هەرچەند کە شوناسەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین وەک شوناسی عەرەبی، ئێرانی، تورکی بەگشتی لە چوارچێوەی ساختاری کۆمەڵایەتیی باوکسالاریدا فۆرمیان گرتوە، چاوەڕوان دەکرا لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی کۆڵۆنیبوونیان و لەدایکبوونی سەربەخۆیی نەتەوەییان، سەردەمێک لە دێموکراسی و ئازادی دەرکەوێ. بەڵام عەقڵیەتی بەڕێوەبەریی دەوڵەتدارانی ئەم نەتەوە و وڵاتانە نەیتوانی خۆی لە کۆتوبەندی پاوانخوازیی باوکسالاری دەرباز بکا.
لە چاخی نوێدا لە هەموو ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین سیستمێکی نوێ سەری هەڵدا، بەڵام مۆدێلی باوکسالاری لە ڕێگای جێبەجێکردنی یاسای دینی_مەزهەبیی پەیوەندیدار بە مافی ژنان و هەروەها ڕێفۆرمی ڕووکەش ئاسای حکوومەتی لە بەستێنی پەروەردە و ڕاهێنان لەسەر ڕێچکەی ناتەندروستی خۆی درێژەی پێدرا. بەمجۆرە ساختاری باوکسالاری کە بەسەر کۆمەڵگەدا حاکم بوو، زۆر بە کەمی کەوتە بەر ڕەخنە و خوێندنەوەی نوێ لە هەمبەر ژنان و، حکوومەتیش نەخشی زۆرتری لە بەهێزبوونی ڕوانگەی نەریتخوازی لە هەمبەر ژنان و مافەکانیان گێڕا.
لە سیستمە نیمچە پێشکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینیشدا هەرچەند کە دۆخی ژنان لە هێندێک بوار و بەستێندا گەشە و پێشکەوتوویی بە خۆیەوە بینی، بەڵام لە لایەنگەلی دیکە بە تایبەت شوناسی سەربەخۆیی و ئازادی ژنانەوە، بەردەوام لەلایەن حکوومەتەوە تووشی بەربەستی جیددی بوونەوە . ئەو حکوومەتانە مافی ژنانیان بە گشتی لە چوارچێوەی ساختاری نەریتی و پاشکەوتوو و پەیوەندی باوکسالارانە وەرگرتوە.
بە گشتی ژنان بەم شڕۆڤە نەریتییە کە مەحکوم بە قبووڵکردنی چارەنووسی خۆیانن، بەر بە پێشکەوتنیان گیراوە و بەرنامەی حکوومەتیش هەر لە ڕاستیدا هەوڵی جێگرکردنی ئەم لێکدانەوە نەریتخوازییەی داوە.
گەشەی خێرای خەڵکی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە لەگەڵ کەموکورتیی حکوومەتەکان لە ڕووی پەروەردە و ڕاهێنان، ئاسوودەیی و هیوا بە ژیان، پاکوخاوێنی و کار و بەرنامەی چاودێری لە منداڵ هاوکات بووە، لە ئاکامدا ژنان مەجبوور بوون هەموو کات ئەرکی سەختی ژیان و پەروەردە و… هتد بنەماڵەکانیان وەئەستۆ بگرن و خۆیان لەگەڵ ئامانجی دەوڵەت و گەشەی دەوڵەتی بگونجێنن .
پاش سەربەخۆیی هیندێک لەو وڵاتانەش لە هێندێک بواردا ژنان تەنیا وەک هاوسەر، دایک و کچ دانیان پێدانراوە، نەک لە شێوەی کەسایەتییەکی سەربەخۆ و خاوەن مافی ئازادانە. لە ڕاستیدا بەرابەریی سیاسیی ژنان نکۆڵی لێکراوە و بەسەختی لە بەستێنی فەرمیدا دەتوانن بوونیان هەبێ.
مافی ئابووریی ژنان بە جۆرێکە کە تەنیا وەک هێزی کار چاویان لێدەکرێ و مۆڵەتی کارکردن لە دەرەوەی بنەماڵەدا زۆر بەکەمی بوونی هەیە، بۆیە بەتەواوی لەژێر گوشاری سەپێندراوی بنەماڵە، کۆمەڵگە و حکوومەتدان.
سیاسەتی هەموو وڵاتانی ناوچە لە سەر مڵکەچکردنی ژنان پێداگرە و ئەو بڕیارە بۆتە هۆی ناجێگیری تەواو لە هەموو ناوچەکەدا و کۆمەڵگەی تووشی دوو ڕوانگەی دژ بەیەک کردۆتەوە.
