ئێمه لەم قۆناغەی ئێستای شۆڕشدا شایەدی ڕۆڵگێڕانێکی زیاتری ژنانین لە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو. ژنان لەم قۆناغەدا بە ئیرادە و بوێرییەکی پتر لە پێشوو لە کایە سیاسییەکاندا بەشدارن.
كوردستان وه‌ك وڵاتێكی داگیركراو و نه‌ته‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕ له سه‌رده‌می ئێستادا نه‌ك هه‌ر لە به‌رامبه‌ر داگیركاریدا قه‌دی ڕاست كردووەته‌وه، به‌ڵكوو بەردەوام لە مه‌یدانی شه‌ڕ و شۆڕش و تێكۆشان بۆ دادپه‌روه‌ری، ئازادی و یه‌كسانیشدا پارێزگاری له هه‌بوونی خۆی ده‌كا. بۆیه شۆڕشی كوردستان به‌پێی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه سروشتییه‌ی کە هەیەتی، خاوه‌ن مه‌ودایه‌كی بێوێنه‌یه بۆ به‌شداریی ژنی كورد له‌و شۆڕشه‌دا و خاوەنی هه‌وێنی بیرێکی یه‌كسانیخوازی بووه، كه ڕیشه‌یه‌كی دێرینی هه‌زاران ساڵه‌ی له مێژووی كوردستاندا هەیە. ئه‌و نەریتی ئازادیخوازییە له سروشتی شۆڕشی ئێمه‌دا بووه به ده‌رفه‌تێك بۆ هاتنه مه‌یدانی ژنانی شۆڕشگێڕ لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان.
ژنانی جه‌نگاوه‌ری كورد له مەیدانی شه‌ڕیشدا نیشانیان داوە کە دەتوانن خاوه‌ن هێز و ئیراده بن و ته‌نانه‌ت له توانایاندا هه‌یه كه ئەرکی فهرماندهرییش بە شێوازێکی شیاو بگرنە ئەستۆ و، دڕندەترین هێزەکانیش بەچۆکدا بێنن.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئێستا ژنی كورد له گشت كوردستان به ئیراده‌یه‌كی سیاسیی وه‌ها پته‌وه‌وه له به‌رامبه‌ر داگیركه‌ران ڕاوەستاون كه جیهانیان تووشی سه‌رسووڕمان کردوە. ئه‌وه جیا له هه‌موو ئه‌و مه‌یدانانه‌ی دیكه‌یه كه ژنی كورد له په‌یكه‌ربه‌ندیی كۆمه‌ڵگەی خۆیدا به شێوازێکی نوێ و سه‌رده‌میانه بوونی خۆی ده‌نوێنێ و ده‌سه‌لمێنێ. ئەمانە فاکتەرێکن کە دەبنە هۆی ئه‌وەی لەمەڕ ژنی كوردەوە له‌مه‌ودوا به شێوه‌یه‌كی نوێ بیر بكه‌ینه‌وه و ته‌نیا وه‌ك ئەکتەر و به‌شدار له شۆڕشدا نه‌بینرێ، به‌ڵكوو چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكرێ كه له داهاتوویەکی نزیکدا، ژنانی نوخبه و بلیمه‌ت مۆدێلێكی نوێ له پێشەنگایەتیی خەباتدا بە نه‌ته‌وه‌كه‌مان بناسێنن.
له ڕاپه‌ڕینی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵ له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئێمه به‌شداریی بەرچاوی ژنانمان بینی كه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگەی ئێمه چیتر ڕێژیمێكی سته‌مكاری دژه‌ژن قه‌بووڵ ناكا. ئه‌م به‌شدارییه جیاواز لەوە بوو كه له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا ژنانی كورد به شێوازگه‌لی جۆراوجۆر له چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تی_سیاسییه‌كانی كوردستاندا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ڕۆڵی گرینگ‌یان له تێكۆشاندا گێڕاوه. ئه‌وه ئاماژه‌یه به‌وه كه ئالتێرناتیڤی سیاسیی داهاتوو له كوردستان نه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دژه‌ژن قه‌بووڵ ناكا، به‌ڵكوو په‌یام ده‌دا به هه‌موو هێزێكی سیاسی، كه ژن ده‌یه‌وێ ڕۆڵی پێشه‌نگایه‌تی هه‌م له شۆڕش و هه‌م له به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمه‌ڵگەدا بگێڕێ.
