یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی، به‌هایه‌كی گشتگیری جیهانی
) به‌بۆنه‌ی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی نێوده‌وڵه‌تیی سڕینه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان(
پرسی جیاكاری له نێوان ژن و پیاودا له‌و پرسه گرینگ و به‌ڕۆژانه‌یه كه له كۆمه‌ڵگە جیاوازه‌كاندا ڕوانین و بۆچوونی جیاوازی له سه‌ر هه‌یه و سه‌ره‌ڕای به‌ره‌وپێش چوونی له وڵاتانی ڕۆژاوا، تا ئێستاش چه‌وسانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی له زۆربه‌ی وڵاتاندا به ڕێژه‌ی جیاواز هه‌یه. به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین مه‌سه‌له‌ی مافی ژنان له‌سه‌ر ئاستی جیهانی دانی پێدانراوه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جیاكاری دژی ژنان واتای وه‌دیهێنانی یه‌كسانییه له نێوان مافه‌كانی ژن و پیاودا.
یه‌كسانی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان نه‌ک ته‌نیا وه‌ک مافێكی بنچینه‌یی له مافه‌كانی مرۆڤ پێگه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه، به‌ڵكوو بنچینه‌یه‌كه له بنچینه پێویسته‌كان بۆ جێگیر بوونی ئاشتی و ئاسووده‌یی و پێشكه‌وتنی جیهانی. چونكه ڕه‌خساندنی هه‌لی یه‌كسان بۆ ژنان و كچان بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به په‌روه‌رده و چاودێریی ته‌ندروستی و كاری گونجاو و به‌شداری له كرداری دروستكردنی بڕیاری سیاسی و ئابووری، ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌یه له پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ی ئابووری و سوود ده‌گه‌یه‌نێ به كۆمه‌ڵگەی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی.
مه‌به‌ست له یه‌كسانی، سانایی ده‌ستڕاگه‌یشتنه به هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كان به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی ڕه‌گه‌ز و خۆی له به‌شداریی ئابووری و دروستكردنی بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵسوكه‌وته جیاوازه‌كان ده‌بینێته‌وه به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی ڕه‌گه‌ز. هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی كه ڕێكخراوی كاری جیهانی له ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی «بنه‌ماكانی مافی ژنانی كرێكار و یه‌كسانی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان» له ساڵی ٢٠٠٠دا ئاماژه‌ی پێداوه:
«یه‌كسانی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان، واته یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو و گه‌یشتن به‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه هه‌موومان مرۆڤین. ژنان و پیاوان ئازادن له گه‌شه‌دان به توانا كه‌سییه‌كانیان بۆ دروستكردنی بڕیار به‌بێ دانانی سنوورێكی دیاریكراو. یه‌كسانی واتای ئه‌وه‌یه هه‌ڵسوكه‌وت و كرداره جیاوازه‌كانی پیاوان و ژنان به یه‌كسانیی ته‌واو وه‌ر بگیرێن و هه‌ڵبسه‌نگێندرێن و پێش بخرێن. ئه‌وه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ ژن و پیاو وه‌ک یه‌ک بچن، به‌ڵكوو ماف و به‌رپرسیاریه‌تییان و ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌میان پشت نه‌به‌ستێ به جۆری ڕه‌گه‌زییان، واته مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵیان به‌پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان بێ.»
واته مه‌به‌ست یه‌كسانییه له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان، له هه‌مان كاتدا بێلایه‌نیی ڕه‌گه‌زی ڕێگایه‌كه كه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ له به‌دیهێنانی ئامانجی یه‌كسانی. جیاوازیی ئاستی توانایی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان به‌كار ده‌برێ بۆ به‌راورد كردنی هاوسه‌نگی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان له هه‌ر دۆخێک‌دا. له‌وانه‌یه هاوكار بێ له هێنانه دیی یه‌كسانی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان، به‌ڵام خودی مه‌به‌سته‌كه نییه. یه‌كسانی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كاندا گه‌وره‌تره له نوێنه‌رایه‌تیی دادپه‌روه‌ری، په‌یوه‌سته به مافی ژنان و به‌زۆری پێویستی به گۆڕانی سیاسی هه‌یه.
