێناسە دەکرێ؟
پانتایی بەند و ماددەکانی دژە ژن لە یاسای تێکەڵ بە شەرع، تەنیا لە دەسەڵاتی قەزاییدا قەتیس نەمایەوە. لە ڕاستیدا، تریبوونی پڕ لە هاتهاواری ئەو هەڵاواردنە بنەڕەتییە، تەنیا بە ئامادەبوون لە دادگای بنەماڵە، دادگای شۆڕش، ناوەندی پزیشکیی یاسایی و… دەرناکەوێ.
مناڵانی کچ بە هۆی چەسپاندنی بنەما شەرعی و ئیدئۆلۆژیکەکان و هەراوهوریای حاکمییەت، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە لەگەڵ کۆمەڵە تیۆرییەک کە باس لە تێگەیشتن لە نایەکسانی و “تەواوکەر”بوونیان دەکا، بەرەوڕوو دەبنەوە، ئەوان جیا لەوە لەگەڵ کەمیی ئاسانکاری بۆ درێژەدان بە خوێندن لە چاو کوڕان بەرەوڕوون و لەم بارەشەوە تای تەرازووەکە بە لای ئەواندا ناشکێتەوە.
بەڵێ، ڕووی قسەی ئێمە لەو گوندە پەراوێزنشین و دوورەدەستە زۆروزەوەندانەیە کە سیاسەتی بە هەژارکردنی دەسەڵات، لە پەنا ئاپارتایدی زمانی دایکی، ئیتنیکی، سیاسی و ئابووری، هەڵاواردنی ڕەگەزی بە سەر منداڵدا دەسەپێنێ. کچ لە مناڵییەوە فێردەبێ کە گەلێک نوێنەک (الگو)ی کۆن و سواوی لە سەر ڕێگایەتی. لە کولتووری گشتی کە “کچ … دەبێ چ بکا و چ نەکا” تا بێبەریکردنەکان و ئەو هەڵاواردنانەی کە لە وەرزش، سیاسەت، پیشە و بژیوی، بەهرەمەندبوون لە یاسا و تەنانەت جۆری پۆشینیەکەشی ڕەنگ دەدەنەوە.
پانتایی ئەو بێبەشیانە بە ڕادەیەکە کە بۆ زۆربەی ئەو ژنانەی کە ناوەندنشین نین، ئامادەبوون لە دادگا بۆ دەستەبەرکردنی لانیکەمی مافەکەیان، سکاڵا لە توندوتیژی بنەماڵەیی، دەستدرێژی کردن، هەڕەشەی کوشتن و یان بەهرەمەند بوون لە مافی تەڵاق، هەر لە بنەڕەتڕا برەوی نییە. سیاسەتی دژە ژن تا ناخی کۆمەڵگە دزەی کردوە، ژن وەک نامووسی پیاو (باوک، برا، هێوەر، مام، بابەگەورە، مێرد، مێردی پێشوو، گراو، خوازبێنیکەر) پێناسە کراوە و قەتڵی نامووسی گرێدراو بە غیرەتیشەوە لە لایەن سیستمی فکریی کۆماری ئیسلامییەوە تەئید کراوە. نموونەی زەق و بەرچاوی ئەوەش لە دەزگای قەزاییدا دەبینین. دەسەڵات بە پڕوپاگەندەی بەربڵاو و تەرخانکردنی بوودجەی زۆروزەوەند، هاوڕاستا لەگەڵ بەردی بناغەی ئەو دواکەوتووییە بەیاسایی کراوە و لێدوانی وەخت و ناوەختی “عەلی خامنەیی”، لە پێناسە کردنەوەی ژنی مسوڵمان، پێویستیی منداڵ خستنەوەی زیاتر و پێدا هەڵگوتن بە مودێلی فاتمەی زەهرا و بە سەرمەشق دانانی، بۆتە خۆراکی سیاسیی و گەڕی بێوچانی ئەو سیستمە دژەژنە.
لە وەها دۆخێکدا، هەر پیاوێک دەبێتە خاوەن، سەرپەرشت و بڕیاردەر بە سەر ژیان و گیانی ژنێک، ئیتر ئێرە ئەو خاڵەیە کە کۆماری ئیسلامی، سیاسەتە سەپێنراوەکانی وەک بەرهەمی ٤٢ ساڵەی دەسەڵاتدارەتی خۆی لێدەچنێتەوە.
ژنان لە بێپەنایی و توندوتیژیی بەردەوام بە دژی خۆیان، پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن، لە بەر دەربڕینی ناڕەزایەتی بە هەڵاواردنی ڕەگەزیی بەربڵاو زیندانی دەکرێن، ژنانی پەراوێزخراو و دەرکراو بەهۆکاری بێبەشی بنەڕەتی، ڕێگای دەربازبوون لە سەرکوت و جەنایەتی بنەماڵەییشیان نییە و ئەشکەنجە دەدرێن یان دەکوژرێن و هەروەک “سەحەر خودایاری” لە ترسی چوونە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و یان داپڵۆسینی بنەماڵەیی بە تایبەتی لە لایەن باوکییەوە خۆسووتاندن و مەرگ هەڵدەبژێرن.
باوکی ڕۆمینای ١٣ ساڵە پێش سەربڕینی کچەکەی خۆی لە نێوەرۆکی قەزایی ئەو جەنایەتە ئاگادار دەبێ و دوای ئەنجامدانی ڕاوێژی یاسایی پەنا بۆ جەنایەت دەبا.
ژنکوژەکانی ٥٠ ڕۆژی ئەم دواییانە، دوای قەتڵ پەنایان بردۆتە بەر دەزگای قەزایی و شۆکی میدیایی سەرچاوە گرتوو لە ژنکوژیش دامرکاوەتەوە.
ژنان بە شێوەی چوار دەیەی ڕابردوو دەکوژرێن، ئەسیدیان پێدا دەکرێ، پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن و یان لە ژێر سێبەری هەر جۆرە پشتیوانی و داڵدەیەک، هەڵدەکەن و دەسازێن. ژنانێک کە توندوتیژیی ئاخاوتەیی، جەستەیی و ڕەگەزی بۆتە ئەمری واقعی ژیانی ڕۆژانەیان و لە کاتی ئامادەبوون لە بەرابەر یاسادا، بە ڕەگەز و بە شەرع و بە یاسا وەک نیوەی ئەو پیاوانە دەژمێردرێن کە نە بە قەتڵ و خۆسووتاندن، بەڵکوو ناچاریان دەکەن لەسەرەخۆ و وردەوردە بمرن.
دەتوانین ئاوڕێک لە دوایین هەواڵەکانی کاتژمێرەکانی ڕابردوو بدەینەوە؛ چوار ڕۆژ لەوە پێش، پیاوێکی گەنج لە یەکێک لە گوندەکانی مەراغە، ئاگری لە جەستەی هاوسەرەکەی خۆی بەردا. ئەو ژنە بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتانەکەی دوای چەند سەعات لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تەورێز گیانی لەدەست دا. ژنێک کە پێش ئەوەی ئەو بەڵایەی بەسەربێ چەند جار داوای تەڵاقی کردبوو.
سەرچاوە: ماڵپەڕی “سر خط”