به‌شداریی بێوچانی ژنانی كورد له ڕیزه‌كانی شۆڕشدا له سه‌رانسه‌ری كوردستانی گه‌وره دەرخەری ئەوەیە ئەم ژنانە ستهمخواز نین و، هەتا ئەو كاتەی هه‌ر یاسایه‌كی دژه‌ژن تێک نەپێچرێتەوە و، لەم پێناوەدا ڕێژیمێكی نێرسالاری سه‌ركوتگه‌ری بێگانه یان خۆماڵی له‌سه‌ر شانی خۆیان ههڵنەگرن؛ ته‌سلیمی ئیراده‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نابن. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه ئێمه دەبێ وه‌ك ژن بیر بكه‌ینه‌وه، وه‌ك نیوه‌ی كۆمه‌ڵگە له لایه‌ك و وه‌ك دایكی نیوه‌كه‌ی دیكه چیمان ده‌وێ کە لە ئاکامدا هه‌م به‌ختیاری بۆ خۆمان وه‌ك ژن و هه‌م بۆ ڕۆڵه‌كانمان به‌رهه‌م بێنین.
ڕۆڵی ژن له شۆڕشی ڕزگاریدا
هیچ ڕزگارییه‌ك به‌بێ به‌شداریی ڕاسته‌وخۆی ژنان له ڕێبه‌رایه‌تیی شۆڕشدا ئازادی و به‌خته‌وه‌ری بۆ ژن به‌دی ناهێنێ. مێژوو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە هه‌ر شۆڕشێك كه ته‌نیا به ڕێبه‌رایه‌تیی پیاوان بووبێ، نه‌یتوانیوه نرخ و به‌های مرۆیی بۆ ژن بەدیاری بێنێ. كاتێكیش باس له به‌شداریی ژن له شۆڕشدا دێته ئاراوە، مه‌به‌ست به‌شداری وه‌ك پێشمه‌رگه یان چالاكێکی مەیدانی نییه، به‌ڵكوو ژنانی نوخبه كه له مێشكیشدا ژنانه بیر دەکەنەوە و له زێهنییهتدا نه‌بوون به پیاو و، توانیویانە ژنیەتیی خۆیان بپارێزن، ده‌بێ هه‌ر له ئه‌ندازیاریی شۆڕشەوە بگرە هه‌تا ناوه‌ندی سه‌ره‌كیی بڕیاڕ و ڕایی كردنی پلانی شۆڕش ڕۆڵی بنەرتییان هه‌بێ، هەتا ئومێد به‌وه هه‌بێ كه ژنیەتیی ئەوان دەبێ بە هەوێنی یەکسانی لە بناغەی شۆڕشی وڵاتسازی و ئه‌و شۆڕشه نرخ و به‌های ژن ده‌پارێزێ. له كورده‌واریدا هه‌تا ئێستا ئه‌وه ڕووی نه‌داوه و، ژنیەتی پێی نەناوەتە ئەو مەیدانەوە، بەڵکوو ژنانی بەشدار ناچار کراون لەژێر پەروەردەیەکی پیاوتەوەرانەدا سەرەتا بتوانن پیاوانە بیر بکەنەوە و ببن بە بەشێک لە ڕێژیمی فکریی پیاوانە بۆ ئەوەی بتوانن لەو مەیدانەدا هەنگاو بەرەو پێش بنێن.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی بێمتمانەیی لەلای ژنانی بەتوانای کورد و هۆكاره‌كانی بێمتمانه‌یی ژنانی نوخبه به شۆڕشی ئەمڕۆ، بۆ نموونه مۆدێلی پیاوانه‌ی ئەم شۆڕشە و وه‌ستانی پیاوانی ڕێبه‌ر وه‌ك به‌ربه‌ست له‌سه‌ر ڕێگای به‌شداریی ژنان له دروستكردنی مۆدێلێكی ناڕه‌گه‌زی دەبێ هەڵوەژێردرێن، بەو مەبەستەی مه‌ودا بۆ ژنانی نوخبه بۆ بەشداریکردنیان لە ئاستی بەرزدا لەبار و فراوان بكا. ڕێبەرانی پیاو پێویسته ئەوە بزانن کە مانەوەی ئەو بەربەستانە کەمایەسییەکی گەورە لە شۆڕشی کوردستاندا دروست دەکا و زیانەکانی بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێنەوە.
