مژار ئەوەیە: ژنی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ پێگە و جێگەی شایانی خۆی له جووڵانه‌وەی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ئێترازیدا نییه و تا ڕادەیەکی زۆر بێده‌نگ و بێ تەفاوەتە به‌رانبەر ڕووداوه‌کانی ده‌وروبه‌ی؟ له‌م پێوەندییەدا کۆمه‌كێک پرسیار دێته گۆرێ. ئایا ژنانی کورد داهاتوویان ته‌ئمینه؟ بەشی زۆری مافەکانیان دابینە؟ ئه‌منییه‌تی شوغڵی و ماڵی و گیانیی خۆیان هه‌یه؟ له سیستم ڕازین و له داموده‌زگاکانی ئه‌و سیستمه‌دا و لە سیاسه‌ت و ئابووری وڵات‌دا دەورونەخشی خۆیان هه‌یه؟ مافه‌کانیان ده‌سته‌به‌ر کراوه؟ لە یاسادا جێگەی شیاوی خۆیان دراوەتێ و وه‌ک ژنانی وڵاتانی دێمۆکراتیک یا ئەو وڵاتانەی پرسی ژن تێیاندا چارەسەر کراوە، ئاسوودەن و لە ئەمنییەتدا ده‌ژین؟ ئه‌م هۆیانه که‌م و زۆر دەبێ له‌سه‌ر بێ ته‌فاوه‌ت بوونی ژنان کاریگه‌ریی هه‌بووبێ، بەڵام لە ڕاستیدا ژنان لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا لە دۆخێکی جیاواز لە هەموو ئەوانەدا دەژین. ئەدی گرێکوێرەی ئەم باسە لە چیدایە؟ بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە بێجگه له ڕوونکردنه‌وه‌ی هۆکان، ده‌بێ بزوێنه‌ر و هانده‌رێک هه‌بێ که ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ژنان چاویان بکه‌نه‌وه و دنیای ڕاستەقینەی ده‌وروبه‌ریان لەم سه‌رده‌مه‌دا ببینن و هه‌ڵیسه‌نگێنن و ژیرانه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که بگونجێ ئه‌و بهربهستانە لەسه‌ر رێگا لابه‌رن و به نیسبه‌ت ئه‌و ڕرووداوانهی که له په‌نایاندا ڕوو ده‌ده‌ن بێ ته‌فاوه‌ت نه‌بن.
لە ڕەهەندێکی دیکەوە زۆرینەی ژنی کورد ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ی بێ ته‌فاوت بوون به نیسبه‌ت حەق و حقووقی له‌سه‌ره و، گرینگی بە مافەکانیان نادەن و شه‌ڕیان بۆ ناکه‌ن و له مەیدانەکەدا دیار نین، به نیسبه‌ت مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگی دیکه‌ش بێده‌نگ و خه‌مساردن و هه‌وڵی بۆ ناده‌ن؛ ئه‌ویش مافە نهتهوایهتییهکانیانە. ئەویش لە کاتێکدا که کورد دەیان ساڵە له پێناو سه‌لماندنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا خەبات دەکا و چه‌رمه‌سه‌ری و ماڵوێرانی بەسەر دێ و سه‌رمایه‌یه‌کی زۆر بە نرخی ئینسانیی له پێناوەدا داناوه. هه‌ر وه‌ک له مه‌نشووری رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا به‌ڕوونی ئاماژەی پێکراوە، ژنان وەک بەشێک لە کۆمەڵەی مرۆیی دەبێ مافی خۆیان هەبێ، هەم وەک مرۆ و هەم وەک نەتەوە.
