هەرچەند بزووتنەوەی جەماوەری لە فۆرمی مەدەنی و مۆدێڕندا، مێژوویەکی کۆنی نییە، بەڵام بێگومان هیچکات بە ئەندازەی سەردەمی ئێستا، ئیمکاناتی پێشکەوتوو، ئاسان و جۆراوجۆری لەبەردەستدا نەبووە بۆ پەرەسەندنی زیاتر و گەیشتن بە ئامانجەکانی.
ئادام لیک، یەکێک لە کارناسانی بواری پێوەندی و زانیارییەکان دەڵێ: ئامانجی سەرەکیی دێموکراسی لە بنەڕەتدا، دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە دەسەڵاتە و پاشان کۆنتروڵ و چاوەدێری کردنی ئەم دەسەڵاتەیە. لەم پێوەندییەدا دەستڕاگەیشتنی زیاتری خەڵک بە زانیاری، بەستێنی سەرەکیی گەیشتن بە دێموکراسییە.
ئەگەرچی پێش ئەم قۆناغەی ئێستا کە بە چاخی شۆڕشی تێکنۆلۆژی و زانیارییەکان ناسراوە، بە دەگمەن بزووتنەوەی جەماوەی لە جیهاندا ڕووی داوە کە بە جۆرێک تێکەڵ بە توندوتیژی نەکرابێ و بگرە زۆربەیان ڕەهەندی چەکداری، حەماسی و شۆڕشگێڕیان هەبووە و بەردەوام ئاوێتەی تووندوتیژی بە تایبەت لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆرەوە بوون. بۆیە لەو سەردەمدا کە کۆمەڵگەکان لە ڕووی پێکهاتەیی و پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە زیاتر نەریتی بوون و ئاست و بەستێنی وشیاری و مەعریفییان فۆرمێکی خێلەکیی هەبوو، زیاتر لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئیدئۆلۆژییە باوەکان و ڕێبەرە کاریزماکان، دەکەتنە جووڵەی جەماوەرییەوە.
ڕاستە کە لە سەردەمی ئێستادا بە زۆر هۆکاری زانستی، تێکنۆلۆژی و بەتایبەت هزری و فکرییەوە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گەشەیەکی بەرچاوەی مەعریفی بەخۆیەوە بینیوە و زۆر کۆمەڵگە هەن کە پێکهاتەیەکی گونجاویان لە دەسەڵاتداریی دێموکراتیک و مەدەنی بۆخۆیان دەستەبەر کردوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، کەم نین ئەو کۆمەڵگەیانەی کە یان هێشتا گەشەیەکەی ئەوتۆیان لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە نەکردوە، یان ئەوەی کە هەر جۆرە خواست و جووڵەیەکی تەنانەت مەدەنیانەیان لەگەڵ تووندتیژیی سەرکوتی رەها لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە.
ئێستا ئەو تایبەتمەندی یان ئەو کاریگەریانە چین و کامانەن کە دونیای ئەمڕۆ بە هەموو پێشکەوتنەکانیەوە، دەتوانێ یارمەتیدەرێکی بەهێز بێ بۆ شکڵ گرتن و پەرەسەندنی بزووتنەوە جەماوەی و مەدەنییەکان؟
دوو فاکتی وشیاری و پێوەندییەکی گشتگیر لە بازنەیەکی بەرفراوانی (زانیاری)دا، بە تایبەت لە بەستێنێکی دانەبڕاو و لەسەر ئاستی گشتیی کۆمەڵگەدا، دوو خاڵی گرینگن بۆ ئەوەی دونیای مەجازی ببێتە جیهانێکی هاوتەریبی دونیای حەقیقی، تا لەم ڕیگەیەوە هەموو جیهان لەنێو تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی پێک ببەستێتەوە. ئەگەرچی لەم قۆناغە نوێیەشدا، کەم نین ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرانەی کە بەردەوام پەنجە بۆ کوشتن و سەرکوتی خەڵک درێژ دەکەن، بەڵام لانیکەم لە ئێستادا ستەم و سەرکوتکارییەکان لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانە ڕوو بدەن، ئیتر کاتی بێدەنگی لێکردنیان و خنکاندنیان لە بیدەنگیدا بەسەر چووە.
کۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەت کۆمەڵگە دیکتاتۆر لێدراو و دواکەوتووەکان، بە دەست ڕاگەیشتنیان بە دونیایەکی بەرین لە پێوەندی و پڕ لە زانیاری، هەم دەرفەتێکی مێژووییان بۆ گەشەسەندنی فرە چەشن بۆ ڕەخساوە و هەم بە کەڵکوەرگرتنی بەردەوامیان لەم ئیمکانات و داهێنانە، ئاسۆیەکی ڕوونیان لە خۆ ڕێکخستن و هەنگاونان بەرەو خواست مافەکانیان لە بەردەمە.
کاتێک لە دونیای مەجازیدا هەموو تاکێکی بەشداربوو توانایی و ئیمکانی ئەوەی هەیە ببێتە ڕاگەیەندکار و چالاکێکی بواری کۆمەڵایەتی_ سیاسی، لێرەدایە کە ئەم جۆرە تاکە وشیارانە، دەتوانن کۆمەڵگە دووبارە ڕێک بخەنەوە و بەرەو ئاراستەی داواکارییەکانی خۆیان ببینە پێش و بە گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی زانیاری و بیروڕا، دەتوانن ڕای گشتی دروست بکەن، ئاراستەی پێ بدەن و مودیرییەتی بکەن.
فۆرمی نوێی پێوەندییەکان، بە بەزاندنی سنوورە فیزیکیەکان و بەتایبەت خۆدەرخستنی لە شکڵ و شێوازێکی ئاسۆیی لەبواری پێوەندییەکاندا، (واتە لەم جۆرە پێوەندییەدا هەموو تاکێکی بەشداربوو لە دۆخێکی وەک یەک، بەرامبەر و دوو لایەنە دان)، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەسەڵاتی حکوومەتە ستەمکارەکان لاوازتر دەکا. لە کاتێکدا کە ناوەند و ڕێکخراوە جیهانییە جۆراوجۆرەکانی چالاک لە بواری مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی بەردەوام ڕوو لە گەشەسەندنن، بێگومان ئەم ڕەوتە بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێرانیش گوازراوەتەوە و دەبینین کە کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەت کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەردەوام لە هەوڵی خۆڕێکخستن و دروستکردنی ناوەند گەلی جۆراوجۆری مەدەنین.
لەسەرخەت بوونی بەردەوام، چالاکی جۆراوجۆر و خاوەندارێتی کردن لە هەموو پرسەکانی تایبەت بە نەتەوە و کۆمەڵگە، لە دەرکەوتە بەرچاوەکانی کۆمەڵگەی ئەمرۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. وەڕێخستنی دەیان کەمپەینی جەماوەری و سەرکەوتوو بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر وشیاری خەڵک و پاشەکشەی دەسەڵات، هێما جێگرتوەکانی کۆمەڵگەیەکن کە توانیویەتی تا ئێستا هەموو ئیمکاناتە لانیکەمەکانی بەردەمی بکاتە دەرفەتی مەزن بۆ رەوتی مافخوازی خۆی.
ڕێژیمەکانی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەگەرچی بە تەرخانکردنی هەزینەیەکی ئینسانی و ماددیی زۆر هەمووکات لە هەوڵی ئەوە دان پێشی ئەم شەپۆلە جیهانیانە بگرن و ڕۆژ نییە تریبون و مینبەرەکان نەکە سەکۆی هەڕەشە و داد بێدادیان لە پەرەسەندنی وشیاری و زانیاری لە وڵاتدا، بەڵام بزووتنەوەیەکی دێرین و فرە ڕەهەند کە پایەکانی خۆی لەسەر پرەنسیپ و ئامانجەکانی کۆمار بنیات ناوە، دەبینین کە بەردەوام ڕوو لە پەرسەندنە و ئەوەی کە بەردەوام ڕوو لە لاواز بوونە، دەسەڵاتێکی داسەپاو و ستەمکارە.