مرۆڤ کە پێ دەنێتە سەر ئەم زەوییە ڕۆژێکیش دێ کە دەبێ بە جێی بێڵێ، بەڵام لەوەتا ژیانی مرۆڤایەتی هەیە قیزەونترین شێوازی مردن، مردنێک بووە کە مرۆڤ بە دەستی مرۆڤێکی تر کوژراوە.
کۆمەڵگە بەردەوام بۆ لە نێو بردنی ئەم دیاردەیە کاری کردوە و لە زۆربەی وڵاتان تا ڕادەیەکی باش بەرەو پێش چوونی بە خۆوە بینیوە، بەڵام ئایا هۆکار چییە کە تا ئێستاش لە ئێرانی کۆماری ئیسلامییدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ماوە، بە جۆرێک کە ئێمە بەردەوام گوێبیسی هەواڵی کوشتنی ژنان دەبین لە کۆمەڵگەدا.
شەرەف
بە سادەترین شێوە دەکرێ باس لەوە بکەین کە کوشتن بە هۆی وشەیەکی بێبنەمای بە ناوی شەرەف، جۆرێکە لە توندوتیژی کە هەم پیاوان و هەم ژنان دەگرێتەوە، بەڵام بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 90٪ی ئەم قوربانییانە لە ژنان پێک دێن.
ئەم توندوتیژیانە بە درێژایی مێژوو لە زۆربەی کۆمەڵگە جیاوازەکانی جیهاندا، بە تایبەتی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا هەبوون، بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات و بەرەو پێشچوونی ئاستی ڕووناکبیری لە چەند کۆمەڵگەیەکدا ئەو دیاردەیەش کەمتر بۆتەوە. بەداخەوە تا ئێستاش لە کۆماری ئیسلامی ئەو ڕێژەیە لە ئاستێکی بەرزدایە، هۆکاری سەرەکیی ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر کاریگەریی یاسا دواکەوتووەکانی ئەم وڵاتە کە لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیی ئایینیی خۆی دایڕشتوون و بە پێی ئەم یاسایانە ژن بە ڕەگەزێکی کەمتر لە پیاوان لە کۆمەڵگەدا چاوی لێ دەکرێ.
کولتوور
مرۆڤ لە هەر شوێنێک لەدایک بێ بیهەوێ یان نەیهەوێ هەڵگری کولتووری ئەو کۆمەڵگەیەیە. مرۆڤ خاوەن بیر و هزرە، هەر بۆیەش دەتوانێ بڕیار بۆ باش بوونی ژیانی خۆی بدا و دەشتوانێ گۆڕانکاری لە کولتووری خۆیدا پێک بێنێ، بەڵام دانیشتووانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەهۆی کاریگەریی یاسا کۆن و دواکەوتووەکان و نەبوونی ئازادی لە مێدیا و، کێشەی تێکەڵ نەبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی وڵاتان و هەروەها، گوشاری ئابووری و نەبوونی کەرستەکانی ڕێخۆشکەر بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەدا کە بە ئاسانی ناتوانن ئەو کارە بکەن و لە لایەن دەسەڵاتەوە بە شێوازی جۆراوجۆر سەرکۆنە دەکرێن، لەو نێوانەدا ژنان گەورەترین زیان دەبینن. دیاردەی ژن بە ژنە و بە زۆری بە شوو دان و فرە ژنی و زۆر یەک لەوانە هۆکارەکەی دەکرێ بگەڕێتەوە سەر کولتوورێکی سەقەت لە ژێر یاسایەکی دواکەوتوودا.
یاسا
یاسا بناغەی شێوازی بەیەکەوە ژیانە لە کۆمەڵگەدا و مرۆڤیش ناتوانێ بەبێ بوونی یاسا ژیانێکی ئارامی هەبێ. بەڵام ئایا یاسا لە کۆماری ئیسلامییدا چۆنە کە کوشتنی ژنان هەر بەردەوامە لە نێو خەڵکدا.
لە زۆربەی دیاردەکانی کوشتنی ژناندا کەسی بکوژ دوای دەسبەسەرکردنی بە هۆی نەبوونی یاسایەکی دادپەروەر زوو ئازاد دەکرێ کە ئەگەر ئەو پرۆسەیە بەرامبەر پیاو بکرێ کەسی بکوژ کە ژن بێ، قەساس دەکرێ و یاسا ئەو دەرفەتەی داوەتە پیاوان کە درێژە بەو تاوانە قێزەونەیان بدەن.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پەیماننامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی واژۆ کردوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سیستمێکی باش تا ئێستاش ئێمە دادپەروەری و دانی مافی تەواو لە یاساکانیدا بەرامبەر بە ژنان نابینین.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو دەسەڵاتدارە توندوتیژ و خوێنڕێژانەن کە ئیسلامیان وەک ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە و خستنە ژێر ڕکێفی خەڵک بەکار هێناوە و یاسای بنەڕەتیی وڵاتیان لەژێر بنەمای بیروباوەڕ و مەزهەبی خۆیان داڕشتوە، کە هیچ کات مافی دێموکراسی بە خۆیەوە نەدیوە. لە کۆمەڵگەیەکدا کاتێک ژن کە هێمای خۆشەویستی و پاکییە وەکوو مرۆڤ هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکرێ، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بین کە بناغەی کۆمەڵگە سست و لاواز بێ. ژن یان دایک یەکەم مامۆستای مناڵانە، ئەگەر دایکێک چەوسابێتەوە و مافەکانی پێشێل کرابێ، بێگومان ناتوانێ مامۆستای ئەلف و بێی ئازادی و دێموکراسی بێ بۆ مناڵەکانی. ئەو کۆمەڵگەیەش کە ئەو مناڵانەی تێدا گەورە دەبن دیسان ئەو شێوە ژیانە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان دووپات دەکەنەوە.