وەک گوتم ئەم ڕه‌خنەیە ڕووی لە هەر هەموو کۆمەڵگەی ژنانی کورد نییە، بەڵکوو وەک دیاردەیەک باس دەکرێ کە تێیدا بێ تەفاوەتیی زۆرینەی ژنان بەنیسبەت ئه‌و رووداوانه‌ی له په‌نایان روو ده‌ده‌ن دیار و بەرچاوە. ڕۆژ نییه لەم نیشتمانە کەسێک بەبێتاوان نه‌کوژرێ، نه‌گیرێ، ئەشکهنجه نه‌درێ، ئیعدام نه‌کرێ و وڵات به‌جێ نه‌هێڵێ؛ بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەم بارودۆخە لەسەر ڕەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان تا ڕادەیەکی زۆر کاڵ و کەم دیارە. یان هەڵوێست و ڕوانگەکانیان تاکایەتییە و مەیدانی نەبووە، کەمیش نین ئەم ژنانەی کولتووری پیاوسەرداری وای لێکردوون به‌ربه‌ره‌کانی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافە نهتهوایهتییەکان به ئه‌رکێکی پیاوانه دابنێن و ستاندنی ماف بە ئەرکی پیاوان بزانن و چاوه‌ڕوانن پیاوان ئه‌و مافه وه‌ده‌ست بێنن تا ئه‌وانیش له‌به‌ری بحه‌سێنه‌وه. ئەم پرسیارە بە ڕوویەکی دیکەدا ئەمەیە کە بە ڕاستی ژنانی ئێمە لە سیاسه‌ت هەڵدێن یا دژی سیاسەتن؟ یا گەرەنتی و پشتیوانێکی به‌هێز شک نابه‌ن له‌کاتی هاتنه مه‌یدان و له‌کاتی ته‌نگانه‌دا پێی دڵگه‌رم بن و پاڵی وێده‌ن.
ڕه‌نگه ئه‌و فاکتەرانەی باس کران یه‌که یه‌که هۆکار بن له بێده‌نگی و بێ ته‌فاوه‌ت بوون و دیارنەبوونی ژنان و، ئەو ژنانەش کە له حیزب و ڕێکخراوه جۆراوجۆره‌کاندا کار دەکەن به جیددی نەپڕژاونەتە سەر ئەم باسانە و نەیانویستوە ڕێگای وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌م ماتەوزە بەهێزە بدۆزرێتەوە. بەشێک لەم هۆ و هۆکارانەی دەستیان داوەتە دەستی یەک هەتا ژنان کەمتر دیار بن و ئەکتیڤ بن، بریتین لە:
نه‌بوونی حزووری فیزیکی و چالاکیی حیزب و رێکخراوه‌کانی ئۆپۆزیسیون له‌نێو خه‌ڵکدا، درێژەکێشانی بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازی له کوردستان، کەمتەرخەمی و هەوڵی کەمی حیزبه‌کان لە دروستکردنی نوخبه یا ئیلیتی سیاسیی ژن له کوردستان، پیاوانەبوونی ڕێکخستنه‌کانی حیزبه‌کان، پیاوانەبوونی پڕوپاگه‌ندە سیاسییەکان، زاڵبوونی فه‌رهه‌نگی پیاوسەرداری له بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگەدا، دواکه‌وتوویی و مه‌زهه‌بی و عه‌شیره‌یی بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک،
توندوتیژی و فشاری له‌ڕاده‌به‌دری سیستم له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب و رێکخراوه‌کانی ئۆپۆزیسیون، چالاک نه‌بوونی ته‌شکیلاتی ڕێکخراوه‌کان بۆ کارکردن لەسه‌ر ژنان کە ئەگەر ئه‌گه‌ر هه‌شبێ پتر پیاوانه‌یه، پێشوازی نه‌کردن و به‌هێند نه‌گرتن و بارنههێنانی ژنان به ڕووحی مافی یەکسانیخوازی لەگەڵ بەرانبەرەکەیان و نه‌ته‌وه خۆشه‌ویستی لەنێو ئه‌و ژنانه‌ی که دێن بۆ نێو ڕیزی ڕێکخراوه‌کان و سه‌رئه‌نجام که‌مته‌رخه‌میی حیزبه‌کان و رێکخراوه‌کانی سه‌ر به ژنان لە ڕەوتی وشیارکردنەوەی گشتیی ژناندا.
