ڕۆڵی ئافرەت لە گوتنەوەی بەیتە فۆلكلۆرییەكاندا
(ژنی كورد و بەیتبێژی)
لە زۆربەی بەیتەكانەوە بۆمان دەردەكەوێ كە ئەوەی هۆنەر و داڕێژەری دەقی بەیتەكەیە ئافرەتە نەك پیاو، بەڵام ئێمە هەر لە زاری پیاوانەوە بیستووماننەتەوە و بە داخەوە لەو بوارەدا دەنگی هیچ ئافرەتێك بەتۆماركراوی نەماوەتەوە. بەیتی كاكەمیر و كاكە شێخ، ئازیزێ، بەشێكی زۆر لە حەیرانەكان، بەیتی سوارۆ و زۆر بەیتی دیكەمان هەن كە وێژەرەكەیان ئافرەت بووە، كەچی بەداخەوە بە دەنگی ئافرەت بەرهەمێكمان لەبەر دەستدا نییە و وەك باسمان كرد ئەوەی هەیە لە زاری پیاوانەوە بە ئێمە گەیشتووە. ئەو مەسەلەیە هەتا ئێستاش وەڵامێكی شێلگیری بۆ نەدۆزراوەتەوە و هەر كەسە و لە ڕوانگەی خۆیەوە هۆكارەكانی خستووەتە ڕوو. هەرچۆنێك بێ، ورد بوونەوە لەو دەقە بەیت و حەیرانانە ڕاستییەكمان بۆ ڕوون دەكەنەوە ئەویش ئەوەیكە ژنە كورد ئەگەر وەك پیاوان مەیدان و ڕێگەی پێ درابایە، لە توانادا هیچی لە پیاوەكان كەمتر نەدەبوو و داهێنانەكانیشی ئەگەر لە پیاوان پتر نەبوایەن، لانیكەم شانیان لە شانی پیاوان دەدا. عەلی خزری نووسەر و ڕووناكبیری ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دیمانەیەكدا لە بارەی حەیرانەوە ئاوا وەڵامی دیمانەكار جەعفەر حوسێن پوور (هێدی) دەداتەوە:
“ژنی كورد هەرچەند لەچاو ژنانی نەتەوە هاوسێیەكان سەربەستیی زیاتر بووە، بەڵام هیچكات ئەو سەربەستییە نەگەیوەتە ئەو ڕادەیە كە لە مۆسیقادا چالاكیی هەبێ. ئەگەر كوڵوكۆیەكی لە دەرووندا بووبێ، بە بیانووی لاواندنەوەی منداڵ، ئەگەر ویستوویەتی ڕەخنە بگرێ و ڕق و كین بڕێژێ بە بالۆرە و ئەگەر ویستوویەتی بە ڕیتم دەروونی لە گرفتەكانی ڕوحیی پاك بكاتەوە، بە ئاهەنگی مەشكەژاندن سوكنایی هاتووەتێ. ژنی كورد زگماك هۆنەر بووە. ئەوەی ئەو لە لایەلایە و بالۆرە و مەشكەژاندن و شینگێڕیی مردوو و.. دا وەك هۆنراوە خوڵقاندوویەتی، لە باری نێوەرۆك و جوانیناسییەوە بێ وێنەیە و پیاوی كورد، لە كاری مۆسیقادا، ئەو سوژە و دیالێكتانەی لە ژن وەرگرتووە و ئەوە كە لە حەیراندا لە زمان كیژەوە دەگوترێ، ئەمانەتدارییەكە لە لایەن پیاوەوە. ئەگینا ژن، ئەویش ڕاستەوخۆ، كەی ئەو دەرفەتەی بووە كە توانایییەكانی خۆی لە مۆسیقادا، ئەویش لە سەردەمێكدا كە تەنانەت بۆ پیاویش گۆرانی گوتن بە كارێكی سووك داندراوە، بهێنێتە مەیدانەوە؟”
رەنگبێ ئاوڕدانەوەیەك لە شوێنی گرنگیدان بە بەیت و گوتنەوەی بەیت و حەیرانەكان، زۆر سەرەداوی گرنگمان بەدەستەوە بدەن لەسەر ئەوەی ئاخۆ بۆچی دەنگی ئەو ژنانە نەماونەتەوە.