یوونیسێف ده‌ڵێ: «یه‌كسانی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان واتای ئه‌وه‌یه ژنان و پیاوان و منداڵانی كچ و كوڕ هه‌مان ماف و هه‌ل و پارێزراوییان هه‌بێ. واته داوا نه‌كراوه كه ژنان و پیاوان و منداڵانی كور و كچ وه‌ک یه‌ک بن و وه‌ک یه‌ک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ.»
هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ پشتیوانی له ژنان له‌سه‌ر ئاستی جیهانی له سه‌ده‌ی بیستدا بریتین له «پاراستن» له بری «یه‌كسانی». ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كار له ساڵی ١٩١٩ دوو ڕێككه‌وتننامه‌ی لەسەر مافی ژنان ده‌ركردوه. ڕێككه‌وتننامه‌ی ژماره ٣ لەبارەی پاراستنی دایكایه‌تی و هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتننامه‌ی ژماره ٤ لەمەڕ كاری شه‌وانه‌ی ژنان، له‌و ڕێككهوتننامانهن كه له نێوهرۆكیاندا پرسی یه‌كسانیی ژن و پیاو بایه‌خی پێنه‌دراوه به قه‌د ئه‌وه‌ی پاراستنی تایبه‌تیان تێدایه بۆ ژنان. به‌ڵام له قۆناغی دواتردا هه‌ڵوێستی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر پرسی مافی ژنان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، وه‌ک ئه‌وه‌ی له نێوه‌رۆكی میساقی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هه‌روه‌ها له ڕێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دواتردا لەبارەی مافی مرۆڤ به گشتی و مافی ژن به تایبه‌تی هاتووه. لێره‌دا شێوه‌ی ڕوانین بۆ ژن وه‌ک بوونه‌وه‌رێک كه له دۆخێكی تایبه‌تدایه و پێویستی به پاراستنی تایبه‌ت هه‌یه، گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و بیرۆكه‌ی یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو سه‌ریهه‌ڵدا. به‌پێی ئه‌و شێوه ڕوانینه یه‌كسانی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان، سه‌رەڕای ئه‌وه‌ی مافێكی بنچینه‌ییه له مافه‌كانی مرۆڤ، له هه‌مان كاتدا پێویسته بۆ جێگیربوونی ئاشتی و سه‌قامگیری له كۆمه‌ڵگەكاندا. به شێوه‌یه‌كی گشتی یه‌كسانی و نه‌بوونی جیاكاری له نێوان ژن و پیاودا به‌ڕوونی له نێوه‌رۆكی میساقی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه. له به‌شی ئامانجه‌كانی ڕێكخراو له ماده‌ی یه‌كه‌مدا جه‌خت كراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر پێویستیی رێزگرتن له مافی مرۆڤ و ئازادییه بنچینهییهكان بۆ هه‌موو تاكێک به‌بێ جیاوازی به‌هۆی ڕه‌گه‌ز، زمان، ئایین و به‌بێ جیاكاری له نێوان پیاوان و ژناندا.
له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا ئه‌نجومه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی لێژنه‌ی تایبه‌ت به ژنانی پێک هێنا وه‌ک لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی جیهانی بۆ داڕشتنی سیاسه‌تی په‌یوه‌ست به هێنانه‌دیی یه‌كسانی له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان و پێشخستنی ژنان. له پرۆژه‌ی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤیش‌دا كه له لایه‌ن كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ١٠ی دێسامبری ساڵی ١٩٤٨ ده‌رچوو، گه‌ره‌نتیی بێلایه‌نی كراوه له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كاندا. هه‌روه‌ک له نێوه‌رۆكی جاڕنامه‌دا هاتووه: «مرۆڤه‌كان هه‌موویان به یه‌كسانی له‌دایك ده‌بن و یه‌كسانن له كه‌رامه‌ت و ماف‌دا.»
هه‌روه‌ها له جاڕنامەکەدا هاتوه: «هه‌موو مرۆڤێک بۆی هه‌یه سوود وه‌ربگرێ له هه‌موو ماف و ئازادییه بنچینهییهكان كه هاتوه له‌م ڕاگه‌یاندنه به‌بێ جیاوازی به‌هۆی ڕه‌نگ یا ڕه‌گه‌ز یا زمان یا ئایین و هتد.»