لە لایەکی دیکە گوشاری بۆ نوێخوازی و دروستکردنی ئابووریی لیبڕال و حکوومەتێکی دێموکراتیک کە مافی شارۆمەندان بەگشتی و ژنان بەتایبەت دانپێدانراو و مسۆگەر بکرێت و لە لایەکی تر هەوڵی پاراستنی نەریتی دواکەوتوویی ژنان و کۆمەڵگە کە دەوڵەت و ڕێکخراوە فێندەمێتالەکانی وەک سەلەفی و ئیخوان موسلمین لە سەردەمی مۆدێرنیتدا کە سەردەمی خێرای تێکنۆلۆژیا و زانیاری هەوڵی سەپاندنی حوکمی نەریتی و دواکەوتوویان بە نیسبەت مافی ژنان و کۆمەڵگە دەدەن.
بەڵام بە نیسبەت گەلی کورد کە بەدرێژایی مێژووی خۆی هەوڵی ڕزگاری لە کۆیلەبوون و بەدەستهێنانی ئازادی لەدەست داگیرکەران داوە، لە هەر ئاست و بەستێنێک بێ، بە ڕوانگەی بەرابەریخوازانە کە بۆ ژن و مافەکانی هەیبووە، ژنانی شانبەشانی پیاوان لە هەموو سێکتەرەکانی سیاسەت، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەشداری پێکردوە و لە مانیڤێستی کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆی ڕۆڵ و پێگەی گرینگی ژن لە ناو خێزان و جڤاتدا بە پێناسەی وەزیری پەروەردەو و ئابووری ناوزەندی کردوە، چۆن لای پیاوی کورد ئەوە جێگیر و چەسپاوە کە ژن بەهۆی بەڕێوەبەری بنەماڵە هەم وەچەی داهاتوو پەروەردەیەکی دروست و ئوسولی دەکا و هەمیش پشتیوانی بەهێزی پیاوە لە لایەنی ئابووری و ڕێکخستنی داهات و خەرجی بنەماڵەدا.
لە سەرچاوە مێژووییەکانی کورددا ژنیان بە “زەوی” پێناسە کردوە. هەروەک چۆن زەوی ژین و ژیان بۆ هەموو گیانداران و ژێرزەوی و ئاسمانەکان دابین دەکا ، ئەوە ژنیشە کە بەهۆی پێگەی گرینگی لە ژیاندا، تەناهی، ئارامی، ژیان و جوانی و… بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ .
بە سەرەنجدان بەم پاشخانە فیکری وفەلسەفییە، بە سەرهەڵدانی یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی (حیزبی دێموکراتی کوردستان) لە چوارچێوەی ڕامیارییدا بە خوێندنەوەیەکی سەردەمی و لۆژیکیانە لە کۆمەڵگە و سیاسەتدا پێی وایە شۆڕشێک ژنی تێدا بەشدار نەبێ خەباتێکی ناهاوسەنگە و بە ئامانجی خۆی ناگا، بۆیە چ لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکاف وەک دایکی حیزبی دێموکرات و چ لە سەردەمی دروست بوونی حیزبی دێموکرات و لە قۆناغی کورتی کۆماری کوردستاندا، تاکوو ئێستا کە بەرەو یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەڕۆین، ژن وەک لایەنێکی گرینگ و شوێندانەر لە کار و بڕیاری بزاڤی نەتەوەیی کوردستاندا بەشداری پێکراوە و ژنانیش چۆن هیوا و ئاواتی یەکسانیخوازی و مرۆڤایەتی خۆیان لە ساختاری ئەمڕۆی حیزبی و کۆماری دێموکراتیکی دواڕۆژی دەوڵەتی کوردستاندا بینیوەتەوە، ڕۆڵی گرینگی خۆیانی تێدا دەگێڕن و بگرە لە پێناو ئەو دنیا پڕ لە سەروەریە شەهیدش بوونە، کە دواهەمین شەهیدانی ژنی سەرکردەی حیزب و بزاڤی نەتەوەیی کوردستان خاتوو “نەسرین حەداد و سۆهەیلا قادری” بوونە کە بەهۆی موشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرماناندا وێڕای دوانزە هاوسەنگەریان گیانیان فیدای ئازادی نەتەوەکەیان لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆز و ڕەواکانیان کرد .
ژنان لەنێو گەلی کورد سەرەڕای بەدواداچوون بۆ شوناسی ژن بوون و سەربەخۆبوونی پێی وایە ڕزگاریی گەلەکەی و بە ئامانج گەیشتنی لە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا سەربەخۆیی و وەدیهاتنی مافی ژن بوونیەتی.