لەگەڵ ئەوەش ئه‌ركی گه‌وره هه‌ر ده‌كه‌وێته سه‌ر ژن خۆی. ئه‌وه ئه‌ركی ژنانی نوخبه‌ی كورد و بزوتنەوەکەیانە كه به هه‌موو كۆمه‌ڵگە نیشان بده‌ن كه شۆڕش سروشتێکی ڕه‌گه‌زیی نییه و، دەبێ شۆڕشی کوردستان ڕەگەزشۆر (جنسیت زدایی) بکرێ. واتا پیاوانه بوونی شۆڕش بگۆڕی بۆ ناڕەگەزی (غیر جنسیتی) بوون و، ڕێگە بە هاتنە مەیدانی پتانسیێلی باڵای ژنان بدرێ. بۆ ئەوە دەبێ هه‌ر له قۆناغی شۆڕشه‌وه هه‌تا نووسینه‌وه‌ی یاسا و دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها پرۆگرامی گه‌شه‌ی وڵات، ژنیەتی پێویستە هەبێ و بۆ ئەو مەبەستە ده‌بێ ژنان له ئاستی پێشه‌نگایه‌تیدا مه‌یدانداری بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی مل به مۆدێل و مێتۆدۆلۆژیی ڕهگهزتهوهرانه (جنسیت محور) بده‌ن.
به‌كورتی ناكرێ چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه هه‌بێ كه شۆڕش ئه‌ركێكی پیاوانه و له هه‌مان كاتدا یهكسانیخوازانهش بێ. شۆڕش و گۆڕانکاری ته‌نیا ئه‌ركێكی پیاوانه نییه، به‌ڵكوو خاوه‌نی سروشتێكی ناڕهگهزییه، بۆیه ئه‌ركێكی مه‌زن ده‌كه‌وێته سه‌رشانی ژنانی كوردستان به‌گشتی و نوخبه‌كان به‌تایبه‌تی بۆ پێوه‌ندی و دیالۆگێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ یه‌كتر بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و مێكانیزمانهی کە دەبن به دینامیزمی گوزار له مۆدێلێكی پیاوانه‌ی شۆڕش بۆ مۆدێلێكی ناڕه‌گه‌زی.
ژن و نووسینه‌وه‌ی یاسای داهاتوو
یاسا به‌و جۆره‌ی كه ئێمه ده‌یناسین كه‌ره‌سه‌یه‌كه بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كه مه‌ودای ده‌ستڕۆیشتوویی خۆی پێ فراوان ده‌كا و، خۆی پێ له به‌رامبه‌ر تووڕه‌یی كۆمه‌ڵگەدا ده‌پارێزێ، هه‌رچه‌ند زۆرینه لەم دیاردەیە بێ‌ئاگان و پێیان وایه كه یاسا مافی خه‌ڵك له سیستمی سیاسی‌دا و ئه‌ركه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگە دیاری دەکا، بەڵام ئێمه ته‌نانه‌ت له سیستمه هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانی دنیاشدا هه‌ر هه‌مان دیارده ده‌بینین كه گەرەکیەتی ڕواڵه‌تێكی پێچەوانه له خۆی نیشان بدا.
