خەمناکی و بێتاقەتی زۆربەی شوێنەکانی شاری گرتوە، خەڵک بە حەسرەتەوە باسی ئازایەتی و خۆنەویستیی ژینگەپارێزانی کۆچکردوو دەکەن، ئاگرەکانی دەورووبەر هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و دووکەڵەکەیان ئاسمانی شاری تەنیوە.
ژینگەپارێزانی پاوە لە دیوە بچوکەکەی ئەنجومەنی”ژیوا”ی لەوپەڕی شۆک و بێقەراریدا خەریکی چاپی پۆستەر و وێنەی هاوڕێیانیانن کە هێشتا مەرگی دڵهەژێنیان باوەڕ نەکردوە، دیار نییە دوای ئەم خەسارە گەورەیە چارەنووسی ئەنجومەنەکەیان بەرەو کوێ دەڕوات.
وێڕای قەیرانی کۆرۆنا ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە بۆ دەربڕینی هاوخەمی خۆیانیان گەیاندۆتە پاوە، یەکەم سەردان بۆ لای بنەماڵەی کادێری لێهاتووی ژینگە و ورەی ژینگەپارێزانی ناوچەکە “موختار خەندانی” لە نەوسووە، پڵمەی گریانی ئامادەبووان و بێتاقەتی براو خوشکەکانی خەمناکترین دۆخی لەم نیوەڕۆ گەرمەدا خوڵقاندوە.
ماڵی”یاسین کەریمی” کۆڵبەری ژینگە دۆست لە گوندی “شمشێر” لە ڕۆژهەڵاتی پاوە بە گریان و خەمباری خەمڵاوە، بە وتەی یەکێک لە دراوسێکانی یاسین نموونەی خۆنەویستی و مرۆڤدۆستی بووە لە گوندەکەیان.
رەنگە خەمناکترین بەشی سەردانەکان لە گوندی “سریاس” بێت زێدی “بیلال ئەمینی” ٣١ساڵ کە دوو کوڕی لە پاش بەجێماوە ومەرگی دڵتەزێنی بیلال ناوچەی “ئێناخی” خەمبارکردوە، بەوتەی یەکێک لە دانیشتووانی “سریاس” زامی گوندەکەیان کۆن نابێت و ساڵانە گەنجەکانیان لە کاری کۆڵبەری و ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان دەسپێرن.
لەگەڵ ئاوابوونی ڕۆژ ژینگەپارێزان بە دڵتەنگی و ئازارەوە ماڵئاوایی لە یەکتر دەکەن و بەرەو شارەکانی خۆیان بەڕێ دەکەون، دووکەڵی سووتانی دار بەڕووەکان کە ئێستا زیاتر لە هەمیشە بێکەس کەوتوون، لەم ئێوارە نامۆیەدا دۆخەکە خەمناکتر دەکا.
وەرگیراو لە کاناڵی تیلیگرامەوە