بەسەرنجدان بەوەیكە ئەدەبی فۆلكلۆر ئەدەبی بەر لە خوێندەواری و قوتابخانەی میللەتە، دەبێ ئاوڕ لەو شوێنانە بدەینەوە كە ئەو ئەدەبەی لێ بەرهەم هاتووە یان لەوێوە پەرەی پێدراوە. هەموو بەڵگەكان ئەوە دەسەلمێنن كە شوێنی پەرەپێدان بەیت و پشتگرتنی بەیتبێژان دیوەخانی ئاغا و دەرەبەگەكان بووە. ئەگەر لە دەرباری پادشاكاندا خەڵات پێشكەش بە شاعیرەكانیان دەكرا و دیارییان پێ دەبەخشران ئەوا كورد بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێكی سیاسییەوە، جگە لەو چەند قۆناغە كورتەی سەردەمی ئەمارەتەكان، پێشتر دیوەخان باڵاترین دەسەڵاتی نێو كۆمەڵگەی كوردەواری بووە و لە دیوەخانەكاندا حەیرانبێژ و خۆشخوان كۆ كراونەتەوە و بەخێویش كراون. مامۆستا هێمن لە پێشەكییەكەی توحفەی موزەفەرییەدا دەنووسێ: “لە ناوچەی موكریان هەر ئاغایەك دانگە مڵكێك، كۆنە دیوەخانێك، قوڵە بارگینێك، كەچە زینێك، پیرە تاژیێكی هەبایە، خۆشخوانێكی ڕادەگرت كە شەوانە لە دیوەخان بەیت و باوی بۆ بڵێ، لە وەختی نووستندا حیكایەتی بۆ بكا، لە شاییدا داوەت و ڕەشبەڵەكی بۆ بگێڕێ، لە سەنگەردا تانووتی لێ بدا. لە ڕاودا لەسەر تەماڵ پاییزە و ئازیزەی بۆ بڵێ، فڕان باوێتە دژمنی و بەندان بە دۆستی هەڵبڵێ و تەنانەت لە پاش مردنی شینی بۆ بگێڕێ. “
مام هێمن هەر لە درێژەی ئەو باسەیدا دەڵێ: “تا ئاغا دەستڕۆیوتر، تا دێ ئاوەدانتر و گەورەتر، تا دیوەخان بە بێنە بێنەتر، تا ئەسپ ڕەسەنتر، تا زین و لغاو و ڕەحت و ڕێشمە پەرداختر، تا تاژی چێتر و دەم گەرمتر بان، خۆشخوانیش وەستاتر و شارەزاتر، نێر و پڕتر و كۆك و پۆشتەتر دەبوو.”
ئەحمەدی بەحرییش لە كتێبی گەنجی سەربەمۆردا لەو بارەیەوە ئاوا دەنووسێ: “لە زۆر ناوچەی كوردستان بە تایبەت لە موكریاندا ئاغا و دەرەبەگ لە گوند یا گوندەكاندا ژیاون. مانەوەی ئاغا لە دێدا داب و نەریت و هەندێك تایبەتمەندی داوە بەم ناوچەیە كە لە شوێنەكانی تر كەمتر بەرچاو دەكەوێ. یەكێ لە هۆیەكانی پەرەسەندنی پتری بەیت لە موكریاندا دەگەڕێتەوە سەر ئەم مەسەلەیە. هەر ئاغا و نیمچە ئاغا و قوڵەئاغایەك بەپێی دەستڕۆیشتنی، یەك یا چەند خۆشخوانی ڕاگرتووە تا لە كاتی شادی و كەیف خۆشی یا هاتنی میوان یا چوونە ڕاو، بە گوتنی خۆی مەجلیسیان بۆ بڕازێنێتەوە.”