له هه‌وڵه‌كانی تری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ركردنی ڕێككهوتننامهیهكه لەسەر مافه سیاسییه‌كانی ژنان له ساڵی ١٩٥٢دا. له ده‌قی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه كه ده‌بێ وڵاتان ده‌رفه‌تی به‌شداری له ده‌نگدان و خۆپاڵاوتن بۆ ژنان دابین بكه‌ن.
ده‌توانین بڵێین گرینگ‌ترین به‌ڵگه‌نامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی مافی ژنان و دابینكردنی یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی بریتییه له ڕێككه‌وتننامه‌ی «نه‌هێشتنی هه‌ر چه‌شنه جیاكارییهک دژی ژنان» (CEDAW) كه له لایه‌ن كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی ١٩٧٩ ده‌رچوه، كه هه‌ڵبه‌ت پێشتر و له ساڵی ١٩٦٧ وه‌ک ڕاگه‌یاندنێک له‌و ڕێكخراوه‌یه‌وه ده‌رچووبوو. به شێوه‌یه‌كی گشتی له پێشه‌كی و ماده‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌دا له هه‌ركام له به‌شه‌كانی دووه‌م و سێهه‌م و چواره‌مدا باس له‌و هه‌وڵانه كراوه كه پێویسته بۆ نه‌هێشتنی جیاكاری دژی ژنان ڕه‌چاو بكرێن و گه‌ره‌نتیی دسته‌به‌ر كردنی یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو بكه‌ن.
پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جیاكاریی ڕه‌گه‌زی له زۆربه‌ی به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ ئاماژه‌ی پێكراوه، وه‌ک ڕێككه‌وتننامه‌ی تایبه‌ت به مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان و هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتننامه‌ی مافه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كان. هه‌روه‌ها ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆنگره‌ی دووه‌می تایبه‌ت به مه‌سه‌له‌ی ژنان له شاری كۆپێنهاگی پێته‌ختی دانمارک له ساڵی ١٩٨٠ جه‌ختی كردووەته‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێوشوێنی نیشتمانیی به‌هێز بگیرێته به‌ر بۆ گه‌ره‌نتیی مافی خاوه‌نداریی ژنان و هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌دی چاكسازیی تایبه‌ت به مه‌سه‌له‌ی میرات و سه‌رپه‌رشتی منداڵ و …
یه‌كێكی تر له هه‌نگاوه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، گرتنی كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به ژنان بوو له ساڵی ١٩٨٥ له‌ژێر ناوی «یه‌كسانی، گه‌شه و ئاشتی» له شاری نایڕۆبی پێته‌ختی كێنیا. له سه‌روبه‌ندی بەڕێوەبردنی ئه‌و كۆنگره‌یه‌دا بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازیی ڕه‌گه‌زی تا ڕاده‌یه‌كی باش دانپیانانێكی جیهانی به خۆیه‌وه دیتبوو، به شێوه‌یه‌ک كه ئه‌و سه‌رده‌مه به سه‌رده‌می بزووتنه‌وه‌ی جیهانیی ژنان داده‌نێن.
كۆنگره‌ی چواره‌می تایبه‌ت به ژنان كه به كۆنگره‌ی «پێكه‌ن» ناوزه‌د كراوه و له ساڵی ١٩٩٥ له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه پێكهات هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌به‌ر كردنی یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی پێش خست.