هیچ کات یاسا داڕێژراوەکانی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای مەزهەبی و ئیدئۆلۆژیی تایبەت بە خۆیان ناتوانێ چاکسازی لە ڕەوتی ژیان لە کۆمەڵگەدا پێک بێنێ. یاسایەک کە لە بنەڕەتڕا بە گەندەڵی پێک هاتوە، ناتوانێ گۆڕانکاریی جوان و ڕێکوپێک کە پڕ بە پێستی داخوازییەکانی سەردەم بێ پێک بێنێ. هەر بۆیە ئەگەر کۆمەڵگەیەک چاوەڕێی ئازادی بێ کە هەموو چین و توێژەکان لەوێدا بتوانن ژیانێکی بەرابەریان هەبێ، دەبێ پێش هەموو شتێک دیاردەی یاسا دژە ژنەکان هەم لە وڵات و هەم لە مێشکدا پاک بکرێنەوە.
جیاوازیی ڕەگەزی
هاتنە سەر دنیای بوونەوەرەکان لەسەر گۆی زەوی، بە پێی دیالێکتیکی سروشتی دیاردەیەکە کە لە سەرەتای دەسپێکی ژیانەوە وەکوو ڕەگەزی نێرینە و مێیینە بوونی هەبووە و وەکوو یاسایەکی سروشتیی دیار و بەرچاوە. چۆنیەتیی ڕەگەزیش شتێک نییە کە مرۆڤ بە هەڵبژاردنی خۆی بێ، ئەوە ئەسڵێکە و مرۆڤەکان دەبێ لەگەڵ ئەو یاسا سروشتییە بچنە پێشەوە. هەڵبەت ئەوەش نابێ لە بیر بکرێ کە لە سروشتی ئینساندا دوو ڕەگەزەش هەن کە دەبێ مافیان بپارێزرێ و وەکوو مرۆڤێک ڕێزیان لێ بگیردرێ. ئەو کەسانە بەو شێوازە سروشتییەی خۆیان کە هەیانە بگرە زیاتریش لە ژنان لە پەراوێز خراون و دوور کراونەوە و لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەشن.
هەر لە کۆنەوە ئێمە زۆر جار بیستوومانە و بینیومانە کە دایکان و باوکان بە هاتنە دنیای مناڵەکانیان بە ڕەگەزی مێیینە خۆشحال نەدەبوون و بەردەوام حەزیان دەکرد کوڕیان هەبێ، ئەو نەریتە ناشیرینە هەبووە و زۆر جار ژن کە نەیتوانیوە مناڵ لە ڕەگەزی نێرینە بێنێتە سەر دنیا تەڵاق دراوە.
جیاوازیی ڕەگەزی بەردەوام وای کردوە کە پیاوان زاڵ بن و ژن لە ڕووی ناچارییەوە مەجبوور بووە گوێگری پیاو بێ.
بە هۆی ئەو یاسا دژە مرۆڤانەی کە لە کۆماری ئیسلامییدا هەن و ڕێگری دەکەن لە بەرەو پێش چوونی ئاستی ڕووناکبیری، ئێستاکە ڕەوتی گەیشتن بە دێموکراسی و ژیانێکی ئەمن بەداخەوە زۆر لە گەشەدا نییە، ئێمەش وەکوو تاک تاکی خەڵک هەر یەکەمان بە نۆبەی خۆمان دەبێ ئەرکی بەرهەڵستکاری لەدژی ئەو یاسا و دەسەڵاتدارە دواکەوتووە وە ئەستۆ بگرین و ڕێگەی گەیشتن بە مافەکانی خۆمان و داهاتووی نەوەکانمان بەرەو گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد لە چوارچێوەی حکوومەتێکی دێموکراتیکدا خۆش بکەین. ژنان و پیاوان بە تێکڕایی بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکان تێ بکۆشن و ژنانیش بۆ وەرگرتنی مافی خۆیان دەبێ بێنە نێو مەیدانی خەباتەوە و بە دژی ئەو یاسا دژە مرۆڤییانە بوەستنەوە.