ئەوە مەیدانێكی بەرین و هەراو بووە بۆ خۆشخوانە پیاوەكان و لانیكەم ئەوان ئەوەندە ئازادییەیان هەبووە بە كەیفی خۆیان دەنگ هەڵێنن و لەو پێناوەدا شاباش و خەڵاتیش وەرگرن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خۆشخوانە پیاوەكانیش بەردەوام كۆسپێكیان لەبەردەمدا بووە كە ئەویش فتوای مەلا و قسەی مەلا بووە. مامۆستا هێمن لە توحفەی موزەفەرییەدا لەو بارەیەوە دەڵێ: “خۆشخوان لە دێدا هەر ناحەزێكی هەبوو، ئەویش مەلای گوند بوو. كەم وابوو دانوویان پێكەوە بكوڵێ. مەلا وشكەكان خۆشخوانە دڵتەڕەكانیان خۆش نەدەویست. ناویان نابوون چاوەش. بە چاوی سووك چاویان لێ دەكردن. تا مەلا تەشریفی لە دیوەخان بووبایە خۆشخوان دەبوو قڕوقاپ دانیشێ و متەقێ نەكا.”
بەو پێیە كە شوێنی حەوانەوە و تەنانەت پاڵپشتی حەیرانبێژ و بەیتبێژ و بە گشتی خۆشخوانەكان دیوەخانی ئاغا بووبێ، زۆر لایەنی دیكەمان بۆ ڕوون دەبنەوە. یەكێك لەو لایەنانە ئەوەیە كە دیوەخان شوێنی كۆبوونەوەی پیاوان بووە و ژن بە هیچ شێوەیەك ڕێی نەكەوتووەتە دیوەخانەوە و لە ئاكامدا هیچ پاڵپشتێكیشی نەبووە كە بە قەولی خەڵكی سەردەمی ئێستامان “سپۆنسەر”یان بێت. كە سەیری ئەو لایەنەی دیكەیش دەكەین كە تەنانەت پیاوەكانیش ڕێگەی هونەرەكەیان بێ كۆسپ و لەمپەر نەبووە و بەردەوام مەترسیی فتوایەكی ئایینییان لەسەر بووە، دەی دەبێ ژن چ ڕێگەیەكی لەبەر بووبێت. ئەو ژنەی كە لە كۆمەڵگاكەیدا تەنیا بەسەرچاوەی چێژگەیاندن بە پیاو و بەخێوكەری منداڵ سەیری كراوە و هەموو سووكایەتییەكیشی پێ كراوە؟ خۆی ئەو چەند نموونەیەی هێناماننەوە، ڕوون و ئاشكرا پێمان دەڵێن هۆكاری ونبوون و دیارنەمانی دەنگی ژن چ بووە.
كورتی ببڕێنەوە، بەشێكی زۆر لە هۆنراوە و بەیت و حەیرانەكان وەك باسمان كرد، ژنان هۆنەر و دانەریان بوونە، ئێمە لە نێویاندا بەیتی سوارۆمان وەك نموونە هێناوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو بەیتە هەتا ئێستا بەپێی پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و كاری لەسەر نەكراوە.
ژن لە بەیتی سوارۆدا
وەک پێشتریش باس کرا بەیتی “سوارۆ” یەكێكە لەو دەقە فۆلكلۆرییانەی كە پڕاوپڕە لە ڕەگەزی شێعری و خەیاڵی ناسكی شاعیرانە، كە دڵنیام، دانەری ئەو بەیتە ناخی پڕ بووە لە شێعری خۆشەویستی. هۆنەری ئەو بەیتەش ئافرەتە. ئەم بەیتەش بەمەرەدی دەقە فۆلكلۆرییەكانی دیكە چووە و پیاوان لە زمانی ئافرەتەكەوە دەیڵێنەوە. دیسانیش هەر پیاوە نوێنەرایەتیی ئافرەت دەكاتەوە.
