لە درێژەی ئەم نووسراوەدا شرۆڤەیەک لەسەر چۆنیەتیی ڕەوشی ژنان لە حکوومەتی ئاڵمانی نازی دەخوێنینەوە، کە بە تێڕامانێک هەندێک لەیەکچوون لە نێوان ژنانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ژنانی ئێستای ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبینین.
لە سەردەمی کۆماری وایمار (١٩٩٣-١٩١٩) ڕەوشی ژنان لە ئاڵمان یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستمەکانی ئورووپای ئەو سەردەمە بوو. سەرەڕای ئەوەی کە مافی دەنگدانی ژنان لە ١٩١٩دا دەستەبەر کرابوو، یەکسانیی ڕەگەزی لە کاروباری مەدەنی، مافی دایک و یەکسانیی مافەکانی ژن و پیاو لە پەیمانی هاوسەرگیری، لەو یاساگەلە بوون کە لەو سەردەمە لە بەرژەوەندیی ژناندا هەموار کران. لە کاتێکدا کە زۆرینەی پارتەکان لە کۆماری وایمار لە هەڵبژاردنەکان ناوزەدی ژنیان هەبوو، حیزبی نازی پێچەوانە بوو. لە ساڵی ١٩٣٣، جۆزێف گۆبڵز (وەزیری پڕوپاگەندەی ڕێژیمی نازی) لە بارەی بەشدار نەبوونی ژنان لە حیزبی نازی بەم جۆرە پاساوی هێنایەوە: “پێویستە کە کارە پیاوانەکان بە دەستی پیاوان جێبەجێ بکرێ.”
پێش لە ڕێژیمی نازی، ژنان ٥٧ کورسی لە ٥٧٧ کورسیی پارلمانیان بە دەستەوە بوو؛ پاش بە دەسەڵات گەیشتنی نازییەکان لە ١٩٣٣دا ئەم ڕێژەیە بە سفر گەیشت.
لە سەردەمی نازییەکان، پێگەی ژن تەنیا لە چوارچێوەی دایک و هاوسەر پێناسە دەکرا و، ژنان لە هەموو بەرپرسیاریەتییەک بە تایبەت لە مەیدانی سیاسی و ئاکادێمیک بێبەش بوون. لە ڕوانینی هیتلێردا، دەبوایە خێزان وەکوو دامەزراوەیەکی کلاسیک بەردەوام بێ. واتە پیاوان دەبێ بەرپرسایەتیی دابینکردنی بژیو و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خێزانییان هەبێ و ژنان پێویستە خزمەتی نێو ماڵ و بەرپرسیارەتیی پەروەردەی منداڵان لە ئەستۆ بگرن. ئەو باوەڕی وا بوو کە ژیانی ژنان دەبێ لە سێکوچکەی: منداڵ، مەتبەخ، کڵێسا (Kinder Kuche und Kirche) بمێنێتەوە.
هیتلێر دەیویست ڕێژەی هاوسەرگیری و زاوزێی ئارییەکان زیاد بکات. لە جوولای ١٩٣٣ یاسای پاداش پەسەند کرا کە لە بەرامبەر هەر منداڵێکدا هەزار مارک بە خێزان دەدرا.
خاچی دایکی دەدرا بە ژنانێک کە منداڵانی زیاتریان هەبوایە، خاچی بڕۆنز بۆ چوار منداڵ، خاچی زێوین بۆ شەش و خاچی زێڕین بە هەشت منداڵ یان زیاتر. پیاوانی بێهاوسەر و خێزانی بێمنداڵ ناچار کران باجی زیاتر و قورستر ببژێرن. تەڵاق بۆ پیاوان ئاسانتر کرا، پیاوێک کە لە یەک ژن چوار منداڵی هەبا، مافی تەڵاقی تاکلایەنەی هەبوو کە دیسان هاوسەرگیری بکاتەوە و بتوانێ منداڵی زیاتری ببێ. دەستپێڕاگەیشتن بە ڕێگاکانی ڕێگری لە منداڵ بوون زۆر ئەستەم و دژوار کرا. لەبار بردنى ئاوڵمە (کۆرپەڵە) نایاسایی و نەزۆک کردن و خەساندنی کەمەندامان بە یاسایی کرا. چاوەڕوانی لە ژنان ئەوە بوو کە لە جلوبەرگی جووتیاران و وەرزێرانی ئاڵمان سەرمەشق وەربگرن. پێیان ڕادەگەیاندن کە جلی سادە لە بەر و پێڵاوی تەخت لە پێ بکەن، کەرەستەی جوانکاری بەکار نەهێنن، قژیان ڕەنگ نەکەن و خۆیان نەڕازێننەوە و لە شوێنە گشتییەکان جگەرە نەکێشن.
سنووردار کردنی ژن لە چوارچێوەی دایکایەتی و ڕێگەنەدان بە کارکردن لە دەرەوەی ماڵ دوو هۆکاری سەرەکیی هەبوو: زیاد کردنی منداڵ بوون و بەرهەمهێنانی هەلی کاری زیاتر بۆ پیاوان. هەر بەم هۆیەش ئەم ڕێوشوێنانە بۆ ڕیگریکردن و سنووردارکردنی کاری ژنان گیرایە بەر:
– هاندانی کچان بە کابانی و ماڵداری و دڵسارد کردنیان لە بەردەوامیی خوێندن.
– بەربەست دانان بۆ بە داوەر بوونی ژنان، بەشداری کردنیان لە دەستەی دادوەری و بە پارلمانتار بوونیان. (هیتلێر باوەڕی وا بوو ژنان ناتوانن ئەقڵانی بیر بکەن).
– سڕینەوەی ژنان لە کارە خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتییەکان؛ نۆزدە هەزار فەرمانبەری ژن لە کارە حکوومەتییەکان لەسەر کار لابران.
بە پێی ئەو جۆرەی کە باس کرا، بەرچاو ڕوونییەکمان لە بارەی ئاڵمانی نازییەوە هەیە، ئێستاش بە کورتی ئاوڕێک لە دۆخی ژنان لە ئێرانی کۆماری ئیسلامی دەدەینەوە؛ با ئەو وێکچوونەی کە باس کرا باشتر هەست پێ بکرێ.
ڕوون و ئاشکرایە کە ژنان لە جوارچێوەی دەسەڵاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەژێر دووچاوەکی و چەوساندنەوەی هاوشێوەی سەردەمی ئاڵمانی نازییدان: بە پەراوێزخستنی ژنان لە بەرپرسایهتییە گرنگەکانی دنیای سیاسەت، چەکداری، دادوەری، ئایینی، کۆمەڵایەتی بە پاساوی وشەگەلی ناڕوونی (رجل-رجولة)، لێ سەندنەوەی ئازادیی هەڵبژاردنی پۆشاک و جلوبەرگ و خۆخەمڵاندن، نەبوونی مافی تەڵاق، ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ یاریگەکان، دووچاوەکیی ڕەگەزی لە وەرگرتنی خوێندکارانی زانکۆ و هتد.
بەو شێوەی کە ژنانێک وەکوو لیبێرتاس، شوولتسە و زۆفی شۆل لەدژی دیکتاتۆری نازیزم خۆڕاگرییان کرد و گیانی خۆیان لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان بەخت کرد؛ لە ئێران و کوردستانیش ژنان هەردەم لە بەرخۆدانن و ئازادی و یەکسانی بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن.
***
نووسەر: س. ئاگرین
و: هەژیر هاشمی