ئەم هاوکێشەیە بەر لە هەر شتێک لە زیانی ژندایە و دەبێتە هۆی بناغەکانی پیاوتەوەری لە یاسا و، سنووردانان بۆ ئازادییەکانی ژن. ژن لەم گۆڕەپانەدا وه‌ك دایك واتا کانگەی ژین كه بێچاوه‌ڕوانی ئه‌م ئەرکە بەجێ دێنێ، ده‌توانێ ئه‌م هاوسه‌نگییه بگۆڕێ. یاسا له ڕاستیدا ده‌بێ پارێزەری ژن بێ لەم بوارەدا و ئه‌وه ئه‌ركی مێژوویی ژنه كه ئەم ئاراسته‌ی یاسا هه‌ڵگه‌ڕێنێته‌وه. لێره‌دا دیسان ئه‌و ئه‌ركه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ژنان و، توێژی نوخبه و بلیمه‌تیان كه چۆن یاسا له پێناو ئازادی و سه‌روه‌ریی مرۆڤه‌كانی كۆمه‌ڵگە به‌ره‌و یه‌كسانیی ڕه‌ها ببا.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌بێ ڕه‌وتی دروستكردنه‌وه‌ی كوردستان له بواری یاساسازیدا كه پله‌ی یه‌كه‌می ڕزگارییه، پێ بنێته بواری یاسانووسینهوهیهك به پێشه‌نگایه‌تیی ژنان بۆ گارانتیی ئازادی و یه‌كسانیی ژن و پیاو له گشت بواره‌كاندا و سه‌روه‌ریی مرۆڤی ئازاد؛ هەر بۆیە پێویستە ژنانی کوردستان لەم بارەوە وەخۆ کەون.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ژن
ئه‌گه‌رچی به‌پێی باوه‌ڕه ناڕاسته ئایینییەکان و دابونه‌ریته كۆنه دژهژنهكان ئاوەزی ژن لاوازه، به‌ڵام زانستی سه‌رده‌م سەلماندوویەتی كه به‌هۆی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی مێشكی ژنانه، هەڵگرانی ئەو باوەڕە و تەنانەت گشت مرۆڤایەتیش لە توانسته مەزنەکانی ژن لە بواری بەڕێوەبەریدا بێ‌ئاگا بوون. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی مێشكی ژنانه نیشانیان داوه كه ژنان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش‌دا ده‌توانن له سێ كارەكتێردا، كاراییەکی به‌هێزتریان بۆ به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمه‌ڵگە بە شێوازی دادپه‌روه‌رانه‌تر هەبێ. ئه‌م سێ تایبه‌تمه‌ندییه بریتین له به‌زه‌یی، نه‌ست و هاوكاری بۆ به‌رهه‌مهێنان.
جیاوازی لە پێکهاتەی مێشكی نێرینە و مێیینە توانای وردبوونهوە بۆ ڕایی كردنی ئەرک و فه‌رمان لە پیاودا زیاتر دەکا، له كاتێكدا تواناییه‌كی بێوێنه بۆ ڕایی کردنی چه‌ندین ئەرک و فه‌رمانی هاوكات بە ژن دەبەخشێ و، ده‌ربڕین و توانای شیكردنه‌وه‌یان زیاتر ده‌كا.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وه‌ك سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات و كۆمه‌ڵگە بۆ دادپه‌روه‌ر بوون پێویستییەکی زۆری به ژن هه‌یه، كه خاوه‌نی ئه‌و توانا سروشتییانه‌یه. چ ئه‌گه‌ر سیستمی سیاسی ڕێگر بێ و چ ئه‌گه‌ر ژن خۆی دووره‌په‌رێز بێ له به‌شداریكردنی به‌هێز له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، ئه‌وا ئه‌و سیسته‌مه ناتوانێ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری و كارایی گونجاو له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگەی هه‌بێ کە ستەمێکی گەورەیە لە کۆمەڵگەی کوردستان کە بە درێژایی مێژوو تەنیا ڕەنج و ئازاری دیتووە. بۆیه ژنان پێویسته به ئیراده‌وه له چه‌قی ناوه‌ندی بڕیاردا ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بێ.