بەیتی سوارۆ چیرۆكی ڕۆیشتنی فەرماندەیەكی سوارچاكە بۆ شەڕێكی پڕ لە مەترسی. سوارۆ بەر لەوەی بچێتە شەڕ، دێتە لای گراوی (مەعشووق)ـەكەی و وێڕای ماڵاوایی و گەردن ئازایی، داوای ماچێكی لێ دەكات. بەڵام كچە پێی نادات…
“ئەوە دوێنێ چووكەڵە سوارەكەی من دەچۆوە سەفەری كاولە لەحسایە
ئەوە دەیكوت كیژێ وەرە دوو ماچم دەیە
بەسەری بەقوڕ و بە ملی بەكوێنم ڕووم لێ وەردەگێڕا
هەی لاڵ ببم نەمدەدایە…
ئەوە لە دوایی دەچوومەوە پێش چووكەڵە سوارەكەی خۆم
زولفی خۆمم لەبەر دەگێڕا و مەمكی خۆمم بۆ دەبردەوە تكایە
شەرت بێ بە شەرتی خوداو ڕەسووڵان
چووكەڵە سوارەكەم بێتەوە لەوێ شەڕێ هەرامەتە لەوێ هەڵایە
ئەمن سینگی خۆمت بۆ دەكەمە بە كاغەزەكە مەرجان و
مەكی خۆمی بۆ دەكەم بە قەڵەمەكی فەرەنگی
هەروەكوو مەلای دوازدە عیلم
شەوتا ڕۆژێ لێ بكا موتاڵایە…”
لێرەدا ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر سەرنجمان ڕادەكێشێ ئەوەیە كە كچە لەو كاتە ناسكەشدا، ماچی پێ نادا و تەنانەت دواتریش كە خەم دایدەگرێ و دەچێتەوە پێش “چووكەڵە سوارەكەی خۆی…” دیسانیش ناچێتەوە ماچی پێ بدا، بەڵكوو دەچێ كۆمەڵێك مەرجی بۆ دادەنێ بۆ پێدانی ماچ و شەو ڕامووسانێ. كە دەبینین یەكەم مەرجەكەی ئەوەیە لەو شەڕە بگەڕێتەوە ئینجا ئەو “.. سینگی خۆی بۆ دەكات بە كاغەزێكی….”
زۆریان گوتووە و هەر دەشیڵێنەوە “لە پشت هەموو پیاوێكی سەركەوتووەوە ئافرەتێكی مەزن هەیە” بەڵام كەمتر نموونەی خۆماڵیمان بۆ دەهێننەوە. لەم بەیتەدا ئەو دیاردەیە بە ڕوونی بەرچاو دەكەوێ. لێرەدا ئافرەت ناڵێ “وەگەڕێ و مەچۆ شەڕێ، ئینجا ماچت دەدەمێ…” بەڵكوو بەجۆرێك لە جۆرەكان هانی دەدا و هیواداریشی دەكا ئەگەر بگەڕێتەوە نەك هەر ماچێك بەڵكوو لە نیشتیمانی سەوزی جەستەیدا سەربەست و ئازادی دەكات. دیسان هەر لە زمانی ئەو ئافرەتەوە لە درێژەی بەیتەكەدا وێڕای ئەوەیكە ئافرەتەكە بۆی دەپاڕێتەوە كەلە تیری ئەجەل دوور بێت و هاوارێ دەباتە بەر پیر و پیاوچاكان و بۆی دەپاڕێتەوە لە نەهامەتی بیپارێزن، هەر لەو كاتەشدا هانی دەدات كە دەبێ لە شەڕگەدا ئازا و نەترس و بەجەرگ بێت، ئەگینا لە باخی زەردە هەناران، بێبەریی دەكات. كەوابوو مەرجی ئەو ئازادكردنەی سوارۆ هەر ئەوە نییە بە سەلامەتی بگەڕێتەوە، بەڵكوو لەوەش گرینگتر ئەوەیە كە پاڵەوانێتی بنوێنێت. كچە پێی دەڵێ: “ڕەبی سوارۆ ئەمن خەبەری مەرگی تۆم بۆ بێت نەك ئەوەی ببیستمەوە تۆ سەری لەشكرێ خۆت وەرگێڕاوە لەبەر هەزار و پێنج سەت سواران، نەكەی ئەمن خەجاڵەت و شەرمەزار بكەیتەوە لە نێو شەدەشل و خاڵ لەمل و ناسك و نازداران...”
