نه‌ورۆز هاوواتای ژیانه‌وه و ڕۆژی نوێیە. لەگەڵ هاتنی ئەم ڕۆژە و دەسپێکی وەرزی بەهار به‌فری چیا و پێدەشتان ده‌توێنه‌وه، خونچه ده‌پشکوێ، دیمه‌نی سروشت ده‌ڕازێته‌وه و هیوا له دڵی مرۆڤەکانیشدا گه‌شه ده‌کا. به هاتنی نه‌ورۆز پێویستە ئێمەش بە چاولێکەری لە سروشت خه‌م و خه‌فه‌ت و ناخۆشییه‌کانی ساڵی پارمان بسڕینه‌وه و بەرگی کەسک و سووری شادی و خۆشی بەبەریاندا بکەین و، بۆ گه‌یشتن به داهاتوویه‌کی ڕووناک گه‌شبین بین.
نەتەوەی کورد و نه‌ورۆز ئاوه‌ڵ‌د‌ووانه‌ن، گەلی کورد هیوای بە داهاتوو گەشتر دەبێ ئاسۆی ڕوانینی زیاتر دەگەشێتەوە. جێژنی نه‌ورۆز یه‌کێک له‌و جێژنانه‌یه که نیشانه‌ی هاوپێوه‌ندی و هه‌ستی هاوبه‌شیی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌یه، که به نێو هه‌زاران ڕووداوی مێژوویی‌دا تێپه‌ڕیوه و ڕێگەیەکی پڕ لە کەند و لەندی بڕیوە و گه‌یشتۆته ئێره و بۆته لاپه‌ڕه‌یه‌کی پڕشنگدار له کولتووری نه‌ته‌وایه‌تییمان.
گه‌لانی ئاریایی له کۆنه‌وه زۆر جێژنی جۆراوجۆریان هه‌بووه کە گرینگ‌ترینیان جێژنی نه‌ورۆز واته شۆڕشی سروشت و سه‌رهه‌ڵدان و جموجۆڵی بوونه‌وه‌ران و سه‌ره‌تای وه‌رزی گه‌رما.
له باره‌ی چۆنیه‌تیی په‌یدابوونی جێژنی نه‌ورۆزه‌وه، سه‌رچاوه مێژووییه‌کان بیر و ڕای جیاوازیان تۆمار کردوە و هەندێک ڕووداوی مێژوویی و ئه‌فسانه‌یی کراونەتە سه‌ره‌تای په‌یدابوونی نه‌ورۆز.
نه‌ورۆز کە واتای ڕۆژی نوێ لەخۆ دەگرێ، ڕۆژی یه‌که‌می خاکه‌لێوه‌یه که هه‌تاو له سه‌ره‌تای بورجی حه‌مه‌له، واته ڕاست له دەسپێکی به‌هاردایه. به بڕوای هەندێک لە خاوەن ڕایان خودا له‌و ڕۆژه‌دا دنیای به‌دی هێناوه و هێندێکی دیکه ده‌ڵێن: چونکه خودا له‌م ڕۆژه‌دا ئاده‌می خولقاندوه، بۆیه ناوی نراوه نه‌ورۆز. کەسانێکی تریش پێیان وایە ئه‌و ڕۆژه‌ی که جه‌مشید چۆته سه‌ر ته‌خت، ڕۆژی شه‌شی خاکه‌لێوه بووه که به نه‌ورۆزی تایبه‌تی ناودێر کراوه.
له ده‌قه ئه‌فسانه‌ییه‌کاندا هاتوه که یه‌که‌مین شه‌ممه‌ی مانگی یه‌که‌می ساڵی 1767ـی پێش زایین، حه‌زره‌تی زه‌رده‌شت له‌دایک بووه، بۆیه ئه‌و ڕۆژه‌یان به نه‌ورۆز ناودێر کردوه، هه‌روه‌ها به پێی ده‌قێکی ئه‌فسانه‌یی دیکه کە لە شانامەی فیردەوسیدا هاتوە، نه‌ورۆز ڕۆژێکه که کاوه‌ی ئاسنگه‌ر به‌سه‌ر زوحاکدا سه‌رکه‌وت و خه‌ڵک به هه‌ڵکردنی ئاور ئه‌و ڕۆژه‌یان کرده جێژن، یان ده‌ڵێن نه‌ورۆز، ڕۆژێکه که ئاور دۆزراوه‌ته‌وه و؛ یان ئه‌و رۆژه‌یه که شه‌و و رۆژ پێکه‌وه به‌رابه‌رن.