هه‌وڵێكی بایه‌خداری دیكه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌و باره‌یه‌وه، دانانی لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بوو بۆ كاروباری ژنان، كه ئه‌ركی له پێشینه‌ی بریتی بوو له كاركردن بۆ وه‌دیهێنانی یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو. ئه‌ركی ئه‌و لێژنه‌یه كه له ساڵی ٢٠١٠ له لایه‌ن كۆڕی گشتییه‌وه دامه‌زرا، هاوكاریی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامه بۆ دانانی كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری جیهانی له‌پێناو هاتنه‌دیی یه‌كسانی و هه‌روه‌ها كار كردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تان و كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی به مه‌به‌ستی داڕشتنی یاسا و سیاسه‌ت و به‌رنامه و پڕۆژه‌ی پێویست بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و پێوه‌ره ستانداردانه. یه‌كێكی تر له ئه‌ركه‌كانی لێژنه‌ی ئاماژه‌پێكراو، كار كردنه بۆ به‌شداریی ژنان به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌گه‌ڵ پیاوان له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان به له‌به‌ر چاو گرتنی چوار ئه‌وله‌وییه‌تی ستراتێژی:
1- وه‌ئه‌ستۆ گرتنی به‌رپرسایه‌تی له لایه‌ن ژنان و سوود وه‌رگرتن له‌و به‌رپرسایه‌تییانه
2- ده‌سڕاگه‌یشتنی ژنان به كاری گونجاو و داهاتی گونجاو و سه‌ره‌نجام ده‌سته‌به‌ری سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی ژنان
3- پاراستنی ژنان له هه‌ر چه‌شنه توندوتیژییه‌ک
4- به‌شداریی ژنان ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌بینێ له بنیادنانی ئاشتی و به‌ره‌وپێش چوون.
ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له پلانی «گه‌شه‌ی به‌رده‌وام»دا كه پلانێكی ١٥ ساڵه‌یه و له ساڵی ٢٠١٥ ده‌رچووه و دووره‌دیمه‌نی داهاتووی جیهانی تا ٢٠٣٠ له ١٧ خاڵدا وێنا كردوه، له خاڵی پێنجه‌مدا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زیی نێوان ژن و پیاو كردووەته‌وه. له نێوه‌رۆكی ئه‌و خاڵه‌دا داوای كۆتایی هێنان به توندوتیژیی ڕه‌گه‌زی كراوه و هه‌ر كردارێك كه زیان به ژنان بگه‌یه‌نێ قه‌ده‌غه كراوه. هه‌روه‌ها باس له به‌شداریی ژنان به شێوه‌یه‌كی ته‌واو و چالاک ده‌كا له چوارچێوه‌ی ده‌رفه‌تێكی یه‌كسان له‌گه‌ڵ پیاواندا به ئامانجی به‌شداری له دروستكردنی بڕیار به‌تایبه‌ت له بواری سیاسی و ئابووریدا.
دۆخی ژنان له ئێران‌دا
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و پلانه گشتگیرانه‌ی كه باس كران له‌سه‌ر ئاستی جیهانی بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی مافی ژنان، له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا جیاكاریی ڕه‌گه‌زی به شێوه‌یه‌كی سیستماتیک په‌یڕه‌و ده‌كرێ له هه‌موو بواره‌كاندا به تایبه‌ت له بواری ئابووری و سیاسی‌دا. قۆرغ كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له لایه‌ن پیاوانی ئایینیی پاش شۆڕشی ١٣٥٧ له ئێران، ده‌ورێكی گه‌وره‌ی له ژێرپێ خستنی مافه‌كانی ژناندا گێڕا. له دوای شۆڕشه‌وه هه‌موو داموده‌زگا یاسایی و ئیدارییه‌كان كه‌وتنه‌خۆ بۆ گۆشه‌گیر كردنی ژنان و داڕشتنی یاسا و ڕێوشوێنی تایبه‌ت به بیانووی پیاده كردنی ئایینی ئیسلام، كه جیاكارییه‌كی پلانمه‌ندی دژەژنی له‌خۆ گرتبوو.
بۆ وێنه له مادده‌ی ١١٥ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێران‌دا ژنان له وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک كۆمار بێبه‌ش كراون. له یاساكانی ئێران‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو جیاكاری له نێوان ژن و پیاودا كراوه و ژن وه‌ک ڕه‌گه‌زی دووه‌م سه‌یر كراوه.
هه‌روه‌ها به‌و هۆیه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی یاساكانه له ئێران‌دا، هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و ڕێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی گه‌ره‌نتیی ده‌سته‌به‌ر كردنی یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی ده‌كه‌ن، له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه. كه یه‌كێك له گرینگترینی ئه‌و ڕێككهوتنامانه بریتییه له ڕێككه‌وتننامه‌ی سیداو، كه هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێكرا گرینگ‌ترین به‌ڵگه‌نامه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه بۆ پاراستنی مافی ژنان و ده‌سته‌به‌ر كردنی یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی.
***