ژن و گه‌شه‌ی وڵات
وڵاتداری و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگە و دابینكردنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و ئازادی پێویستی به وڵاتێك هه‌یه كه بنه‌مای ئابووریی به‌هێزی هه‌بێ و، خاوەن پرۆگرامی تایبه‌تی بۆ گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بێ. ژن له‌وه‌شدا وه‌ك داهێنه‌ری كشتوكاڵ و زۆر به‌رهه‌می پێویستی ماڵ و خۆراك و پۆشاك لە مێژوودا، پێشانی داوه له ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیدا نه‌ك هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ر، به‌ڵكوو داهێنه‌ریش بووه. له ئاستی ماكرۆ و كۆمه‌ڵایه‌تیدا به هۆی ڕۆڵی داهێنه‌رانه‌ی، ژن له مێژوودا دینامیزمی گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگە بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه وه‌ك هێزی كاری مرۆییش له كۆمه‌ڵگەی كوردستاندا به‌شێوه‌ی چالاك به‌شداری بواری وه‌به‌رهێنان بووه.
ئه‌وه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگە به‌بێ ڕۆڵی بهڕێوهبهرانەی ژن له داهێنان و وه‌به‌رهێنان و هه‌روه‌ها ڕۆڵی هێزی كاری مرۆیی ژن، ناتوانێ گه‌شه‌ی پێویست به خۆیه‌وه ببینێ. ئه‌مڕۆ كه زانست و تێكنۆلۆژی گه‌شه‌یه‌كی زۆر خێرای به‌خۆوه دیتوه، ڕۆڵی ژنیش لە بنیادنانی بناغه‌ی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگەش ده‌بێ پڕڕه‌نگتر بێ. له دنیای مۆدێرن ژن به كرده‌وه نیشانی داوه كه خاوه‌نی ئه‌و دینامیزمهیه و له ڕاستیشدا به‌بێ ژنان، گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگە هیچ واتایه‌ك لەخۆ ناگرێ.
دیاسپۆرای كورد به حه‌شیمه‌تێكی به‌رچاوی ژنانی نوخبه و بلیمه‌ت و ئاکادێمیک نیشانیان داوه كه به‌ڵگه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌ن و لە بوارەکانی جۆراوجۆری زانست‌دا هەنگاویان زۆر لە پێشە و خاوەن ڕان. ژنانی کورد ئێستا نەک هەر لە هەندەران بەڵکوو لە نێوخۆی وڵات و تەنانەت لەژێر ڕێژیمێکی چڕی دژەژنی داگیرکاری‌دا، خۆیان بە زانست و تێکنۆلۆژی پڕچەک دەکەن و کۆمەڵگە ئیتر ناتوانێ چاو لەوە دابخا.
لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ژنانی كوردستان ئێستا دوورهاوێژێکی جیاوازی ڕوو به داهاتوویان هه‌یه، دەتوانن ببن بە هێزی هەڵسووڕاندنی چەرخی پەرەسەندنی ئابووریی وڵات لە ڕێگەی تواناییەکانیان لە زانست و تێکنۆلۆژیدا. بۆ ئەمە دیسان ئه‌ركی مێژوویی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانیان و ده‌بێ هەر لە ئێستاوە خۆیان ئاماده بكه‌ن بۆ ئه‌م ئه‌ركه مه‌زنه. بوونی دیاسپۆرای كورد نه ته‌نیا بۆ خزمه‌ت به‌و وڵاتانه‌یه كه تێدا ده‌ژین، نه تەنیا بۆ ژیان و بەختەوەریی تاكه‌كه‌سی، به‌ڵكوو بۆ بنیادنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی به‌خته‌وه‌ره له كوردستانی خۆمان وه‌ك نیوه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگەیه و بۆ ڕۆڵه‌كانمان وه‌ك نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگە. ئەوەمان بیر بێ کە بەختیاریی کۆمەڵگە بە گەشەی زانستی و پەرەی ئابوورییەوە گرێ دراوە، ئەوەش بنەمایە بۆ بەختەوەریی تاکی کورد. بۆیە ئەوە ئەرکی بەشداریی چالاکانه دەخاتە سەر شانی ئێمەی ژن.
دوا وتە
ژنانی كورد هه‌تا ئێستا هەلی بەشداریی کارا له مه‌یدانی شۆڕ‌شیان پێ نەدراوە و، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمه‌ڵگە ته‌نیا له قاتی ژێره‌وه خه‌ریكی دروستكردنی بنه‌ماكانی ژیان و حاوانه‌وه بوون و، دوور بوونیان له قاتی سه‌ره‌وه، بووه به هۆی نادادپه‌روه‌ری و هه‌ڵاواردن له‌دژی خۆیان و ڕۆڵه‌كانیان. ژیان له‌و دۆخه‌دا له‌ژێر ڕێژیمێكی زێهنیی پیاوتهوهردا بووه به هۆی سەپاندنی سته‌مدیده‌یی و ستهمخوازی، کە بەرگریی ژیرانەی ژنان نیشانەی ئەوەیە مل بەو چارەنووسە نادەن و دەیانهەوێ واتایەکی دیکە بۆ ژیان بهۆننەوە.
ئێمە وەک ژن باش دەزانین کە ژنیەتی هێزە و هەر کات ئەم هێزە بە ئاقارێکی دروستدا ئاراستە بکەین ئێمەی ژن دەتوانین دینامیزمێکی مەزن و خوێنێکی تازە بین لە جەستەی شۆڕشی ڕزگاری و وڵاتسازیدا. هەر بۆیە نابێ بهێڵین ژنیەتیی شۆڕشگێڕانە لەژێر باری گرانی مۆدێلی ڕەگەزتەوەردا هەناسەبڕ بێ و نەتوانین ڕۆڵی مێژوویی خۆمان لە بەدیهێنانی سەرکەوتن و هەروەها بنیادنانی وڵاتێکی بەهێز و دادپەروەر و یەکساندا بگێڕین.
لەم ڕاستەیەدا ئەرکی گشتی ئەوەیە کە هاوکات هەم بۆ ڕەگەزشۆر کردنی شۆڕشی بنیادنەری کوردستان و، هەم بەشداریی ژنان لەم ڕەوتەدا بوار بخولقێنین و ئێمەی ژن بە دەسبردن بۆ کاری بنەمایی لە دروستکردنی ئەو ژێرخانەدا ئەسپاردەی مێژووییمان لە پێناو بەختەوەریی کوردستان بەجێ بێنین.
ژنانی كوردستان ده‌توانن و ده‌بێ ئه‌م ڕێژیمه زێهنییه له ناخ و ده‌روونی خۆیاندا بگۆڕن و ئێمە بە متمانە بە ژنیەتیی خۆمان وەک هێز و بڕوا به تواناییه‌كانمان، دەبێ ئەوە بزانین که سیما و ناخی شۆڕشی نوێی كوردستان بە ئێمە دەگۆڕێ و، كۆمه‌ڵگەیه‌كی ئازاد به به‌شداریی كۆمه‌ڵایه‌تیمان له‌و چوار بواره‌دا كه به‌كورتی ئاماژه‌ی پێكرا بە ئایدیای ژنیەتی و هێزی دایکانەی ئێمه به‌دی دێ.