لێرەدا خاڵێكی گرینگ و شاراوەی دیكەمان بۆ دەردەكەوێت، ئەویش ئەوەیە كە كچە، دیارە لەنێو كۆڕی دەستەخوشكانیدا زۆری تاریفاتی سوارۆ كردووە و وەك پاڵەوانێكی نەبەز بەوانی ناساندووە. هەربۆیە پێی خۆشە خەبەری مەرگی خۆشەویستەكەی ببیستێ بەڵام نەبێستێتەوە كە بەزیوە و ڕایكردووە ئەویش لەبەر چەند كەسان؟ لەبەر هەزار و پێنج سەت سوار!!
لە بەیتە كوردییەكاندا ژن بە چەند شێوەیەك دەردەكەون. بۆ وێنە لە بەیتی لاس و خەزاڵدا، خەزاڵ دەورێكی كردەیی و چالاكی هەیە و سەرۆكی عێل و عەشیرەتە و ئەمر و فەرمانی بە دەستە. بەڵام لە بەیتی سەیدەواندا، هەر دەنگی نییە جگە لەوەی ژن لەوێدا تەنیا لە ڕۆڵی ئەو بووكەدا دەردەكەوێ كە بە كچێتی دەگەڕێتەوە ماڵی باوان. لە بەیتی “كاكەمیر و كاكە شێخ”دا ژن واتە “ئەستێ و بوغدان” تەنیا شین دەگێڕن و هاوار و داد و فوغانێ دەكەن. لێرەش لە بەیتی سوارۆدا دەبینین یاركۆڵێی سوارۆ ڕۆڵێكی هاندەرانەی هەیە. سوارۆ هان دەدا لە مەیدانێ ورەی بەرز بێت. تەنانەت هەڕەشەشی لێ دەكات كە ئەگەر بێ و بە تێشكاوییەوە بگەڕێتەوە ئەوە لە خەوی سەر سینگ و مەمك و ماچی زەردەهەناران بێبەش و بێبەریی دەكات.
ئەو قەول و بەڵێنانەی كە كچە بە سوارۆی دەدا لە ڕووی دەروونزانییەوە ئەگەر سەیری بكەین، دەبێتە هۆی پتەوتركردنی ورەی جەنگاوەرەكە. خۆ ئەگەر سوارۆ بەردەوام تەنیا لەبیری ئەوە دابێت كە خێرا بگەڕێتەوە بەشكم نازدار حەیران سینگ و مەمكی بۆ ئاوەڵا بكات، ئەوە لەوانەیە ئەوەندەی خەیاڵی لای شەوژوانێكی داهاتوو بێت، نیو ئەوەندە بیری لە لای جەنگاوەرانی لەشكرەكەی و هێزی دوژمنەكەی و شێوازەكانی شەڕ و پەلاماردان و سەركەوتن نەبێت. هەر بۆیە مەرجی ئەو پێكگەیشتنە نەك تەنیا گەڕانەوە بەڵكوو سەركەوتنی پڕ دەستكەوتە.