هه‌ر له سه‌رده‌می کۆندا، خه‌ڵک کاتێک له چنگ سه‌رماوسۆڵی زستان ڕزگاریان ده‌بوو، جێژنیان ده‌گرت و پاشان ئه‌و جێژنه گه‌یشته لای میر و حاکمه‌کان و دواتریش ده‌وڵەت و دەسەڵاتەکان ئەم ڕۆژەیان کردە بنەمایەک بۆ جێژن گرتن.
نەورۆز لەگەڵ هاتنی کۆمەڵێک دابونەریتی کۆنی کوردەوارییش زیندوو دەکاتەوە و کەشی پێوەندییەکان لە نێوان خەڵکدا دەگۆڕێ. مرۆڤه‌کان لەم ڕۆژەدا هه‌ست ده‌که‌ن که ده‌بێ ئاڵوگۆڕ و نوێبوونه‌وه‌یه‌ک له ژیانیاندا هه‌بێ و زۆربه‌ی خێزانه‌کان هەر بەم بۆنەیەوە ماڵ خاوێن ده‌که‌نه‌وه، سه‌ردانی نه‌خۆش و ئه‌و بنه‌ماڵانه ده‌که‌ن که که‌سێکیان له‌ده‌ست داوه و، هه‌روه‌ها سه‌ردانی گۆڕی شه‌هیدان و مردووه‌کانیان ده‌که‌ن و ده‌یانهه‌وێ هه‌ر تایبەتمەندییەکی خراپ و دڵچڵکنییەک به هاتنی ئه‌م ڕۆژه نوێیه وه‌لا بنێن و ژیانێکی نوێ ده‌ست پێ‌بکه‌ن.
یەکێکی تر لە نەریتەکان ئەوەیە زۆربه‌ی ماڵه‌کان سفره‌ی حه‌وت سین ڕادەخەن که حه‌وت شتی تێدایه و ناوی هه‌موویان به پیتی سین ده‌ست پێ‌ده‌کا. گه‌وره‌ساڵان دیاری و نه‌ورۆزانه به چکۆله‌کان ده‌ده‌ن، یان ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ خۆیان بۆ نه‌ورۆزانه ده‌گه‌ڕێن و کاتێک بۆ ماڵێک ده‌چن ئه‌م هەڵبەستە کۆنانە ده‌ڵێنه‌وه: ”هه‌لاوه مه‌لاوه/ کچتان بووک/ کوڕتان زاوا، هه‌لاوه مه‌لاوه/ شتێکمان بۆ بخه‌نه نێو تاوه، هه‌لاوه مه‌لاوه/ یه‌ک هێلکه ته‌واوه، هه‌نگوینی شانه شانه/ خانمی سه‌ر باڵه‌خانه/ کوا به‌شم نه‌ورۆزانه و ... خاوه‌ن ماڵیش هه‌ر شتێک که شک بەرێ وه‌ک: هێلکه، شیرینی، سنجوو، پووڵ و هتد ده‌یدا به منداڵه‌کان و زۆر به ڕووی خۆشه‌وه به‌ڕێیان ده‌کا. کاتێک که شه‌و دادێ، واته شه‌وی ڕۆژی نه‌ورۆز، نۆبه ده‌گاته گه‌وره‌کان و کوڕان و پیاوان ده‌گه‌ڕێن، له کولانکه و به‌ر هه‌یوانه‌وه، سه‌تڵی پڕ له عه‌تر و شانه و ئاوێنه و گه‌نم ده‌خه‌نه خوارێ و خاوه‌ن ماڵ نه‌ورۆزانه‌یان پێده‌دا.
ئێمه هه‌موومان ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین که له نه‌ورۆزدا به‌ره‌و ژیانێکی نوێ هه‌نگاو هه‌ڵێنین و به هه‌موو توانامانه‌وه له‌دژی ناحه‌زان و که‌سانی قین له دڵ که ده‌یانهه‌وێ نکۆڵی له‌و جێژنه مێژووییه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌ن بوه‌ستین و، هه‌موو ساڵێک به گڕ و تینێکی زیاتر له ساڵانی پێشوو نه‌ورۆزی کورده‌واری بکه‌ین به جێژن.
ڕاستە نەورۆزی ئەمساڵمان بەداخەوە لەگەڵ هاتنی ئەم پەتا گشتگیرە هاوکات بوو، بەڵام کچ و کوڕان و منداڵان و پیرەکانمان لە هەموو کوردستان بە مانەوە لە ماڵەکانیان ئەم جێژنە پیرۆزەیان بەرز ڕاگرت و یادی نەورۆزیان بە زیندوویی هێشتەوە.