ئەم ڕەخنەیەش لەجێی خۆیدایە کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان به شێوه‌ی پێویست ناخی ژنیان نه‌ناسیوه و ئه‌و ترس و دڵه‌خورپێ و دردۆنگییه‌ی که ڕێژیم له ناخی ژناندا پێکی هێناوه، نه‌ره‌واندۆته‌وه و هەستی باوەڕبەخۆبوونی بۆ نهگهڕاندوونهوه و له ڕاستیدا خۆیان پێوه ماندوو نه‌کردون. لەو نێوەشدا تێچووی زۆری چالاکیی سیاسی و مەدەنی بۆ ژنان کە ڕێژیم بەسەر کۆمەڵگەی ژناندا سەپاندوویەتی، گرینگ و شوێندانەرە. ئەم تێچووە قورسە بەتایبەت ئەویش لە کۆمەڵگەی نەریتی و پیاوسالاری کوردستاندا کە ژن و کچ بە بەشێک لە داوێنپاکیی خێزانەکان دادەنرێن و گرتن و زیندانی کردنی ژنان لەلایەن ڕێژیمەوە لەسەر ئەوان قورس دەوەستێ؛ هۆکارێک بووە کە لە بنەماڵەشدا باوک و مێرد و برای ژن پتر لەوەی هاندەری ژنان و کچان بن هەوڵ بدەن لە سیاسەت و کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دووریان ڕابگرن. هه‌ر بویه بەشێکی زۆری ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر زه‌مینگیر کراوە. ئەو چەقوەستانەش لە تەنیشت هەندێ دیاردەی دیکە وەک بێ ته‌فاوه‌تی بە سیاسەت، چاولێکه‌ری، خۆویستی و ته‌جه‌ممول گه‌رایی کە سیستماتیک لەلایەن خودی رێژیمەوە پەرەی دەدرێتێ، ژنانی لە دەور و بەخشی خۆیان دوور ڕاگرتوە. ئەم سیاسەتەی ڕێژیم ئەگەرچی لە ئاستی ئێران‌دا پەیڕەو دەکرێ، بەڵام لێکەوتەکانی لە کوردستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکەی ئێران‌دا جیاوازترە.
ئەوە مێژوویەکی زۆر کۆن نییە و هەموو لەبیرمانە. دوای ئەوەی شۆڕشی 1357 بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی سەرکەوت و کاتێک کۆماری ئیسلامی جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەم ڕێژیمە یەکەم شەر لەگەڵ ژنان کردی و هەر لە سەرەتاوە بە ئه‌ده‌بیات و بیروبۆچوونی دوگم و کۆنه‌په‌رستانه و دژی ئینسانی و پڕ سووکایەتی بهرەوڕووی پرسی ژنان بۆوە. وە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەموو بەرنامە درێژخایەن و مەبدەئییەکانی ڕێژیم هەر بە مەبەستی پەراوێزخستنی ژنان و مەیدان نەدان پێیان و بردنەوەی ژنان بۆ چوارچێوەی ماڵێ بووە. سەرەڕای ئەوەش کە ژنان لە مەیدانەکانی خوێندنی باڵادا شان بە شانی پیاوان هاتوون و لە زۆر مەیدان و بەستێندا تواناکانی خۆیان سەپاندوە، بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی گشتیی ژنان بە نیسبەت پرسی ژنانەوە نەبووە.
بەدەر لەم سەرکەوتنەی ژنان لە مەیدانی خوێندن و خۆپێگەیاندندا، بەڵام ڕێژێم لە ماوەی ئەم چوار دەیەدا هەلومەرجێکی بۆ ژنان خولقاندوە که له سێبه‌ری خۆیان بترسێن و بۆ بێده‌سه‌ڵات و لاوازکردنی ژنان پەرەی بە دیاردە کۆمەڵایەتییە دزێو و زیانبارەکان داوە و له ڕاستیدا کاری لەسەر نەهێشتنی هەستی باوه‌ڕبه‌خۆبوونی ژنان کردوە. بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەت و بەرنامە نەرم و ڕووخێنەرانەی ڕێژیم دەبوا کارێ جیدی و بە پلانی حیزب و ڕێکخراوەکان با، کە لەو بەشەدا ڕەخنەیان دێتە سەر کە وەک پێویست نەیانتوانیوە بەرەنگاری ببنەوە. بۆیە لە ئێستاشدا ئەوەی نەکراوە دەبێ بکرێن. ژنان دەبێ پشتیوانی بکرێن و بۆ ئەوەش ڕێکخراوەکانی ژنان و حیزبه‌کان و ته‌شکیلاتی حیزبه‌کان له شاره‌کاندا دەبێ کار و پڕۆژەیان بۆ ئەو مەبەستە هەبێ. مەبەستەکەش ڕوونە: کارکردن بۆ ئەوەی ژنان ببنە هێز و هێزی دژبەری سیاسەتەکانی ڕێژیم بن و بۆ ئەوەی وێژمانی ژنان، وێژمانێکی شوناسخوازی و گۆڕانخوازی بێ لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و پرسی یەکسانیخوازیدا.